بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٧٠٩ کۆی سەردان: ٨٧٤٠٨٦
پرسیار لەوێنەدا
موعتەزیلە کێن وە ئایا لە چ شتێکدا بیروباوەڕو ڕێبازیان دژ بەبیروباوەڕی ئەهلی سوننەو جەماعەیە؟

گروپی موعتەزیلە
یەكێك لەو گروپانەی كە لەناو كۆمەڵگای موسوڵماناندا سەری هەڵداو لەڕێبازو مەنهەجی ئەهلی سوننە لایدا ، ئەویش گروپی لاڕێی موعتەزیلە بوو ، كە بەگروپێكی عەقڵانی دادەنرێت ، یەكێك لەگروپە گومڕابووەكان كە هەر لەسەردەمی تابعینەوە تاوەكو ئەمڕۆ بونیان هەیە موعتەزیلەیە ، یەكێك لەهەرە سیفاتە گومڕاكانی ئەم گروپە ئەوەیە كە عەقڵی خۆیان پێش دەخەن بەسەر بەڵگەدا ، وە لەگەڵ چەندین سیفاتی دیكە كە پێچەوانەی بیروباوەڕی ئەهلی سوننە و جەماعەیە ، و دواتر ـ یە پشتیوانی خوای پەروەردگار ـ دێینە سەر ئەو سیفەتانە .

سەرەتای دەركەوتنیان و ناولێنانیان :
لەسەردەمی پێشەوا ( حەسەنی بەصری ) كە سەردەمی تابعینە كەسێك هاتە خزمەتی حەسەنی بەصری و پرسیاری دەربارەی تاوانە گەورەكان كرد كە ، ئایا ئەنجامدەریان موسوڵمانە یان كافرە ؟ بۆیە ( واصل ) ـی كوڕی ( عطاء) وەڵامی دایەوەو پێی وت : ( من ناڵێم كەسێك تاوانە گەورەكان ئەنجام بدات موسوڵمانە بەتەواوی ، وە ناڵێم كافرە بەتەواوی ، بەڵكو لەو نێوەندەدایە نە موسوڵمانە و نەش كافرە ( المنزلة بين المنزلتين ) دواتر لە جێگەكەی هەستاو چووە لای یەكێك لەكۆڵەكەكانی نێو مزگەوتەكە ، بۆیە حەسەنی بەصریش فەرمووی : واصل لێمان دووركەوتەوە ، یاخود لەدانیشتنەكەمان دووربكەوە ئەی واصل ، بۆیە بەو شێوەیە ناویان لێنرا ( معتزلە ) ) ( الملل والنحل : 1 / 52 ) .

داهێنەری بیری موعتەزیلە :
هەروەكو باسمانكرد ( واصل ) ـی كوری ( عطاء ) بەداهێنەری بیری موعتەزیلەی گومڕا دادەنرێت وە پاش ئەویش هاوبیرو هاوسەردەمی خۆی عەمری كوڕی عوبەید دێت كە عەمر لەگومڕاییدا زۆر خراپتربوو لە واصل ، بۆیە ئەو دوو كەسە بەداهێنەری بیری موعتەزیلە دادەنرێن و ئەوەی دوای ئەوانیش دێت هەڵگری بیروباوەڕ و ڕێبازی ئەون جا چ زیاتر بێت یاخود كەمتر .

بنچینەكانی موعتەزیلە (5) دانەن :
یەكەم : التوحید : مەبەست لەتەوحید لای موعتەزیلە ئەوەیە كە سیفاتەكانی خوای گەورە ناهێڵن و نەفی دەكەن ، وە تەنها ناوەكانی خوای گەورە ئیقرار و دەچەسپێنن .
دووەم : العدل : موعتەزیلە ڕەتی دەكەنەوە كە خوای گەورە دروستكەر و خالقی كار و كردەوەی بەندەكانی بێت ، ئەمیش پێچەوانەی سەلەفە .
سێهەم : الوعد والوعید : خوای گەورە سزاكانی جێبەجێ دەكات بەسەر كەسانی خاوەن تاوانە گەورەكان و هیچ شەفاعەتێكیشیان بۆ نیە لەڕۆژی دواییدا و لە دۆزەخیش دەرناكرێن .
چوارەم : المنزلة بين المنزلتين : لای موعتەزیلە كەسانی خاوەن تاوانە گەورەكان نە موسوڵمانە وە نەش كافرە ، بەڵكو لەنێوان موسوڵمان و كافردایە ، ئەگەر هاتوو تەوبە نەكات و بەو شێوەیە بمرێت ئەوا لەی موعتەزیلەكان بەهەتا هەتایی لەدۆزەخدا دەمێنێتەوە !!
پێنجەم : الأمر بالمعروف والنهی عن المنكر : ڕاستی ئەمر بەچاكە و ڕێگری لەخراپە لەلای موعتەزیلە ئەوەیە كە دژ بەحاكمی موسوڵمان دەوەستنەوە و شمشێریان لەڕوو بەرز دەكەنەوە و خروجیان لەسەر دەكەن .

بیروباوەڕو ڕێبازی موعتەزیلە كە دژ بەبیروباوەڕی ئەهلی سوننەو جەماعەن :
ئەگەر تەماشا بكەین هەر لەكۆنەوە تاوەكو ئێستا ( چ سەردەمی دوای تابعین بێت یاخود لەكۆتایی سەردەمی ئومەوی و سەردەمی عەبباسی و دواتریش یاخود سەردەمی ئێستا كە سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەكەمە ) بیری موعتەزیلە درێژەی هەیە ، ئەویش لەسەر چەند خاڵێك بنیات نراوە كە پێچەوانەی ڕێبازی ئەهلی سوننە و جەماعەیە ، ئەوانیش :
1 ـ لەبیروباوەڕدا سیفاتەكانی خودایان نەفی دەكرد و نەیاندەهێشت تەنها ناوەكانیان بۆ خودا دادەنا .
2 ـ ئەنجامدەری تاوانە گەورەكان نە كافرە و نەش موسوڵمان بەڵكو لەو نێوەندەدایە ، وە لەدواڕۆژیشدا لەئاگری دۆزەخ بەهەتا هەتایی دەمێنێتەوە ئەگەر تەوبەی لەسەر نەكردبێت .
3 ـ لای موعتەزیلە قورئان مەخلوقە و كەلامی خوا نیە .
4 ـ هەموو كات عەقڵ و ئارەزووی خۆیان زاڵ دەكەن بەسەر بەڵگە و نەقڵدا ، ئەگەر هاتوو فەرموودەیەك یاخود بەڵگەیەك پێچەوانەی عەقڵ و ئارەزووی ئەوان بوو ئەوا ڕەتی دەكەنەوەو وەریناگرن .
5 ـ ڕەتكردنەوەی بینینی خودای گەورە لەڕۆژی قیامەتدا لەلایەن بەهەشتی یەكانەوە .
6 ـ تەئویل كردنی ئایەتەكانی قورئان و تەفسیركردنی بەپێی گونجاندن لەگەڵ عەقڵ و ئارەزووی خۆیاندا .
7 ـ ڕەتكردنەوەی ئەو فەرموودانەی كە لەگەڵ بیر و بۆچوونی ئەواندا ناگونجێت و لەگەڵ عەقڵی ئەواندا یەكناگرێتەوە ئەگەرچی فەرموودەكە متواتر بێت و لە صەحیحەیندا هاتبێت .
8 ـ تەعنەدان لەصەحابە و تابعین و گێڕرەوەی فەرموودە پیرۆزەكان بەتایبەتی ئەبو هورەیرە ( ڕەزای خوای لێبێت ) .
9 ـ دژایەتیكردنی ئەو باس و خواستانەی كە باس لەجیهانی جنۆكە و فریشتە و سیحر دەكەن ، وە موعتەزیلە بڕوای وایە كە جنۆكە بەهیچ شێوەیەك ناچێتە لاشەی مرۆڤەوە .
10 ـ بانگەوازیكردن بۆ نزیككردنەوەی ئاینەكان و یەكگرتنیان .
11 ـ ئاوەژووكردنەوەی مەفهوم و تێگەیشتن لە ( الولاء والبراء ) .
12 ـ دابەشكردنی سوننەت بۆ هەریەكە لە ( سوننەتە كارپێكراوەكان و سوننەتە كارپێنەكراوەكان ) .
13 ـ ڕەتكردنەوەی فەرموودەی ( آحاد ) لەبیروباوەڕ و حوكمی شەرعیدا .
14 ـ هەوڵدان بۆ تازەگەری و تازەكردنەوەی ئایین تاوەكو لەگەڵ بیروبۆچوونی خۆیاندا بگونجێت .
15 ـ شێواندن و ناشیرینكردنی مێژووی ئیسلام بەشێوەیەك كە ئیمامەكانی ئەهلی سوننە ناشیرینكراون و سەرانی بیری موعتەزیلە بەپیرۆز و پێشەوا دانراون ، وە چەندین سیفات و بیروڕا كە پێچەوانەی ئەهلی سوننەت وجەماعەتن .

ناوی هەندێك لەسەر و پێشەوایانی بیری موعتەزیلە هەر لەكۆنەوە تاوەكو ئێستا :
( واصل بن عطاء ، عمرو بن عبيد ، أبو معن ثمامة بن الأشرس ، أبو الهذيل العلاف ، هشام الفوطي ، الجاحظ ، الزمخشري ، جمال الدين الأفغاني ، محمد عبده ، محمد فريد وجدي ، محمد الغزالي المصري ، طه حسين ، سعد زغلول ، حسن الترابي ، لطفي السيد ... هتد ) .

بیروڕاكانی موعتەزیلەی سەردەم :
دوای ئەوەی چەند خاڵێكمان باسكرد لەسەر بیروڕاكانی موعتەزیلە و مەنهەجیان كە دوورە لەڕێبازی ئەهلی سوننە و جەماعەت ، لەگەڵ ئەوەشدا موعتەزیلەی سەردەم زۆرێك لەو خاڵانەیان تێدایە و لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای نەشارەزایی و دووركەوتنیان لەقورئان وسوننەت وفەهمێكی تەواو بۆ شەرعی ئیسلام ، كەچی خەڵكی وگەنجان ڕائەهێنن لەسەر خوێندنەوەی كتێبە فەلسەفی و ئیلحادی ودژە دینەكان ، هەروەها هەوڵ دەدەن گەنجان بەبنچینە و تەئصیلاتی بێبنەوا خەریك بكەن بەو مەبەستەی دەگەن بەكرۆكی عیلم و خواناسی وشەرعناسی وخۆناسی ، كەچی تەماشا دەكەین دوور دەكەونەوە لەهەقیقەتی خواناسی و هەروەها لەشەرعیش دووردەكەونەوە و خۆیشیان وێڵ وگومڕا و سەرلێشێواو دەكەن ، بۆیە گرنگە تاكی موسوڵمان هەوڵ بدات لەسەرچاوەوە فێری عیلمی شەرعی بێت ، وە شەرعیش لەكەسانی خاوەن عیلم و خواناسیەوە وەربگرێت ، كە ساڵەهای ساڵە زانایان گەواهی عیلم وئیمامەتیان بۆ داون ، نەك دین لەكۆمەڵێ نەفام وهەرزە كەهیچ باكگراوەندێكی عیلمی و پاشخانێكیان نیە لەزانستە شەرعیەكاندا ، بۆیە دەبینین كەسانی وایان تیا هەڵكەوتووە لەكەناڵە ئاسمانیە كوردیەكان لەتەفسیری قورئاندا قسە دەكات و بەڕوونی تەعن دەدا لەهاوەڵان و هەروەها لەئەبو بەكرو عومەر ( ڕەزای خوایان لێبێت ) بەوەی كە بەبڕوای ئەم كەسە ئەوان لەتەفسیری قورئان نەیانزانیوەو لێی تێنگەیشتوون ، ئەم كەسانە هەمیشە عەقڵی خۆیان لەپێش هەموو شتێكەوە دەبیننەوە ، یەكێتر لەكارەكانیان كە دەیانەوێ لەكۆمەڵگادا برەوی پێبدەن ئەوەیە ، مۆسیقا و تێكەڵی كوڕو كچ بەلایانەوە ئاسایی وڕێگەپێدراوە ، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بانگەشەی بۆ دەكەن و ساڵانە لەوەرزی پشوودا كۆڕ و سیمینار و خێوەتگا ڕێكدەخەن و بانگەشەی بۆدەكەن ، وە كەسی وایان تێدایە لەسەر كەناڵەكانەوە فرمێسك دەڕێژێ‌ بۆ نەمانی موعتەزیلە و كەمبوونەوەیان لەكۆمەڵگای ئیسلامەتیدا ، وەكو چۆن ( أحمد أمین ) لەكتێبی ( ( ضحى الإسلام : ج3 ، ص:207 ) دا دەڵێت : (في رأيي أن من أكبر مصائب المسلمين موت المعتزلة ) ، واتە : بەڕای من لەگەورەترین نەهامەتی و موسیبەتی موسوڵمانان مردن و نەمانی موعتەزیلەیە !!!

ستافى وەڵامەکان



سەردان: ٢٥٢ بەش: هەمەجۆر

ئایا دروستە نوێژی ( الاستخارة ) دووبارە بکرێتەوە یاخود تەنها یەک جار دەکرێت ؟زیانەكانی یاری ئەلیكترۆنی لەسەر تەندروستی منداڵان و هەرزەكاران چیە؟