حیکمەتى واجب بوونى زەکات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حیکمەتى واجب بوونى زەکات
پرسیار:

ئایا هیچ حیکمەتێک هەیە لەفەرز کردنی زەکاتدا ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سەرەتا پێویستە ئەوە بزانرێت کە خوای پەروەردگار هیچ شتێک فەرز ناکات ئیلا لەبەر حیکمەت نەبێت ، و چەندان مەسڵەحەتی تێدایە ، خوای پەروەردگار زانایە ، و زانستەکەی پەی بەهەموو شتەکان بردووە.

وە بەنیسبەت حیکمەتی فەرز کردنی زەکاتەوە ، زانایان چەندان حیکمەتیان باس کردووە ، لەوانە :
یەکەم
: تەواو بوونی موسوڵمانیەتی عەبد ، چونکە زەکات یەکێکە لەئەرکانەکانی ئیسلام ، هەرکات مرۆڤ پێی هەستێت ئەوا ئیسلامەکەی کامڵ دەبێت ، بێگومان ئەمەش مەبەست وئامانجی گەورەی هەموو موسوڵمانێکە ، و هەموو موسوڵمانێک هەوڵی کامڵ بوونی دینەکەی دەدات.

دووەم :بەڵگەیە لەسەر ڕاستی ئیمانی ئەو کەسەی کە زەکات دەدات ، چونکە ماڵ خۆشەویستە ، و شتی خۆشەویستیش نابەخشرێت مەگەر لەپێناو خۆشەویستێکی هاوشێوە یاخود گەورەتردا نەبێت ، هەر بۆیە ناوی نراوە سەدەقە ؛ چونکە بەڵگەیە لەسەر سیدق وڕاستگۆی خاوەنەکەی بۆ ڕازی کردنی خوداى گەورە .

سێیەم: ڕەوشتی کەسی زەکاتدەر پاک دەکاتەوە ، و دەری دێنێ لە کۆمەڵی ڕەزیلەکان ، و دەیخاتە نێو کۆمەڵی سەخیەکانەوە.

چوارەم :دڵ فراوان دەکا ، مرۆڤ کاتێ شتێک دەبەخشێت ، بەتایبەت ماڵ ، هەست بەدڵفراوانی دەکات ، ئەمە شتێکە تاقی کراوەتەوە ، بەڵام بەمەرجێک بەخشینەکە بەسەخاوەتەوە بیبەخشێت ، نەک هەر دڵی لای بێت و چاوی لەدوای بێت.

وە ابن القيم لە "زاد المعاد"دا باسی ئەم بابەتە دەکات و دەڵێت: بەخشین و سەخیەتی یەکێکە لەهۆکارەکانی دڵفراوانی وئارامی ، بەڵام ئەمە بۆ کەسێکە کەئارزوومەندانەوە و بەسەخیەتیەوە بیبەخشێت ، وماڵەکەی پێش ئەوەی لەدەستی دەرچێت لەدڵی دەرچێت ، بەڵام گەر کەسێک ماڵەکەی لەدەستی دەرچێت ، بەڵام هەر دڵی لەلای بێت ، ئەوا سوود لەو بەخشینە نابینێت.

پێنجەم : مرۆڤ دەکاتە ئەو باوەڕدارانەی کەباوەڕیان تەواوە ، پێغەمبەر  فەرموویەتی: ( لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه )
واتە: هیچ یەکێک لەئێوە باوەڕی تەواو نی یە تاوەکو ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برا موسوڵمانەکەشی پێی خۆش نەبێ.

هەروەک چۆن تۆ پێت خۆشە کەسێک شتێکت بداتێ وپێداویستیەکانتی پێ جێ بەجێ بکەیت بەهەمان شێوە پێت خۆش بێت بیدەیتە براکەت ، بەمە دەبیتە یەکێک لەوانەی باوەڕیان تەواو وکامڵە.

شەشەم : هۆکارێکە بۆ چوونە بەهەشت ، پێغەمبەر  لەبارەی بەهەشتەوە فەرموویەتی: ( لمن أطاب الكلام ، وأفشى السلام ، وأطعم الطعام وصلى بالليل والناس نيام ) 
واتە: بەهەشت بۆ کەسانێکە کەگوفتار وقسەیان جوان بێت ، و سەلام بڵاو دەکەنەوە ، وخواردن دەبەخشن و شەو نوێژ دەکەن لەکاتێکدا خەڵک نوستووە .

حەوتەم : کۆمەڵگای موسوڵمان دەکات بە یەک خێزان ، کەسی دەوڵەمەند بەزەیی بەهەژاردا دێتەوە ، و کەسێکى بەهێز ڕەحم بەلاواز دەکات ، مرۆڤ هەست دەکات کە چەند برایەکی هەیە پێویستە لەسەری چاک بێت لەگەڵیان هەروەک چۆن خودا چاک بووە لەگەڵی ، خوای پەروەرگار فەرموویەتی : ( وَأَحْسِنْ كَمَا أَحْسَنَ اللَّهُ إِلَيْكَ ) القصص/77 .
واتە:وه‌ تۆ چاكه‌كار به‌ بۆ به‌نده‌كانی خوا چۆن خوای گه‌وره‌ چاكه‌ی له‌گه‌ڵ تۆدا كردووه‌.

هەشتەم: ڕق و داخی کەسانی هەژار دادەمرکێنێتەوە  چونکە هەژار ڕەنگە توڕە ببێت کاتێک دەبینێت کەسی دەوڵەمەند بەدڵی خۆی سواری هەر سەیارەیەک دەبێ کە پێی خۆشە ، و لە چ خانوویەکدا پێی خۆشە نیشتەجێ دەبێت ، و ئەوەی حەزی لێیە دەیخوات ، ئەمیش سواری پێیەکانی بووە ، و لەسەر ئەرز دەنوێت و . . ، بێگومان لەم حاڵەتەدا لەدەروونیدا هەست بەشتێک دەکات.

هەرکات کەسانی دەوڵەمەند سەخی بوون لەگەڵ هەژاراندا ئەوا توڕەیی هەژارەکان دادەمرکێتەوە و دەڵێن: برا گەلێکمان هەیە لەکاتی ناخۆشی دا دێنە فریامان ، ئەو کات دەوڵەمەندەکانیان خۆش دەوێت .

نۆیەم : کاریگەرى باشی دەبێت لە کەمکردنەوەى تاوان بەتایبەتى دزی ؛ چونکە هەژارەکان پێویستیەکانیان جێ بەجێ دەبێت ، و بیانو بۆ دەوڵەمەندەکان دێننەوە بەوەی شتیان دەدەنێ ، و دەبینن ئەوان چاکن لەگەڵیان بۆیە دەس نابەن بۆیان و زیانیان پێ ناگەیەنن .

دەیەم : ڕزگار بوون لە گەرمایی ڕۆژی دوایی ، پێغەمبەر صلّى الله عليه وسلّم فەرموویەتی: ( كل امرئ في ظل صدقته يوم القيامة ) صححه الألباني في "صحيح الجامع" (4510) ، واتە: هەموو کەسێک لەڕۆژی دوایی دا لەسێبەری خێر وسەدەقەکەیدایە.

وەلەبارەی ئەو کەسانەوە کەلەڕۆژی دواییدا لەژێر سێبەری عەرشی خودادان دەفەرموێت : ( رجل تصدق بصدقة فأخفاها حتى لا تعلم شماله ما تنفق يمينه ) متفق عليه .
واتە: پیاوێکە خێرێکی کردووە وشاردوویەتیەوە بەشێوەیەک دەستی چەپی نەیزانووە بەوەی دەستی ڕاستی بەخشیویەتی.

یانزەیەم : دەبێتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ شەرع وسنوورەکانی خودا بناسێت ، چونکە زەکات نادات تاوەکو وردەکاری زەکات وبڕەکەی و ئەوەی دەبێ پێی بدرێت نەزانێت ، و جگە لەمانەش کە پێویستن لەکاتی دانی زەکاتدا.

دوانزەیەم : دەبێتە هۆکاری زیاد بوونی ماڵ ، هەرکات مرۆڤ زەکاتی ماڵی دا ئەوا دەبێتە هۆکاری پاراستنی لەبەڵا وموسیبەت ، و زۆر جار هۆکارە بۆ زۆر بوونی ڕزقەکەی ، هەر بۆیە لەفەرموودەیەکدا هاتووە : ( ما نقصت صدقة من مال ) رواه مسلم (2588) ، واتە: ماڵ بەبەخشین کەم ناکات .

ئەمە شتێکی بینراوە ، و کەسی ڕەزیل زۆر جار ماڵەکەی توشی بەڵایەک دەبێت و لە نێوی دەبات ، یاخود توشی زیانێکی زۆری دەکات .

سیانزەیەم : هۆکارە بۆ دابەزینی خێر ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە : ( ما منع قوم زكاة أموالهم إلا منعوا القطر من السماء ) صححه الألباني في "صحيح الجامع" (5204) .
واتە: هیچ گەلێک ڕێگری ناکەن لەزەکاتی ماڵەکەیان ئیلا بارانیان لێ دەگیردرێتەوە.

چواردەیەم : توڕەیی خودا ناهێڵێت ،  پێغەمبەر صلّى الله عليه وسلّم فەرموویەتی: ( أن صدقة السر تطفئ غضب الرب ) ، صححه الألباني في "صحيح الجامع" (3759)
واتە: بەڕاستی خێر وسەدەقه توڕەیی خودا ناهێڵێ و دەیکوژێنێتەوە.

پانزەیەم :  دەبێتە هۆکاری سڕینەوەی تاوان ، هەر وەکو خواى گەورە دەفەرموێ : (خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِم بِهَا) واتە : ئه‌ی محمد  له‌ ماڵه‌كانیان صه‌ده‌قه‌و خێرێك وه‌ربگره‌ یان زه‌كاتی فه‌رز وه‌ربگره‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پاكیان ئه‌كه‌یته‌وه‌ له‌و تاوان و شتانه‌ی كه‌ پێیانه‌وه‌یه‌ .

وەپێغەمبەر صلّى الله عليه وسلّم فەرموویەتی: ( الصدقة تطفئ الخطيئة كما يطفئ الماء النار ) صححه الألباني في "صحيح الجامع" (5136) .
واتە: خێر وسەدەقە تاوان دەسڕێتەوە هەروەک چۆن ئاو ئاگر دەکوژێنێتەوە.

بڕوانە : "الشرح الممتع" (6/4-7) .

سەردان: ٣,٢٩٢ بەش: زەکات و سەرفیترە