حوکمى جیماع کردن لە کاتى بانگى بەیانى لە مانگى ڕەمەزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى جیماع کردن لە کاتى بانگى بەیانى لە مانگى ڕەمەزان
پرسیار:

حوکمی ئەو کەسە چی یە لە کاتى جیماع کردندا گوێی لە بانگى بەیانى دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا؟
ئایا بەردەوام بێت یاخود یەکسەر کە گوێی لە بانگ بێت دەبێت واز بێنێت؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

گەر فەجر دەرکەوت پێویسته یەکسەر دەست لە جیماع هەڵگرێت ، و ڕۆژووەکەی دروستە و هیچی لەسەر نی یە .
و دروست نی یە بۆی بەردەوام بێت دوای دەرکەوتنی فەجر ،خۆ ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، و پێویستە لەسەری قەزای بکاتەوە و کەفارەتیش بدات .

کەفارەتیش بریتی یە لەئازاد کردنی کۆیلەیەک ، خۆ ئەگەر نەبوو ئەوا دوو مانگ بەسەریەکەوە بەڕۆژوو دەبێت ، خۆ ئەگەر نەیتوانی ئەوا خواردنی شەست هەژار دەدات.

ئا ئەمە بەنیسبەت دەرکەوتنی فەجرەوەیە بەڵام بەنیسبەت بانگەوە:
گەر بانگ بێژ لەگەڵ دەرکەوتنی فەجر بانگی دەدا ئەوا واجبە یەکسەر لەگەڵ بانگدا دەس هەڵگرێ ، گەر نا پێویستە لەسەری ئەو ڕۆژ قەزا بکاتەوە وکەفارەتیش بدات هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا.

بەڵام گەر بانگ بێژ پێش دەرکەوتنی فەجر بانگی دەدا ، هەر وەک هەندێ لەبانگ بێژەکان وەک ئیحتیات پێش دەرکەوتنی فەجر بانگ دەدەن ، لەم حاڵەتەدا دروستە بەردەوام بێت لە جیماع کردن تاوەکو دڵنیا دەبێ لەدەرکەوتنی فەجر .

وە هاوشێوەی ئەم پرسیارە لە زاناى پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - کراوە :

گەر کەسی ڕۆژووەوان دوای ئەوەی گوێی لە بانگ دەبێت ئاو بخواتەوە ئایا ڕۆژووەکەی دروستە ؟

لە وەڵامدا گوتوویەتی :

گەر دوای بانگ ئاوی خواردەوە لەم حاڵەتەدا گەر بانگ بێژ دوای دەرکەوتنی فەجر بانگی دەدا ئەوا دروست نی یە بۆ ڕۆژووەوان دوای ئەوەی گوێی لە بانگ دەبێت خواردن بخوات وخواردنەوە بخواتەوە . 

بەڵام گەر بانگ بێژ پێش دەرکەوتنی فەجر بانگی دەدا ئەوا دروستە دوای ئەوەی گوێی لە بانگ دەبێت خواردن بخوات وخواردنەوە بخواتەوە تاوەکو فەجر دەردەکەوێت ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە: ( فَالآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمْ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنْ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنْ الْفَجْرِ ) .
واتە: ئێستا ئێوه‌ ئه‌توانن بچنه‌ لای خێزانه‌كانتان ، ئه‌وه‌یشی كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆتانی نوسیووه‌ داوای بكه‌ن واته‌: بۆ ئه‌وه‌ی مناڵتان ببێ، یاخود مه‌به‌ست شه‌وی قه‌دره‌ به‌دوای شه‌وی قه‌دردا بگه‌ڕێن ، ئێوه‌ به‌ شه‌وان بخۆن و بخۆنه‌وه‌ هه‌تا په‌تی سپی له‌ په‌تی ڕه‌ش بۆتان جیا ئه‌بێته‌وه‌ له‌ فه‌جردا كه‌ هێڵه‌ سپیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسۆدا به‌پانی ده‌رئه‌كه‌وێ فه‌جری صادقه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌كو كلكی گورگ باریكه‌ ئه‌وه‌یان فه‌جری كاذبه‌، سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی بیویستایه‌ به‌رۆژوو بێت په‌تێكی سپی و په‌تێكی ره‌شی ده‌به‌سته‌ پێیه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بوو له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ تا ده‌یبینین و ده‌رده‌كه‌وتن خوای گه‌وره‌ ، دابه‌زاند ئه‌و كاته‌ زانیان مه‌به‌ستی خوای گه‌وره‌ شه‌و و رۆژه‌.

وەهەروەها لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( إن بلالاً يؤذن بليل فكلوا واشربوا حتى تسمعوا أذان ابن أم مكتوم فإنه لا يؤذن حتى يطلع الفجر ) 
واتە: بەڕاستی بیلال بەشەو بانگ دەدات بۆیە بخۆن وبخۆنەوە تاوەکو گوێ بیستی بانگی ئیبن مەکتوم دەبن چونکە ئەو دوای دەرکەوتنی فەجر نەبێت بانگ نادات.

هەر بۆیە پێویستە موسوڵمانان وریا بن پێش کاتی بانگ بانگ نەدەن نەبادا خەڵک بەهەڵەدا ببەن و شتانێکیان لێ حەرام بکەن کە خودا بۆی حەڵاڵ کردوون و بانگ پێش خستن بێگومان هەڵەیەکی گەورەیە وڕەنگە چەندان کەس نوێژ بکەن کەهێشتا لەحەقیەتدا کاتی نوێژ نەهاتووە  .اهـ بتصرف یسیر .

فتاوى إسلامية (1/122) .

والله أعلم .