ڕاستە (70) ساڵ عیبادەت بکەى بەڵام زاڵمێکت خۆش بوێ دەچیتە ئاگرەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕاستە (70) ساڵ عیبادەت بکەى بەڵام زاڵمێکت خۆش بوێ دەچیتە ئاگرەوە؟
پرسیار:

قسەیەک لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە هاتووە ، و دەڵێت: ( " لو أنّ أحدَكم عبدَ ربّه سبعين عاماً بين الكعبة ومقامِ إبراهيم ثم أتى يوم القيامة وهو يُحبُّ ظالماً، حُشر معه في نار جهنّم ").
واتە:  گەر یەکێک لەئێوە حەفتا ساڵ خوا پەرستی بکات لەنێوان کەعبە ومەقامی ئیبراهیم دا پاشان لەڕۆژی دوایی دا بێت و ئەو کەسێکی ستەمکاری خۆشویستبێت ، ئەوا لەگەڵ ئەودا حەشر دەکرێت لەئاگری دۆزەخ دا .
ئایا حەشر کردن لێرەدا بەواتای مانەوەی هەتا هەتایی دێت لەدۆزەخ دا یاخود دەچێتە ناوی ودواتر دەردەچێت و ڕزگاری دەبێت ؟
وە ئایا گونجاوە ئەم جۆرە قسانە بڵاوبکرێتەوە بۆ ترساندنی خەڵک بۆ ئەوەی پشتیوانی ستەمکار نەکەن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم:

نەمانزانیوە و بەرچاومان نەکەوتووە ئەو قسەیە بەسەند قسەی عبداللەی کوڕی مەسعود بێت ، بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمان وریا بێت وتەئکید بکاتەوە لەو قسانە و شتێک بڵاو نەکاتەوە تەنها دوای ئەوە نەبێت کەدڵنیا بێت لە سەحیحی و ڕاست و دروستی ، ئەمەش لەپێناو ئەوەی دوور بێت لەدرۆ هەڵبەستن بەدەم هاوەڵانەوە بەشێوەیەک کەخۆشی هەستی پێ نەکات.

دووەم:

بەڵام گەر واش دانێین سەحیحە و قسەی عبداللەی کوڕی مەسعودە ؛ ئەوا مانای ئەوەیە خۆشی بوێت و بەستەمەکەی ڕازی بێت ، لەم حاڵەتەدا هەڕەشەی ئاگری لەسەرە.

خوای گەورە فەرموویەتی:  ﴿وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنْصَرُونَ ﴾ هود/113.
واته: وه‌ ئێوه‌ مه‌یلتان نه‌بێ به‌لای سته‌مكاران و هاوبه‌ش بڕیارده‌ران و به‌ كرده‌وه‌ى ئه‌وان رازى مه‌بن و به‌شداریان مه‌كه‌ن دوایی ئاگری دۆزه‌خ ئه‌تانگرێته‌وه‌ ، ئه‌و كاته‌ له‌ غه‌یری خوای گه‌وره‌ هیچ دۆست و پشتیوانێكتان نابێت كه‌ له‌ ئاگری دۆزه‌خ بتانپارێزێ و ڕزگارتان بكات، پاشان ئێوه‌ كه‌س نیه‌ كه‌ سه‌رتان بخات.

 قوڕتبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت : " بڕگەی: (ولا تركنوا) (الركون) لەحەقیقەتدا مەبەست لێی : پشت پێ بەستنە وخۆ دانە پاڵە ، وڕازی بوونە پێی ، و قەتادە دەڵێت: مانای ئەوەیە خۆشیانتان نەوێت وبەگوێیان مەکەن .

وە ابن جريج دەڵێت : مەیلتان بەلایاندا نەبێت .
 وە أبو العالية دەڵێت: بەکردەوەکانیان ڕازی مەبن .
هەموو ئەم قسانە لێکەوە نزیکن  ..

وە بڕگەی: (إلى الذين ظلموا) وتراوە: بۆ لای کەسانی موشریک.

وە وتراوە: عامە بۆ هەموویان و کەسانی سەرپێچی کار ...
ئا ئەمە ڕاستە لەمانای ئایەتەکەدا ، وبەڵگەیە لەسەر هەجر کردنی ئەهلی کوفر وتاوان ، وئەهلی بیدعە وغەیری ئەوانیش، هاوەڵی کردنی ئەوانە کوفرە یاخود تاوانە ، چونکە هاوەڵی کردن نابێت ئیلا خۆشەویستی لەگەڵە .
 "تفسير القرطبي" (11 / 225 - 226).

وە الشيخ عبد الرحمن السعدي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:

" ( وَلا تَرْكَنُوا ) واتە: مەیلتان بەلایاندا نەبێت ،  وە ( إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا ) ئێوە ، گەر مەیلتان بەلایاندا بوو ، وستەمەکەیانتان بەدڵ بوو ، یاخود بەو حاڵە ڕازی بوون کەئەوانی لەسەرە کە ستەمە ، ئەوا ( فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ )توشی ئاگر دەبن ، خۆ ئەگەر واتان کرد  ، ئەوا ( وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ) واتە: هاوەڵ ویاریدەرتان نابێت ڕێگری بکات لەچوونە نێو دۆزەخ ، وهیچ شتێکتان دەست ناکەوێت لەپاداشتی خودا.
  "تفسير السعدي" (ص 391).

عبداللەی کوڕی مەسعود گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەری خوا و گوتی: ئەی  پێغەمبەری خوا چ دەڵێی لەبارەی کەسێکەوە کە کەسانێکی خۆش دەوێت بەڵام ناچێتە نێویانەوە ؟
 پێغەمبەری خوا فەرمووی: ( المَرْءُ مَعَ مَنْ أَحَبَّ) . رواه البخاري (6169) ، ومسلم (2640).
واتە: مرۆڤ لەگەڵ ئەو کەسەیە کەخۆشی دەوێت.

وە ئەبو موزەفەر یەحیای کوڕی هوبەیرە دەڵێت:
ئەم فەرموودەیە دەکرێت بەڵگە لەسەر ئەوەی نابێت وناکرێت بۆ موسوڵمان کەسی کافری خۆشبوێت وبیکاتە خۆشەویستی ، وشتێک بکات بۆ ئەوەی قەدر وڕێزی لای هەبێت وکارێکی بۆ بکات نەوەک خودا سزای بدات ئەمەش لەبەر زاهیری فەرموودەکە ، فەرموودەکە ناڵێت: بەتەنها مرۆڤ لەگەڵ کەسانی ساڵحدایە کاتێ خۆشیانی دەوێت ، نا بەڵکو بەموتڵەقی هاتووە ، و ئەمە عام و گشت گیرە وچاک وخراپ دەگرێتەوە .
 "الإفصاح" (2 / 74).

سێیەم:
ئەم هەڕەشە و وەعدەی کەدراوە بەئاگر بەگوێرەی ستەمەکە دەبێت کەپێی ڕازیە ؛ خۆ ئەگەر کوفر بێت وەک دژایەتی کردنی ئیسلام ولەنێو بردنی ، وبەرز کردنەوەی شیرک وبێباوەڕی وهەڵگرانی ، وڕازی بوون بەکوفر ..هتد ، ئەو خاوەنەکەی کافر دەکات ، وبەهەمیشەیی لەدۆزەخ دا دەمێنێتەوە.

خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَقَدْ نَزَّلَ عَلَيْكُمْ فِي الْكِتَابِ أَنْ إِذَا سَمِعْتُمْ آيَاتِ اللَّهِ يُكْفَرُ بِهَا وَيُسْتَهْزَأُ بِهَا فَلَا تَقْعُدُوا مَعَهُمْ حَتَّى يَخُوضُوا فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ إِنَّكُمْ إِذًا مِثْلُهُمْ إِنَّ اللَّهَ جَامِعُ الْمُنَافِقِينَ وَالْكَافِرِينَ فِي جَهَنَّمَ جَمِيعًا ﴾. النساء /140.
واته: وه‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا بۆ ئێوه‌ دابه‌زیوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر مه‌جلیس و شوێنێكدا بیستتان ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ كوفری پێ ئه‌كرێ وه‌ گاڵته‌ی پێ ئه‌كرێ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا دامه‌نیشن و ئه‌و مه‌جلیسانه‌ به‌جێ بێلن یاخود ئینكاری بكه‌ن ، تا ئه‌و قسانه‌ ئه‌گۆڕن وه‌ ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌قسه‌ی تر ، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ دانیشن كه‌ گاڵته‌ به‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن وه‌ كوفری پێ ئه‌كه‌ن وه‌ ئینكاریتان نه‌كرد ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایى ئێوه‌ش وه‌كو ئه‌وان وان، واته‌: له‌ كوفردا ئێوه‌ش كافر ئه‌بن بۆیه‌ ئه‌بێ ئه‌و مه‌جلیسانه‌ به‌جێ بهێلن یاخود ئینكاری بكه‌ن ، به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ مونافیقان و كافران هه‌ر هه‌موویان له‌ ئاگری دۆزه‌خدا كۆ ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ گاڵته‌یان به‌ دینی خوای گه‌وره‌ كردووه‌.

القرطبي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
 ( إِنَّكُمْ إِذًا مِثْلُهُمْ )؛ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی واجبە مرۆڤ دوور کەوێتەوە لەکەسانی تاوانبار ، کاتێ کەخراپەیەک دەکەن ؛ چونکە هەرکەسێک لێیان دوور نەکەوێتەوە ئەوا بەکارەکەیان ڕازیە ، وڕازی بوونیش بەکوفر کوفرە.
 "تفسير القرطبي" (7 / 185).

وە الشيخ عبد الرحمن السعدي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
" ( إِنَّكُمْ إِذًا ) واتە: گەر لەگەڵیان دانیشتن لەو حاڵەتەدا کەباسکراوە ، ئەوا ئێوە : ( مِثْلُهُمْ ) وەک ئەوانن ؛ چونکە ئێوە ڕازی بوونە بەکوفر وگاڵتەکردنەکەیان ، وڕازی بوون بەتاوان وەک ئەوە وایە ئەنجامی بدەیت.
 "تفسير السعدي" (ص 210).

بەڵام گەر ستەمی ستەمکارەکە تاوان بوو وەک ماڵی خەڵک بردن و تەعەدا کردن لێیان وخوێن ڕشتنیان ودەس بردن بۆ عیرزو ناموسیان ، ئەوا تاوانێکی گەورەیە ، بەڵام گەر خاوەنەکەی موسوڵمان بێت ئەوا حوکمی ئەو کەسانەی هەیە کەتاوانی گەورە ئەنجام دەدەن وناوترێت بەهەتا هەتایی لەئاگردا دەمێنێتەوە ، ئەمە عەقیدەی ئەهلی سوننە وجەماعەیە.

 شيخ الإسلام ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: 
هاوەڵان وتابعین ئەوانەی بەچاکە دوایان کەوتوون وپێشەوایانی ئیسلام کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کەسێک مسقاڵە ڕەزەیەک باوەڕ لەدڵی دا بێت بەهەتا هەتایی لەدۆزەخ دا نامێنێتەوە ، وە هەروەها کۆدەنگن لەسەر ئەوەی پێغەمبەرمان شەفاعەت بۆ ئەو کەسانە دەکات کەخودا ڕێگای پێ دەدات ، بۆ ئەو کەسانەی کەتاوانی گەورەیان ئەنجام داوە .
لەسەحیحی بوخاری وموسیلم دا هاتووە: ( لكل نبي دعوة مستجابة وإني اختبأت دعوتي شفاعة لأمتي يوم القيامة ) . "مجموع الفتاوى" (7 / 222).
واتە: هەموو پێغەمبەرێک دوعایەکی هەیە خودا قەبوڵی دەکات، و من دوعاکەی خۆم هەڵگرتووە ودەیکەمە شەفاعەت بۆ ئومەتەکەم لەڕۆژی دوایی دا .

وە ئیمامى بخاري (1237) و مسلم (94)  لە ئەبو زەڕەوە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویانەتەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی:  (أَتَانِي آتٍ مِنْ رَبِّي، فَأَخْبَرَنِي - أَوْ قَالَ: بَشَّرَنِي - أَنَّهُ: مَنْ مَاتَ مِنْ أُمَّتِي لاَ يُشْرِكُ بِاللَّهِ شَيْئًا دَخَلَ الجَنَّةَ  ، قُلْتُ: وَإِنْ زَنَى وَإِنْ سَرَقَ؟ قَالَ:  وَإِنْ زَنَى وَإِنْ سَرَقَ) .
واتە: کەسێک هاتە لام لەلایەن خوداوە ، وهەواڵی پێ دام ، ـ یاخود گوتی: موژدەی پێدام ، ـ بەوەی: هەرکەسێک لەئومەتەکەم بمرێت وهیچ هاوبەشێکی بۆ خودا بڕیار نەدابێت ئەوە دەچێتە بەهەشتەوە ، گوتم: تەنانەت گەر زینا ودزیش بکات ؟ فەرمووی: تەنانەت گەر زینا ودزیش بکات.

ئیمامى نەوەوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
بەنیسبەت بڕگەی ئەو فەرموودەیی پێغەمبەرەوە : ( وَإِنْ زَنَى وَإِنْ سَرَقَ ) ئەوا بەڵگەیە بەدەستی ئەهلی سوننە وجەماعەوە کە کەسێک تاوانی گەورەی ئەنجام دابێت ناوترێت بەهەتا هەتایی لەئاگردا دەمێنێتەوە ، وئەوان گەر بچنە دۆزەخەوە لێی دەردەچن ، ولەکۆتایی دا دەچنە بەهەشتەوە .
  "شرح صحيح مسلم" (2 / 97).

سەردان: ٣,٢٠٨ بەش: هەڵوەشێنەرەوەکانى ئیسلام