بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٥٨٥ کۆی سەردان: ٧٧٤١٩٨
پرسیار لەوێنەدا
ئەو خوێنانەی (سەر بڕینی حەیوان) كە لە حەجدا واجب دەبن کامانەن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
1. ( دم نُسُكٍ ) خوێنی:
أ- حەجی ئیسراحەت ( تمتع ): ئەو خوێنە بریتیە لە سەر بڕینی حەیوانێك لەلایەن ئەو حاجیەی كە لە مانگەكانی حەجدا ئیحرامەكەی بە حەج بەستوەو دوای تەواو كردنی عومرەكەی ئیسراحەت دەكات ئنجا ئیحرامی تر دەكات بۆ حەج واتە حەجی ( تەمەتوع ) بكات.
ب- وە هەروەها لەسەر ئەو كەسەشە كە حەجی یەك خستن و هاوتاكردنی لەگەڵ عومرە ( حج القران ) دەكات، واتە : ئیحرام دەكات بۆ هەردوكیان ( بە حەج و عومرە بەیەكەوە ( قران ).
خوای پەروەردگار فەرمویەتی : [ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ وَسَبْعَةٍ إِذَا رَجَعْتُمْ تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ ](البقرة:196).
واتە: هەر كەسێ ویستی بەهرەمەند بێ لە عومرە تا كاتی حەج واتە ئیحرامی بەست بە عومرە وە دوایی بەهرەمەند بوو بە ئیسراحەت كردن و ڕابواردن تا كاتی ئیحرام بەستن بە حەج هەر لە مەككەوە بێ ئەوەی بشگەڕێتەوە بۆ ( میقات ), ئەوە بەرامبەر بەو نیعمەتی ( بە ئیسراحەت ئیحرام بەستن لە مەككەو بەجێ هێنانی دوو عیبادەت لە سەفەرێكدا )، پێویستە چی بۆ هەڵسوڕاو لە دەستی هات حەیوان سەر ببڕێ، بەڵام ئەگەر چوو بۆ میقات و ئیحرامی بەست ئەوە بەدەلەكەی ( بریتیەكەی ) لەسەر نیە.
تێبینی : ئەو حەیوان سەربڕینە لە بەرامبەر ئەو نیعمەتە گەورەیەی خوایە كە هەردوو عیبادەتەكەی حەج و عومرە لە تەنها سەفەرێكدا بەجێ دەهێنێت بێ ئەوەی بۆ عیبادەتی دووەمیش بگەڕێتەوە بۆ میقات بەجیا لە جاری یەكەم. كەواتە حەجی جۆری قیرانیش حەیوان سەربڕینی تێدایە. بەڵام حەجی تەنهاو بێ عومرە ئەو خوێنەی تێدا نیەو ئەو عیبادەتی حەیوان سەربڕینەی تێدا نیە، چونكە عیبادەتی عومرەشی تێدا نیە.
2. خوێنی فیدیە: ئەو خوێنەیان واجب دەبێت لەسەر ئەو حاجیەی كە لە حاڵەتی ئیحرامدا قژی دەتاشێت بەهۆی نەخۆشیەك كەوا پێویستی كرد سەر بتاشێ ، یان بەهۆی ئازارێك كە لە سەریدا بوو، یان برینێك یان پەیدابونی ئەسپێ تیایدا. خوای گەورە فەرمویەتی: [ وَلاَ تَحْلِقُواْ رُؤُوسَكُمْ حَتَّى يَبْلُغَ الْهَدْيُ مَحِلَّهُ فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضاً أَوْ بِهِ أَذًى مِّن رَّأْسِهِ فَفِدْيَةٌ مِّن صِيَامٍ أَوْ صَدَقَةٍ أَوْ نُسُكٍ ](البقرة:196). . واتە: سەرتان مەتاشن( واتە ئیحرام مەشكێنن ) تاوەكو قوربانیەكە ئەگا بەجێی خۆی لەڕۆژی جەژن(1). ئنجا ئەگەر یەكێ لە ئێوە ناچار بوو سەری بتاشێت بە هۆی نەخۆشیەك كە ئەبوو سەر بتاشێ، یا ئازارێك لەسەریا بوو، وەك: ( سەر ئێشە، یان برین یان ئەسپێ ) ئەوە ئەگەر سەر بتاشێ ئەبێ لە بارتەقای ئەو سەر تاشینە ( بریتیەك ) فیدیەیەك بدات كە بریتیە لە:

أ- بەڕۆژوو بونی سێ ڕۆژ.
ب- یان خێرێك كە خۆراكی شەش هەژارە (هەر هەژارەی دوو مشت ).
ت- یان سەربڕینی مەڕێك یان بزنێك.
بەڵام باشترینی ئەم سێ فیدیەیە بریتیە لە سەر بڕینەكە، ئنجا ڕۆژووەكە ، هەرچەندە هەر كامێكیشیان بكات هەر دروستە.
كەواتە : لە حاڵەتی ئیحرامدا پێویستە موسڵمان زیاتر لە حاڵەتەكانی تری مل كەچ و زەلیلی خوای پەروەردگاری بێت و گوێ نەدات بە خۆ جوان كردن و خزمەتی خۆ كردن, لەبەر ئەوە پێویستە موی هیچ شوێنێكی نەتاشێت و نەیكات، وە هەروەها نینۆكی نەكات و بۆنی خۆش لەخۆی نەدات و پۆشاك نەكاتە بەری. بەڵام ئەگەر ناچار بوو بۆ هەر یەكێ لەم قەدەغە كراوانە ئەو دروستە بیكات بەڵام پێویستە فیدیە بدات لە بری.
3. خوێنی سزا ( دم الجزاء ) : ئەو خوێنە دەكەوێتە سەر ئەو كەسەی كە لە ئیحرامدا ڕاوی نێچیرێكی وشكانی بكات ، بەڵام ڕاوی دەریا قەیناكات. خوای گەورە دەفەرموێت: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَقْتُلُواْ الصَّيْدَ وَأَنتُمْ حُرُمٌ وَمَن قَتَلَهُ مِنكُم مُّتَعَمِّداً فَجَزَاء مِّثْلُ مَا قَتَلَ مِنَ النَّعَمِ يَحْكُمُ بِهِ ذَوَا عَدْلٍ مِّنكُمْ هَدْياً بَالِغَ الْكَعْبَةِ أَوْ كَفَّارَةٌ طَعَامُ مَسَاكِينَ أَو عَدْلُ ذَلِكَ صِيَاماً لِّيَذُوقَ وَبَالَ أَمْرِهِ ](المائدة:95) .
واتە: ئەی ئەو كەسانەی كە بڕواتان هێناوە, نێچیری كێوی مەكوژن لەكاتێكدا ئێوە لە ئیحرام دابن(2)، وە ئەگەر كەسێ لەئێوە ئەو نێچیرە بكوژێ بە قەستی ، ئەوە لەسەریەتی بژاردنی ئەو نێچیرە بە بریتیەك لە وشترو ڕەشە وڵاخ و مەڕوبزن بە وێنەی ئەو نێچیرەی كە كوشتویەتی، واتە وەك نێچیرەكە وابێت لە دیمەن و قەبارەدا ، یان لەهەر سیفەتێكی تریشدا ئەگەر لە دیمەن و قەبارەدا وەك یەك نەبون، وە ئەگەر وێنەی نەبوو ئەوە بەنرخەكەی ئەژمێردرێت. بەشێوەیەك كە دوو پیاوی عادل لە خۆتان ئەو بریتیە دابنێن و بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی كە ئەوە وێنەی نێچیرە كوژراوەكەیە ئەو بریتیەش ( فیدیەش ) دیاریەكی نێردراوە كە بگاتە پەناو دەوروبەری ماڵی خوا، واتە پێویستە شوێنی سەربڕینی و دابەش كردنی دیاریەكە خاكی حەرەم بێت. خۆ ئەگەر لەو شوێنە نەیكات ئەوە بەر ناكەوێت.
[ أَوْ كَفَّارَةٌ طَعَامُ مَسَاكِينَ ] یان كەفارەتێ كە بریتیە لە خۆراكی چەند هەژارێك، وە ئەندازە خۆراكەكە بریتیە لە قیمەتی نێچیرە كوژراوەكە، یان قیمەتی هاوشێوەكەی ، وە بەو قیمەتە خۆراك دەكڕدرێت و بۆ هەژارێك مشتێك دادەنرێت.
[أَو عَدْلُ ذَلِكَ صِيَاماً ] یا لەبری خۆراكەكە بەهاوتای خۆی بەڕۆژوو بێت، واتە: لەبری خۆراكی هەژارێك ڕۆژێك بەڕۆژوو بێت.
[ لِّيَذُوقَ وَبَالَ أَمْرِهِ ] واتە هۆی دانان و پێویست كردنی بژاردن و كەفارەتەكە ئەوەیە كە ئەو بكوژە بچێژێت سەر ئەنجامی تاڵی كارە قەدەغە كراوەكەی، كە بریتی بوو لە شكاندنی ڕێزی ئیحرامەكەی ، یان ڕێزی حەرەم.
تێبینی: ئەم سزایەی باسكرا بۆ كەسێك بوو كە بەقەستی سنوری حەرەم و ئیحرام دەشكێنێت و ڕاوی نێچیری كێوی دەكات كە سزاكەشی دوو شت بوو:
یەكەم : خۆی شایستەی عەزابی خوا كرد.
دووەم : كەفارەتێكی كەوتە سەر.
بەڵام سەبارەت بەو كەسەی كە ئەو سنورە دەشكێنێت بە هەڵە نەك بە قەستی ، ئەوە لە قورئاندا باسی نەكراوە، بەڵام لە سوننەتدا هاتووە كە یەكێ لە دوو سزاكەی لەسەرە كە كەفارەتەكەیە، بەڵام تاوانبار نابێت.
4. خوێنی ڕێ لێ گیران ( الاحصار ) : واجب دەبێت لەسەر حاجی بەهۆی نەتوانینی تەواوكردنی حەج لەبەر نەخۆشی، یان ترسی دوژمن، یان لەبەر هەر ڕێگرێكی تر بێت . خوای گەورە فەرمویەتی: [ وَأَتِمُّواْ الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلّهِ فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ ].
واتە: حەج و عومرەتان كە دەست پێ كرد تەواوی بكەن، ئنجا ئەگەر ڕێتان لێ گیرا لە تەواوكردنی حەج و عومرەكەتان دوای ئیحرام بەستنەوە بەهۆی دوژمن، یان نەخۆشی، ئەوە ئیحرامەكەتان بشكێنن, ئینجا پێویستە چیتان بۆ هەڵسوڕا لە قوربانی سەری ببڕن، ( حوشتر بێ ، یان گا ، یان مەڕ ، یان بزن )، بەڵام ( حوشترو گا لەبری حەوت كەس دەبێت )، لەكوێ ڕێتان لێ گیرا لەوێ حەیوانەكە سەرببڕن هەروەك پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و هاوەڵانی لە حودەیبیە سەریان بڕی.
( ڕێ لێ گیراو حەیوانەكەی سەر دەبڕێ و قژیشی دەتاشێ ، یان كورتی دەكاتەوەو بەمە لە ئیحرامەكەی دەردەچێت.)
وە ئەگەر حەیوانیشیان دەست نەكەوت ئەوە لەجیاتی ئەوە ( دە ) ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت وەك ( موتەمەتیع )(3) ئینجا لە ئیحرامەكەی دەردەچێت.
5. دم الوطء : ئەو خوێنەیە كە بەهۆی جیماع كردنەوە دەكەوێتە سەر ئەو كەسەی كە لە ئیحرامدایە ، وه ئەگەر جیماعی كرد پێش ڕەمی جەمرەی عەقەبە لە ڕۆژی جەژن, واتە پێش لە ئیحرام دەرچونی یەكەم, ئەوە فیدیەیەكی قورسی لەسەرە كە بریتیە لە سەربڕینی وشترێك وە حەجەكەیشی بەتاڵ بۆتەوە .

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

------------------------------------

(1) تێبینی/ئەو ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە سەربڕینی حەیوان بە نیسبەت حاجی كات و شوێنی خۆی هەیە، كاتەكەی لە ڕۆژی جەژنەوە دەست پێ دەكات وە شوێنەكەشی حەرەمە، كەواتە ئەو حاجیەی كە پێش ڕۆژی جەژن یان لەشوێنێكی تری غەیری حەرەم ( مەككەو مینا ) حەیوان سەردەبڕن ئەوە لە سوننەت لایان داوە.

(2) تێبینی/ هەندێ لەزانایان فەرمویانە : ئایەتەكە دوو مانا دەگرێتەوە، یەكەمیان: كە لەحاڵەتی ئیحرام دابێت ڕاو حەرامە جا لەهەر شوێنێك بێت ، هەروەها هەر كەسێك لە حەرەمیش بێت ئەوە ڕاوی لەسەر حەرامە تیایدا با لە ئیحرامیش دابێت، بەڵام عائشە ڕەزای خوای لێبێت دەڵێت: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : هەندێك گیانلەبەر خراپن و لەهەموو كات و شوێنێكدا هەر دروستە بكوژرێن( قەلەڕەش و دوو پشك و مارو سەگی هارو بگر).

(3) تێبینی/ كاتێك ئەم خوێنە لەسەر حاجی واجب دەبێت كە لەكاتی ئیحرام كردندا مەرجی ئەوەی دانەنابێت كە ئەگەر نەیتوانی و ڕێگری لێ پەیدا بوو ، ئەوە لە ئیحرامەكەی دەر بچێت. بەڵام كە ئەو مەرجەی بۆخۆی دانابێت پێش وەخت ئەوە هیچ خوێنی ناكەوێتە سەرو بەئاسایی لە ئیحرامەكەی دەردەچێت هەرچەندە حەجەكەیشی تەواو نەكردووە.



سەردان: ١٨٩ بەش: حەج و عومرە

حیكمەت چیە لە سەفەری مەدینە؟قەدەغە كراوەكانی مەككەو مەدینە (محظورات الحرمین) کامانەن؟