ئایا ئینسان ئەگەر بێزار بێت ئەتوانێ دوعاى مردن لە خۆى بكات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئینسان ئەگەر بێزار بێت ئەتوانێ دوعاى مردن لە خۆى بكات؟
پرسیار:

سڵاو بەڕێز......پرسیارێكم هەیە ئایا ئینسان ئەگەر بێزار بێت ئەتوانێ دوعاى مردن لە خۆى بكات گوناهبار نابێت لەو كاتەدا؟
پرسیارێكى تر ئەویش ئەوەیە: من لەوەتەى تەوبەم كردووە بیركردنەوە زۆر زۆر بێزارى كردووم چ دوعایەك باشە بیكەم بۆ ئەوەى لەو بیركردنەوەیە نەجاتم بێت...
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ئێوەى بەڕێز خواى گەورە ئاگاى لێتان بێت.تكایە زوو وەڵام بدەنەوە.

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان

وعلیكم السلام ورحمة‌ الله وبركاته
مرۆڤى موسڵمان دەبێ لە ژیان بێزار نەبێت و ئارامى هەبێت لەسەر تەنگ و چەڵەمەكانى ژیانى دونیا بۆ ئەم مەسەلەیەش دەبێ یەكەم مەفهومى ژیانى دونیا تێبگات كە بریتى یە لە تاقیكردنەوە بە خۆشى و ناخۆشى جا دواى ئەم تێگەشتنە پێویستە مرۆڤى موسڵمان هەڵوێستى ئیجابى هەبێت و بەچەواشە لە دونیا نەگات وە وابزانێت ئەم ژیانەى دونیا هەتا هەتایى و خۆى بۆ بكوژێت نا بەڵكو ڕێگەیەكە بۆ ژیانى ڕاستەقینە لە قیامەت بە كورتى هەموو ئەو پێداویستیانە و كەرەستانەى كە لە دونیادا لەبەردەستماندان هەموو بۆ ئەوەیە ژیانمان بەڕێوە بچێت تا بتوانین بەندایەتى بۆ خواى گەورە ئەنجام بدەین جا بەو هەڵوێستە ئیجابیە و خۆ پشت قایم كردن بە یادى خواى گەورە ئەوانە دەڕەوێتەوە، ئەگەر مرۆڤ بێزار بوو وا چاكترە پەنا بباتە بەر نوێژ كردن و دوعا كردن بەڵام دوعاى مردن دروست نیە بەڵام ئەگەر هەر دوعاى كرد وا چاكترە بڵێت ئەگەر مردن باشە بۆم لە ژیان ئەوا بممرێنە.
بەشى دووەمى پرسیارەكە كە باس لە بیركردنەوە دەكات بەڵێ ڕاستە ئەگەر مرۆڤ كەسێكى ناموسڵمان یان كەسێك بوو پابەند نەبوو بە ڕێنماییەكانى ئیسلامەوە پاشان تەوبەى كرد ئەوە تاماوەیەك نەفس و شەیتان كاتى ڕابردووى وەبیر دەهێننەوە یان ختورەى خراپى پێ دەڵێن جا پێوستە لەم كاتە موسڵمان ئارامى هەبێت وە ئەوەش بزانێت ئەمە شتێكى كاتیە وە با بەردەوام ئەم دوعایە بخوێنێت: (اللهم ثَبت قَلبي على طاعتك) یان بڵێت: (اللهم إهدني لأحسن الأعمال والأخلاق لا يدهدي لأحسنها إلا أنت ولصرف عنّي سيئها لا يصرف عنّي سيئها إلا أنت)
وە زۆر داوا لە خواى گەورە بكە إن شاء الله دواى ماوەیەك ئەو شتانە هەموو باردەكەن و شتى چاك جێگەیان دەگرێتەوە.
لە لایەن مامۆستا (خلیل أحمد) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٦,٠٥٢ بەش: دوعا و پاڕانه‌وه‌