بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
بەكورتى سوجدەى سەهوو سێ هۆكارى هەیە:
1 ـ زیادەكردن.
2 ـ كەمكردن.
3 ـ دوو دڵى و گومان.
1 ـ زیادەكردن: نموونەى كەسێك شتێك لەمانە زیاد كات (كوڕنوش و سوجدە و وەستان - دانیشتن).
2 ـ كەمكردن: نموونەى كەسێك لەمانە كەمكاتەوە (روكنێك لە روكنەكانى نوێژ یان واجبێك لەواجبەكانى نوێژ).
3 ـ دوودڵى و گومان: نموونەى كەسێك دوو دڵ بێت چەند ڕكاتى كردووە سێ یان چوار، زیادكردن لە نوێژدا گەر هاتوو نوێژكەر كوڕنوشێك یان سوجدەیەك یان وەستانێك یان دانیشتنێك بە ئەنقەست لە نوێژدا زیادبكات نوێژەكەى بەتاڵ دەبێتەوە چونكە بەو زیاد كردنەی نوێژەكەى كردوە بە پێچەوانەى ئەوەی كە خوا و پێغەمبەرى خوا(ﷺ)فەرمانیان پێ كردووە.
پێغەمبەر(ﷺ)دەفەرموێت: ((من عمل عملا ليس عليه أمرنا فهو رد)) صحيح مسلم رقم: (1718).
بەڵام ئەگەر هاتوو بە لەبیر چونەوە زیادى كرد ئەوا نوێژەكەى بەتاڵ نابێت بەڵام دەبێت سوجدەى سەهو ببات دواى سەلام دانەوە بەڵگەش فەرموودەی (أبو هریرة)یە(رضي الله عنه)كە دەفەرموێت: "كاتێك پێغەمبەر(ﷺ)لە یەكێك لە نوێژەكانى نیوەڕۆ یان عەسردا لە دواى دوو ڕكات سەلامى دایەوە، ئەنجا بیریان خستەوە و پێیان ووت ئەویش ئەوەى مابووكردى پاشان سەلامى دایەوە، پاشان دواى سەلام دانەوە دوو سوجدەى برد.صحيح البخاري رقم: (1226)وصحيح مسلم رقم: (573).
هەروەها فەرموودەی إبن مسعود(رضي الله عنه)كە دەفەرموێت: "پێغەمبەر(ﷺ)نوێژى نیوەڕۆى بە پێنج ڕكات بۆ كردین، دواى لێ بونەوەى پێیان ووت: ئایا نوێژ زیاد كراوە؟ ئەویش فەرمووی: ئەو پرسیارە بۆ دەكەن؟ ووتیان: تۆ پێنج ڕكاتت بۆ كردین، ئەویش هەردووپێی جووت كردو و ڕووى كردە ڕووگە و دوو سوجدەى برد" صحيح البخاري رقم: (1227)وصحيح مسلم رقم: (927).
بەڵام (كەم كردن) ئەگەر نوێژكەر ڕوكنێك لە ڕوكەكانى نوێژى كەم كرد ئەوا لەم حاڵەتانە بەدەر نىیە: یان پێش ئەوەى بگاتەوە هەمان شوێن لە ڕكاتى دواى ئەوە لەم كاتەدا پێویستە بگەڕێتەوەو ئەو ڕوكنە بكاتەوە و لەوەوە دەست پێ دەكات.
یان بیرى ناكەوێت تا دەگاتەوە هەمان جێگا لە ڕكاتى دواى ئەوە لەم كاتەدا ئەم ڕكاتە جێگاى ئەوى تر كە ڕوكنەكەى نوقسان بوو حساب دەكرێت.
لەم دوو حاڵەتەدا دواى سەلام دانەوە سوجدە ئەبرێت، نموونەى پیاوێك دواى سوجدەى یەكەم لەڕكاتى یەكەم هەستێ بۆ ڕكاتى دوەم و سوجدەى دووەمى لە بیربچێت كاتێك دەستى كرد بە خوێندنى قورئان بیرى كەوتەوە كە سوجدەى نەبردووە و لە نێوان هەردوو سوجدەكە دانەنیشتەوە لەم كاتەدا ئەبێت دەست بەجێ بگەڕێتەوە و دانیشێت لە نێوان هەردوو سوجدەكەدا پاشان ئەبێت سوجدەى دووەم ببات و دوایى هەستێت بۆ ڕكاتەكانى تر دواى سەلام دانەوە سوجدەى سەهو ببات.
نموونەى ئەو كەسەى كە بیرى نەكەوێتەوە تا دەگاتە هەمان شوێن وەكو كەسێك سوجدەى دووەمی لەبیر بچێت و بیرى نەكەوێتەوە تا هەمان شوێن لە ڕكاتى دواى ئەوە لەم كاتەدا ڕكاتى دووەم بەیەكەم حساب دەكرێت وە ڕكاتێكى تر دەكات پاشان سەلام دەداتەوە و پاش سەلام سوجدەى سەهو دەبات.
بەڵام نوقسانى واجب: ئەگەر واجبێكى نەكرد و چووە سەر كردارێكى تر وەك كەسێك وتنى (سبحان ربی الأعلى)ى لە بیر بچێت و بیرى نەكەوێتەوە تا كاتێك هەستایەوە لە سوجدە ئەم كەسە واجبێكى نەكردووە، نوێژەكەى بەردەوام دەكات بەڵام پێش سەلام دانەوە سوجدە دەبات، چونكە پێغەمبەر(ﷺ) كاتێك تەحیاتى یەكەمى لەبیر چوو نوێژەكەى بەردەوام كرد و نەگەڕایەوە بۆ دوا و پێش سەلامدانەوە سوجدەى سەهوى برد" صحيح البخاري رقم: (1224) وصحيح مسلم رقم: (570) من حديث عبد الله بن بـحينة.
ئەمجا دوو دڵى، دوو دڵى بریتى یە لە گومان لە نێوان زیادكردن و نوقسانى، وەكو كەسێك گومانى هەبێت سێ ڕكاتى كردبێ یان چوار لەم كاتەدا لە دوو حاڵەت بەدەر نى یە:
یا زیاد كردن یا كەم كردنى بۆ ساغ دەبێتەوە لەسەر ئەوەى كە ساغ دەبێتەوە بنیات دەنێت و لە دواى سەلامدانەوە سوجدە دەبات، بەڵام ئەگەر هاتو بۆى ساغ نەبوەوە ئەو كاتە لەسەر كەمترین ڕێژە بنیات دەنێت كە دڵنیایە لێ ى پاشان ئەوەى ماوە تەواوى دەكات و پێش سەلام سوجدە دەبات.
بۆ نموونە: كەسێك نوێژى نیوەڕۆ دەكات دوو دڵ دەبێت ئایا لە ڕكاتى سێیەم دایە یان چوارەم؟ بۆی ساغ دەبێتەوە سێیەم ڕكاتە لەم ڕكاتەدا چوارەم دەكات پاشان سەلام دەداتەوە و سوجدەى سەهو دەبات.
نمونەی ئەو حاڵەتەى ساغ نەبێتەوە: كەسێك نوێژى نیوەڕۆ دەكات دوو دڵ دەبێت لەسێیەمدایە یان لە چوارەم بۆیشی ساغ نابێتەوە لەم كاتەدا لەسەر دڵنیایی بنیات دەنێت كە كەمترینە كە سێ یەو ڕكاتى چوارەم دەكات، پاشان سوجدەى سەهو دەبات پێش سەلام دانەوە.
لێرەوە بۆمان دەركەوت سوجدەى سەهو پێش سەلامدانەوە دەبرێت لەم كاتانەدا:
كاتێك واجبێك لە بیربچێت، یان گومان لە ژمارەى ڕكاتەكاندا هەبوو بۆى ساغ نەكرایەوە.
وە پاش سەلامدانەوە ئەگەر زیادەی كرد لەنوێژەكەیدا و یان دوای دوودڵی و گومان بۆی دەركەوت و یەكلابوویەوە كە كامەیانە.
فتاوى أركان الإسلام لابن العثيمين ص: (345- 348).
تێبینى: ئەم پرسیار و وەڵامە لە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست لەگۆشەى (وەڵامى شەرعى بۆ پرسیارى خوێنەران بڵاوكراوەتەوە). لە ئامادەكردنى بەڕێز مامۆستا خلیل أحمد