كه‌ى سوجده‌ى سه‌هو دروسته‌ و حاڵه‌ته‌كانى چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كه‌ى سوجده‌ى سه‌هو دروسته‌ و حاڵه‌ته‌كانى چین؟

سوجده‌ى سه‌هو له‌كاتى زیاده‌ و كه‌مكردن و هه‌بوونى گوماندا دروست ده‌بێت و ده‌بێت ببرێت، له‌ نوێژى فه‌رز و سوننه‌تدا و به‌ئه‌نقه‌ست نه‌بێت، جا ئه‌گه‌ر ئیمام هه‌ڵه‌ى كرد ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وانه‌ى له‌پشتیه‌وه‌ن ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌ به‌ ووتنى (سبحان الله) وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رى بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر زۆربه‌ى گومانه‌كانى بۆ ئه‌وه‌ چوو كه‌ ڕاست ده‌كه‌ن و ئاگاداركردنه‌وه‌كه‌یان له‌شوێنى خۆیدایه‌.
حاڵه‌ته‌كانیشی به‌م شێوازانه‌ى خواره‌وه‌یه‌:
1- ئه‌گه‌ر نوێژخوێن ركوعێك یان سوجده‌یه‌كى به‌نه‌زانین زیادكرد: ئه‌وا له‌م كاته‌دا نوێژه‌كه‌ى به‌تاڵ نابێته‌وه‌ به‌ڵام دواى سه‌لامدانه‌وه‌ سوجده‌ ده‌بات له‌به‌ر فه‌رمووده‌كه‌ى ئه‌بو هوره‌یره‌ - - كه‌ ده‌ڵێت: " حين سلّم النبـي - - من ركعتين في إحدى صلاته, إما الظهر وإما العصر, فلما ذكروه أتـى - - بما بقي من صلاته وسلم ثم سجد سجدتين بعدما سلم " متفق عليه. واته‌: كاتێك پێغه‌مبه‌رى خوا له‌یه‌كێك له‌نوێژه‌كانیدا له‌دووه‌م ركعاتدا سه‌لامى دایه‌وه‌ كه‌ نیوه‌رۆ بوو یان عه‌صر، جا كاتێك بیریان خسته‌وه‌ هات و ئه‌وه‌ى مابوو له‌نوێژه‌كه‌ كردى و پاشان دوو سوجده‌ى برد له‌ دواى سه‌لامدانه‌وه‌.
2- كه‌مكردن: ئه‌گه‌ر نوێژخوێن روكنێكى كه‌مكرد ئه‌وا له‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌رناچێت: یان ئه‌وه‌تا بیرى ده‌كه‌وێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى بگاته‌ هه‌مان روكن له‌ ركعاتى دووه‌م، ئه‌وا له‌م كاته‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و روكنه‌ى بیرى چووه‌ و له‌دواى ئه‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، وه‌ یاخود ئه‌وه‌تا بیرى ناكه‌وێته‌وه‌ هه‌تا هه‌مان روكن له‌ ركعاتى دووه‌م ئه‌وا ناگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌و ركعاته‌ى به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌و له‌وكاته‌دا ئه‌و ركعاتى دووه‌مه‌ ده‌بێته‌ جێگرى یه‌كه‌م و له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ سه‌رله‌نوێ، وه‌ ئه‌گه‌ریش له‌دواى سه‌لامدانه‌وه‌ بیرى كه‌وته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و روكنه‌ و ئه‌وه‌ى دواى ئه‌و دێت دوباره‌ى ده‌كاته‌وه‌ و له‌ هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌شدا سوجده‌ى سه‌هو ده‌بات له‌دواى سه‌لام دانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر واجبێكى بیرچوو بۆ نمونه‌ ته‌حیاتى یه‌كه‌مى بیرچوو وه‌ چوو بۆ ئه‌و به‌شه‌ى كه‌ دواى ئه‌و واجبه‌ دێت ئه‌وا ئه‌و واجبه‌ى له‌سه‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێت سوجده‌ى سه‌هو له‌ پێش سه‌لامدانه‌وه‌ ببات، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا كاتێك ته‌حیاتى یه‌كه‌مى بیرچوو به‌رده‌وام بوو له‌نوێژه‌كه‌ى و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ و پێش سه‌لامدانه‌وه‌ سوجده‌ى سه‌هو ده‌بات.
3- یان گومانت هه‌یه‌: ئه‌گه‌ر نوێژخوین گومانى هه‌بوو له‌ ژماره‌ى ڕكعاته‌كان ئه‌وا له‌سه‌ر كه‌مه‌كه‌ بونیادى ده‌نێت و ئینجا ته‌واوى ده‌كات، وه‌ سوجده‌ى سه‌هو ده‌بات پێش سه‌لام دانه‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر زۆرتر گومانى بۆ یه‌كێكیان چوو ئه‌وا كار به‌گومانه‌ زۆره‌كه‌ ده‌كات و پاش سه‌لامدانه‌وه‌ سوجده‌ى سه‌هو ده‌بات.
وه‌ سوجده‌ى سه‌هویش دوو سوجده‌یه‌، و ئه‌وه‌ى له‌ سوجده‌ى نوێژدا ده‌یڵێت له‌ سوجده‌ى سه‌هویشدا هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێت له‌ زیكر و دوعا.
وه‌ زانایان ڕاجیاوازیان هه‌یه‌ له‌باره‌ى كاتى سوجده‌كه‌وه‌ كه‌ ئایا باشتره‌كه‌ كامه‌یه‌، به‌ڵام ڕاجیاواز نین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر پێش سه‌لام دانه‌وه‌ یان دواى سه‌لام دانه‌وه‌ به‌هۆى زیاده‌وه‌ یان كه‌مكردنه‌وه‌ سوجده‌ى سه‌هوى برد ئه‌وا له‌سه‌رى ده‌كه‌وێت و نوێژه‌كه‌ى به‌تاڵ نابێته‌وه‌. پێشه‌وا ( النووی)یش ئه‌مه‌ى گێڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ ( شرح مسلم)دا.

وەرگیراوە لە کتێبی : (إعانة الخطباء والأئمة بفقه إمامة الأمة)
لە نوسینى شێخ : محمد بن زيد بن محمد المدخلي

سەردان: ٤,٣٣١ بەش: سوجدەى سەهو