له‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌دا پێك هاتوه:
- پێناسه‌ی فیقه له زمان وزاراوه‌دا.
- سه‌رچاوه‌كانی.
- بابه‌ته‌كانی.
- به‌ر وبومه‌كانی.
- فه‌زڵه‌كانی.
• واتای فیقه له زمان وزاراوه‌دا:
فیقه: فیقه له زماندا: تێگه‌یشتنه، وه‌ك فه‌رمایشته‌كه‌ى خواى باڵا له باره‌ی گه‌لی شوعه‌یبه‌وه: ﴿...مَا نَفْقَهُ كَثِيرًا مِمَّا تَقُولُ...﴾ [هود:91] «ئێمه تێناگه‌ین له زۆرێكی ئه‌و شتانه‌ى تۆ ئه‌یڵێی». هه‌روه‌ها ئه‌فه‌رموێ: ﴿...وَلَكِنْ لَا تَفْقَهُونَ تَسْبِيحَهُمْ﴾ [الإسرا‌ء:44] «به‌ڵام ئێوه له ته‌سبیحاتیان تێ ناگه‌ن»..
به‌ڵام فیقه له زاراوه‌دا: بونی زانسته به حوكمه شه‌رعیه كرده‌وه‌ییه به ده‌ست هاتوه‌كان له به‌ڵگه ورده‌كاریه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها فیقه به خودی حوكمه‌كانیش ده‌وترێت.
سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كانی فیقه:
1- قورئانی پیرۆز.
2- سوننه‌تی پاك.
3- كۆ ده‌نگی.
4- قیاس.
بابه‌كانی فیقه:
بابه‌تی فیقه بریتیه له كرده‌وه‌ى به‌نده ته‌كلیف لێ كراوه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی وگشت گیر، جا فیقه په‌یوه‌ندی مرۆڤ له خۆ ده‌گرێ له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار، وخۆی، وكۆمه‌ڵگاكه‌شی.
هه‌روه‌ها حوكمه كرده‌ییه‌كان، وئه‌وه‌ی له ته‌كلیف لێ كراوان ده‌وه‌شێته‌وه له وته وكرده‌وه، وگرێ به‌ست وهه‌ڵس وكه‌وت= ده‌گرێته‌وه. ئه‌مه‌ش دو جۆره:
یه‌كه‌م: حوكمی په‌رستنه‌كان: له نوێژ وڕۆژو وحه‌ج وهاوشێوه‌كانی.
دوه‌م: حوكمی مامه‌ڵه‌كان: له گرێ به‌ست، هه‌ڵس وكه‌وت (تصرفات)، وسزاكان (عقوبات)، وتاوانه‌كان (جنایات)، زه‌مانه‌ت وجگه له مانه‌ش كه مه‌به‌ست لێی ڕێكخستنى مامه‌ڵه‌یه له نێوان خه‌ڵك دا.
ئه‌م حوكمانه‌ش ده‌كرێت له‌مانه‌ى خواره‌وه‌دا كورت هه‌ڵ بهێنرێت:
1- حوكمه خێزانیه‌كان له سه‌ره‌تای پێكه‌وه‌نانیه‌وه تا كۆتایی هاتنی. ئه‌مه‌ش حوكمه‌كانی هاوسه‌ر گیری وته‌ڵاق وڕه‌چه‌ڵه‌ك، وخه‌رجی كێشان، ومیرات وهاوشێوه‌كانی ده‌گرێته‌وه.
2- حوكمی مامه‌ڵه داراییه‌كان (مه‌ده‌نیه‌كان): ئه‌و حوكمانه‌یه كه په‌یوه‌سته به مامه‌ڵه‌ی تاكه‌كان وئاڵوگۆڕیانه‌وه، له كڕین وفرۆشتن وكرێ دان وشه‌ریكی وهاو شێوه‌كانی.
3- حوكمی تاوانه‌كان: كه په‌یوه‌سته به‌و شتانه‌ى له ته‌كلیف لێ كرا‌و ده‌وه‌شێته‌وه له تاوان وده‌ست درێژیه‌كان، هه‌روه‌ها شایسته‌ى چ سزایه‌كه.
4- حوكمی مورافه‌عات(1) ودادوه‌ری: كه تایبه‌ته به بڕیاردان له كێشه وناكۆكی وبانگه‌شه‌كان وڕێگای سه‌لماندنی وهاوشێوه‌كانی.
5- حوكمه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان: ئه‌و حوكمانه‌یه كه په‌یوه‌سته به ڕێك خستنی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئیسلام له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا له ده‌وڵه‌تانی ئاشتی وشه‌ڕ خوازه‌كان، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی هاو وڵاتیه ناموسڵمانه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت دا. وه تێكۆشان وپه‌یماننامه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
به‌ر وبومی زانستی فیقه:
شاره‌زا بون له فیقه وئیش پێ كردنی ئه‌بێته مایه‌ی چاك بونی به‌نده، ودروست بونی په‌رستنه‌كانی، وڕێك بونی ئاكاره‌كانی. كه‌یش به‌نده چاك بو كۆمه‌ڵگه چاك ده‌بێت، به‌ر وبومی ئه‌مه‌ش كامه‌رانی وخۆشی ژیانی دونیایه، له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندی وبه‌هه‌شته‌كه‌ى خوا له دوا ڕۆژدا.
فه‌زڵی شاره‌زا بون له دین وهاندان بۆ فێرخوازی وزانست وه‌رگرتن:
شاره‌زا بون له دین، له باشترین كرده‌وه‌كان وپاك ترین خه‌سڵه‌ته‌كانه. ده‌قه‌كانیش له قورئان وفه‌رموده به‌ڵگه‌ن له سه‌ر گه‌وره‌یی فه‌زڵی وهاندان بۆ لای. له‌وانه: فه‌رمایشته‌كه‌ى خوا ﷺ: ﴿وَمَا كَانَ الْمُؤْمِنُونَ لِيَنْفِرُوا كَافَّةً فَلَوْلَا نَفَرَ مِنْ كُلِّ فِرْقَةٍ مِنْهُمْ طَائِفَةٌ لِيَتَفَقَّهُوا فِي الدِّينِ وَلِيُنْذِرُوا قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُوا إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ﴾ [التوبة:122] «وناگونجێت وناشبێت ئیمانداران هه‌ر هه‌مویان ده‌ر بچن بۆ تێكۆشان وجه‌نگ كردن له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر دوژمن سه‌ركه‌وت بن بڕ نه‌بن، وه‌كو چۆن نابێت وناگونجێت هه‌موتان دانیشن، ئه‌ى كۆمه‌ڵێك بۆ ناچن بۆ جیهاد كه به‌س بێت ومه‌به‌ست بپێكێت، وكۆمه‌ڵێكی تر نامێننه‌وه له‌گه‌ڵ په‌یامبه‌ردا؟! ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى فێری دین ببن لێوه‌ى». هه‌روه‌ها په‌یامبه‌ری خوا ـ ﷺ ـ ئه‌فه‌رموێ: «مَنْ يُرِدِ اللهُ بِهِ خَيْرًا يُفَقِّهْهُ فِي الدِّينِ» «خوا ویستی خێری بۆ هه‌ر كه‌سێك بوێت له دین شاره‌زای ده‌كات وتێی ده‌گه‌یه‌نێت»(2). ده‌بینی په‌یامبه‌ر ـ ﷺ ـ هه‌مو خێرێك ده‌به‌ستێته‌وه به شاره‌زا بون له دین ولێ تێگه‌یشتنی، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له سه‌ر گرنگیه‌كه‌ى ومه‌زنی پایه‌كه‌ی وبه‌رزی پله‌كه‌ى. هه‌روه‌ها په‌یامبه‌ر ـ ﷺ ـ ئه‌فه‌رموێ: «النَّاسُ مَعَادِنُ، خِيَارُهُمْ فِي الْجَاهِلِيَّةِ خِيَارُهُمْ فِي الْإِسْلَامِ إِذَا فَقُهُوا» «خه‌ڵك وه‌ك كانزان (به بنه‌چه وڕیشه‌ی خۆیانن)، باشترینه‌كه‌یان له نه‌فامی باشترینه‌كه‌یانه له ئیسلامه‌تی دا، ئه‌گه‌ر له دین شاره‌زا ببن ولێ‌ی تێ بگه‌ن»(3).
جا تێگه‌یشتن له دین پایه‌كه‌ى له ئیسلامدا زۆر مه‌زنه، وپله‌كه‌شی له پاداشتدا زۆر گه‌وره‌یه، چونكه موسڵمان كه له كاروباری دینه‌كه‌ى شاره‌زا بو وتێگه‌یشت وزانی چ مافێكی هه‌یه وچ ئه‌ركێك واجبێكی له سه‌ره؟ ئه‌وسا به به‌ر چاو ڕۆشنیه‌وه په‌رستتش بۆ خوا ده‌كات، وسه‌ركه‌وتو ده‌بێت بۆ خێر وكامه‌رانی له دونیا ودواڕۆژدا.
===========
(1) «المرافعات» كۆی «المرافعة»یه، كۆمه‌ڵێك ڕێ وشوێنی دیاری كراوه ده‌گیرێته به‌ر بۆ ڕاست كردنه‌وه‌ى بانگه‌شه وخستنه ڕوی. بڕوانه: «المعجم الوسيط» (رفع). وه‌رگێڕ.
(2) أخرجه البخاري (71) واللفظ له، ومسلم (1937).
(3) أخرجه البخاري (3383) واللفظ له، ومسلم (2638).