گرنگی دان بە خوێندنەوە و سودەکانى کتێب خوێندنەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گرنگی دان بە خوێندنەوە و سودەکانى کتێب خوێندنەوە
پرسیار:

چۆن گرنگى بە خوێندنەوە بدەین؟ وە سوودى کتێب خوێندنەوە چیە؟ وە بۆچی ئێستا خەڵکى زۆر بە کەمى کتێب دەخوێنێتەوە؟ وە زانایانمان چۆن گرنگیان داوە بە خوێندنەوە؟

یەکێک لەو شتانەی کەدەبێتە مایەیی خێر ، و عەقڵ زیاد دەکات و مرۆڤ زیاتر ڕۆشنبیر دەکات (خوێندنەوەیە) ؛ هەر بۆیە یەکەم ئایەت لەقورئانی پیرۆز دابەزی بۆ پێغەمبەرمان موحەمەد ئەم ئایەتە بوو {اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ * خَلَقَ الإنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ * اقْرَأْ وَرَبُّكَ الأكْرَمُ * الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ * عَلَّمَ الإنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ}
واتە: ئه‌ی محمد - - بخوێنه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ڕێزته‌وه‌ ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی كه‌ هه‌موو شتێكی دروست كردووه‌ * سه‌ره‌تا مرۆڤی دروست كردووه‌ له‌ دڵۆپه‌ ئاوێك پاشان بووه‌ به‌ خوێنێكی مه‌یوو * بخوێنه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ڕێزته‌وه‌ * كه‌ به‌هۆی قه‌ڵه‌مه‌وه‌ خه‌ڵكی فێری هه‌موو شتێك كردووه‌ له‌ نووسین و خوێنده‌واری * ئه‌وه‌ى كه‌ مرۆڤ نه‌یزانیوه‌ خوای گه‌وره‌ به‌هۆی قه‌ڵه‌م و زانیارییه‌وه‌ هه‌موو شتێكی فێر كردوون.

بڕوانە چەند جار فەرمان دەکات بەخوێندنەوە ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خوێندنەوە زۆر گرنگ و پێویسته؟
هەر بۆیە پێشەوایانی ئەم ئومەتە هەستیان بەم گرنگیە کردبوو ئەوەتا کاتێ پرسیار لەعبداللەی کوڕی موبارەک دەکەن وپێی دەڵێن: هۆکاری چی یە بەتەنها لەماڵدا زۆر دەمێنیتەوە ؟
لەوەڵامدا گوتی: من بەتەنها نیم بەڵکو من لەگەڵ پێغەمبەر وهاوەڵاندام ؛ مەبەستی ئەوەیە کتێب دەخوێنێتەوە . 

وەهەروەها دەڵێت: هەر کەسێک دەیەوێ سوودمەند بێت با تەماشای کتێب بکات ، تەنانەت دەیگوت : کتێب بووە بەخۆشەویست و دڵنەوای من .

برای خوێنەر خوێندنەوە گرنگیەکی زۆری هەیە لە ژیانی مرۆڤدا لەوانە:  
1- دەبێتە هۆکاری زیاد بوونی عیلم وزانیاری وبەرچاو ڕوونی .
2- سوود بەخشە بۆ دەست خستنی ئەزموون و شارەزایی.
3- بەسەر بردنی کاتە لە بەنرخترین شتدا.            
4- هۆکارە بۆ زیاد بوونی عەقڵ و زیرەکی.            .
5- هۆکارە بۆ زیاد بوونی ئەدەب و ڕەوشت و کەسایەتی.            
6- هۆکارە بۆ زیاد بوونی ئیمان و ڕۆچوون لە تێگەیشتنی قورئان وفەرموودە.      
7- ژیانە لەگەڵ پیاو چاکان و زانایاندا.

بەڵام لێرەدا پرسیاره جەوهەریەکە ئەوەیە:
بۆ ناخوێنینەوە ؟ یاخود بۆ هەست بەقورسی و مەلەل دەکەین لەکاتی خوێندنەوەدا ؟ 
وەڵام: ئەوە دەردێکە بڵاو بۆتەوە لەکۆمەڵگاکەماندا وهەندێ کەس گیرۆدەی بوونە ، ئەوەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە:
یەکەم : ئیعتماد کردنە سەر دەروونی فەرمانکەر بە خراپە کە حەزی بە ئیسراحەت و تەمبەڵیە ، بۆیە پێویستە داوای یارمەتی لەخودا بکرێت لەگەڵ هەوڵدان و جدی بوون .

دووەم : هۆکارێکی تر هەست نەکردنە بەگرنگی خوێندنەوە و کاریگەریەکانی لەسەر تاک وکۆمەڵگا .

سێیەم : دووری خەڵک لەتێگەیشتن لەزمانی عەرەبی ، ئەمەش هۆکارە بۆ گرانی خوێندنەوە و تێگەیشتن.

چوارەم : هەڵنەبژاردنی کێتبی سوود بەخش و گونجاو ، هەندێ جار کەسەکە کتێبێک هەڵدەبژێرێت کەدرێژە یاخود قورسە بۆیە ناتوانێت بەردەوام بێت ، بۆیە پێویستە پێش خوێندنەوە پرس بەکەسانی پسپۆڕ بکات چ جۆرە کتێبێک بخوێنێتەوە.

پێنجەم: سەرقاڵ بوون بەسوود وەرگرتن لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (بەبیسترا وبینراوەوە) لەبەر ئەوەی زوو دێتە دەستەوە ، بەڵام زوو لەبیر دەچێت و وەک کتێب نی یە بمێنێتەوە.

شەشەم : ڕێکنەخستنی کاتەکان ونەزانینی کاتی دیاری کراو بۆ خوێندنەوە ، بۆیە پێویستە کاتی خوێندنەوە دیاری بکرێت.

حەوتەم : لاوازی هیمەت و توشی مەلەل و بێتاقەت بوون لەکاتی خوێندنەوەدا ، بۆیە گرنگە مرۆڤ ئارام گر و لەسەر خۆ بێت وتەحەموولی ناخۆشیەکانی بکات چونکە خۆشی وئارامی لەدوایە.

هەشتەم : نەشارەزایی لەچۆنیەتی خوێندنەوەدا ، بۆیە پێویستە لەسەری وردە وردە دەست کات بەخوێندنەوە وەک ئەوەی سەرەتا پێشەکی کتێبەکە بخوێنێتەوە وناوەڕۆکەکەی تەماشا کات لەڕێگەی پێڕست و فەهرەسەکەیەوە ، ودیاری کردنی سوود و فائیدەکان وهەڵبژاردنی کتێبی گونجاو بۆ کاتی گونجاو.

 نۆیەم : نەبوونی کتێبخانە لەماڵدا ، بێگومان گەر کتێب نەبێت چۆن بخوێنێتەوە ؟!.

دەیەم : هاوەڵی نەکردنی کەسانێک کەخوێندنەوەیان خۆش دەوێت ؛ چونکە هاوڕێ کاریگەری زۆر هەیە لەسەر مرۆڤ.

زانایان و گرنگى دانیان بە خوێندنەوە

با تەماشا بکەین و بزانین ئایا زانایان چۆن دەیانخوێندەوە و چەند حەزیان لەخوێندنەوە دەکرد و چۆن گرنگیان پێ دەدا، بەڵکو ببێتە مایەیی ئەوەی چاویان لێ بکەیت وهیمەت بەرز بین.
یەکەم : پێشەوا شافعی ڕەحمەتی خودای لێ بێت خەریکی لەبەر کردنی (الموطأ)ـی ئیمام مالیک بوو تاوەکو لەماوەی نۆ ڕۆژدا هەمووی لەبەر کرد لەکاتێک کۆی گشتی(الموطأ) وبابەتەکانی نزیکەی (3676) فەرموودە و بابەت و ئەسەرە . 

دووەم : هەروەها موحمەدی کوڕی مسكين ڕەحمەتی خودای لێ بێت کاتێ بەیانی بەسەردا دەهات بڕێک دیاری کراو لەقورئانی دەخوێند ، وپاشان دادەنیشتن و دەرسی دەگوتەوە تاوەکو عەسر ، دواتر کچەکانی خۆی وبراکەی بانگ دەکرد و فێری زانست وقورئان خوێندنی دەکردن .

سێیەم : یەکێکی تر لەنموونەکان زانای پایەبەر حافیز ابن حجر ڕەحمەتی خودای لێ بێت کەسەحیحی بوخاری لەدە مەجلسیدا خوێندەوە لەکاتێکدا ژمارەی فەرموودەکات(7563) فەرموودەیە.

چوارەم : ئیمامی زەهەبی ڕەحمەتی خودای لێ بێت کتابی سیرەی ابن هشامی لەماوەی شەش ڕۆژدا بەسەر مامۆستاکەیدا خوێندەوە.

هاوشێوەی ئەم زانایانە زۆر زۆرە لە کەلەپور و توراسی ئیسلامیدا ؛ هەر بۆیە دوای یارمەتی خودا بوون بەو کەڵە پیاو و ناودارانە کە تا ڕۆژی دوای ناویان دەهێندرێت وقسەکانیان نەقڵ دەکرێت.

دەی کەواتە کاتی ئەوە نەهاتووە دەست بکەین بەخوێندنەوە وبگەڕێینەوە بۆ فێر بوونی زانست وهەوڵدان لەو پێناوەدا ، بێگومان نموونەی کەسێک کەئەسبابەکانی خوێندنەوەی لەبەردەستدایە وناخوێنێتەوە وەک ئەوە وایە کەسێک تینووی بێت وئاوی لەلادا بێت لێی نەخواتەوە وبەدوای تەڕایی وئاودا وێڵ بێت.
د. أحمد بن مبارك المزروعي

وەرگێڕانى : ستافی وەڵامەکان

سەردان: ١٨,٧٣٨ بەش: فەزڵى عیلم و زانست