قەزا کردنەوەى ڕۆژوو بۆ کەسێک کە بە ئەنقەست نەیگرتووە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قەزا کردنەوەى ڕۆژوو بۆ کەسێک کە بە ئەنقەست نەیگرتووە
پرسیار:

گەر مرۆڤ بەبێ بوونی هیچ عوزرێک ڕۆژووی ڕەمەزانی نەگرد ، یاخود بەئەنقەست شکاندی ، لەم حاڵەتانەدا ئایا واجبە لەسەری ئەو ڕۆژانە قەزا بکاتەوە و بیانگرێتەوە ؟
 

بێگومان ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ڕوکنێکە لەڕوکنەکانی ئیسلام و نابێ و دروست نی یە موسوڵمان بەبێ هۆ و عوزرێکى شەرعى نەیگرێت .
جا هەر کەسێک ڕۆژووی نەگرتبێت ، یاخود شکاندبێتی ، لەبەر  عوزرێکی شەرعی وەک نەخۆشی وسەفەر وحەیز ، ئەوا بەکۆدەنگی زانایان واجبە بیگرێتەوە ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : (وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) البقرة /185.
واتە: به‌ڵام كه‌سێك كه‌ نه‌خۆش بوو یان له‌سه‌فه‌ردا بوو ، ئه‌وه‌ ئه‌توانێ له‌ دوای ڕه‌مه‌زان له‌ چه‌ند ڕۆژێكدا ڕۆژووه‌كانی به‌قه‌زا بگێڕێته‌وه‌.

بەڵام گەر کەسێک بەبێ عوزر ڕۆژووی نەگرتبێت یاخود شکاندبێتی تەنانەت گەر یەک ڕۆژیش بێت ئەوا تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە و واجبە لەسەری تەوبە بکات .

وە مەزهەبی زاهیریەکان ، و شيخ الإسلام ابن تيمية ، وە شیخ ابن العثيمين پێیان وایە هەر کەسێک بەئەنقەست ڕۆژوو نەگرێت ، قەزای ناکاتەوە ، بەڵکو زۆر ڕۆژووی سوننەت دەگرێت .
حافظ ابن رجب الحنبلي دەڵێت: مەزهەبی زاهیریەکان یاخود زۆربەیان ئەوەیە : کەسێک بەئەنقەست ڕۆژوو نەگرێت قەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ، و هاوەڵی شافعی لە عێراق بەناوی عبدالرحمن ، و کوڕی کچی شافعی ، و قسەی أبي بكر الحميدي لەبارەی نوێژ وڕۆژووەوە ئەوەیە گەر بەئەنقەست نەیکات ونەیگرێت ، ئەوا قەزا کردنەوەی نابێتە هۆکاری لەسەر لا چوونی  "فتح الباري" (3/ 355).

وە شيخ الإسلام ابن تيمية دەڵێت : " ولا يقضي متعمد بلا عذر : صوماً ولا صلاة ، ولا تصح منه " انتهى من "الاختيارات الفقهية" (ص: 460) .
واتە: کەسێک بەئەنقەست و بێ عوزر ڕۆژوو ونوێژی نەگرتبێت ئەوا قەزای ناکاتەوە ، ودروست نییە قەزای بکاتەوە.

وە شيخ ابن العثيمين دەڵێت: " أما لو ترك الصوم من الأصل متعمداً بلا عذر ، فالراجح أنه لا يلزمه القضاء ؛ لأنه لا يستفيد به شيئاً ؛ إذ إنه لن يقبل منه ، فإن القاعدة أن كل عبادة مؤقتة بوقت معين ، فإنها إذا أخرت عن ذلك الوقت المعين بلا عذر ، لم تقبل من صاحبها " .
انتهى من "مجموع الفتاوى" (19/89).
واتە: گەر بەئەنقەست و بێ عوزر ڕۆژوو نەگرێت ، ئەوا بۆ چوونی ڕاست ئەوەیە قەزا کردنەوەی لەسەر نی یە ؛ چونکە هیچ سودێکی لێ نابینێت ؛ چونکە لێی وەرناگیردرێت ، لەبەر ئەوەی قاعیدەیە کەهەموو عیبادەتێک کاتێکی دیاری خۆی هەیە ، گەر دوا خرا ولەو کاتەدا نەکرا بەبێ عوزر ئەوا وەرناگیردرێت.

وە پرسیار کراوە لەشيخ ابن باز : حوکمی ئەو کەسە چی یە کە بەبێ هیچ عوزرێکی شەرعی ڕۆژووی نەگرتبێت ، جا ئەم کەسە چ بکات ؟ ئایا واجبە لەسەری قەزای بکاتەوە؟
لە وەڵامدا گوتوویەتی: بەڵێ ، واجبە قەزای بکاتەوە ، وتەوبە بکات لەبەرانبەر ئەو کەمتەرخیەیی کردوویەتی.

وەبەنیسبەت ئەوەی کە لەپێغەمبەرەوە گێڕدراوتەوە کەفەرموویەتی: (من أفطر يومًا من رمضان من غير رخصة ولا مرض لم يقضِ عنه صيام الدهر كله ، وإن صامه) 
واتە: هەر کەسێک بەئەنقەست ڕۆژووی یەک ڕۆژ نەگرێت بەبێ هیچ عوزرێک ونەخۆشیەک ئەوا گەر هەموو ساڵەکەش بەڕۆژوو بێت ئەوا قەرەبووی ناکاتەوە.
ئەم فەرموودەیە زەعیفە وزانایان بەسەحیحی نازانن "فتاوى نور على الدرب" (16/201).

کورتەى وەڵام : 
هەر کەسێک بەئەنقەست ڕۆژووى ڕەمەزانى نەگرتبێ هەندێ لەزانایان دەڵێن دروست نی یە قەزای بکاتەوە ؛ چونکە ڕۆژوو عیبادەتێکە و کاتەکەی تێپەڕیوە ، بەڵام بۆچوونى دووەمیش هەیە کە پێیان وایە پێویسته قەزای بکاتەوە ، لەم حاڵەتەدا دەکرێ ئەو کەسەیە زۆر گرنگى بدات بە ڕۆژووى سوننەت ، بەڵگەش بۆ ئەمە بریتى یە لەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوایە  کە دەفەرموێ : 
 ((إنَّ أول ما يُحاسب به العبد يوم القيامة من عمله صلاته، فإنْ صلحت فقد أفلح وأنجح، وإنْ فسدت فقد خاب وخسر، فإنْ إنتقص من فرضته شيء، قال الرب عزّوجل: أنظروا هل لعبدي من تطوع ؟ فيكمل بها ما انتقص من الفريضة، ثم يكون سائر عمله على ذلك)) صحيح سنن الترمذي رقم: (413).
واتە: یەكەم شت كەوا لێپرسینەوەی عەبدی لە سەر بكرێت لە قیامەتدا لە كردەوەكانیدا بریتى یە لە نوێژەكانی، جا ئەگەر بەچاكی و ڕێكی ئەنجامیانی دابێت ئەوا سەرفیراز و سەركەتوو دەبێت، وە ئەگەر خراپ بێت و كەموكوڕی تێدا بێت ئەوا بێ ئومێد و خەسارۆمەند دەبێت، وە ئەگەر هەندێك نەقوسانی لە فەرزەكانیدا هەبێت (واتە: بە كامڵی هەمووی ئەنجامنەدابێت) ئەوا خوای گەورە دەفەرمێت: بڕوانن بزانن ئایا عەبدەكەم نوێژی سوننەتی هەیە؟ بەو سوننەتانە نەقوسانى یەكانی نوێژە فەرزەكانی بۆ تەواو و كاملڕ دەكرێت، ئەنجا هەموو كردارەكانی بەم شێوەیە لێدەكرێت.