حوكمى ووتنى (صـدَق الْلَّه الْعَظيـم) لە دواى تەواوبوون لە قورئان خوێندن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى ووتنى (صـدَق الْلَّه الْعَظيـم) لە دواى تەواوبوون لە قورئان خوێندن
پرسیار:

ئایا حوكمى ووتنى (صـدَق الْلَّه الْعَظيـم) لە دواى تەواوبوون لە قورئان خوێندن چیە؟ وە سوننەتە چ شتێک بوترێ لە دواى تەواو بوون لە قورئان خوێندن؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

یەكێك لەو داهێنراوانەى، كە بەداخەوە هەندێك لەموسوڵمانان زیادیانكردوە بۆ ئەو دینە پاك و بێگەرد و كاملەى، كە خواى گەورە بە پێغەمبەرەكەیدا ناردى، بریتیە لە وتنى (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم) لەدواى خوێندنەوەى ئایەتەكانى قورئان.
بێگومان لەپێغەمبەرمانەوە نەهاتووە، كە جارێك لەجاران چەند ئایەتێكى لە قورئانى پیرۆزى خوێندبێتەوە و لەپاشاندا فەرمووبێتى: (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)، هەروەها صەحابە بەڕێزەكانیش لەگەڵ ئەوەشدا، كە قورئانیان زۆر دەخوێندەوە، بەڵام لێیانەوە ڕیوایەت نەكراوە، كە ئەم زیكرەیان خوێندبێ.
بەڵکو ئەوەى کە سوننەتە و بەڵگەى لەسەر هاتووە ئەوەیە کە موسوڵمان لەپاش تەواو بوون لە خوێندنەوەى قورئانى پیرۆز ئەم زیكرە موبارەكە بخوێنێت: (سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ، لا إِلَهَ إِلا أَنْتَ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتُوبُ إِلَيْكَ).
كە ئەم زیكرە پێغەمبەرى خۆشەویستمان خوێندویەتى، هەر وەك دایكمان (عائیشە) ڕەزاى خواى لێ بێت، بۆمان ئەگێڕێتەوە .

یەكێك لەو داهێنراوانەى، كە بەداخەوە هەندێك لەموسوڵمانان زیادیانكردوە بۆ ئەو دینە پاك و بێگەرد و كاملەى، كە خواى گەورە بە پێغەمبەرەكەیدا ناردى، بریتیە لە وتنى (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم) لەدواى خوێندنەوەى ئایەتەكانى قورئان.
بێگومان لەپێغەمبەرمانەوە نەهاتووە، كە جارێك لەجاران چەند ئایەتێكى لە قورئانى پیرۆزى خوێندبێتەوە و لەپاشاندا فەرمووبێتى: (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)، هەروەها صەحابە بەڕێزەكانیش لەگەڵ ئەوەشدا، كە قورئانیان زۆر دەخوێندەوە، بەڵام لێیانەوە ڕیوایەت نەكراوە، كە ئەم زیكرەیان خوێندبێ.
 وە پێغەمبەرى خواش فەرمانى پێ نەكردوون بەخوێندنى، بەپێچەوانەوە ئەمەش یەكێكە لەو شتە زیادە و داهێنراوانەى، كە پێغەمبەر دەربارەیان فەرمویەتى: (مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلِيْهِ أَمْرُنَا فَهوَ رَد)(١). واتە: (هەركەسێك كردەوەیەكى ئەنجامدا و فەرمانى ئێمەى لەسەر نەبوو، ڕەد دەكرێتەوە بەسەر خاوەنەكەیدا).
لە فەرمودەیەكى صەحیحدا ڕۆژێك پێغەمبەرى خوا بە هاوەڵى خۆشەویست (عبدالله)ى كوڕى (مەسعود) رضی الله عنه ى فەرموو:
(اقْرأ عَليَّ القُرآن، فقال: يا رَسولَ الله أقرأ عَليَك وعَلَيك أنزِل؟! قال: إنِّي أحِبُّ أن أسمَعَه مِن غَيري، فقرأتُ عليه سُورَة النِّساء. حتَى جِئتُ إلى هذه الآية:[ فَكَيْفَ إِذَا جِئْنَا مِنْ كُلِّ أُمَّةٍ بِشَهِيدٍ وَجِئْنَا بِكَ عَلَى هَؤُلَاءِ شَهِيدًا] (٢). قال: حَسبُك الآن، فالتَفَتَ إليه فإذا عَيناه تَذرِفان)(٣). واتە: (قورئانم بۆ بخوێنەرەوە، (عبدالله)ى كوڕى (مەسعود) رضی الله عنه فەرموى: ئەى پێغەمبەرى خوا ئایا من قورئان بەسەر تۆدا بخوێنمەوە لەكاتێكدا كە قورئان بەسەر تۆدا دابەزیوە؟ پێغەمبەر   فەرموى: حەزدەكەم گوێم لەقورئان بێت لەغەیرى خۆمەوە، (إبن مسعود) رضی الله عنه یش دەفەرموێت: سورەتى (النِّساء)م بەسەریدا خوێندەوە هەتا گەیەشتم بەم ئایەتە (ئایەتەكە)، پێغەمبەر   فەرموى: تائێرە بەسە، پاشان دەفەرموێت: كاتێك ئاوڕم دایەوە بینیم فرمێسك بەچاوەكانیدا دێتە خوارەوە).
لەم فەرموودەیەى پێشودا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كاتێك (عبدالله)ى كوڕى (مەسعود) رضی الله عنه لەقورئان خوێندنەوەكەى تەواو بوو، ئایا پێغەمبەر پێى فەرموو بڵێ (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)؟! بێگومان نەخێر!
 یان ئایا (عبدالله)ى كوڕى (مەسعود) رضی الله عنه (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)ى خوێند و پێغەمبەریش ئیقرار بكات لەسەرى؟! بێگومان نەخێر!.
 كەواتە دیارە ئەمە كارێكى بیدعەیە و خێر لە ووتنیدا نییە، چونكە ئەگەر خێر بوایە ئەوە پێغەمبەرمان خۆى دەیخوێند یان فەرمانى پێ دەكرد بە خوێندنى لەو كاتە و لە باقی كاتەكانى تریشدا.
بۆیە دەڵێین: ئەگەر خوێندنى (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم) لە دواى قورئان خوێندن سوننەت بوایە ئەوا پێغەمبەرمان لەو كاتانەدا فێرى (عبدالله)ى كوڕى (مسعود)ى دەكرد و دەیفەرموو: كە تەواو بویت لە قورئان خوێندن بڵێ: (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم).چونكە ئەو كاتە كاتى ڕوونكردنەوەى ئەو حوكمە بوو.
شێخى ئیسلام (ابْنُ قُدَامَةَ المَقْدِسِي) رحمه الله  كە خاوەنى كتێبى (المغني)ە(٤)، باسى بنەمایەكى گەورە و پڕ بایەخى (أصولي)مان بۆ دەكات و دەفەرموێت: (لاَ يَجوزَ تَأْخِيْرَ البَيَانِ عَنْ وَقْتِ الحَاجَةِ بالإجْمَاع)(٥). واتە: (ڕونكردنەوەى حوكمە شەرعییەكان لەكاتی پێویستدا دواخستنیان جائیز نییە بە كۆدەنگى زانایان).
بۆیە ئەگەر سوننەت بوایە ئەوە لەوكاتەدا ڕوونى دەكردەوە و فەرمانى پێ دەكرد بیخوێنێت، والله أعلم.
هەروەها شتێكى ڕوون و ئاشكرایە، كە پێغەمبەرى خوا لە سەرەتاى (خطبة الحاجة)دا چەند ئایەتێكى قورئانى پیرۆزى دەخوێندەوە، كە ئەمانەن:
ئایەتى (102)ى سورەتى (آل عِمران)(٦)، ئایەتى (1)ى سورەتى (النِّساء)(٧)، و هەردوو دوو ئایەتى (71،70) لە سورەتى (الأحزاب)(٨).
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر هیچ كاتێك نەبووە بەدواى ئەم ئایەتانەدا بڵێ(صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم)! بەپێچەوانەى بیدعەكارانى ئەم سەردەمە كە كۆڕى قورئان خوێندن لەپێناو بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان ڕێكدەخەن و منداڵى موسوڵمان لەسەر ئەم بیدعەیە پەروەردە دەكەن! پێغەمبەرى خوا صەحابەكانى بەو شێوازە پەروەردە نەكردووە، كە هەموو جارێك لەدواى تەواوبونى قورئان بڵێن: (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم).
بۆ ڕوونكردنەوەى زیاترى ئەم باسە ئەمەش هەندێ لە ووتەى زانایانى ئەهلى سوننەیە كە پێیان وایە ووتنى (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم) لەدواى تەواو بوون لە قورئان خوێندنەوە كارێكى درووست نیە:
1_ زانایانى (لیژنەى هەمیشەیی بۆ فەتوادان) فەرموویانە: (قول (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم) بعد الانتهاء من قراءة القرآن بدعة، لأنه لم يفعله النبي  ، ولا الخلفاء الراشدون، ولا سائر الصحابة رضي الله عنهم، ولا أئمة السلف رحمهم الله، مع كثرة قراءتهم للقرآن، وعنايتهم ومعرفتهم بشأنه، فكان قول ذلك والتزامه عقب القراءة بدعة محدثة)(٩).
 واتە: (ووتەى (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم) لەدواى تەواوبون لە خوێندنەوەى قورئان بیدعەیە، لەبەرئەوەى نە پێغەمبەر ئەنجامى داوە، نە خەلیفەكان و نە باقى هاوەڵە بەڕێزەكانى تر و نە پێشەوایانى سەلەفیش كردوویانە، لەگەڵ زۆر قورئان خوێندنەوەیان و یارمەتى وەرگرتن و ناسین و شارەزاییان پێیەوە، لەبەرئەوە ووتنى ئەوەو پەیوەست بوون پێوەى لەپاش قورئان خوێندنەوە بیدعەیەكى داهێندراوە).
2_ زاناى خۆشەویست شێخ (محمد بن صالح العثيمين) رحمه الله  دەفەرموێت: (أن هذه الكلمة ليست مشروعة عند انتهاء القارئ من قراءته)(١٠) . واتە: (بەڕاستى وتنى ئەم ووشەیە لە دواى ئەوەى، كە قورئان خوێن لە قورئان خوێندنەوەكەى تەواو دەبێت درووست نیە).
3_ شێخ (مقبل بن هادي الوادعي) رحمه الله  فەرمویەتى: ((صدق الله العظيم) عند الإنتهاء لم تثبت، والله صادق وهو عظيم أيضا، لكن عند إنتهاء القراءة لم تثبت)(١١). واتە: (ووتنى (صدق الله العظيم) لەكاتى تەواوبوونى قورئان خوێندنەوە جێگیر نەبووە، خواى گەورە ڕاستگۆ و گەورەشە، بەڵام جێگیر نەبووە لەكاتى تەواوبوون لە قورئان خوێندن ئەوە بوترێت) .
4_ شێخ (عبد المحسن بن عباد البدر) خوا بیپارێزێت دەفەرموێت: (لا نعلم شيئاً يدل على مشروعية هذا، وهذا من الشيء الذي انتشر في هذا الزمان، وَلاَ أَعلَم لَهُ أَصْلاً)(١٢). واتە: (هیچ شتێك نازانین هەبێت، كە دەلالەت بكات لەسەر درووستێتى وتنى (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم)، و ئەمەش لەو شتانەیە، كە بڵاوبۆتەوە لەم سەردەمەدا، وا نازانم هیچ بنەمایەكى هەبێت).
وەڵامدانەوەى شوبهەكان لەم بارەیەوە:
شوبهەى یەكەم:
بە بڕواى خۆیان ئەم چەند ئایەتەى قورئانى پیرۆز دەكەن بەبەڵگە،  بۆ بە ڕەوا دانانى كارەكەیان:
1_ئایەتی: [قُلْ صَدَقَ اللَّهُ فَاتَّبِعُوا مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ](١٣) واتە: [بڵێ هەرچى خوا گەورە فەرمویەتى، ڕاستى فەرمووە، ئەو كارەی ئێوە لە ئاینى (ئیبراهیم)دا نەبووە، بەڵكو خۆتان دروستان كردووە، دەسا ئێوەش هەر لەئاینى ئیبراهیم پەیڕەوی بكەن، نەك لەئاینێك كە جولەكە و گاور بۆخۆیان دایان هێناوە، كە ئیبراهیم هەر خوا پەرست و هۆگری هەق بوو، لەهەموو ئاینێكى پوچەڵ و ناڕەوا لایدابو و تەنها بۆخوا ملكەچ بوو، و لە موشریكان و هاوبەش دانەران نەبوو]
‏2_ ئایەتی: [ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ حَدِيثًا] (١٤) واتە: [جا كێ لەخواى گەورە ووتە و گوفتارى ڕاستترە]
3_ئایەتی: [وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ قِيلًا] (١٥) واتە: [جا كێ لەخواى گەورە ڕاست بێژترە لەبڕیارەكانیدا]
 وەڵامى شوبهەكەیان: لە چەند ڕویەكەوە وەڵامى ئەم شوبهەیە دەدەینەوە:
یەكەم: ئایەتەكانى پێش ئایەتى [قُلْ صَدَقَ اللَّهُ فَاتَّبِعُوا مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ ‏]‏‏ باس لە بەنى ئیسرائیل دەكەن، كە خواى گەورە هەموو خواردەمەنیەكى بۆ نەوەكانى حەڵاڵ كردبوون، تەنها ئەوە نەبێت كە خۆیان لەسەر نەفسى خۆیان حەرامیان كردبوو، پاشان خواى پەروەردگار ئەم ئایەتەى فەرمووە، كە دەفەرموێت: [ئەى محمد بڵێ: ئەوەى خواى گەورەو میهرەبان فەرمویەتى هەمووى ڕاستە، ئەو كارەى ئێوە دەیكەن لەئاینى (ئیبراهیم)دا نەبووە، بەڵكو ئێوە  خۆتان درووستتان كردووە، دەسا ئێوەش شوێن دینى (ئیبراهیم) پێغەمبەر بكەون علیه السلام].
پێشەوا و موفەسیرى قورئان (إبن كثير) رحمه الله  دەفەرموێت: (أي قُل يا مُحَمَّد: صَدَقَ اللهُ فيما أخبَرَ بِه وفيما شَرَعَه في القرآن)(١٦). واتە: (ئەی محمد بڵێ: خواى گەورە ڕاستى فەرمووە لەوەدا كە هەواڵى داوە، وە لەوەشدا ڕاستى فەرمووە، كە لە قورئانى پیرۆزدا باسى كردووە).
كەواتە ئەم ئایەتە لەكوێ واتاى ئەوە دەگەیەنێت، كە دواى تەواو بوون لە قورئان خوێندن بڵێین: (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)؟!
بێگومان واتاى ئەوە ناگەیەنێت كە بیدعەكارانى ئەم سەردەمە  لێى تێگەیشتوون، بەڵكو خواى گەورە هەواڵێك بەپێغەمبەرەكەى دەدات و پاشان پێی دەفەرموێت بڵێ: (الله) ڕاستى فەرمووە، پێى نەفەرموو: هەركاتێ تەواو بوویت لە قورئان خوێندنەوە بڵێ: (صَـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)؟!
دووەم: ئەوەى لەم ئایەتە پیرۆزەدا هەیە بریتیە لە: (صَـدَق الْلَّه) نەك (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)! كەواتە جگە لەوەى، كە ووتنى لەدواى قورئان خوێندن كارێكى داهێنراو و بیعەیە و بنەمایەكى صەحیحى نییە، لەم ڕوەشەوە هەر بیدعەیە، كە شتى تریان بۆ زیاد كردووە و دەڵێن (صَـدَق الْلَّه الْعَظِيـم) نەك (صَـدَق الْلَّه) واتە بەپێچەوانەى ئایەتەكەوە دەیڵێن و دووبارەى دەكەنەوە.
سێیەم: ئەگەر سەرنج بدەین ئەبینین، كە (صـدَق الْلَّه) لە سەرەتاى ئایەتەكەوە هاتووەن نەك لە كۆتایى ئایەتەكە، هەر وەك پەروەردگار فەرمویەتى: [قُلْ صَدَقَ اللَّهُ فَاتَّبِعُوا مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ]‏، بەڵام ئەوەى كە ئێمە گوێمان لێى دەبێت و دەیبیستین ئەوەیە، كە ئەوانەى خوێندنى (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم) بە درووست دەزانن، ئەوان لەدواى تەواوبونیان لە خوێندنى ئایەتەكان ئەمە ئەخوێنن! كە ئەمیش لەلایەكى ترەوە سەرپێچیەكى تر و تناقضاتێكى تریانە، كە تێى كەوتوون و بەداخەوە بەخۆشیان نازانن.
چوارەم: دەربارەى دوو ئایەتەكەى تریش، كە بریتین لە ئایەتى: [ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ حَدِيثًا](١٧) ، هەروەها ئایەتى: [ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ قِيلًا] (١٨)
ئیمامى (قرطبى)  لە تەفسیرى ئایەتى [ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ حَدِيثًا]دا دەفەرموێت: (لاَ أَحَدَ أَصْدَقُ مِنَ الله)(١٩). واتە: (هیچ زاتێك ڕاستگۆتر نیە لە خواى گەورە و میهرەبان).
ئیمامى (ابن كثير) لە تەفسیرى [ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ قِيلًا]دا دەفەرموێت: (أَيْ: لاَ أَحَدَ أَصْدَقُ مِنهُ قَولاَ، أي خَبَرا)(٢٠). واتە: (واتە هیچ زاتێك نییە، كە ووتەى ڕاستتر بێ لە ووتەى خواى گەورە).
ئەمە تەفسیرى ئەو دوو ئایەتە پیرۆزە بوون، ئیتر ووتنى (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم)ى كوا تیایە؟ لەكوێوە هێناتان؟ كوا ئەم ئایەتانە باس لەوە دەكات كە ئەوان ئەنجانى دەدەن؟!
پێنجەم: پێغەمبەرى خۆشەویستمان  ، و هاوەڵە خۆشەویستەكانیش ڕەزاى خوا لەهەموویان بێت كە لە دواى تەواوبونیان لەخوێندنەوەى قورئان (صـدَق الْلَّه الْعَظِيـم) یان نەخوێندووە، ئایا ئەوان لەم ئایەتانە تێ نەگەیشتون، كە تۆ دەیكەیت بە بەڵگە؟! بەڵكو تەنها تۆ تێگەیشتوى لەو ئایەتانە؟!
 كە تۆ ئەو زیكرە داهێنراوە دەخوێنیت ؟! ئایا ئەوان نەیاندەزانى، كە ئەمە كارێكى چاكە و دركیان بە ووتنى ئەو زیكرە خێرە نەكردبوو، بەڵكو ئێستا تۆ دركت پێ كردووە و بۆت دەركەوتوە كە كارێكى چاكە؟! وەڵامەكەى بۆ خوێنەرى ژیر جێ دەهێڵین .....
 شوبهەى دووەم:
شوب هەى دووەمیان ئەوەیە كە بە حسابی خۆیان فەرمودەكەى (عَبْدِاللَّه)ى كوڕى (بُرَيْدَة) رحمه الله  دەكەن بەبەڵگە، كە لە باوكیەوە رضی الله عنه گێڕاویەتیەوە، كە فەرمویەتى: (رأيتُ النَّبيَ يَخطُب، فجاء الحَسَنُ والحُسَين وعليهما قميصان أحمران، يَمشيان ويَعثران، فنزل رسولُ اللهِ فحَمَلَهُما فوَضَعَهُما بَينَ يَديه، ثُمَّ قال: صَدَقَ اللهُ [أَنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ] (٢١)، نَظَرْتُ إِلَى هَذَيْنِ الصَّبِيَّيْنِ يَمْشِيَانِ وَيَعْثُرَانِ، فَلَمْ أصْبِرْ حَتَّى قَطَعْتُ حَدِيثِي وَرَفَعْتُهُمَا)(٢٢).
واتە: (پێغەمبەرى خوام بینى كە ووتارى ئەدا، و حەسەن و حوسەین هاتن،و كراسێكى سور لەبەریاندا بوو، دەڕۆیشتن و دەكەوتن بەزەویدا، پێغەمبەر كاتێ ئەمەى بینى یەكسەر دابەزی، و هەڵى گرتن و لەبەردەم خۆى داینان، و پاشان فەرموى: (پەروەردگار ڕاستى فەرمووە): [بەڕاستى ماڵ و منداڵەكانتان تاقیكردنەوەن بۆتان] ئەو دوو منداڵەم بینى كە دەڕۆیشتن و دەكەوتن بە زەویدا، ئارامم نەما هەتاوەكو قسەكەم پچڕاند و  هەڵمگرتنەوە).
كاتێك ئەم فەرمودەیە دەهێننەوە دەڵێن ئەوەتا پێغەمبەر فەرمویەتى: (صَدَقَ الله)  كەواتە بۆ ئێمەش درووستە لەدواى خوێندنى قورئان بڵێین (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم)!
وەڵامى ئەم شوبهەیە:
لەوەڵامى ئەم شوبهەیەدا دەڵێین: ئایا پێغەمبەرى خوا فەرموى (صـَدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم) ؟یان فەرموى: (صَدَقَ الله) ؟!
ئایا پێغەمبەرى خوا وەك ئێوە كردبووى بە پیشە، كە هەموو جارێك ئەمە بخوێنێت؟!
ئایا لە دواى تەواوبونى لە خوێندنەوەى قورئانى پیرۆز ئەمەى فەرموو یان لەپێش خوێندنەوەى ئایەتەكە؟!

وەڵامى ئەم پرسیارانەش بەم شێوەیەیە: ئاشكرایە خۆشەویستمان تەنها فەرموى (صَدَقَ الله)، بەڵام ئێوە بۆى زیاد دەكەن، واتە بیدعە لەسەر بیدعە ئەنجامى دەدەن و بەداخەوە بەدینیشى دەزانن..
هەروەها خۆشەویستمان هەموو جارێك ئەوەى نەدەفەرموو، بەڵكو هەندێك جار ئەوەى فەرمووە، بەڵام ئێوە كردووتانە بە پیشە و عادەتى خۆتان و هەموو جارێك دەیڵێن، ئیلا مەگەر بیرتان بچێت یان خۆتان مەبەستێكتان هەبێت لە نەخوێندنى، واتە لەبەر ئەوە نییە، كە شوێن سوننەت بكەون.
جگە لەوەش پێغەمبەرمان لە پێش ئایەتەكەدا ئەوەى فەرموو، بەڵام ئێوە لە دواى تەواوبوون لە قورئان خوێندنەوە دیەڵێن و بانگەشەى ئەوەش دەكەن، كە پێغەمبەرى خواتان خۆشدەوێت و شوێنى دەكەون.
كەواتــە دەركەوت ئەو دووو شوبهەیەى دەیهێننەوە هیچیان بەڵگە نین بەدەستیانەوە و هەربۆیە خوێندنى (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم) لە دواى تەواوبوون لەئایەتەكانى قورئانى پیرۆز بەو شێوەیەى، كە ئەهلى بیدەع دەیڵێن بیگومان بیدعەیە و لە سوننەتدا نیە..
لە كۆتاییـــــدا: بۆ ڕونكردنەوەى زیاتر ئەم فەتوایەى زاناى پایەدارى ئەهلى سوننە، باوكمان شێخ (صالح بن فوزان الفوزان) خواى گەورە بیپارێزێت و تەمەنى درێژ بكات لەسەر خێر، دەخەینە ڕوو، كە پرسیارى لێ دەكەن: (هل من الصواب أن يقول المسلم: صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم بعد قراءة القرآن وهل هي واردة ؟
ئەویش لەوەڵامدا فەرموى: (لم يرد أن النبي ولا أحدًا من صحابته أو السلف الصالح كانوا يلتزمون بهذه الكلمة بعد الانتهاء من تلاوة القرآن‏،‏ فالتزامها دائمًا واعتبارها كأنها من أحكام التلاوة ومن لوازم تلاوة القرآن يعتبر بدعة ما أنزل به من سلطان‏.
 أما أن يقولها الإنسان في بعض الأحيان إذا تليت عليه آية أو تفكر في آية ووجد لها أثرًا واضحًا في نفسه وفي غيره فلا بأس أن يقول‏:‏ صَدَقَ الله لقد حصل كذا وكذا‏.‏‏. قال تعالى‏: ‏‏‏[قُلْ صَدَقَ اللَّهُ فَاتَّبِعُوا مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ](٢٣)‏‏‏‏.‏ يقول سبحانه وتعالى‏:‏ ‏[ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللَّهِ حَدِيثًا] (٢٤)‏‏‏.‏ والنبي يقول‏: (إِنَّ أَصْدَقَ الْحَدِيثِ كِتَابُ اللَّه‏). فقول‏:‏ (‏صَدَقَ الله‏) في بعض المناسبات إذا ظهر له مبرر كما لو رأيت شيئًا وقع، وقد نبه الله عليه سبحانه وتعالى في القرآن لا بأس بذلك‏.
‏ أما أن نتخذ ‏(‏صَدَقَ الله‏) كأنها من أحكام التلاوة فهذا شيء لم يرد به دليل، وإلتزامه بدعة، إنما الذي ورد من الأذكار في تلاوة القرآن أن نستعيد بالله في بداية التلاوة‏:‏ قال تعالى‏:‏ [فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ](٢٥)‏‏.‏ وكان يستعيذ بالله من الشيطان في بداية التلاوة ويقول‏:‏ (بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ) إذا كان في أول سورة سوى براءة، أما بعد نهاية التلاوة فلم يرد التزام ذكر مخصوص لا صَدَقَ الله ولا غير ذلك‏)
(٢٦).
واتە: (نەگێڕدراوەتەوە، كە پێغەمبەرى خوا یان یەكێك لە هاوەڵانى یاخود پێشینە چاكەكان لەدواى خوێندنەوەى قورئانەوە ئەم دەستەواژەیان خوێندبێت، لەدواى خوێندنەوەى قورئان، خوێندنى ئەم دەستەواژەیە بە بەردەوامى و وا دایبنێیت كە لە یاساكانى قورئان خوێندنە یان لە پێویستیەكانى قورئان خوێندنە، ئەوە بەڕاستى بە بیدعە دادەنرێت و خواى گەورەش فەرمانى بەم كارە نەكردوە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ لە هەندێ كاتدا كە ئایەتێگى بۆ دەخوێندرێت یان بیر لە ئایەتێك بكاتەوە و هەستى خۆی و جگە لە خۆشى بجوڵێنێت، لەم كاتەدا دروستە بڵێت (صدق الله)، واتە: خوا ڕاستى فەرمووە.
خواى پەروەردگار دەفەرموێت: [بڵێ هەرچى خوا گەورە فەرمویەتى، ڕاستى فەرمووە، ئەو كارەی ئێوە لە ئاینى (ئیبراهیم)دا نەبووە، بەڵكو خۆتان دروستان كردووە، دەسا ئێوەش هەر لەئاینى ئیبراهیم پەیڕەوی بكەن]
هەروەها دەفەرموێت: [جا كێ لەخواى گەورە ووتە و گوفتارى ڕاستترە]
هەروەها پێغەمبەرى خوا دەیفەرموو: (بەڕاستى ڕاستترین ووتە ووتەكانى پەروەردگارە)، وتنى (صدق الله) لە هەندێ بۆنەدا، كە هۆكارێك بێتە پێش، هەروەكو ئەگەر شتێكى بۆ دەركەوت، كە خواى گەورە لەسەر ئەو شتە ئاگادارى و زانیارى لەسەرى دابوو لە قورئانە پیرۆزەكەیدا، لەم كاتەدا وتنى هیچى تێدا نیە.
بەڵام بێین (صدق الله) وەربگرین وەك یاسایەكى قورئان خوێندن، ئەمە بەڕاستى هیچ بەڵگەیەكى صەحیحى لەسەر نیە و بەردەوام بونیش لەسەرى بیدعەیە، بەڵكو ئەو زیكرانەى هاتوون بۆ قورئان خوێندن ئەوەیە، كە لەسەرەتاى قورئان خوێندنەوە پەنا بگرین بەخواى گەورە لە شەیتان، خواى پەروەردگار دەفەرموێت: [جا هەر كە ویستت قورئان بخوێنیتەوە بەر لەوە هەر پەنا بەخوا بگرە لە پیلان و وەسوەسەى شەیتانى دورەوەخراو، هەتا نەتوانێت ڕێت لێ بگرێت لە ووردبوونەوەت لە واتا و مەبەستى قورئان]
هەروەها  پێغەمبەر لەسەرەتاى قورئان خوێندنیدا پەناى بە خواى گەورە دەگرت لە شەیتان و پاشان (بسم الله الرحمن الرحیم)ى دەكرد، ئەگەر لەسەرەتاى سورەتەكاندا بوایە جگە لە سورەى (براءة)، واتە سورەتى (تەوبە)، بەڵام لەدواى قورئان خوێندن تایبەتكردنى هیچ زیكرێك نەهاتووە، نە (صدق الله)، نە جگە لەویش).
ڕونكردنەوەیەكى پێویست: (بیدعە سوننەت دەمرێنێت):
مەبەستمان لەم ڕوونكردنەوەیە ئەوەیە، كە بڵێین: سوننەتە مرۆڤی موسوڵمان لەپاش تەواو بوون لە خوێندنەوەى قورئانى پیرۆز ئەم زیكرە موبارەكە بخوێنێت: (سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ، لا إِلَهَ إِلا أَنْتَ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتُوبُ إِلَيْكَ).
كە ئەم زیكرە پێغەمبەرى خۆشەویستمان خوێندویەتى، هەر وەك دایكمان (عائیشە) ڕەزاى خواى لێ بێت، بۆمان ئەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: (مَا جَلَسَ رَسُولُ اللهِ مَجْلِسًا قَطُّ، وَلاَ تَلاَ قُرْآناً، وَلاَ صَلَّى صَلاَةً إِلاَّ خَتَمَ ذَلِكَ بِكَلِمَاتٍ، قَالَتْ: فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللهِ، أَرَاكَ مَا تَجْلِسُ مَجْلِساً، وَلاَ تَتْلُو قُرْآنًا، وَلاَ تُصَلِّي صَلاَةً إِلاَّ خَتَمْتَ بِهَؤُلاَءِ الْكَلِمَاتِ؟
قَالَ: نَعَمْ، مَنْ قَالَ خَيْراً خُتِمَ لَهُ طَابَعٌ عَلَى ذَلِكَ الْخَيْرِ، وَمَنْ قَالَ شَرّاً كُنَّ لَهُ كَفَّارَةً: (سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ، لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتُوبُ إِلَيْكَ)
(٢٧).
واتە: (پێغەمبەرى خوا   هیچ كاتێ دانەنیشتووە، و قورئانى نەخوێندووە، و نوێژى ئەنجام نەداوە، ئیلا كۆتایی پێ هێناوە بە چەند ووشەیەك، دایكمان فەرموى: ووتم ئەى پێغەمبەرى خوا ئەبینم كە: دانانیشیت لە هیچ دانیشتنێكدا و قورئان ناخوێنیتەوە و نوێژ ناكەیت ئیلا كۆتایی پێ دەهێنیت بەو ووشانە؟
لەوەڵامدا فەرموى: (بەڵێ، هەركەسێك شتێكى خێر بڵێت مۆرى بۆ لێدەدرێت و لە قیامەتدا پاداشتەكەى وەردەگرێتەوە، هەركەسێكیش شتێكى خراپ بڵێ، ئەوا كەفارەتەكەى بریتیە لە وتنى: (سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ، لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتُوبُ إِلَيْكَ)).
لەژێر ڕۆشنایی ئەم فەرموودەیەدایە، كە ئیمامى (النسائی) رحمه الله  سەرباسێكى داناوە بەناوى: (مَا تَخْتِمُ بِهِ تِلاوَةَ الْقُرْآنِ)(٢٨). واتە: (قورئان خوێندنەوە بە چی كۆتایی پێ دەهێندرێت)؟
بەڵام بەداخەوە! خوێندنى ئەم زیكرە ئێستا لەناو زۆرێك لە موسوڵماناندا نامۆ بووە و بە سوننەت نازانرێت، ئەمیش بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە، كە دیارترینیان بریتییە لە دەركەوتن و بڵاو بوونەوە و تەشەنەكردنى ئەو بیدعەیەى، كە لەم بابەتەدا باسكرا ئەویش بریتیە لە: خوێندن و پەیوەست بوون بە ووتنى (صَـدَقَ الْلَّهُ الْعَظِيـم) لەپاش تەواو بوون لە خوێندنەوەى قورئانى پیرۆز، كە وەك وتمان كارێكە لە سوننەتدا نیە، وە زانایان بە بیدعە و داهێنراو لەقەڵەمیان داوە.
ئەمەش لەبەر ئەو قاعیدە گرنگەیە كە زانایان فەرموویانەك (بیدعە سوننەت ئەمرێنێ)، بەواتاى ئەوەى لەهەر كاتێك یان لەهەر شوێنێك بیدعە سەرى هەڵدا ئیلا سوننەتێك ئەمرێنێت و ئەو سوننەتە لەناو خەڵكیدا نامۆ ئەبێت، هەر وەك ئیمامى (الشاطبي) بەڕەحمەت بێ فەرموویتى: (أَنّ السُّنَنَ تَمُوتُ إِذَا أُحْيِيَتِ الْبِدَعُ، وَإِذَا مَاتَتْ السُّنَنُ، انْهَدَمَ الْإِسْلَامُ)(٢٩). واتە: (ئەگەر بیدعە زیندوو كرایەوە، ئەوا سوننەت ئەمرێت، كە سوننەتی مرد ئەوا ئیسلام دائەڕمێت).
نمونەى ئەم ووتەیەش لەناو پێشینانى چاكماندا زۆر ئەبینین، لەوانە ئیمامى (أَبو إِدْرِيس)ى (الْخَوْلَانِي) رحمه الله  فەرموویتى: (مَا أَحْدَثَتْ أُمَّةٌ فِي دِينِهَا بِدْعَةً إِلَّا رَفَعَ اللَّهُ بِهَا عَنْهُمْ سُنَّةً)(٣٠). واتە: (هیچ كۆمەڵە كەسێك نییە، كە بیدعەیەك لەدینەكەیاندا دابهێنن، ئیلا بەهۆى ئەو بیدعەیەوە خواى گەورە سوننەتێك لەناویاندا هەڵدەگرێت).
هەروەها ئیمامى (حَسَّان)ى كوڕى (عَطِيَّة) رحمه الله  فەرموویتى: (مَا أَحْدَثَ قَوْمٌ بِدْعَةً فِي دِينِهِمْ إِلَّا نَزَعَ اللَّهُ مِنْ سُنَّتِهِمْ مِثْلَهَا، ثُمَّ لَمْ يُعِدْهَا إِلَيْهِمْ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ)(٣١). واتە: (هیچ كۆمەڵە كەسێك نییە، كە بیدعەیەك لە دینەكەیاندا دابهێنن، ئیلا بە خواى گەورە لە هاوشێوەى ئەو بیدعەیە سوننەتێكیان لێ هەڵدەگرێتەوە (لێدەسێنێتەوە)، پاشان تا قیامەت بۆیان ناگەڕێنێتەوە).
هەندێك لە سەلەف فەرمویانە: (لَا يُحْدِثُ رَجُلٌ فِي الْإِسْلَامِ بِدْعَةً إِلَّا تَرَكَ مِنَ السُّنَّةِ مَا هُوَ خَيْرٌ مِنْهَا)(٣٢). واتە: (هیچ پیاوێك لەدینى ئیسلامدا بیدعەیەك داناهێنێ، ئیلا سوننەتێك واز لێ ئەهێنێت، كە لەو بیدعەیە باشترە).

بۆ ئەم وەڵامە سود وەرگیراوە لە کتێبی : (نیعمەتی ڕەحمان لـە ڕونكردنەوەی بابەتە فیقهی ‌و عەقیدەییەكانی پەیوەست بە قورئـان) لە نوسین و ئامادەکردنى : د. هردی صدیق


(١) صحيح مسلم: (1718) عن عائشة رضى الله عنها
(٢) سورة: (النِّساء) الآية: (41)
(٣) مُتفق عَليه: أخرجه البخاري في التفسير، باب فكيف إذا جئنا من كل أمة بشهيد: ( 8/250) عن عمرو بن مرة، وفي مواضع أخرى، ومسلم في صلاة المسافرين، باب فضل استماع القرآن وطلب القراءة من حافظ برقم: (800)، (1/551). والمصنف في شرح السنة: (4/490).
(٤) قال الشيخ عز الدين ابن عبد السلام: (ما رأيت في كتب الإسلام مثل المحلى والمجلى لابن حزم، وكتاب المغني للشيخ موفق الدين في جودتهما، وتحقيق ما فيهما) .
(٥) ذم التاويل: ص: (252)، وقال (الآمدي: (تَأْخِيْرَ البَيَانِ عَنْ وَقْتِ الحَاجَةِ، وَهوَ غَير جَائِز بالاجْمَاع، إلاّ عَلَى رَأي مَن يَجْوُز التَّكلِيف بِما لاَ يطاق) الاحكام: (1/189) .
(٦) [يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ حَقَّ تُقَاتِهِ وَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنْتُمْ مُسْلِمُونَ]
(٧) [يَاأَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا]
(٨) [يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا (70) يُصْلِحْ لَكُمْ أَعْمَالَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ فَازَ فَوْزًا عَظِيمًا]
(٩) فتاوى اللجنة الدائمة، فتوى رقم: (3303) .
(١٠) فتاوى نور على الدرب: (311) للشيخ محمد بن صالح العثيمين، باب: قول (صدق الله العظيم) عند الفراغ من القراءة
(١١) كتاب القمع المعاند: (2/568_569)
(١٢) شرح السنن أبى داود للشيخ عبدالمحسن بن عباد البدر: (31/448). باب: (حكم قول صدق الله العظيم بعد القراءة)
(١٣) سورة: (آل عمران) الآية: (95)
(١٤) سورة: (النساء) ) الآية: (٨٧)
(١٥) سورة: (النساء ) الآية: ( ١٢٢)
(١٦) تفسير القرآن العظيم (ابن كثير): (2/66) دار الكتب العلمية، منشورات محمد علي بيضون - بيروت
(١٧) سورة: (النساء) الآية: (٨٧)
(١٨) سورة: (النساء) الآية: (١٢٢)
(١٩) الجامع لأحكام القرآن = تفسير القرطبي: (5/305)، دار الكتب المصرية - القاهرة
(٢٠) تفسير القرآن العظيم (تفسير ابن كثير): (2/368) دار الكتب العلمية، منشورات محمد علي بيضون - بيروت
(٢١) سورة: (التغابن) الآية: (١٥)
(٢٢) أخرجه أبو داود في الصلاة، باب الإمام يقطع الخطبة للأمر يحدث: (2/20)، والترمذي في المناقب: (10/ 278-279)، وقال: (هذا حديث حسن غريب إنما نعرفه من حديث الحسين بن واقد)، والنسائي في الجمعة، باب نزول الإمام عن المنبر قبل فراغه من الخطبة وقطعه كلامه ورجوعه إليه يوم الجمعة: (3 / 108)، وابن ماجه في اللباس، باب لبس الأحمر للرجال برقم: (2600)، (2/1190)، وابن حبان برقم: (2230) صفحة: (552)، والحاكم: (1/287)، والإمام أحمد: (5/354)، وصححه الألباني في صحيح الجامع برقم: (3757).
(٢٣) سورة: (آل عمران) الآية: (95)
(٢٤) سورة: (النساء) الآية: (٨٧)
(٢٥) سورة: (النحل‏) الآية: (98‏)
(٢٦) موقع الشيخ صالح بن فوزان الفوزان
(٢٧) إسناده صحيح: أخرجه النسائي في (السنن الكبرى): (9/123/10067)، والطبراني في (الدعاء): (رقم 1912)، والسمعاني في (أدب الإملاء والاستملاء): ص: (75)، وابن ناصر الدين في (خاتمة توضيح المشتبه): (9/282).
 وقال الحافظ ابن حجر في (النكت): (2/733): (إسناده صحيح)، وقال الشيخ الألباني في (الصحيحة): (7/495): (هذا إسنادٌ صحيحٌ أيضاً على شرط مسلم)، وقال الشيخ مُقْبِل الوادعي في (الجامع الصحيح مما ليس في الصحيحين): (2/128): (هذا حديثٌ صحيحٌ).
(٢٨) السنن الكبرى: (9/123)
(٢٩) الاعتصام للشاطبي: (1/152)
(٣٠) الاعتصام للشاطبي: (1/153)
(٣١) الاعتصام للشاطبي: (1/153)
(٣٢) الاعتصام للشاطبي: (1/153)

سەردان: ٥,٩٥٥ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان