ئایا حوکمى دروست کرنی خواردن بۆ کەس وکاری مردوو چیە؟ وە حوکمى دروست کردنی خواردن لەلایەن کەس وکاری مردووەوە بۆ خەڵک چیە؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم: دروست کرنی خواردن بۆ کەس وکاری مردوو:
سوننەتە دراوسێ و خزمی مردووەکە خواردن بۆ کەس وکاری مردووەکە دروست بکەن و ماوەی شەو و ڕۆژێک تێریان بکەن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .
بە بەڵگەى ئەم فەرموودەیە کە عبداللەی کوڕی جەعفەر دەڵێت: کاتێ کەهەواڵی مردنی جەعفەر هات پێغەمبەری خوا صلَّى الله عليه وسلَّم فەرمووی ((اصنعُوا لآلِ جَعفَرٍ طعامًا؛ فقد أتاهم ما يَشْغَلُهم، أو أمْرٌ يَشْغَلُهم)) (1) .
واتە: خواردن بۆ کەس وکاری جەعفەر دروست بکەن ، بەڕاستی ئەوان توشی شتێک بوون سەرقاڵی کردوون یاخود کارێک سەرقاڵیان دەکات .
دووەم: دروست کردنی خواردن لەلایەن کەس وکاری مردووەوە بۆ خەڵک:
دروست کردنی خواردن لەلایەن کەس وکاری مردووەوە بۆ خەڵک بیدعەیە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکان ، وشافعیەکان ، وهەندێ لەمالکیەکانە ، وەهەر یەک لە: ابنُ تيميَّة، وابنُ باز، والألبانيُّ ، وابنُ عثيمين ئەم بۆ چوونەیان هەڵبژاردووە.
بەڵام گەر پێویستی کرد ئەوا دروستە ، چونکە زۆر جار ڕەنگە کەسانێک لە خزمانەکانیان لەگوند وشوێنە دورەکانەوە هاتبێتن بۆ ناشتنی مردووەکە ، و لە لای ئەوان بمێننەوە ، لەم حاڵەتەدا ئەوان هیچ مەجالێکیان نی یه جگە لەوەی میوانداریان بکەن وخواردنیان بۆ ئامادەکەن . ((المغني)) لابن قدامة (2/410).
وە شێخ ابن باز ڕەحمەتى خوای لێ بێ دەڵێت: (سوننەت وایە لەلایەن کەسە نزیکەکان و دراوسێکانەوە خواردن بۆ کەس وکاری مردوو دروست بکرێت و بۆیان بنێردرێت ، هەروەک چۆن پێغەمبەر صلَّى اللهُ عليه وسلَّم ئەو کارەی کرد کاتێ کەهەواڵی مردنی جەعفەر گەیشت ، وبەخێزانەکانی فەرموو: ((اصنَعُوا لآلِ جَعفرٍ طعامًا؛ فقد أتاهم ما يشغَلُهم)) أخرجه الخمسة إلا النسائي.
واتە: خواردن بۆ منداڵەکانی جەعفەر دروست بکەن ، بەڕاستی ئەوان توشی شتێک بوون سەرقاڵی کردوون.
ئا ئەمە دروستە ، بەڵام ئەوان کە توشی بەڵا بوونە ، و تەکلیفی ئەوەشیان لێ بکرێت خواردن دروست کەن ئەوا حەتمەن پێچەوانەی سوننەتە ، وبیدعەیە) ((مجموع فتاوى ورسائل العثيمين)) (13/384).
وەهەروەها دەڵێت: (سوننەت وایە لە لایەن کەسە نزیکەکان و جیرانەکانەوە خواردن بۆ کەس وکاری مردوو دروست بکرێت، بەڵام ئەگەر خاوەن مردووەکە خوادن دروست بکەن و دراوسێکان کۆ بکەنەوە ، ئەوا دروست نی یە ، بەڵکو بیدعەیە ، ویەکێکە لەکارە خراپەکان) ((فتاوى نور على الدرب)) لابن باز (ص: 344).
وە شێخ ابن عثيمين ڕەحمەتى خوای لێ بێ لە ((الشرح الممتع)) (5/376) دا دەڵێت: (زاهری قسەی دانەری کتێبەکە ئەوەیە: بەڕەهایی خواردن دروست کردن بۆ کەس وکاری مردوو سوننەتە ، بەڵام سوننەت بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو کارە بەڕەهایی سوننەت نی یە ، بەڵکو سوننەتە بۆ کەسانێک سەرقاڵ بن و نەپەرژێن خواردن دروست کەن بەهۆی ئەو بەڵای کەتووشی بوون ، بەڵگەش ئەم بڕگەیەیی فەرموودەکەیە کەدەفەرمووێت: «فقد أتاهم ما يشغَلُهم»، واتە: بەڕاستی توشی کارێک بوون سەرقاڵی کردوون .
مرۆڤ کاتێ توشی بەڵایەکی گەورە دەبێت مێشک و فکری ڕادەوەستێت ، و ناوتوانێت هیچ شتێک بکات .
جا زاهری هۆکارەکە کە لەفەرموودەکەدا هاتووە ئەوەیە: گەر ئەو مردوو لێ مردنە سەرقاڵی نەکردن ئەوا سوننەت نی یە خواردنیان بۆ ئامادە بکرێت .
لەگەڵ ئەوەش خەڵکێک زیادەڕۆییەکی زۆر لەم بابەتەدا دەکەن و بەتایبەت لەلادێکان و شارۆچکەکان ، تاوەکو گەر کەسێک مردووەیەکی لێ بمرێت چەندان مەڕ وبەرخ دێنن بۆ کەس وکاری مردوو وئەوانیش دەیکەنە چێشت وخەڵکی بۆ بانگ دەکەن و تاوەکو ماڵی مردوو وەک ماڵی کەسێکی لێ دێت کە شایی کردبێت ، لەشەواندا گڵۆپێکی زۆر دادەگیرسێنن وچەندان کورسی دێنن ، من بۆ خۆم ئەو شتەم بینیوە بێگومان ئەوەش بیدعەیە وکارێکی خراپە ((الشرح الممتع)) (5/376).
وەهەروەها دەڵێت: (باش نی یە بۆ کەس وکاری مردوو خواردن دروست بکەن و بانگی خەڵکی بۆ بکەن ، بەم شێوەیە دەزانرێت ئەوەی هەندێ لە موسوڵمانان دەیکەن لەدروست کردنی خواردن و چای و بانگ کردنی خەڵک ، هەموو ئەمانە بیدعە) ((مجموع فتاوى ورسائل العثيمين)) (17/278).
بەکورتى :
یەکەم : دروست کردن خواردن لەلایەن کەس وکاری مردووەوە پێچەوانەی سوننەتە ؛ چونکە پێویستە لەسەر خەڵکەکە خواردن بۆ ئەوان دروست بکەن نەک خاوەن مردووەکە ، ئەوان پێچەوانەی ئەو کارەیان کردووە وخاوەن مردووەکەیان توشی خواردن دروست کردن کردووە (2) .
دووەم: چونکە ئەو کارە بەڵاکەیان زیاتر لەسەر قورس دەکات (3) .
سێیەم: وەهەروەها لەبەر ئەوەی زیاتر سەقاڵ ومەشغوڵیان دەکات (4) .
چوارەم: و خۆ شوبهاندنیشە بەسەردەمی نەفامی (5) .
(1) أخرجه أبو داود (3132)، والترمذي (998)، وابن ماجه (1610)، وأحمد (1751). قال الترمذي: حسن صحيح، وحسَّن إسناده ابن كثير في ((إرشاد الفقيه)) (1/242)، وصحَّحه ابن الملَقِّن في ((البدر المنير)) (5/355)، وصحَّح إسنادَه أحمد شاكر في تحقيق ((مسند أحمد)) (3/194)، وحسَّن إسناده ابن باز في ((مجموع فتاواه)) (13/396)، وحسَّن الحديث الألباني في ((صحيح سنن أبي داود)) (3132).
(2) (نيل الأوطار) للشوكاني (4/118).
(3) (المغني) لابن قدامة (2/410).
(4) (المغني) لابن قدامة (2/410).
(5) (المغني) لابن قدامة (2/410).