تەعزیە و سەرەخۆشی کردن لە ئیسلامدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تەعزیە و سەرەخۆشی کردن لە ئیسلامدا
پرسیار:

ئایا تەعزێ و سەرەخۆشی کردن لە ئیسلامدا چۆنە؟ بە چ شێواز و وتەیەک سەرەخۆشی بکەین سوننەتە؟ وە ئایا پێش ناشتنى مردوو دروستە سەرەخۆشی بکرێت؟ 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
تەعزێ و سەرەخۆشی کردن بریتی یە لەدڵدانەوە و هەڵنان بەئارام گرتن و مژدەدان بە پاداشت وەرگرتن لەسەر ئەو کارە ، ودوعا کردن بۆ مردو و کەس وکاری ئەوانەی توش بەڵای مردنی کەس وکار بوون ، بەم شێوەیه زانایان پێناسەیان کردووە ، لەوانە "العلامة ابن مفلح" لە کتابی"الفروع" (2/229)دا .
وە بێگومان تەعزیە وسەرەخۆشی یەکێکە لەوشتانەی کەبەڵا کەم دەکاتەوە ، وخەم وخەفەت ناهێڵێت ،هەر بۆیە شەریعەت پێی باشە ، ئەوەش خۆی لەجێ بەجێ کردنی یارمەتی دان لەسەر چاکە وتەقوا ، وئارام گرتن وئامۆژگاری کرد بەخۆ ڕاگری دەبینێتەوە .
هەر بۆیە پێغەمبەر سەرەخۆشی لەهاوەڵان دەکرد کاتێ توشی بەڵایەک دەبوون ، وبەردەوام موسوڵمانان سەرەخۆشی لەیەکتر دەکەن و دڵی یەکتر دەدەنەوە ،وزانایان کۆدەنگن لەسەر دروستێتی تەعزیە وسەرەخۆشی کردن وچاکیەتی .

ئیمامى نەوەوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: 
بزانە تەعزیە وسەرەخۆشی کردن فەرمان کردنە بەئارام گرتن ، وباس کردنی شتێکە کەدڵی خاوەن مردو دەداتەوە وبەڵاکەی لەسەر سوک دەکات ، وخەفەتەکەی کەم دەکاتەوە ، وە ئەوە شتێکی باش وسوننەتە ، و ئەو کارە فەرمان کردن بەچاکە ، وڕێگری کردن لەخراپەی تێدایە ، ودەچێتە چوار چێوەی ئەم ئایەتەوە : ( وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ ) المائدة/2 .
واته: وه‌ ئێوه‌ هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن له‌سه‌ر چاكه‌و ته‌قوای خوای گه‌وره‌ .
وه ئەمه باشترین بەڵگەیە لەبابەتی تەعزیە وسەرەخۆشی ودڵنەوایی دا ، ولەفەرموودەی سەحیح دا هاتوو پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ( والله في عون العبد ما كان العبد في عون أخيه ) " انتهى .
"الأذكار" (ص/148-149) .
واتە: خودا یارمەتی دەری بەندەیه مادام بەندە یارمەتی دەری براکەی بێت .

وە سەرەخۆشی بەهەموو قسەیەک دەبێت کە دڵی کەسی خاوەن مردو بداتەوە وئارامی پێ ببەخشێت ، وهەڵی بنات لەسەر چاوەڕێ کردنی پاداشت لەلای خودا .

شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
هەر وتە و شتێک وا لەکەسی توش بوو بە بەڵا بکات کە ئارام بگرێت ئەوا تەعزیە وسەرەخۆشیە ، جا بەهەر لەفزێک بێت ، و ئەو پاداشتەی کە لەفەرموودەکەدا هاتووە دەستی کەسی تەعزێکار دەکەوێت .
"نيل الأوطار" (4/117) .

وە یەکێک لەو لەفزانەی کە لەپێغەمبەرەوە لەبابەتی تەعزیەدا هاتووە ئەمەیە: ( إنَّ لِلَّهِ ما أخَذَ وما أعْطَى، وكُلُّ شيءٍ عِنْدَهُ مُسَمًّى، فَلْتَحْتَسِبْ ولْتَصْبِرْ) 
واتە: ئەوەی خودا بردوویەتیەوە موڵکی خودایە ، وئەوەش کەداویەتی ، وهەموو شتێک لەلای ئەو ئەجەلێکی دیاری کراوی هەیە ، بۆیە چاوەڕێی پاداشت بکە و ئارام بگرە .

ئیمامى نەوەوەی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
باشترین شت لەوانەی کەتەعزیە وسەرخۆشی پێ دەکرێت ئەوەیە کە لەسحیحی بوخاری وموسلیم دا لەئوسامەی کوڕی زەیدەوە خوا لێیان ڕازی بێت هاتووە ودەڵێت : 
یەکێک لەکچەکانی پێغەمبەریان نارد بۆ لای وبانگیان کرد بەوەی منداڵێکیان مردووە ، پێغەمبەر فەرمووی : (ارْجِعْ إلَيْها فأخْبِرْها أنَّ لِلَّهِ ما أخَذَ وله ما أعْطى، وكُلُّ شيءٍ عِنْدَهُ بأَجَلٍ مُسَمًّى، فَمُرْها فَلْتَصْبِرْ ولْتَحْتَسِبْ...) 
واتە: بگەڕێرەوە بۆ لای ، وپێی بڵێ ئەوەی خودا بردوویەتیەوە موڵکی خودایە ، وئەوەش کەداویەتی ، وهەموو شتێک لەلای ئەو ئەجەلێکی دیاری کراوی هەیە ، ئارام بگرە وچاوەڕێی پاداشت بە ..

پاشان ئیمامى نەوەوەی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
ئا ئەم فەرموودەیە یەکێکە لەگەورەترین بنەماکانی ئیسلام ، کەزۆر لەبنەماکانی دین ولق وپۆپەکانی وئاداب وئارام گرتنی لەسەر ناخۆشی ، وخەم وخەفەت ونەخۆشی وجگە لەمانەش لەخۆ گرتووە ، ومانای : ( إنَّ لِلَّهِ ما أخَذَ) ، هەموو عالەم موڵکی خودان ، شتێکی نەبردووەتەوە موڵکی ئێوە بێت ، بەڵکو شتێکی بردووەتەوە لای ئێوە بووە وەک ئەمانەت ، ومانای : ( وله ما أعْطى ) ،ئەوەی پێی داون وەک هەدیە بەدەر نی یە لەموڵکی خۆی ، بەڵکو ئەوەش هی ئەوە و چی بوێ لەبارەیەوە دەیکات ، و مانای ( وكُلُّ شيءٍ عِنْدَهُ بأَجَلٍ مُسَمًّى) ، توشی شۆک مەبن ، ئەوەی بردوویەتیەوە ئەجەلەکەی کۆتایی هاتووە وئەستەمە پێش ودوا بکەوێت ، جا کاتێ هەموو ئەمانەتان زانی ، ئارام بگرن وچاوەڕێی پاداشت بن لەوەی توشتان بووە .
"الأذكار" (ص/150) .
وە بەنیسبەت جێگای تەعزیەو سەرەخۆشی کردنەوە وچۆنیەتیەکەیەوە هیچ شت وشێوازێکی دیاری کراو نی یە ، دەکرێت لەکاتی پێک گەیشتن بەیەک لەمزگەوت یاخود ڕێگا یاخود لەسەرکار سەرەخۆشی بکرێت ،یان بەتەلەفۆن ونامە ، وچوون بۆ ماڵی . 

وە کاتی تەعزیە لەکاتی مردنی کەسەکەوە دەست پێ دەکات ، سوننەتە پێش و پاش ناشتن بێت ، وتایبەت ناکرێت بەسێ ڕۆژەوە .

 شيخ ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: 
کاتێکی دیاری کراو و تایبەت ، و ڕۆژانی تایبەتی نی یە ، بەڵکو تەعزیە وسەرەخۆشی دروستە لەپێش وپاش ناشتنی مردووەوە ، بەڵام پەلە کردن تیایدا وکاتی توندی بەڵاکەدا باشترە و دروستە دوای سێ ڕۆژ لەمردن بێت ؛ لەبەر نەبوونی بەڵگە لەسەر دیاری کردنی کات .
"فتاوى إسلامية" (2/43) .

وە لە "فتاوى اللجنة الدائمة" (9/134) دا هاتووە : "وليس للتعزية وقت محدد ، ولا مكان محدد" انتهى .
واتە: تەعزیە وسەرەخۆشی نەکاتێکی دیاری کراو هەیە ، ونەجێگایەکی تایبەت .
والله أعلم .

بەڵام ئەو کارانەى کەوا عاده‌تىیه‌ و بیدعه‌ و داهێنراو و ناپه‌سه‌نده‌ وەکو :
یه‌كه‌م : كۆبوونه‌وه‌ له‌ شوێنێكی تایبه‌تدا بۆ ته‌عزێ گێڕان و گرتنى جادر و کورسى بە کرێ بۆ ژنان و پیاوان .
دووه‌م : خواردن دروست كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دێن بۆ ته‌عزێ و ده‌مێننه‌وه‌ بۆ نان خواردن .
سێیەم : بە کرێ گرتنى کەسێک بۆ قورئان خوێندن بۆ مردووەکە .
ئه‌مانه‌ هیچ سوودێكیان تێدا نىیه‌ نه‌ بۆ مردووه‌كه‌ و نه‌ بۆ زیندووه‌كانیش !

سەردان: ٥,١٦٧ بەش: تەعزێ و سەرەخۆشى