باس کردنى لێدان لە ئافرەت و خێزان لە قورئاندا و وەڵامى گومانێک: ماڵپەڕی وەڵامەکان
باس کردنى لێدان لە ئافرەت و خێزان لە قورئاندا و وەڵامى گومانێک
پرسیار:

ئایا ڕاستە قورئان بەدروستی دەزانێت پیاو بدات لە خێزانەکەی ؟ لە قورئاندا چۆن باسی مامەڵەى پیاو کراوە لەگەڵ خێزانەکەیدا؟ئومێدەوارم ئەم بابەتە ڕوون بکەنەوە.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

پێشەكی گرنگە ئەوە بزانین ئاینی ئیسلام ئاینی خودایە و هیچ كەمو كوڕیەكی تێدا نیە، هەروەها ئەم ڕەخنانە نەزان و دوژمنانی لەم ئاینەی دەگرن لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە خودا نیە وە نازانن باوەڕ بوون بەخودا چ واتایەكی هەیە...

لەقورئاندا بەم شێوەیە فەرمان کراوە بەمامەڵە کردن وڕێز گرتن لە خێزان:

یەکەم: قورئانی پیرۆز فەرمانی کردووە بەچاک بوون لەگەڵ خێزاندا ، وڕێز گرتن لێی ، و ژیان لەگەڵ بەشێوەیەکی باش ، تەنانەت لەکاتێکدا کەلەدڵیشەوە خۆشی ناوێت ، و فەرموویەتی : ( وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِنْ كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئاً وَيَجْعَلَ اللَّهُ فِيهِ خَيْراً كَثِيراً ) النساء / 19 .
واته: ئێوه‌ به‌جوانی و به‌ باشه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تاندا بكه‌ن و كردارو گوفتارتان چاك بێت له‌گه‌ڵیاندا ، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك ڕقتان له‌ خێزانه‌كانتان بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی فاحیشه‌و زیناو خراپه‌كاری كردبێ ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئێوه‌ شتێكتان له‌لا ناخۆش بێ و پێتان ناخۆش بێ به‌ڵام خوای گه‌وره‌ خێرێكی زۆری تێ كردبێ ئێوه‌ نازانن له‌وانه‌یه‌ مناڵی باشی ببێ بۆیه‌ ئارام بگرن له‌سه‌ریان. 

دووەم: وڕوونی کردووەتەوە بەوەی ئافرەت مافی هەیە لەسەر مێردەکەی ، هەر وەک چۆن پیاو مافی هەیە بەسەر خێزانەکەیەوە ، و فەرموویەتی : ( وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ) البقرة / 228 .
واته: وه‌ چۆن پیاوان مافیان له‌سه‌ر ئافره‌تان هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئافره‌تانیش مافیان له‌سه‌ر پیاوان هه‌یه‌ ، به‌ڵام پیاوان پله‌یه‌كیان به‌سه‌رووی ئافره‌تانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌فه‌قه‌یان له‌سه‌ر پێویسته‌ وه‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خێزان له‌سه‌ریانه‌ ، وه‌ به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ زۆر به‌عیززه‌ت و باڵاده‌ست و كاربه‌جێیه‌.

وە ئایەتەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پیاو زیاتر مافی هەیە بەسەر ژنەوە ، ئەوەش لەبەر بەتوانای ومەسئولیەتی مەسرەف کردن جگە لەوەش .

سێیەم: پێغەمبەر وەسیەتی کردووە بەچاک بوون لەگەڵ خێزاندا وڕێز گرتن لێی ، بەڵکو باشترین کەسی بەوە پۆلێن کردووە کەلەگەڵ خێزانەکەیدا باش بێت ، وفەرموویەتی : " خَيْرُكُمْ خَيْرُكُمْ لأَهْلِهِ وَأَنَا خَيْرُكُمْ لأَهْلِي " رواه الترمذي (3895) وابن ماجه (1977) وصححه الألباني في صحيح الترمذي .
واتە: باشترینتان ئەوەتانە کە بۆ خێزانەکەی باشه ، ومن باشترینتانم بۆ خێزانەکەم .

چوارەم: یەکێک لەشتە جوانەکان کە پێغەمبەرى خوا لەبارەی چاک بوون لەگەڵ خێزاندا باسی کردووە ، خواردن دانه بەخێزان ، و کردنی پارچە خواردنێک بەدەمیەوە ، مرۆڤ لەسەری پاداشت وەردەگرێت ، هەروەک فەرموویەتی : " وإنك لن تنفق نفقة إلا أجرت عليها حتى اللقمة ترفعها إلى في امرأتك " رواه البخاري 6352 ومسلم 1628
واتە: وە تۆ هیچ نەفەقەیەک ناکێشی ئیلا لەسەری پاداشت دەدرێیتەوە تەنانەت لوقمە نانێک کەهەڵی دەگری ودەیکەیت بەدەمی خێزانەکەتەوە .

پێنجەم: وە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتی : " اتقوا الله في النساء فإنكم أخذتموهن بأمان الله واستحللتم فروجهن بكلمة الله ولكم عليهن أن لا يوطئن فرشكم أحدا تكرهونه فإن فعلن ذلك فاضربوهن ضربا غير مبرح ولهن عليكم رزقهن وكسوتهن بالمعروف " رواه مسلم 1218
واتە: تەقوای خوداداتان هەبێت لەبارەی ئافرەتانەوە ئێوە ئەوانتان بەئەمانەتی خودا وەرگرتووە وداوێنی ئەوانتان بەکەلامی خودا حەڵاڵ کردووە ، و بۆ ئێوە هەیە لەسەر ئەوان کەسێک نەهێننە ماڵەوە کە ئێوە پێتان ناخۆشە خۆ ئەگەر ئەو کارەیان کرد ئەوا لێیان بدەن بەلێدانێک کەبریندار کەر نەبێت و بۆ ئەوان هەیە لەسەر ئێوە نەفەقە وجل وبەرگ بەچاکترین شێوە .

وە مانای " ولكم عليهن أن لا يوطئن فرشكم أحدا تكرهونه " واتە : مۆڵەت بەهیچ کەسێک نەدەن کەئێوە پێتان ناخۆشە بێنە ماڵەکانتانەوە ولەماڵتاندا دابنیشن جا جیاوازی نییە ئەو کەسە پیاوێکی نامەحرەم بێت یاخود ئافرەت یاخود یەکێک لەکەسە نزیکەکانی ئافرەتەکە بێت ، ڕێگریەکە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە . 

جا فەرموودەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دروستە بۆ پیاو بدات لەخێزانەکەی بەلێدانێک کەبریندار کەر نەبێت گەر شتێکی لێ بینی وای دەخواست لەسەرپێچی و بەگوێ نەکردنی .

وە ئەوە وەک ئەم ئایەتە پیرۆزە وایه: ( وَاللاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلاً إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً ) النساء / 34 .
واته: وه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ ئێوه‌ ترسی ئه‌وه‌تان لێیان هه‌یه‌ كه‌ سه‌رپێچیتان بكه‌ن و به‌قسه‌تان نه‌كه‌ن و گوێڕایه‌ڵیتان نه‌كه‌ن ، ئه‌وه‌ ئامۆژگاریان بكه‌ن ،  ئه‌گه‌ر ئامۆژگاری سوودی نه‌بوو له‌ جێگادا پشتیان تێ بكه‌ن و جێگایان لێ جیا بكه‌نه‌وه‌و لێیان دووربكه‌ونه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش سوودی نه‌بوو ، وه‌ لێیان بده‌ن به‌ڵام (ضربا غير مبرح) نه‌ شوێنێكی بشكێنی، وه‌ نه‌شوێنه‌واری دیار بێت، وه‌ نه‌ خوێنى لێبێت، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانێ تۆ لێی تووڕه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئیصڵاحی بكه‌ی ، وه‌ ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵیان كردن ئه‌و كاته‌ وازیان لێ بێنن نه‌ به‌ قسه‌ نه‌ به‌كرده‌وه‌ هیچ شتێكی خراپیان له‌گه‌ڵدا مه‌كه‌ن ، به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ زۆر به‌رزه‌ له‌ زاتی پیرۆزیدا وه‌ له‌ كرده‌وه‌یدا وه‌ له‌ سیفاتیدا وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ پیاوان ئه‌گه‌ر سته‌م بكه‌ن له‌ ئافره‌تان.

جا هەرکات ئافرەت لەفەرمانی مێردەکەی دەرچوو ، وبەگوێی نەکرد ، ئەم ڕێکارانەی لەگەڵ دەگرێتە بەر :
ئامۆژگاری کردن یاخود سەرجێی لەگەڵ نەکردن ولەگەڵ نەنوستن ، یاخود لێدان بەمەرجێک لێدانێکی بریندار کەر نەبێت . 

حەسەنی بەسڕی دەڵێت : يعني غير مؤثر.
واتە: شوێنەوار بەجێ نەهێڵێت .

وە عەتا دەڵێت : قلت لابن عباس ما الضرب غير المبرح ؟ قال : بالسواك ونحوه .
واتە: بەعبداللەی کوڕی عەباسم گوت لێدانی بریندار نەکەر یانی چی ؟
گوتی: بەسیواک وهاوشێوەکانی .

وە لێدانەکەش بۆ جڵەو گیری و پەروەردە و پاراستنە وە دەبێت بۆ ئەو قۆناغەش چەندین شت لەبەر چاو بگیرێت:
(1) نابێت لێدانەكە توند بێت شوێنەوار لەسەر جەستەی ئافرەتەكە دروست بكات بەڵكو لێدانێكی پەروەردەیی بێت ئەزیەت پی گەیەنەر نەبێت.
(2) نابێت لە ڕوومەتی بدات.
(3) نابێت دەم و چاو لەبەرامبەریدا بەخراپ بەكاربهێنێت لەژیانی ڕۆژانەدا.
(4) دەبێت لە تەواوی ئەم هەڵسوكەوتانەدا ئەوە ڕابگەیەنێـت كە مەبەست بەم قۆناغانە چاكسازی و گوێڕایەڵی كردنی پیاوە نەك مەبەست دوژمنایەتی یان سوكایەتی و تۆڵە سەندنەوە.
5 دەبێـت ئەم قۆناغە وازلێبهێنێت ئەگەر ئەوەی مەبەستە بەجێهات.

بە کورتى : مەبەست لەلێدان لەئافرەت ئەزیەت دان وئیهانە کردن نی یە ، بەڵکو ئاگادار کردنەوەیەتی بەوەی ئەو هەڵەیە ودەرچووە لەڕەچاو کردنی مافی مێردەکەی ، ومێردەکەی مافی ئەوەی هەیە ڕاستی بکاتەوە وچاکی بکات .

سەردان: ٥,٧٥٣ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان