دەوترێ ئیسلام قەتل و عامی جولەكەكانی بەنی قورەیزەى کردووە ئایا ڕاستى ئەم ڕوداوە چۆنە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دەوترێ ئیسلام قەتل و عامی جولەكەكانی بەنی قورەیزەى کردووە ئایا ڕاستى ئەم ڕوداوە چۆنە؟

یەكێك لەو شوبوهاتانەی كە دەربارەی ئاینی ئیسلام بەگشتی و مامەڵەكردنی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ لەگەڵ جولەكەدا بڵاو دەكرێتەوە بریتییە لەوەی كە ئیسلام قەتل و عامی بەرامبەر بە جولەكەكانی بەنی قورەیزە بەكارهێناوە , بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە شوبوهاتانە بڵاو دەكەنەوە دووجار خەسارەو مەندن  

یەكەمیان چونكە ئیسلام بەم گومانانەی ئەوان بڵاوی دەكەنەوە هیچ زیانی پێ ناگات و ڕووناكی خۆر بە بێژنگ بەرناگیرێ و سەرباری بڵاوكردنەوەی دەیان و سەدان شوبهەی ئاوا ڕۆژانە دەبینین پۆل پۆل و كۆمەڵ كۆمەڵ خەڵكی دێنە ناو ئیسلامەوەو چی لە بێدینەكان و چی لە پەیڕەوانی ئایینەكانی تر .

 دووەمیشیان ئەوەیە جولەكە دەستی ڕەزامەندییان بۆ لەسەر سینگ دانانێن و بەم كارەو دەیانی دیكەش لێیان ڕازیی نابن , بەڵام كێشەی ئێمە ئەوگەنجە موسوڵمانەیە كە زانیارییەكی ئەوتۆی دەربارەی ئایینەكەی خۆی نییە وبەهۆی خوێندنەوەی هەندێ بابەت یان بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی یان دەزگا ڕاگەیاندنەكان ئەم شوبوهاتانە هەندێك كاریگەرییان لەسەر دروست دەكەن و بە فرمێسكی تیمساحی هەڵدەخەڵەتێن , وا دەزانن مرۆڤویستیی وا لەم كەسانە دەكات دەنگ هەڵبڕن لەو بابەتانەدا و نازانن ئەمانە دڵەكانیان نەخۆشەو چاویان بە ڕووناكی ئیسلام هەڵنایەت و دەیانەوێت بە هۆی بڵاوكردنەوەی بابەتی لەم جۆرەوە هاوڕێ و هاومەبەست بۆخۆیان پەیدابكەن , سەیریش لەوەدایە ئەوانەی شوبوهاتەكان بڵاو دەكەنەوە چی ئەوانەی بێدینن و چی ئەوانەشی باوەڕداری دڵنەخۆشن كاتێك دەیان وبگرە سەدان بابەت دەخەیتە بەردەمیان كە بە ڕیوایەتی (سەنەد)داری صەحیح هاتوون لەسەرچاوە باوەڕپێكراوەكانەوە كەچی باوەڕی پێناكەن (بێدینەكان باوەڕ بە قورئانیش ناكەن) , بەڵام هەركات ڕیوایەتێك خزمەت بە مەرامەكانی خۆیان بكات ئەوكاتە نەك هەرسەنەدی صەحیح بەڵكو بەبێ ئەوەی هیچ سەنەدێكی هەبێت باوەڕی پێدەكەن و لەهەر سەرچاوەیەكیشدا هاتبێت وەری دەگرن بێ ئەوەی حیساب بۆ ئەوە بكەن كە ئەو سەرچاوەیە ئەرزشدارە (معتبر) یان نا .
لەوەڵامی ئەم شوبهەیەشدا دەڵێین پێش ئەوەی پەلەپەل بكەین و حوكم بەسەر ئەو كارەی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و موسوڵماناندا بدەین پێویستە چەند خاڵێك هەن بە وردیی لێكی بدەینەوە : 
یەكەم : پێویستە كاتێك لێكۆڵینەوە لەسەر بابەتێكی مێژووی دەكەین بە پێی بارودۆخی ئەو سەردەمەی كە ڕووداوەكەی تێدا ڕووی داوە هۆكارو دەرەنجامەكانی ڕووداوەكە هەڵبسەنگێنین و بڕیاری لەسەر بدەین و ئەم خاڵەش یەكێكە لەو خاڵانەی كە زۆرێك لەوانەی قسەیان لە سەر ڕووداوی بەنی قورەیزە و ڕووداوەكانی هاوشێوەی كردووە تێكەوتوون تیایدا چونكە بەپێی هەلو مەرجی ئێستا دێن لە ڕووداوێك دەكۆڵنەوە كە پێش چواردە سەدە پێش ئێستا ڕووی داوە وبە پێی هەندێک لەو بەڵێننامەو پەیماننامانەی لەم سەردەمەی ئێستادا دەربارەی (جەنگ و مامەڵەكردن لە گەڵ دیلی جەنگ ) دا هەن بڕیار لەسەر ڕووداوە مێژووییەكان دەدەن , ئەمە لە كاتێكدا كە وەسفی (دیلی جەنگ) بۆ ئەوانەی لە ڕووداوی بەنی قورەیزەدا كوژران وەسفێكی ستەمكارانەیە و بێ ویژدانییەكی دیكەیە بەرامبەر بە ئیسلام چونكە كەس ناتوانێت نكووڵی لەوە بكات كە ئەوە پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و موسوڵمانان بوون لە جەنگی (بەدر) دا دیلەكانیان نەكوشت ,كەچی بەبەرچاوی هەموو دونیاوە ئەمریكای بەناو پارێزەری مافی مرۆڤ و داكۆكیكار لە دیموكراسی و مەدەنییەت و دەیان وڵاتی دیكەی وەك ڕوسیاو بەریتانیاو هی تریش ڕۆژانە بەبەرچاوی دونیاوە دەیان پێشێلیی ئەنجام دەدەن چی لە جەنگە ستەمكارانەكانیاندا و چی لە مامەڵەكردنیاندا بەرامبەر دیل و بەندییەكانییان و كەسیش لەمانە فزەیان لێوە نایەت .
دووەم : دەبێت بە مەوزوعیەتییەكی تەواوەوە هۆكارو لایەنەكانی ڕووداوەكان لێك بدەینەوە و بڕیاری پێشوەخت نەدەین بە بێ ئەوەی لە ڕاستیی قسەو باسەكان بكۆڵینەوە چونكە خوای گەورە فەرموویەتی : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ) {1} و ئاشكراشە كە ئەوانەی ئەم شوبهاتانە بڵاو دەكەنەوە دوژمنی سەرسەختی ئیسلامن بۆیە ناكرێت باوەڕ بە قسەو باسەكانیان بكرێت تا بەڵگەی ڕاست و دروست بەدەستەوە نەدەن و لەوەش زیاتر دەبێت كێشەكان لە ڕەگ و ڕیشەوە تەماشابكەین و بە ڕووكەشی هەندێك باس نەخەڵەتێین .
پێش ڕووداوەكە
دوای ئەوەی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ لە مەككەوە بەرەو مەدینە (يثرب) كۆچی كردوو بە هاوبەشی هاوەڵان پایەكانی دەوڵەتێكی ئیسلامیی دامەزراند , یەكێك لەو كارە گرنگانەی ئەنجامی دا بریتیی بوو لە بەستنی پەیمانێك یان بەڵێننامەیەك لەگەڵ جوولەكەكانی مەدینەو دەوروبەریدا كە یەكێكە لە كۆنترین دەستوورو پەیماننامەكان لە مێژوودا و لە كۆمەڵێك خاڵ پێكهاتووە و لەو خاڵانە {2}: 
یەكەم : موسوڵمانان ئایینی خۆیان بۆ خۆیان و جولەكەش ئایینی خۆیان بۆ خۆیان . 
دووەم : پەیوەست بوونی موسوڵمانان و جولەكە بە هاوگوزەرانی و پێكەوە ژیانی ئاشتییانەوە دەست درێژیی نەكردنی هیچ كامیان بۆ سەر ئەوی تریان لە ناوخۆی مەدینەدا .
سێیەم : هەردوولا بەڵێن و پەیمانی ئەوەیان داوە بەیەكتر كە بەرگریی لە مەدینە بكەن لە دژی هەر دەستدرێژییەكی دەرەكی و لەسەر جولەكە پێویستە كەلەگەڵ موسوڵماناندابن تا ئەو كاتەی لە جەنگا بن .
بەڵام جولەكە هەر كاتێك بۆیان ڕێكەوتبێت و تەمای ئەوەیان هەبووبێ كە شتێكیان دەست بكەوێت گوێیان بە ڕێكەوتن نەداوە و شكاندوویانە , ئەوە بووهۆزی بەنی نەزیر بەسەرۆكایەتی حویەی كوڕی ئەختەب پێش بەنی قورەیزە ئەوپەیمانەیان شكاند وئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بە یاوەریی چەند هاوەڵێك چووە لایان بۆ ئەوەی كۆمەكییان بكەن لە بژاردنی خوێنێك كە هاتبووە سەر موسوڵمانان بەهۆی كوشتنی دووكەس لە عامرییەكان (كە هۆزێكی دەوروبەری مەدینەبوون ) لەسەر دەستی هاوەڵێكی بە ڕێز بە هەڵە (چونكە پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ئەمانی بەم دووكەسە دابوو ){3} ئەویش بە هۆی ئەو پەیمان و ڕیككەوتنەی لە نێوان موسوڵمانان و جولەكەدا هەبوو كە دەبێت كۆمەكیی یەكتر بكەن لەكاتی ناڕەحەتییەكان دا , بەڵام ئەوەبوو جوولەكەكان ئەمەیان بە هەل زانی و هەوڵی تیرۆر كردنی پێغەمبەری خوایان دا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بەوەی كەیەكێكیان بەردێك لەسەرەوە بداتە سەر سەری پێغەمبەری خوادا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ , بەڵام خوای گەورە پێغەمبەری خوای صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ئاگادار كردەوە لەو پلانە گڵاوەیان و ئەوەبوو پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ لەوێ هەستاو لەگەڵ هاوەڵەكانیدا بە ڕێكەوتن و شوێنەكەیان بە جێهێڵا {4} و دواتر بڕیاری دا وەدەریان بنێ لە مەدینەو هەواڵی بۆ ناردن كە پێویستە لێرە نەمێنن و دە ڕۆژی بۆ دانان و فەرمانی پێكردن كە دوای ئەو دە ڕۆژە هەركەس لەوان ببینرێت ئەوا لە ملی دەدرێت {5}و ئەوەبوو بە هۆی بەڵێنی مونافیقەكانەوە گوێیان بەو فەرمانە نەداو پاشان پێغەبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و هاوەڵان ئابڵوقەیان دان و ئەوانیش ڕازی بوون بەوەی كە لەمەدینە دووركەونەوەوتەنها باری ووشترەكانیان شت ومەك بەرن بێ ئەوەی چەك لەگەڵ خۆیاندا بەرن , بەم شێوەیە جولەكەكانی بەنی نەزیر وەدەر نران و هەندێكیان بەرەو شام و هەندێكیشیان بەرەو خەیبەر كەوتنە ڕێ , ئەوەبوو یەكێك لەوانەی كە سەركردەی بەنی نەزیر بوو وە داڕێژەری پیلانی تیرۆر كردنەكە بوو (حوویەی كوڕی ئەختەب) بوو دوای ئەوەی كەلە مەدینە وەدەرنرا ڕووی كردە (خەیبەر) و لەوێوە دەستی كرد بە پیلانگێڕانی زیاتر بەرامبەر بەموسوڵمانان و ئەوەبوو بەسەرۆكایەتی چەند كەسێك كەوتە گەڕان بە ناو عەرەبەكاندا بۆ ئامادەكاری جەنگێكی گەورە لە دژی موسوڵمانان , بەوەش قورەیش و غەتفان و كۆمەڵێك لە هۆزەكانی ئەو دەوروبەرەی قایل كرد بەوەی كە هێرش بكەنە سەر مەدینەو بۆ ئەوەی بە هەموویانەوە بتوانن بەیەكجاریی موحەممەد صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و بانگەواز و ئایینەكەی لەناوبەرن و ڕیشەكێشی بكەن , دەرەنجامی ئەم هەوڵە دوژمنكارانەیەی جولەكە بریتیی بوو لە كۆكردنەوەی (10)دە هەزار جەنگاوەر لە هۆزەكانی قورەیش و غەتفان و بەنی سەلیم و ئەشجەع و فەزارە كۆمەڵێك لە عەرەبە دەشتەكییەكانی ئەوناوچەیە , ئەمە لە كاتێكدا كە ژمارەی موسوڵمانان لە مەدینەدا لە (3) سێ هەزار جەنگاوەر تێپەڕی نەدەكرد {6}لەناو ئەو سێ هەزارەشدا دووڕووەكان هەبوون كە هەر نەك پشتیان پێ نەدەبەسترا بەڵكو هەمیشە هەوڵی ساردكردنەوەی موسوڵمانانیان دەدا لەكاتی جەنگەكاندا .
خۆشبەختانە بەچاكەومنەتی خوای گەورە و پاشان بەهۆی ئەو (چاو) انەی كە پَغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ داینابوون هەر زوو هەواڵی ئەو لەشكرە گەیشتە موسوڵمانان و دوای تاوتوێكردنی بارودۆخەكە لە نێوان پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و سەركردەكانی سوپای موسوڵماناندا بڕیار درا بەوەی كە خەندەقێك (كە بیرۆكەی هاوەڵی بەڕێز سەلمانی فارسیی بوو ڕەزای خوای لێبێت) لە بەری لای باكوری ڕۆژئاوای مەدینەوە لێبدرێت كە بەرامبەر بەو شوێنە بوو كە دوژمن بڕیاری دابوو لەشكرەكەی لێ كۆبكاتەوە ئەوەش لەبەر ئەوەی لاكانی دیكەی مەدینە بە باخی خورما و بێستانی چڕو پڕ دەورەدرابوون , هەروەها كۆمەڵێك خانووی بە یەكداچوو (كە قەڵاو خانووەكانی بەنی قورەیزەشی تیابوو ) لەگەڵ بەربەستی سروشتیی قورس هەبوون كە ڕێگەیان نەئەدا دوژمن بەشێوەیەكی بەرفراوان جەنگی تێدا ئەنجام بدەن {7} .
كاتێك لەشكری بێباوەڕان (ئەحزاب) گەیشتە مەدینە له‌ ساڵى پێنجى كۆچیدا , بە بینینی خەندەق تووشی شۆك هاتن وئەوەبوو دوای ماوەیەك لە ئابڵوقەدانی موسوڵمانان , سەركردەكانیان ئومێدیان بەو ئابڵوقەدانە نەماو بەتایبەتیش دوای ئەوەی یەكێك لە گەورە جەنگاوەرەكانیان كە (عەمری كوڕی عەبد ود) بوو بە دەستی (عەلی كوڕی ئەبوتالیب) ڕەزای خوای لێبێت كوژرا , سەركردەكانی ئەم هاوپەیمانێتیە بیریان لە ڕێگەیەكی تر كردەوە بۆ ئەوەی پیلانە گڵاوەكانیان بە ئەنجام بگەیەنن و بۆ ئەم مەبەستەش (حویەی كوڕی ئەختەب) بەرەو بەنی قورەیزە كەوتە ڕێ و پەنای بردە بەر (كەعب ی كوڕی ئەسەدی قورەزیی) سەرۆكی بەنی قورەیزە و خاوەن پەیمان لە گەڵ پێغەمبەری خوادا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی لە گەڵ بكات دژ بە موسوڵمانان , بەڵام هەر كە كەعبی كوڕی ئەسەد بیستی حویەی هاتووە دەرگای قەڵاكەی خۆی لێدادەخات و دەڵێت ئەی كەعب وازم لێ بێنە من پەیمانم لەگەڵ (موحەممەد) دا هەیەو جگە لە وەفاو ڕاستگۆیی هیچم لەو پیاوە نەبینیوە , بەڵام حویەی وازی لێ نەهێنا تا ئەوەبوو قایلی كرد بەوەی پەیمانكەی بشكێنێت و بەڵێنی پێدا كە ئەگەر قورەیش و عەرەب بەسەر موسوڵماناندا سەرنەكەوتن ئەوا ئەم بچێتە قەڵای قورەزییەكانەوەوچارەنووسی وەك ئەوان بێت {8}.
بە بیستنی هەواڵی شكاندنی پەیمانی نێوانیان لە لایەن جولەكەوە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم چوار كەسی هەڵبژارد و نارنی بۆ لای جوولەكە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕاستیی هەواڵەكە و ئەوانیش (سەعدی كوڕی موعاز سەرۆكی ئەوس و سەعدی كوڕی عەبادە سەرۆكی خەزرەج و عەبدوڵای كوڕی ڕەواحە و خەوواتی كوڕی جوبێر ) بوون ڕەزای خوای گەورەیان لێبێت و پێی فەرموون كە ئەگەر ئەو هەواڵە درۆ بوو ئەوا بە ئاشكرا بڵێن درۆیەو ئەوان لەسەر پەیمانی خۆیانن و ئەگەر ڕاستیش بوو ئەوا بە ئاماژەیەك تێم بگەیەنن (ئەمەش بۆ ئەوەی موسوڵمانان بە بیستنی هەواڵەكە نەترسن و توشی دڵە ڕاوكێی زیاتر نەبن ) و ئەوەبوو كاتێك چوونە لای جوولەكە بە خراپتریین شێوە وەڵامیان دانەوەو پێیان وتن پێغەمبەری خوا كێیە ؟ و ئێمە هیچ پەیمانێك لە نێوانماندا نییە {9}.
دەبینین لە جیاتی ئەوەی جوولەكە بە پێی بەندەكانی ئەو پەیماننامەیەی كە بەستبوویان هاوكارو پشتیوانی موسوڵمانەكان بوونایە بەڵام پێچەوانەی هەموو دابو نەریت و بەڵێن و پەیمان و مافی هاوسێیەتیی وپێكەوەژیان و هەموو هەڵوێستێكی مرۆڤانە هاتن و لەگەڵ دوژمندا ڕێككەوتن و پشتی موسوڵمانیان بۆ چۆڵكردن وئەم ڕیككەوتنەش وەك كوردەواری خۆمان دەڵێن خەنجەرێك بوو لە پشتەوە لە موسوڵمانانیان دا چونكە موسوڵمانان بەو پەیمانەی هەیانبوو لەگەڵیاندا بەتەمای ئەوە نەبوون ڕووبەڕووی بەرەیەكی دیكەی جەنگ ببنەوە , هەربۆیە ئەم خیانەتە گەورەیەی جوولەكە كاریگەریی زۆرو گەورەی هەبوو لەسەر دەروونی موسوڵمانان , هەرچەندە جولەكە مایەی پشت پێ بەستن نییە لە هیچ ئان و ساتێكدا وەك خوای گەورە وەسفی كردوون و فەرموویەتی : (أَوَكُلَّمَا عَاهَدُوا عَهْدًا نَبَذَهُ فَرِيقٌ مِنْهُمْ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ) {10} واتە " ئەوە هەمیشە كە پەیمانێكیان بەستبێت كۆمەڵێكیان شكاندوویانە بەڵكو زۆرینەیان باوەڕناهێنن " .
لێرەوە دەتوانین وێنەیەكی ئەوبارودۆخەی لەو ڕۆژانەدا موسوڵمانانی تێدا ژیاون بهێنینە بەرچاوی خۆمان كە لە لایەكەوە دوژمنە سەرسەختەكانیان بە سوپایەكی دەهەزار كەسییەوە ڕوویان لێكردوون و لە هەر ئان و ساتێكدا بتوانن خەندەقەكەی بەردەمیان تێپەڕبكەن ئەوا تەنها خوای گەورە دەزانێت چی دەقەومێ چونكە سوپای موسوڵمانان نەلە ڕووی ژمارەو نەلە ڕووی تفاق و پێداویستیی جەنگەوە لە ئاستی ئەواندا نین و لە لایەكی تریشەوە جوولەكە پەیمانیان هەڵوەشاندۆتەوە و بوون بە پشتیوانی دوژمن و تاك تاكەیان بەدەوری ئەو قەڵایانەدا دەهاتن كە موسوڵمانان ئافرەت و منداڵانیان تێدا حەشاردابوون و كەشو فشیان بەسەردا دەكردن و پیاوانی موسوڵمانانیش بە چاودێری كردنی خەندەقەوە سەرقاڵ بووون كە ئەمەش شەڕێكی دەروونیەو هەندێ جار لەشەڕی چەك كاریگەریی زۆرترە , سەرباری ئەمانەش دووڕووەكان دەنگیان بەرزبووبووەوە و توانج و تەشەریان دەدا و دەیان وت " (موحەممەد) بەڵێنی ئەوەی پێداین كە خەزێنەكانی كیسراو قەیصەرمان دەرخوارد بدات كەچی ئێستا یەكێك لە ئێمە لەخۆی دڵنیا نییە بچێتە سەرئاو " {11}. 
وەك ئاشكرایە ویستی خوای گەورە لە سەرووی هەموو ویستەكانەوەیە و هەربۆیە بە ویستی خوا ئەم پیلانەی ئەم جارەی هاوەڵ دانەران و جوولەكەش سەری نەگرت و سوپای هاوپەیمانان (ئەحزاب) بەسەر شۆڕیی گەڕانەوە ونەیانتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنن سەرباری زۆری ژمارەو چەك و تفاق و هەندێك لەهۆكارەكانی سەرنەكەوتنیشیان ئەمانەبوون : 
یەكەم : سەركردایەتییەكی یەكگرتوویان نەبوو بەڵكو لەكۆمەڵێك سەركردەو سەركردایەتی پێكهاتبوون كە بە دەگمەن لەسەر بڕیارێك ڕێكدەكەوتن .
دووەم : ئامانجێكی یەكگرتوویان نەبوو بەڵكو قورەیش بە تەمای ئەوەبوو دوای سەركەوتن بەسەر موسوڵماناندا ڕێگەی بازرگانییەكەی خۆی پاك بكاتەوە و بێ ترس بازرگانی بكات و لەلاشەوە غەتفان بەڵێنی بەرهەمی ساڵێكی باخەخورماكانی خەیبەریان پێدرابوو ئەعرابەكانیش بە هیوای تاڵان و بڕۆی مەدینە هاتبوون . 
سێیەم : بۆماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژ نەیانتوانی خەندەقەكە تێبپەڕێنن و هەر هەوڵێكیان دەدا بە تیر بارانی موسوڵمانان وەڵام دەدرانەوە .
چوارەم : سەرمایەكی سەخت لەو كاتەدا مانەوەیانی ئەوەندەی تر قورس كردبوو سەرەڕای ئەوەش بایەكی سارد هەڵی كرد كە خێمەو شوێنی حەوانەوەیانی تێكدا و قاپو قاچاغی پڕكردن و ئاگرەكانی كوێر كردنەوە و ئەوەبوو ئەبوو سوفیان جاڕی دا بارگە لێبنێن و بكەونە ڕێ.{12}
پێنجەم : هۆكارێكی تر ئەو ڕۆڵە گرنگەیە كە (نەعیمی كوڕی مەسعودی غەتفانی ) گێڕای كە لە كتێبەكانی سیرەدا باسكراوەو بریتییە لەوەی كە نەعیمی كوڕی مەسعود خوای گەورە نووری باوەڕی خستە دڵییەوە بەڵام جوولەكەو هاوەڵدانەران بەم باوەڕهێنانەی ئەمیان نەزانیبوو وەئەویش لە تاریكی شەودا خۆی گەیاندە پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و موسەوڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاند و داوای كرد ڕێگەی پێبدرێت كارێك بكات بۆ تێكدانی هاوپەیمانیی نێوان عەرەب و قورەیزە و پێغەمبەری خواش صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ڕێگەی پێداوئەویش چووە لای قورەیزییەكان كە پێشتریش زۆر دەچووە لایان و هاوەڵ و جێگەی باوەڕی ئەوان بوو وەپێی وتن باوەڕ بە عەرەبەكان مەكەن لەو پەیمانەی پێتان دراوە و ئەوان هەركات بیانەوێت دەگەڕێنەوەو ئێوە بۆ (موحەممەد) بەجێدەهێڵن و بۆئەوەی ئەوە ڕوونەدات داوای پەنجا كەسیان لێ بكەن لاتان دابنرێت وەك بارمتە , وە لەولاشەوە چووە لای عەرەبەكان و پێی وتن جوولەكەكان درۆتان لە گەڵا دەكەن و دەیانەوێت پەنجا كەستان لێ بە بارمتە بگرن و تەسلیم بە (موحەممەد) یان بكەن بۆ تازەكردنەوەی پەیمانەكەیان لەگەڵ (موحەممەد) داو بەم شێوەیە ڕۆڵێكی چاكی بینی لە گومان دروست كردن لە نێوان ئەو دوو دوژمنەدا و ئەمەش ناكۆك نییە لەگەڵ سیاسەتی شەرعیدا چونكە شەڕ خەڵەتاندنە (الحرب خدعة) {13}. 
دەستپێكی ڕووداوەكە (غەزای بەنی قورەیزە)
دوای ئەوەی هێزەكانی دوژمن پشتیان هەڵكرد و موسوڵمانان دڵنیابوون لە نەمانی مەترسی لەسەر مەدینە , بەسەربەرزی بەرەو ماڵەكانی خۆیان گەڕانەوە بۆ ئەوەی پشوویەك بدەن و ماندوویەتی ئەو ماوەیەی لە ژێر ئابڵوقەی بێباوەڕاندابوون لە لاشەیان دەربچێت , ئەوەبوو پێغەمبەری خواش صلی اللە علیە وسلم چووە ماڵەوە و چەكی داناو ویستی خۆی بشوات بەڵام جوبریل سەلامی خوای لێبێت هات و پێی فەرموو ئەوە چەكت داناوە ؟ سوێند بەخوا من چەكم دانەناوە , بۆیە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم پرسی بۆكوێ ؟ ئەویش فەرمووی بەرەو ئەم لا و ئاماژەی بەرەو بەنی قورەیزە كرد و پێغەمبەری خواش صلی اللە علیە وسلم بەڕێكەوت و فەرمانی كرد موسوڵمانان بەڕێبكەون بەرەو بەنی قورەیزە و نوێژی عەسر نەكەن لە بەنی قورەیزە نەبێت {14}.
سوپای موسوڵمانان كۆمەڵ كۆمەڵ بەرێكەوتن بەرەو قورەیزە و لەم كاتەشدا و پێش ئەوەی سوپای موسڵمانان بگاتە ئەوێ یەكێك لە كەسە ژیرەكانی جوولەكە بەناوی (عەمری كوڕی سەعدی) داوای لێ كردن كە موسوڵمان ببن و باوەڕ بە (موحەممەد) بهێنن و پێی وتن ئێوە دەزانن ئەوە ئەو كەسەیە كە تەورات هەواڵی پێداوین , بەڵام ئەوان ڕازیی نەبوون ئەنجا پێی وتن كە ئامادەبن سەرانە بدەن و لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە (وتی نازانم ئەمەشتان لی قبووڵ دەكات یان نا ؟) بەڵام بەمەشیان ڕازیی نەبوون و وتیان ئامادەنین سەرانە بەعەرەب بدەین و مردن لەوە باشترە {15} و هەر ئەم (عەمری كوڕی سەعدی)یە پێشوو تریش هەوڵی دا كە جوولەكە پەیمان نەشكێنن و خیانەت نەكەن بەڵام بەقسەیان نەكرد و ئەمیش هەر ئەوكات وتی من لە گەڵ ئێوەدا نیم و من بەرییم لەو خیانەتەی ئێوەو لەبەر ئەمەش ئەم پیاوە یەكێكە لەو كەسانەی كە لەكاتی ئابڵوقەكەدا لە قەڵاًكانیان دابەزیی بەشەو و دوای ئەوەی توشی دەورییەكانی سوپای موسوڵمانان بوو بەسەرۆكایەتی موحەممەدی كوڕی مەسلەمەی ئەنصاری ڕەزای خوای لێبێت , پرسیاری لێكرد كێیە ؟ كە ناسییەوە بەری بەرەڵاكرد بەهۆی ئەو هەڵوێستەی نواندبووی سەبارەت بە خیانەتكردنی جوولەكەو بەشدار نەبوونی لەگەڵیان و ئەوەبوو ئەویش دواتر سەری خۆی هەڵگرت {16}.
دوای ئەوەی ئابڵووقەدانیان بیست ڕۆژی خایاند بێتاقەتیی و لاوازیی ڕووی تێكردن و لەم كاتەشدا (كەعبی كوڕی ئەسەد) ی سەرۆكیان هەموو سەركردەكانیانی كۆكردەوە و سێ بژاردەی خستە بەردەمیان : 
یەكەم : موسوڵمان بن و بێنە سەر دینەكەی (موحەممەد ) .
دووەم : منداڵ و ئافرەتەكانیان بكوژن و ترسی ئەوەیان نەمێنێت دەست بەسەر بكرێن و دواتر دابەزن بۆ موسوڵمانان و تا خوێنیان تیا بمێنێت بجەنگن .
سێیەم : لە ڕۆژی شەممەدا موسوڵمانان غافلگیر بكەن (لەبەر ئەوەی موسوڵمانان دەیانزانی ئەمان لە شەممەدا شەڕناكەن) و بە تەواوی هێزو توانایانەوە دابەزنە گۆڕەپانی جەنگ و بجەنگن تا جەنگ بەلایەكدا دەكەوێت . بەڵام هەریەكەو بە بییانوویەك ئەم سێ بژاردەیەیان ڕەت كردەوە {17}.
تادەهات بارودۆخی جوولەكە زیاتر بەرەوگرژیی دەچوو بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە وسەركردەكانیان هەوڵیاندا ڕێگەیەك بدۆزنەوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەو ئەمجارەیان یەكێك لەسەر كردەكانیان بەناوی (نەبباشی كوڕی قەیش) داوای كرد ڕێگە بدرێت كە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ببینێت و ئەوەبوو پێغەمبەر صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ڕێگەی پێدا و ئەویش پێشنیاری جوولەكەی خستە بەردەم پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ كە بریتیی بوو لەوەی شوێنەكانیان بەجێ بهێڵن و باری وشترەكانیان شت لەگەڵ خۆیاندا بەرن بە هاوشێوەی (بەنی نەزیر) و ئەوانی تر بەڵام پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ئەم پێشنیارەی ڕەت كردەوەو ئەوە بوو جارێكی تر ئەم پیاوە لە لایەن جوولەكەكانەوە نێردرایەوە بۆ لای پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ئەمجارەیان پێشنیاری ئەوەیان كرد كەتەنها خۆیان بەبێ ماڵ وسامان دەرباز بكەن بەڵام دیسان ئەم پێشنیارەش ڕەتكرایەوە و پێیان ڕاگەیەنرا كە پێویستە بە بێ مەرج تەسلیم بن {18}. 
دوای ئەوەی بۆ ماوەی (25) بیست و پێنج ڕۆژ بەو شێوەیە مانەوە جوولەكە هیچ ئومێدێكیان بە ڕیككەوتن نەما و لەولاشەوە دەستیان بە هێزو سوپای دەرەوەش نەدەگەیشت و خۆشیان پیاوی ئەوەنەبوون بتوانن شەڕێكی گیان لەسەر دەستانە بكەن و براكانیشیان لە (خەیبەر) نەك هەربە فریای ئەمان نەكەوتن بەڵكو خوا خوای ئەوەیان بوو كەس ناویان نەهێنێت و كۆمەڵێكیان لە بەنی نەزیر بوون وپێشتر لە جێی بەرەنگاربوونەوەی موسوڵمانان ڕاكردن و خۆدەربازكردنیان هەڵبژاردبوو بۆیە ڕوویان كردبووە خەیبەر , خۆ گەر شەڕكەر بوونایە سەرەتا لەسەر خۆیان دەهاتنە جواب , بۆیە جێئومێدی ئەمان نەبوون و تەنها ڕێگەیەك لەبەردەم جوولەكەی قورەیزەدا بوو ئەویش تەسلیم بوونی بێ مەرج بوو ئەمە لەكاتێكدا كە جوولەكە دەیانتوانی ماوەیەكی زۆر لەوە زیاتر خۆراگریی بكەن چونكە قەڵاكانیان تۆكمە بوون و لە ڕووی خۆراك و ئاوی خواردنەوەشەوە پێویستیان بە دەرەوە نەبوو بەڵام خوای گەورە ترس وبیمی خستبووە دڵیانەوە , هەر بۆیە بەوە ڕازیی بوون كە دابەزنە خوارەوە لە قەڵاكانیان لەسەر حوكمی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و ئەوەش دوای ئەوەی موسوڵمانان بۆ ماوەی ئەو بیست و پێنج ڕۆژە لە دەرەوەی قەڵا و بە سكی نیوە تێرو لەبەردەم سەرمای سەختی شەوانی مەدینەدا و بەلاشەیەكەوە كە هێشتا هیلاكی شەڕی ئەحزابی لێ دەرنەچوو بوو هەمیشە لە چاوەڕوانی تەسلیم بوونیاندا بوون .
لە دوای بیستنی هەواڵی دابەزینی جوولەكە و تەسلیم بوونیان كۆمەڵێك لە ئەنصارییەكانی هۆزی ئەوس هاتنە لای پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و پێیان فەرموو ئەی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ تۆ دەزانیت ئەوان پێشتر هاوپەیمانی ئێمە بوون و تۆش پێشتر حوكمی بەنی قینو قاعت بە خەزرەجەكان سپارد كە هاوپەیمانی ئەوان بوون , بۆیە ئێمەش حەزدەكەین حوكمی ئەمان بە ئێمە ببەخشی و ئەویش صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ پێی فەرموون ئایا ڕازیی دەبن كەسێك لە خۆتان حوكمیان لەسەر بدات وتیان بەڵێ , فەرمووی دەی ئەوە حوكمەكە دەدەمە دەستی سەعدی كوڕی موعاز ڕەزای خوای لێبێت , بۆیە هاتنە لای سەعدو پێیان وت پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ حوكمەكەی خستۆتە دەست تۆ بۆ ئەوەی نەرمی بنوێنی , بۆیە بەزەییت پێیاندا بێتەوە {19},سەعدی كوڕی موعازیش ڕەزای خوای لێبێت دوای ئەوەی دڵنیابوو لەوەی كە هەردوو لا بە حوكمی ئەو ڕازیین , فەرمووی حوكمی من ئەوەیە كە جەنگاوەرانیان بكوژرێن و ژن و مناڵیان بە كەنیزەك بگێرێن , پێغەمبەری خواش صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ فەرمووی بە حوكمی خوای گەورە حوكمت كرد {20}بەمەش (ئەوسییەكان) هیچ لە دڵیاندا دروست نەبوو بەرامبەر ئەم حوكمە كە سەعدی سەركردەیان بەسەر جوولەكەكانیدا دا و ئەمەش یەكێك بوو لە حیكمەتەكانی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بۆ دڵڕاگرتنی موسوڵمانان ئەوەشمان لەبیر نەچێ سەعدی كوڕی موعاز یەكێك لەو كەسانەی كە دوای شكاندنی پەیمانەكە لەلایەن جوولەكەوە پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ ناردیە ناویان بۆ ئەوەی ڕاستیی هەواڵەكە بزانێت و ئەمیش زۆر هەوڵی لەگەڵدا دان كە پەیمانەكەیان نەشكێنن كارێكی خراپ دەكەن گەر وابكەن , بەڵام ئەوان بە ناشرینترین شێوە وەڵامیان دایەوە .
ژمارەی كوژراوەكان
دوای ئەوەی سەعدی كوڕی موعاز ڕەزای خوای لێبێت حوكمی دا بەسەریاندا ئەوەبوو پیاوەكان و ئەوانەی جەنگیان پێدەكرا جیاكرانەوە لە ژن و منداڵەكان و لە ماڵی (بنت الحارث) لە بەنی نەججاڕ (كە شوێنێك بوو دابین كرابوو بۆ دابەزین و حەوانەوەی ئەو وەفدانەی كە ڕوویان دەكردە مەدینە) كۆكرانەوە و هەندێكیش دەڵێن لە خانووی ئوسامەی كوڕی زەید ڕەزای خوای لێبێت , وە ژمارەی كوژراوەكانیان بە چەند ڕیوایەتێك هاتووە لەوانە (400-500-600-700-800-900) بەڵام ئەو ڕیوایەتانەی ئەم ژمارانەیان تێدا هاتوون جگە لە ڕیوایەتی (400)كەسەكە كە ڕیوایەتی جابرە ڕەزای خوای لێبێت لە تورمزی و نەسائییدا هاتووە {21}, هەموویان قسە لەسەر مەتن و سەنەدەكانیان هەیە و هەروەها لە كتێبی (الاموال) ی ئیبن و زەنجەوییەشدا بەسەنەدێكی صەحیح هاتووە كە ژمارەی كوژراوەكان بریتیی بووە لە (40) كەس {22} و بەمەش دەردەكەوێت كە ژمارەی كوژراوەكانیان لە نێوان (40 -400) دا بووە , هەرچەندە بەگوێرەی ئەوەی لە خانوویەك یان دووخانوودا جێگەیان كراوەتەوە پێدەچێت ژمارەكە ئەوەندە زۆریش نەبێت و لەگەڵ ئەمانەشدا سێ كەس ڕزگاریان بوو بە هۆی باوەڕهێَنانیانەوە بە ئیسلام و گیان و ماڵ و سامانیان بۆ گەڕایەوە كە ئەوانیش (سەعلەبەی كوڕی سەعیەو ئوسەیدی كوڕی سەعیە و ئەسەدی كوڕی عوبێد) بوون {23}, وەك پێشتریش باسمان كرد یەكێكی ترلەوانەی ڕزگاریان بوو (عەمری كوڕی سەعدی) بوو بەڵام ئەم موسوڵمان نەبوو بەڵكو بە هۆی وەفا كردنی بە پەیمانەكەی خوای گەورە ڕزگاری كرد و موسوڵمانان بەریان بەرەڵاكرد و یەكێكی تریان كە ناوی زوبێری كوڕی باتا بوو پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بەخشییە سابتی كوڕی قەیسی كوڕی شەمماس ڕەزای خوای لێبێت بەڵام دوای ئەوەی زانی ئەوانی تر كوژران ئەمیش مردنی هەڵبژارد و حەزی نەكرد دوای ئەوان بمێنێتەوە بۆیە درا لە ملی , وە یەكێكی تریان كە ناوی ڕیفاعەی كوڕی سەمەوئەل بوو پەنای گرتە پورێكی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و پوورەكەشی ڕەزای خوای لێبێت داوای كرد لە پێغەمبەری خوا كە پێی ببەخشێت و ئەویش پێی بەخشی {24}, ئەوەی ژن و منداڵیش بوو بە سەر موسوڵماناندا دابەشكران و لە سەرچاوەكانی سیرەدا بەدورو درێژیی ئەوبابەتە باسكراوە . 
دەرەنجام و گفتوگۆ
یەكەم : ئێمەی موسوڵمان سیفەتێكمان هەیە كە لە كەسانی ترو پەیڕەوانی ئاینەكانی دیكە جیامان دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە خوای گەورە هەر فەرمانێك بكات ئێمەی موسوڵمان سەرپێچی فەرمانەكە ناكەین و گوێڕایەڵیی دەكەین وەك فەرموویەتی (إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَنْ يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ) {25}واتە " بەڕاستی قسەی باوەڕداران هەركاتێك بانگ كرابێتن بۆلای خواو پێغەمبەرەكەی بۆ ئەوەی حوكم بكەن لە نێوانیاندا هەر ئەوە بووە وتویانە ئەوا بیستمان و گوێڕایەڵ بووین و هەر ئەوانەش سەركەوتوون " ئەم بڕیارو حوكمەش حوكمی خوای گەورەیە پێش ئەوەی حوكمی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بێت , چونكە هەموومان دەزانین پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ تەنها پەیامبەرو ڕاگەیەنەرە وكاتێكیش سەعدی كوڕی موعاز ڕەزای خوای لێبێت ئەو حوكمەی دا بەسەریاندا ئەوەبوو پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ پێی فەرموو (بە حوكمی خوای گەورە حوكمت كرد ) و گەر واش نەبووایە و بڕیارەكە زیادە ڕەویی و ناڕەواییەكی تیابوایە ئەوا خوای گەورە ئاگاداری دەكرنەوە كە حوكمەكەیان لە جێی خۆیدا نەبووە هەروەك لە حوكمی سەر دیلەكانی (بەدر)دا ئایەت دابەزی و هەموو موسوڵمانان ئاگاداری ئەوەن , بەم پێیەش ڕەخنەگرتن لەو بڕیارە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە گرتنە لە فەرمانی خوای گەورە بۆیە پێویستە موسوڵمان ئاگاداری ئەو بابەتە بێت و هەركەسێكیش بە شێوەیەكی بابەتیانە لەو ڕووداوە بكۆڵێتەوە بۆی دەردەكەوێت كە بڕیارەكە بڕیارێكی دادپەروەرانەیەو خوای گەورە ستەمی لێ نەكردوون بەڵكو ئەوە جولەكەكان خۆیانن ستەمیان لە خۆیان كردووە .
دووەم : حەقیقەتێك هەیە كە زۆر گرنگە هەموو لایەك بە موسوڵمان و ناموسوڵمانەوە بیزانن ئەویش ئەوەیە كە ئەم شەڕو كوشتارەی كراوە لە پێناو( ئایین ) دا نەبووە وەك ئەوەی كە هەندێك ئەیانەوێت وای پیشان بدەن و دەڵێن ئیسلام لەبەر جولەكەبوون شەڕی ئەو هۆزانەی كردووە و بەزۆر ویستوویەتی موسوڵمانیان بكات , بەڵگەش بۆ ئەم وتەیە زۆرن و یەكێكیان ڕزگاربوونی (عەمری كوڕی سەعدی)یە لە نێو خوودی قورەیزییەكان خۆیان كە وەك وتمان بەهۆی ئەوەی وەفای بەو پەیمانە كرد كە لە نێوان ئەوان و موسوڵماناندا هەبوون و خیانەتی نەكرد ئەوەبوو بێ ئەوەی موسوڵمان بێت لەو ڕووداوە ڕزگاری بوو , وە گەورەترین بەڵگەش بوونی ئەو جوولەكانە بووە كە لە دوای ئەم ڕووداوانەوە لە مەدینەدا مابوونەوەو ئەگەر شەڕی بەنی قورەیزە و هۆزە جوولەكەكانی تر بۆ پاكتاوكردنی جوولەكە بووایە ئەوا بێگومان ئەوانیشی دەگرتەوە وپێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ كاتێ وەفاتی كرد قەڵغانەكەی لای جوولەكەیەك بە بارمتە دانابوو جگە لەمانەش جوولەكەیەكی زۆری دیكەش لە مەدینەدا بوون وئەمەش مانای ئەوەیە پاكتاوی ئاینی یان ڕەگەزیی نەكراوە بۆیە ئەو جوولەكانە مابوونەوە , بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ئەوەمان لەبیر نەچێ ئەو هاوپەیمانییەی جولەكەو عەرەب (ئەحزاب) بەستییان بە دڵنییاییەوە بۆ لەناوبردنی ئیسلامەتی و زیندە بەچاڵ كردنی یەكجاریی ئایینی ئیسلام بوو چونكە بەسەركەوتنی ئەوان پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ لەناو دەچوو بەلەناوچوونی پێغەمبەری خواش صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ وەحی نەدەماو ئەگەر هەموو موسوڵمانانیش بمانایە (كە نەشدەمان) ئەوا هەر ئیسلام كۆتایی پێدەهات چونكە تا ئەو سەردەمە ئایین كامڵ نەبووبوو خوای گەورە هێشتا ئایەتی (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ) {26} ی دانەبەزاندبوو , بەڵام كەس باسی ئەوەناكات .
سێیەم : سەرەڕای ئەوەی شەڕەكە شەڕی ئایینی نەبووە بەڵام ئەوانەی ئیسلامیان هەڵبژاردووە و باوەڕیان هێناوە لەمردن ڕزگاریان بووەو ماڵ و سامانیان بۆ گەڕاوەتەوە , وەك ئەو سێ كەسەی كە پێشتر باسمان كردن و هەروەها پێدەچێت لە ڕێگەدانی پێغەمبەر صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ بەوانەی كە نێوەندگیرییان دەكرد لەكاتی ئابڵوقەدانیاندا تەمای ئەوەی پێیان هەبێت موسوڵمان ببن چونكە موسوڵمان بوون هەموو تاوانەكانی پێشتر دەسڕێتەوە و ئەمەش لە بەزەیی پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ و سەماحەتی ئیسلام دەوەشێتەوە (والله اعلم) كە دەبینین سەڕەڕای ئەو خیانەتە گەورەیەی كردیان گەر موسوڵمان بوونایە ئەوا وازیان لێ دەهێنان بەڵام هەروەك پێشتریش وتمان كەسەركردەو دەم سپییەكانی خۆیانیش پێشنیاری ئیسلامیان بۆ كردن وەك كەعبی كوڕی ئەسەدی قورەزیی وعەمری كوڕی سەعدو پێیان وتن ئێوە باش دەزانن كە ئەو پیاوە ئەو كەسەیە كە تەورات هەواڵی پیداون و سەرپێچی كردن و دژایەتی ئەو بە هیلاكتان دەبات كەچی ئەوەبوو سەرسەختییان كردو ئامادە نەبوون موسوڵمان ببن .
چوارەم : هەندێك نكووڵی لەم ڕووداوە دەكەن بە بیانووی ئەوەی وەها باسێك دەبێتە هۆی برینداركردنی هەستی مرۆڤ و هەندێكی تریش لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورەی دەكەن و بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناودەبەن و ئەم دوو بۆچوونەش هەردوكیان هەڵەن , چونكە ئەوەی بەسەر جولەكەداهات بەهۆی خیانەتی خۆیانەوە بووەو پاداشتی كاری خۆیان وەرگرتووە (الجزاء من جنس العمل) , ئەو خیانەتەی ئەوان كردیان بە درێژایی مێژوو ئێستاشی پێوە بێت بریتییە لە خیانەتی گەورە (الخيانة العظمى) و لەیاساو ڕێسای هیچ وڵاتێكدا سزای ئەم جۆرە خیانەتە لە كوشتن (اعدام) و زیندانی هەتا هەتایی كەمتر نییە , لێرەشدا با بپرسین ئایا ئەگەر ئەو خیانەتەی جولەكە كردی لەو كاتەدا سەری بگرتایە ئایا موسوڵمانان و لە پێش هەمووشیانەوە پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ چارەنووسیان چیی دەبوو ؟ تۆ بڵێی لێیان خۆش بوونایە؟ ئایا چی لە جوولەكە بەگشتیی و حویەی كوڕی ئەختەب بەتایبەتی و سەركردەكانی تری بەنی نەزیرو عەرەبە هاوەڵدانەرەكان دەوەشایەوە بيكةن كە تینووی خوێنی (موحەممەد) و موسوڵمانان بوون , باویژدانەكان وەڵامێكی دادپەروەرانەبدەنەوە .
پێنجەم : كەسانێك دێن و بە بیانووی جیاواز ڕەخنە لە (بڕیاری كوشتنی ئەو هەموو كەسە دەگرن) كە بڕیارەكە هەموو ئەوانەی گرتەوە كە موویان لێ ڕووابوو وەتوانای چەك هەڵگرتنیان هەبوو , ئەوەش خستوویانەتیە ئەو هەڵەیەوە وەك پێشتریش وتمان ئەوەیە كە بە پێی هەلو مەرجی ئەم سەردەمەی ئێستا بابەتەكە لێكدەدەنەوە كە هەروڵاتێك سوپای خۆی هەیە و سیستەمێكی سەربازیی دیاریكراوی هەیە بەڕێوەی دەبات و بە پێی یاسا تەمەن و ئاستی بەشداریی كردنی سەربازان دیاری دەكات و جگە لەمەش زۆر وڵات ژمارەی سەربازیان دیاری كراوە و لە كاتێكدا لەو سەردەمەی ڕووداوی بەنی قورەیزەی تێدا ڕووی داوە بە پێی سیاسەت و یاساو ڕێسا خێڵەكییەكانی ئەو سەردەمە خێل و هێزەكان نە سوپایەكی دیاری كراو نە هێزێكی ڕێكخراویان نەبوو بەڵكو ئەوەندە هەبوو لەكاتی شەڕو پێویستییدا هەركەسەو توانای هەڵگرتنی چەك و شەڕكردنی هەبووایە ئامادە دەبوو بۆ جەنگ وە هێزو سوپا بەو شێوە دروست دەكرا , تاكەكان لە نێو هۆزدا كارێكی دیاری كراویان نەبوو , واتە كەسێك نەبوو تەنها سەرباز بێت بەڵكو لە كاتی جەنگا سەربازبوون بەڵام هەر بەكۆتایی هاتنی جەنگ دەگەڕانەوە سەركاری پێشوویان جا شوانكارەیی بوایە یان جوتیاریی یا هەر كارێكی تر و لەم ڕوانگەیەشەوە هەركەس توانای هەڵگرتنی چەكی هەبوایە یان بە مانایەكی تر مووی لێ بهاتایە بە چەكدار هەژمار دەكراو بەم پێیەش بڕیارەكەی ئەو كاتەی سەعدی كوڕی موعازڕەزای خوای لێبێت و پێغەمبەری خوا صَلَی اللَّهُ عَلَیْەِ وَسَلَّمَ نەك هەر كەم وكورتیی نەبوو بەڵكو سەداسەد لە جێی خۆیدابوو وە بڕیارێكی ڕەوا بوو . 
سەرچاوەكان : 
{1} الحجرات : (6)
{2}السيرة النبوية لابن هشام : ج2/150 - 151
{3}نفس المصدر :ج2/190
{4}نفس المصدر
{5}الطبقات الكبرى لابن سعد ج2 /57
{6}السيرة الحلبية ,علي برهان الدين الحلبي: ج5 /27
{7}غزوة الاحزاب محمد احمد باشميل :ص131
{8}السيرة النبوية لابن كثير: ج3/ 118
{9} السيرة النبوية لابن هشام :ج2/222
{10} النور :51
{11} نفس المصدر 
{12}الطبقات الكبرى لابن سعد : ج2/71
{13} البداية والنهاية لابن كثير: ج4 /113
{14} بروانە صحيح البخاري /ح/4117
{15}غزوة بني قريظة ,محمداحمد باشميل :159
{16} بروانە سيرة النبوية لابن هشام : ج2 /236
{17} هەمان سەرچاوە /239
{18}غزوة بني قريظة مةحمد احمد باشميل /167-168
{19}السيرة النبوية لابن هشام : ج2/239
{20}صحيح البخاري /ح/3804
{21}سنن الترمذي 1582 وصححه الالباني , النسائي 8679
{22}الاموال لابن زنجوية /ح/359
{23}السيرة النبوية الصحيحة , اكرم ضياء عمري /316
{24}السيرة النبوية لابن هشام :ج3 /173-174
{25}النور : 51
{26}المائدة : 3

سەردان: ٦,١٧٢ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان