خودا ئێمە‌ی دروست كردووە‌ و پاشان خۆی لێمان شاردۆتە‌وە‌ و نایبینین ، ئەگە‌ر بڕواشی پێ‌ نەكەین بۆ هە‌تا هە‌تایە دە‌مانسوتێنێ‌ ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
خودا ئێمە‌ی دروست كردووە‌ و پاشان خۆی لێمان شاردۆتە‌وە‌ و نایبینین ، ئەگە‌ر بڕواشی پێ‌ نەكەین بۆ هە‌تا هە‌تایە دە‌مانسوتێنێ‌ ؟
پرسیار:

چۆن وەڵامى ئەم گومانە دەدەنەوە :

خودا ئێمەی دروست كردووە و پاشان خۆی لێمان شاردۆتەوە و نایبینین ، ئەگەر بڕواشی پێ نەكەین بۆ هەتا هەتایە دەمانسوتێنێ ؟

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان ، خوای هەموو جیهانیان ـ بە جنۆكە و مرۆڤ و هەموو دروستكراوەكانی ـ ، صەڵات و سەلامیش لەسەر پێغەمبەری میهرەبانی و نیردراو بە ڕەحمەت بۆ هەموو جیهان ... پاشان دەڵێم :
ئەمە جۆرە ووتە و گومانانەی كە هەندێك جار لە خەڵكانێكەوە دەبیسترێن ، بێگومان نیشانەی ئیفلاسی عەقڵی و لۆژیكی و زانستی و ئاینی و ... هتدیە !!!
ئەگەر بووترێت : بۆچی ئیفلاسە لە هەموو ئەوانەدا ؟!
ئەوا لە وەڵامدا دەوترێت : ئیفلاسی عەقڵی و لۆژیكی و زانستی لەوەدایە كە : زۆرێك لەوانەی كە مرۆڤ بڕاوی پێهێناوون لە دروستراوەكانی گەردوون لە نزیكن لەمرۆڤەوە ـ نەك سەبارەت بە دروستكار و بەدیهێنەر ـ ... هەر پێویستی بە بینین نەبووە ، بەڵكو هەر بیریشی لێنەكراوەتەوە ، بەڵام بەشوێنەوار و كاریگەریان لە ژیانی ڕۆژانەیدا ، وای لێكردووە باوەڕیان پێبهێنێت ، و دان بە بوونیان بنێت ، لەوانەش : ئەلكترۆن و نیوترون و وخولگەكانیان و كێشكردنی زەوی و ڕووح و هزر ( عەقڵ) و سەدان شتی تر، ئەگەر نەڵێین هەزارانی تر .... كەچی مرۆڤ بەهۆی كاریگەریان لە ژیانی ڕۆژانەیدا بڕوای پێهێناوون ، و دانیان پێدا دەنات ، و نكوڵیان لێناكات ... كەچی لاف لێدەرانی : ( عەقڵ !! و لۆژیك !!! و زانست !!! ) دێن پرسیاری لەم جۆرە دەخەنەڕوو ، كە گێڕانەوە بەسە و پێویستی بەوەڵام دانەوە نابێت ، و لەولاشەوە نیشانەی ئیفلاسی خاوەنەكەیەتی لە هەموو ئەو بوارانەدا !!!!!
ئەمە ئەگەر بۆ دروستكراو و بەدیهێنراوەكان وابێت ، ئەی دەبێت ئەم پرسیارە چەند مایەی ئیفلاس بێت ئەگەر بەرامبەر بە پەروەردگار و بەدیهێنەر و خالقی دروستكراوەكان بكرێت ؟!!!! ئەمە لەلایەكەوە .
لەلایەكی ترەوە : خوای پەروەردگار ئەوەندە ڕێگەی بۆ مرۆڤ ئاسان كردووە بۆ باوەڕپێهێنان ، هەر پێویست بە بینی خودا پەروەردگار نیە ... .
ئەوەتە فیترەتی پێ بەخشیووین ـ ئەگەر ژەنگی بێباوەڕی و كوفر سەری نەگرتبێت ـ بەهۆیەوە مرۆڤ دەتوانێت پەروەردگاری خۆی بدۆزێتەوە ، ئەوەتە خوای پەروەردگار دەفەرموێت :
خوای پەروەردگار سەبارەت بە بەڵگەی فیترەت فەرموویەتی :[ وَإِذْ أَخَذَ رَبُّكَ مِنْ بَنِي آدَمَ مِنْ ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنْفُسِهِمْ أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى شَهِدْنَا أَنْ تَقُولُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّا كُنَّا عَنْ هَذَا غَافِلِينَ ] ( الأعراف : 172 ) ، ئەم ئایەتەش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە خوای پەروەردگار دروستكراوەكانی بۆ ناسین ویەكتاپەرستی خۆی هیدایەت داوە ، و پێی فەرموون كە ئەو پەروەردگاری ئەوانە .
وە هەر لەم بارەیەوە فەرموویەتی : [ فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ ] ( الروم : 30 ) ، واتە : ئەم ئایەتە ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە خوای پەروەردگار خەڵكی لەسەر ئەوە ڕێنمووی كردووە كە هەر لە فیتڕەتیاندا دان بنێن بەبوونی ئەو تاك وتەنهایی ، بۆیە دەبینین زۆرینەی خەڵك لەسەر ئەوەن كە دان دەنێن بەبوونی بەدیهێنەریان بەشێوەیەكی ئاسایی وبەڵگە نەوویستی ، چونكە پێویستی مرۆڤەكان بۆ خوای پەروەردگار گەورەترە لە شتانی تر ، چونكە هەر ئەو كە چاكەكانیان تووش دەكات وخراپەكانیان لێ دوور دەكاتەوە ... هتد .
وە پەیامبەری خوداش ئاماژەی بەم بەڵگەیە كردووە لە چەندەها ووتەیدا ، لەوانەش : " كُلُّ مَوْلُودٍ يُولَد على الْفطْرةِ ، فأَبَوَاهُ يُهَوِّدَانِهِ أَوْ يُنَصّرَانِهِ أوْ يُمَجِّسَانِهِ " ( رواه البخاري ومسلم ) ، واتە : هەموو لەدایك بوویەك لەسەر فیترەت لە دایك دەبێت ، بەڵام دایك وباوكی دەیكەن بە جولەكە یان بە گاور یان بە ئاگرپەرست .
كەواتە مرۆڤە فیترەت تەندروستەكان بە فیترەتی خۆیان باوەڕیان بە بوونی ( الله ) هەیە ، كەچی دەبینیت هەندێك كەسانی ساویلكە لە فیترەتی خۆیان لادەدەن ، و نكوڵی لەو ڕاستیە چەسپاوەی ناخیان دەكەن !!!
وە هەر خوای پەروەردگار عەقڵیشی بە مرۆڤەكان بەخشیون ـ ئەگەر تەندروستانە بەكاری بهێنن ، و پەكی نەخەن و خۆیان نەبەنە ڕیزی .... ـ و بەهۆیەوە دەتوانن خوای پەروەردگار بدۆزنەوە كە تەنها و دانا و زانا و كاربەجێی و پەروەردگارە ، و .... هتد ، هەموو ئەوەش لە ڕوانیمان بۆ دروستكراوەكانی ، هەر لە خۆمانەوە دەستی پێبكەین ، تاكو بچوكترین دروستكراوی ئەم گەردوونە .... .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ أَفَلَا يَنْظُرُونَ إِلَى الْإِبِلِ كَيْفَ خُلِقَتْ (17) وَإِلَى السَّمَاءِ كَيْفَ رُفِعَتْ (18) وَإِلَى الْجِبَالِ كَيْفَ نُصِبَتْ (19) وَإِلَى الْأَرْضِ كَيْفَ سُطِحَتْ (20) فَذَكِّرْ إِنَّمَا أَنْتَ مُذَكِّرٌ (21) لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُصَيْطِرٍ (22) إِلَّا مَنْ تَوَلَّى وَكَفَرَ (23) فَيُعَذِّبُهُ اللَّهُ الْعَذَابَ الْأَكْبَرَ (24) إِنَّ إِلَيْنَا إِيَابَهُمْ (25) ثُمَّ إِنَّ عَلَيْنَا حِسَابَهُمْ ] ( الغاشية : 17 ـ 26 ) .
وە فەرموویەتی : [ وَفِي الْأَرْضِ آيَاتٌ لِلْمُوقِنِينَ (20) وَفِي أَنْفُسِكُمْ أَفَلَا تُبْصِرُونَ ] ( الذاريات : 20 ـ 21 ) .
هەروەها دەفەرموێت : [ قُلْ أَرَأَيْتُمْ إِنْ كَانَ مِنْ عِنْدِ اللَّهِ ثُمَّ كَفَرْتُمْ بِهِ مَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ هُوَ فِي شِقَاقٍ بَعِيدٍ (52) سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنْفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ ] ( فصلت : 52 ـ 53 ) ... و دەیان ئایەتی تر .
بۆیە شاعیر دەڵێت :

وفي كل شيء له آية تدل على أنه واحد .
وە بەوەشەوە نەوستاوە ، دەبینین پەرتوك و بەرنامەی تۆكمەی بەهاوڕەگەزی خۆمان ـ واتە : مرۆڤدا ـ ناردووە ، ئەمەشیان ئەوپەڕی بیانوو بڕینە بۆ ئەوەی ئەگەر لە دونیاشدا ووتەی عەنتیكەی واش بڵێن : (( خودا ئێمەی دروست كردووە وپاشان خۆی لێمان شاردۆتەوە و نایبینین )) !!!!! ئەوا لە دواڕۆژدا هیچ بڕوبیانویەكمان بۆ نەمێنێتەوە ... .
بۆیە ئەو ووتەیەی سەرەوە ئیفلاسی ئایینیش بوو ، چونكە بێژەرەكانیان بێ ئاگان لە زانیاری ئایین و پرنسیپ و بنەواكانی .... سەرباری ئەوەش كە لافی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و ..... هتد لێدەدەن !!!!!
وە زیاد لەسەر هەموو ئەوانەی كە ووترا دەڵێم : باشە كەسانێك ئەگەر تاكو ئێستا نەگەشتبێتنە ئەوەی كە سنوری هەستەوەرەكانیان سنوردارە و داوای بینی خوای پەروەردگار بكەن بۆ ئەوەی بڕوای پێبهێنن !!!! ئاخۆ پێمان ناڵێن هۆكاری چیە كە باوەڕیان بەهەموو ئەو نموونانەی سەرەوە هەیە ، كەچی هیچیشیان نەبینیوە ، ئاخۆ بۆ پێمان ناڵێن : ئەشیعەكانی ژوورووی وەنەوشەیی و خواروی سووریان چۆن بینیوە ؟!!! كەچی باوەڕیان پێهێناوە !!!!
ئەی پێمان ناڵێن : ئەو هەموو ئەشیعەیەی كە لە گەردوندا هەیە چۆن بینیویانە ؟!!! كەچی باوەڕیان پێهێناوون ؟!!!
نامەوێت زۆر دوور بڕۆم دەگەڕێمەوە بۆ خودی مرۆڤ ، و لەو كەسانە دەپرسم كە ئەم جۆرە ووتە و گومانانە دەڵێن :
بۆ دەبێت تۆ باوەڕت بە بوونی ڕوحی خۆت نەبێت ؟!!! ئەی بۆ دەبێت باوەڕت بە بوونی مێشك و عەقڵی خۆت نەبێت ؟!!!
بێگومان تۆلە لەبەردەم دوو وەڵامدای :
یەكەم : باوەڕم بەهەردووكیان هەیە سەرباری نەبینینم بۆیان ... منیش پێت دەڵێم : ئەی خۆ نەتبینیوون ، بۆ دەبێت باوەڕت پێیان هەبێت ؟!!!!
جا ئەگەر سوربوویت لەسەر وەڵامەكەت ، دەڵێم : بۆ پرس و باسی نەبینینی خوای پەروەردگار ئەم بۆچوونە بەكار بهێنە ، خۆ ناكرێت هەمان پرس و باس بانێك و دوو هەوان بێت !!!
دووەم : باوەڕم پێیان نیە ، چونكە خۆیان لێشاردوومەتەوە ، و نایانبینم !!!!!!!!!
ئەو كات من هیچ وەڵامێكم نیە ، جگە لەوە نەبێت كە ڕەوانەی دادگایی خوێنەرانت دەكەم ، بۆ ئەوەی بەدادوەرانە حوكم لەسەر خۆت و ووتە و گومانەكەشت بدەن .
پەروەردگار هیدایەتدەری هەموو لایەك بێت بۆ ڕەوایی و هەق .... ئامین .

لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام كەلاری) ەوە وەڵام دراوەتەوە

27 / 7 / 2017

سەردان: ٣,٥٨٣ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان