حوکمى زینا کردن لەگەڵ دراوسێ چیە ؟ ئایا ڕاستە تاوانەکەى گەورە ترە؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەرەتا ئەوە بزانە كەوا زیناكردن و داوێن پیسی یەكێكە لە تاوانە گەورەكان و كارێكی زۆر نابەجێ و ترسناكە، خوای گەورە لە قورئاندا فەموویەتی: [وَلاَ تَقْرَبُواْ الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاء سَبِيلاً] [سورة الإسراء: (32) ] .
واتە: نزیكی زینا مەبنەوە چونكە زیناكردن كارێكی زۆر ناشیرینە و ڕێگایەكی خراپە.
وە سەبارەت بە زینا و داوێنپیسی کردن لەگەڵ دراوسێ گومانى تێدا نیە کە یەکێکە لە تاوانە گەورەکان
ئیبنو مەسعود (ڕەزاى خواى لێ بێ) پرسیاری لە پێغەمبەرى خوا ﷺ كرد ووتی: (( يارسول الله : ايً الذنب اعظمُ ؟ قال اَن تَجعَلَ لله نِداً وهو خلَقَكَ ؟ قلتُ ثُمَ أي ؟ قال : أن تقتُلَ ولَدَكَ مخافة أن يَطعَمَ معَكَ , قال :قلتُ ثُمَ أي ؟ قالَ أن تُزانيَ بحليلةِ جارِكَ))( أخرجه:البخاري(4477) ,ومسلم(86) ) .
واتە : ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ كام تاوان گەورەترین تاوانە ؟
فەرمووی : ئەویە كە لەگەڵ ئەو خوایەی كە دروستی كردوویت شەریك و هاوتایەك بڕیار بدەیت .
ووتم ئەی دوای ئەو ؟
فەرمووی : ئەوەیە كەمنداڵەكەت بكوژیت لەترسی ئەوەی نانت لەگەڵ بخوا .
ووتم : ئەی دوای ئەو ؟
فەرمووی : ئەوەیە كە زینا لەگەڵ ژنی دراوسێكەتدا بكەیت .
وە زینا کردن لەگەڵ دراوسێ تاوانەکەى (10) قاتە
وە هەروەها میقدادی كوڕی ئەسوەد(ڕەزاى خواى لێ بێ) دەفەرموێت : ((سَأَلَ رسول الله (ﷺ) أصحابه عن الزنى قال: {ماتقولون في الزنا} ؟
قالوا حرام حرّمه الله ورسوله ، فهو حرام الى يوم القيامة قال : فقال رسول الله(ﷺ) ((لاِن يزني الرجُلُ بعشرِ نسوةٍ ، ايسر عليه مِن ان يزنيَ بامراةِ جاره))}
وسألهم عن السرقة {قال ((ماتقولون في السرقة)) ؟ قالوا : حرَّمها الله ورسوله فهي حرامٌ قال : ((لاِن يسرق الرجل من عشرة ابياتٍ ايسر عليه مِن أن يَسرِق من {بيت} جاره} )) أخرجه:البخاري في(الادب المفرد) .
واتە : پێغەمبەری خوا ﷺ پرسیاری لەهاوەڵەكانی كرد و فەرمووی : چی دەڵێن سەبارەت بەزینا (واتە:داوێن پیسی) ؟
وتیان : حەرامە خواو پێغەمبەرەكەی ﷺ حەرامیان كردووە و هەتا ڕۆژی كۆتایی حەرامە .
ئینجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : (ئەگەر پیاوێك زینا بكات لەگەڵ دە ئافرەتدا ئاسان ترە لەوەی كە زینا بكات لەگەڵ ئافرەتی دراوسێكەیدا .
ئینجا پرسیاری لێ كردن سەبارەت بە دزی ئەوان وتیان : حەرامە خوداو پێغەمبەرەكەی حەرامیان كردووە ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : ئەگەر پیاوێك دزی لە دە خانوو بكات ئاسان ترە لەوەی دزی لە خانووی دراوسێكەی بكات .
بۆیە بابەتی دراوسێیەتی بابەتێکی گەورەیە لەشەرع دا ، ولەبارەی مافی دراوسێیەتیەوە پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى: (وَاللَّهِ لاَ يُؤْمِنُ، وَاللَّهِ لاَ يُؤْمِنُ، وَاللَّهِ لاَ يُؤْمِنُ، قِيلَ: وَمَنْ يَا رَسُولَ اللَّهِ؟ قَالَ: الَّذِي لاَ يَأْمَنُ جَارُهُ بَوَائِقَهُ)(متفق عليه)، واتە: سوێند بەخوا باوەڕى تەواو نییە، سوێند بەخوا باوەڕى تەواو نییە, سوێند بەخوا باوەڕى تەواو نییە، وترا: كێ ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ ئەویش فەرمووى: ئەو كەسەى كە دراوسێكەى لە ئازار وخراپەى دڵنیا نییە.
هەر بۆیە زینا کردن لەگەڵ دراوسێدا تاوانی زینا کردنی هەیە لەگەڵ دە ئافرەت لەکەسانی تر ، مافی دراوسێ گەورەیە، پێویستە لەسەر دراوسێ ئەو مافە بدات وڕێز لەدراوسێیەکەی بگرێت .
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم .