تەوبە چی یە و مەرجەكانی چی یە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تەوبە چی یە و مەرجەكانی چی یە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
تەوبە واتە گەرانەوە لە خراپەكاری و سەرپێچی خوای پەروەردگارەوە بۆ چاكەكاری و گوێرایەڵی خوای پەروەردگار ئەمە مانای تەوبەیە، وە لەهەموو گوناهێك تەوبە كردن واجبە، واتە واجبە هەموو مرۆڤێك كاتێك گوناه وتاوان ئەنجام دەدات تەوبە بكات
مەرجی یەكەم: مەرجێكی سەرەكی بۆ تەوبە بریتی یە لە دڵسۆزی و ئیخلاصە بۆ خوا واتە كاتێك تەوبە دەكات مەبەستی رەزامەندی خوا بێت بۆ ئەوەی كەوا لە گوناهەكەی خۆش بێت، بۆ ریای نەبێت هەیە بەناو دەڵێت تەوبەم كردووە، بگەرێت بەناو خەڵك دا بڵێت من پێشتر جولەكە بووم یان گاور بووم یان شەیتان پەرستن بووم یان هەرشتێكی تر ئێستا تەوبەم كردووە بیەوێت بەوناوەوە پارە لەخەڵكی كۆبكاتەوە وە مەبەستی لەو تەوبە كردنە ئەوەنەبێت كە خۆی رزگار بكات لەوسزایەی كە لەشەرع بۆ ئەوتاوانە دانراوە، بۆ ئەوەی كەوا دەسەڵات دار سزای نەدات و بچێتە لای دەسەڵات داری موسڵمان بڵێت تەوبەم كردووە بۆ ئەوەی سزای نەدات بەڵام لەناخ دا درۆ دەكات

دووەم: ئەبێت پەشیمان بێت لە ناخی دا لەسەر ئەو تاوانەی كە پێشتر ئەنجامی داوە، ئەم پەشیمان بوونەوەیەی بەڵگەیە لەسەر راستی یەتی تەوبەكەی، ئەگەر پەشیمان بێتەوە كەواتە تەوبەكەی راستە، ئەبێت سەرزەنشتی خۆی بكات و پەشیمان بێتەوە لەوەی پێشووی، بۆئەوەی كەوا خوای گەورە ومیهرەبان لێ‌ ی خۆش بێت.
سێ‌ یە م: دەست هەڵگرتن و واز هێنان لەو گوناهەی كە لەو دایە، چۆن دارێك هەڵدەكێشیت ئەبێت ئەو تاوانە لەدڵی دا نەهێڵێت و خۆشەویشتی بۆ ئەو تاوانە لە دڵی دا نەمێنێت چۆن دارێك لەڕەگەوە هەڵبكێشێت.
بۆ نمونە: كەمتەر خەمی هەیە بەرامبەر بە دایك و باوكی تەوبە بكات واجبە لەسەری ئەو كەم تەرخەمی یە نەهێڵێت، ئەگەر حەرامێكە ئەنجامی دەدات واجبە لەسەری خێرا واز بهێنێت،بۆنموونە ریبا دەخوات كە تەوبە دەكات دەبێت وازی لێ‌ بهێنێت و كۆتایی پێ‌ بهێنێت، ئەگەر غەش كردنە و ئەگەر درۆكردنە و ئەگەر خیانەت كردنە و ئەگەر غەیبەت كردنە و ئەگەر قسە هێنان و قسە بردنە و قسە كردنە لە ناموسی خەڵك.... هەركام لەم كارە خراپانە بێت كە گووتی تەوبەم كردووە ئەوانە دەبێت وازبهێنێت و دەستی لێ‌ هەڵبگرێت، وە لەوە گەورە تر ئەوەیە كە جنێودان بێت بەخوا یان بە پێغەمبەر – صلی الله علیە وعلی ألە وسلم – كە ئەوانە كوفرن یان گاڵتە كردن، كە گووتی تەوبە دەكەم بە بێ‌ دواكەوتن و بەزووترین كات تەوبە بكات و واز لەوكارە بهێنێت وە كرداری چاك زۆر ئەنجام بدات بە ئومێدی ئەوەی خوای گەورەومیهرەبان لێ‌ ی قبوڵ بكات.
چوارەم: بریار بدات لە داهاتوو دا نەگەرێتەوە بۆ ئەو تاوانە، ئەگەر كەسێك بێت دەوڵەمەندە بە ماڵەكەی ئیشی حەرام دەكات دەبێت جارێكی تر نەگەرێتەوە بۆ ئەو حەرامە، سەفەر دەكات بۆ ووڵاتێكی دەرەوە لەوێ‌ لەووڵاتانی كوفر بەئاسانی زینای دەست دەكەوێت – پەنا بە خوا – كە تەوبەی كرد لە داهاتوو دا دەبێت جارێكی تر نەگەرێتەوە بۆ ئەو تاوانەی كەوا پێشتر ئەنجامی داوە.
پێنجەم: ئەوكاتەی كەئەو تەوبەی تێدا دەكات دەبێت ئەو كات كاتی تەوبە مابێت، ئەوەی كەوا پەیوەندی بە خاوەن تاوانەكەوە هەیە واتە روحی نەگەیشتبێتە قورگی،ئەگەر روحەكەی گەیشتبێتە قورقوراگەی ئەوە تەوبەكەی قبوڵ نی یە ئەوكاتە وەكو تەوبەكەی فیرعەون، كاتێكی تر بۆ تەوبە بەشێوەیەكی گشتی نەگەیشتبێتە ئەوكاتەی كە خۆر لە خۆرئاواوە هەڵدێت، یەكێك لە نیشانەكانی رۆژی قیامەت خۆر هەڵاتنە لە خۆرئاواوە، پێچەوانەی ئێستا كە گەیشتە ئەوكاتە بێگومان تەوبەی قبوڵ نی یە، ئەمانە لەنێوان خۆی و خوا، بەڵام لەنێوان ئەو و خەڵك دا ئەبێت گەردنی خۆی ئازا بكات بەو كەسەی كە حەقی لایانە یان بیگێرێتەوە بۆیان، ئەگەر بوهتانی بۆكەسێك كردووە ئەبێت بچێت داوای گەردن ئازایی لێ‌ بكات لەوشوێنەی كەئەم كەسە بوهتانەی تێدا بڵاو كردۆتەوە، ئەبێت خۆی بە درۆ بخاتەوە، ئەبێت بڵێت من شتێكی وام گووتووە بەرامبەر فڵانە كەس هەڵەم كردووە بەوشێوەیە نەبووە، ئەگەر غەیبەتی كردووە، ئەبێت بچێت بۆ لای ئەگەر ئەو غەیبەتەی بیستبێتەوە، وە ئەگەر نەیبیستبێتەوە ئەوە با نەچێت بۆ لای تاوەكو فیتنەكە گەورەتر نەبێتەوە، بەڵام بەهەمان شێوە لەو شوێنەی كە غەیبەتی كردووە ئەبێت ئەو كەسانەی لەوێ‌ دانیشتوون عوزر بێنێتەوە و بڵێ‌ من پەشیمانم لەو كارەی كردم و هەڵە بووم، ئەگەر ماڵی خواردووە ئەبێت ماڵەكەی بۆ بگەرێنێتەوە، ئەگینا تەوبەی قبوڵ نی یە ئەوە نێوان خۆی وخەڵك.
لە لایەن بەڕێز مامۆستا [عبدالكریم محمد قادر] ه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٦,٣١٨ بەش: تەوبە کردن