ئایا كابۆ لەبەركرن بۆ كوڕ لە زانكۆ حەرامە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا كابۆ لەبەركرن بۆ كوڕ لە زانكۆ حەرامە ؟

شوكر و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، و صەڵات و سەلامیش لەسەر پێغەمبەر و ئال و بەیت و یار و یاوەڕنی تا ڕۆژی دوایی،... پاشان دەڵێم:

بێگومان ناوی پارچە و كوتاڵەكان ـ كابۆ بێت یان هەر ناوێكی تر ـ حوكمی حەرامێتی پێوە پەیوەست نیە، جگە لەوا جۆرە پارچە و كوتاڵانە نەبێت كە دەقی شەرعیان لەسەر هاتووە، و بەحەرام دانراون، وەك ئاوریشم (الحریر) كە لە دەقی فەرموودەی پێغەمبەری () هاتووە كە حەرامە لەسەر پیاوان... ئەمە لە لایەكەوە.

بەڵام لەلایەكی ترەوە ـ هەروەك ئاشكرای هەمووانە ـ ئایینی پیرۆزی ئیسلاممان ـ لەبەر ئەوەی ئایینێی كامڵە، و بایەخی داوە بە هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ، كە كەلوپەل و جلوبەرگ یەكێكە لەو بوارانە ـ دەبینین چەندەها مەرجی بۆ كەلوپەل و جلوبەرگمان داناوە ـ بۆ پیاوان بێت یان بۆ ئافرەتان ـ، ئەوەش بۆ ئەوەی كەسایەتی موسڵمانان تایبەتمەندی خۆیان هەبێت، و جیابكرێنەوە لە ئوممەتانی تر... نەك شوێنكەوتەی ئەم ئەوان بن و لاسای ئوممەتانی تر بكەنەوە !!! كەچی بەداخەوە موسڵمانان ـ لەم سەردەمانەی دواییدا ـ لە جلوبەرگ و پۆشاكیاندا لە بێباوەڕان جیا ناكرێنەوە !!! ئەمەش نەك لەبەر شوێنكەوتنی ئەوان بۆ موسڵمانان، بەڵكو لەبەر شوێنكەوتن و لاسایكردنەوەی موسڵمانان بۆ بێباوەڕانە !!!
بەهەرحاڵ: پەنتۆڵ لە بنەوادا پۆشاك و جلێكی بێباوەڕانە، و دروست نیە موسڵمان بیپۆشێت ـ كابۆ بێت یان هەر كوتاڵ و پارچەیەكی تر ـ بەڵام لەحاڵ و باری زەرورەتی ئێستای موسڵماناندا كە لە ناوەندەكانی خوێندن و ناوەندەكانی تردا سەپێنراوە بەسەر موسڵماناندا، لە بابی زەرورەتدا دەووترێت: پۆشینی پەنتۆڵ بۆ پیاوان لە كاتی زەرورەت و ناچاریدا دروستە لە پێ‌ بكرێت، بەڵام دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت مەرجەكانی پۆشاكی موسڵمانانی تێدا بەدیبهێنرێت، لەوانە:
1 ـ دەبێت فراوان بێت نەك تەسك و تروسك !!! بەشێوەیەك بەشەكانی لەش و عەورەت قەبارە نەكات و دەریان نەخات... بەتایبەت بۆ كاتی نوێژەكان كە مەرجە تیایاندا پۆشاك تەسك نەبێت، بە شێوەیەك عەورەتی نوێژكار قەبارە بكات !!!
2 ـ نابێت تەنك بێت، بەڵكو دەبێت ئەستور بێت، بەشێوەیەك عەورەتی لەپێكەرەكەی ـ پیاو بێت یان ئافرەت ـ دەرنەخات لە تەنكیدا !!!
3 ـ كورتكردنەوەی، بەشێوەیەك بكەوێتە سەروی قاپەڕەقەكانەوە، نەك بەزەویدا بخشێت !!! چونكە شوڕی جلوبەرگ و پۆشاك بەشێوەیەك بكەوێتە خوار قاپەڕەقەكانەوە ـ بۆ پیاوان ـ حەرام و قەدەغەیە و یەكێكە لە تاوانە گەورەكان... خوا پەنامان بدات.
4 ـ لەسەر شێواز و جلوبەرگی ئافرەتان نەبێت، چونكە خۆشوبهاندنی پیاوان بە ئافرەتان دروست نیە و نەفرینی لەسەر، و تاوانێكی گەورەیە.
بەم مەرجانە و هەموو ئەو مەرجانەی تر كە لە شەریعەتدا باس كراوون، بەنتۆڵ لەپێكردن بۆ پیاوان دروستە بۆ زەرورەت و ناچاری، جا پارچە و كوتاڵەكەی پێ‌ی بووترێت: كابۆ یان هەر ناوێكی تری هەبێت... خوای پەروەردگاریش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری

سەردان: ٣,٩٢١ بەش: هەمەجۆر