ئەو سونەت و ئادابانە چین کە لە کاتى خواردن و خواردنەوە دەبێ ئینسانى موسڵمان پەیڕەویان بکات؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو سونەت و ئادابانە چین کە لە کاتى خواردن و خواردنەوە دەبێ ئینسانى موسڵمان پەیڕەویان بکات؟

یەکێک لە نیعمەتەكانی خوای پەروەردگار بەسەر مرۆڤەوە ، ئەوەیە كە ئەو هەموو خواردن و خواردنەوەی پێ‌ بەخشیوە بۆ ئەوەی سودمەند بێت پێیان ، هەروەكو فەرموویەتى : [ هُـوَ الَّذِي خَلَقَ لَكُم مَّـا فِي الأَرْضِ جَمِيعاً ] ( سورة البقرة : 29 )، واتە : هەر ئەوە كە هەموو ئەو شتانەی بۆ خوڵقاندوون كە لە زەویدا هەن .
بۆیە ئەبێت شوكرانە بژێری ئەو نیعمەتانەی بكەین بۆ ئەوەی خوای پەروەردگار زیادیان بكات و نەیبڕێت .
چونکە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ لَئِن شَكَرْتُمْ لأَزِيدَنَّكُمْ وَلَئِن كَفَرْتُمْ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٌ ] ( سورة إبراهيم : 7 ) ، واتە : ئەگەر شوكرانە بژێری نیعمەتەكانم بكەن ئەوا زیادی دەكەم بۆتان ، بەڵام ئەگەر كوفری بكەن ئەوا بزانن كە سزام زۆر سەختە .
بۆیە پێویستە ئەم ئادابانە لە كاتی خواردن و خواردنەوە جێ‌بەجێ‌ بكەین :
یەكەم : پێش دەستكردنت بە خواردن و خواردنەوە بڵێ‌ : " بِسْمِ اللَّهِ " ، واتە : بەناوی خوا ، وە ئەگەر لە سەرەتادا لە بیرت چوو ئەوا ئەو كاتەی كە بیرت دەكەوێتەوە بڵێ‌ : " بِسْمِ اللَّهِ أوَّلِهِ وآخِرِهِ " ( صحيح الترمذي ، برقم : 1858 ) ، واتە : ناوی خوا لە سەرەتا و لە كۆتایی .
دووەم : بـەدەستی ڕاستت خـواردن و خـواردنەوەكە بخۆ ، چونكە بـەدەستی چـەپ خــواردن سیفـەتی شەیتـانە ، هـەروەك لـە فـەرمـوودەی ( صحیح ) ـدا هاتووە .
سێ‌یەم : لە پێش خۆتەوە نان بخۆ و دەست بۆ ئەملا و ئەولا مەبە .
چوارەم : هەرخواردنێكت بۆ دانرا بیخۆ و شوكری خوای لە سەر بكە ، وە ئەگەر بەدڵت نەبوو ناو و ناتۆرە و پیتكی لێ‌ دەرمەهێنە ، بەڵام مەیخۆ ، چونكە پێغەمبەری خوا هیچ خواردنێكی بەكەم نەدەزانی ، و ئەگەر دڵیشی نەڕۆشتایە سەری نەیدەخوارد .
پێنجەم : ئەگەر هەر خواردنەوەیەكت خواردەوە ، بە دانیشتنەوە ، و بە سێ‌ قوم بیخۆرەوە .
شەشەم : فوو مەكە لە خواردن و خواردنەوەی گەرم بۆ ساردكردنەوەی .
حەوتەم : هەناسە مەدا لە ناو خواردنەوەكەت ، بەڵكو لە نێوان هەموو قومێكدا ، هەناسەكەت بدە .
هەشتەم : كە لە خواردن و خواردنەوەكەت بوویتەوە بڵێ‌ : " الحَمْدُ للهِ الَّذِي أطْعَمَنِي هَذَا ، ورَزَقَنِيهِ ، مِنْ غَيْرِ حَوْلٍ مِنِّي ولا قُوَّةٍ " ( صحيح الترمذي : برقم : 3458 ) ، واتە : شوكر و ستایشی بۆ خوای پەروەردگار بۆ ئەو خواردنەی كە بە خواردنی داوم ، ڕۆزووی داوم ، بە بێ‌ هیچ هەوڵا و كۆششێكی خۆم .
مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٧,٣٤٤ بەش: ئادابەکان