چۆنێتی دەستنوێژى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتی دەستنوێژى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی؟

شوكر و ستایشی بێ‌ پایان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان ، و دروود و سەلامیش لە سەر سەروەری پێغەمبەران بێت ، و ئەهل و بەیت و یار و یاوەرانی بەگشتی .
پاش ئەوەش :
برای موسڵمان : خوای پەروەردگار من و تۆش چاو ڕۆشن بكات لە ئایینە پیرۆزەكەی ، ئەمە كورتەیەكە سەبارەت بە چۆنێتی دەستنوێژى پێغەمبەرى خوا ، پێویستت پێ‌ی دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەت دا ، بێ‌ ئەویش ناتكرێت ، ئەو شتانەم تێدا كۆكردوونەتەوە كە بەڵگەی ( صحیح ) یان لە سەرە ، بەشێوە یەكی ئاسان وسووك ، بە شێوەیەك تێگەیشتن لێ‌ی ئاسان بێت بۆ موسڵمانان بەگشتی ، جا بەپشتیوانی خوای پەروەردگار دەڵێم :

دەستنوێژ
1 ـ دەستنوێژ بریتی یە : لە بەكار هێنانی ئاوی پاك بەسەر چەند ئەندامێكی دیاری كراودا ، كە خوای پەروەردگار دیاری كردوون ، و پێغەمبەری خواش بۆی ڕوون كردووینەتەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ فاغْسِلُواْ وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُواْ بِرُؤُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إِلَى الْكَعْبَينِ ] سورة المائدة : 6 .
واتە : ئەی بڕواداران ئەگەر هەستان بۆ نویژ ، ئەوا ڕوومەتتان بشوەن لەگەڵ هەردوو دەستان تاكو ئانیشكەكانتان ، و دەستیش بهێنن بەسەرتاندا ، و قاچەكانیشتان تاكو قاپەڕەقەتان بشوەن .
وە پێغەمبەری خواش فەرموویەتی : " لا تُقبل صلاةُ أحدِكم إذا أحدث حتى يتوضأ " متفق عليه
واتە : نوێژی هیچ یەكێك لە ئێوە درووست نییە ، ئەگەر دەستنوێژەكەی بەتاڵ بووەوە ، تاكو جارێكی تر دەستنوێژەكەی نەشواتەوە .

2 ـ موسڵمانی بەڕێز : ئەگەر هەستای بۆ دەستنوێژ شوشتن ئەوا نیازی ئەو كارە لە دڵتدا بهێنە ، بێ‌ئەوەی بە زمان بیڵێیت ، لە بەر نەهاتن و وارد نەبوونی بەڵگە لە پێغەمبەرەوە لە سەر ئەو كارە ، پاشان ناوی خوا بهێنەو بڵێ‌ : ( بسم الله ) ، لەبەر ئەو فەرموودەیەی كە پێغەمبەری خوا تیایدا فەرموویەتی : لا وضوء لمن لم يذكر اسم الله عليه " صحيح الجامع : 7444 .
واتە : دەستنوێژەكەی تـەواو نی یە ئەو كـەسەی كە ( بسم الله ) نەكات لە سەرەتای دا

3 ـ پاشان هەردوو دەستت سێ‌ جار بشوە ، و پاش ئـەوەش سێ‌ جار ئاو بدە بە دەمتدا ( المضمضة) ، پاشان سێ‌جار ئاو بە لووتتدا بدە ( الإستنشاق) و هەڵیشی مژە ، ئەم كردارەش بەدەستی ڕاست دەبێت ، و لە هەموو جارێكیش دا هنگی بكەوە ( الإستنثار ) ، كە ئەمەشیان بەدەستی چەپ ئەنجام دەدرێت ، هەموو ئەمانەش لە پێغەمبەری خواوە واردن وسەلمێنراون .
( المضمضة ) : بریتییە لە شوشتنی دەم وتێ‌وەردانی ئاو تیایدا .
( الاستنشاق ) : گەیاندنی ئاوە بۆ ناوەوەی لووت ، لەگەڵ هەڵمژینی بۆ سەرەوەی .
( الإستنثار) : بریتییە لە دەركردنەوەی ئاوی ناو لووت دوای هەڵمژینی .

4 ـ پاشان ڕوومەتت سێ‌جار بشۆ ، سوننەتیشە بۆ پیاوان بەهۆی پەنجەكانیانـەوە ئاو بكـەن بـەناو ڕیشیـاندا ( التخلیل ) ، پاشان سێ‌جار هەردوو دەستت تا ئانشكەكانت بشۆ.
( التخلیل ) : بریتییە لە گەیاندنی ئاو بۆ بنەوەی ڕیش .

5 ـ پاشان جارێك هەردوو دەستت بە سەر هەموو سەرتدا بهێنە ، لە بەر ئەو ئایەتە پیرۆزەی كە خوای پەروەردگار تیایدا فەرموویەتی : [ وَامْسَحُواْ بِرُؤُوسِكُمْ ] ، پێغەمبەری خواش چۆنێتی ئەم دەست بە سەردا هێنانەی بۆ ڕوون كردووینەتەوە ، هەروەكو چۆن (عبدالله) ی كوڕی ( زید ) ڕەزاى خواى لێ بێ لێ‌ یەوە بۆی گێڕاوینەتەوە : " أن النبيَّ مسح رأسهُ بيديه فأقبل بهما و أدبر ، بدأ بِمُقدَّم رأسه ثم ذهب بهما إلى قفاه ، ثمَّ ردَّهما إلى المكان الذي بدأ منه " . متفق عليه . واتە : پێغەمبەری خوا كە دەستی هێنا بە سەریدا لە پێشەوە دەستی پێكرد تاكو كۆتایی ، واتە لە پێشەوەی سەری دەستی پێكرد تاكو گەیاندنی بە پشتی سەری ، پاشان گەڕاندنیەوە بۆ ئەو شوێنەی كە لێ‌یوە دەستی پێكردبوون .

6 ـ پاشان دەست بهێنە بەگوێكانت دا ، حوكمەكەشیان هەمان حوكمی سەرە ، چونكە بەشێكن لێ‌ی
لە پێغەمبەری خواوە وارد و سەلمێنراوە كە فەرموویەتی : " الأُذنان من الرأس " صحيح الجامع : 2762 .
واتە : گوێكان بەشێكن لە سەر .

7 ـ پاشان هەردوو پێت سێ‌جار بشۆ ، سوننەتیشە پەنجە تووتەی دەستی چەپت بخەیتە ناو پەنجەكانی پێتەوە لەكاتی شووشتنیادا ( التدلیك ) ، چونكە لە پێغەمبەری خواوە وارد و سەلمێنراوە كە ئەو كارەی ئەنجام دابێ‌ .

8 ـ ئا بەم شێوەیە هەمووی بە تەرتیب ( الترتیب ) و یەك لەدوای یەك پێكەوە به ( المــوالاة ) ئەنجام دەدەیت .
( الموالاة ) بریتییە لە : بەدوای یەكدا شووشتنی ئەندامەكانی دەستنوێژ بێ‌ئەوەی ماوەیەكی فراوانیان بكەوێتە نێوان شووشتنی ئەندامێك لە گەڵ ئەندامەكەی تردا ، سوننەتیش وایە لە هەمووئەمانەدا بە ئەندامی ڕاستە دەست پێ‌بكەیت ، لەبەر ئەو فەرموودەیەی كە دایكە ( عائشە) ـ ڕەزای خوای لێ‌ بێت ـ بۆمان دەگێڕێتەوە :
" كان رسول الله يحب التيامن في تنعله ، و ترجله ، وطهوره ، وفي شأنه كُلِّه " متفق عليه .
واتە : پێغەمبەری خوا حەزی لە ڕاستە بوو ، لە پێڵاوكردنە پێ‌ ، و لە پرچ داهێنان ، و لە خۆپاكردنەوەكانی ، و لە هەموو كردارێكدا .

9 ـ سوننەتیش وایە ئاو كەم بەكار بهێنریت ، و زیاد ڕەوی تێدا نەكرێت ، ئەنجام دانی كردارەكانی دەستنوێژ یەكجار یەكجار ، و دووجار دووجار ، و سێ‌جار سێ‌جاریش لە پێغەمبەری خواوە وارد و سەلمێنراون رواه البخاری .
10 ـ موسڵمانی بەرێز : سوننەتیش وایە ـ دوای تەواو كردنی دەستنوێژەكەت ـ ئەم زیكرە بڵێیت :
" أَشْهَدُ أَنْ لاَ إِلهَ إِلاَّ اللهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُوُلُهُ "
واته‌: (شایه‌تی ده‌ده‌م به‌وه‌ی، كه‌ هیچ په‌رستراوێك شایسته‌ی په‌رستن نییه‌، جگه‌ له‌ (الله)ی تاكی بێ هاوه‌ڵ، هه‌روه‌ها شایه‌تی ده‌ده‌م به‌وه‌ی، كه‌ به‌ڕاستی موحه‌ممه‌د (صلى الله علیه‌ وسلم) به‌نده‌ و نێردراوی خودایه‌) .
«اللَّهُمَّ اجْعَلْنِي مِنَ التَّوَّابِينَ وَاجْعَلْنِي مِنَ الْمُتَطَهِّرِينَ» (خودایه‌ بمگێڕه‌ له‌ به‌نده‌ ته‌وبه‌ كاره‌كان و به‌نده‌ خۆ پاككه‌ره‌وه‌كان) .
پاشان سوننەتە دوو ڕکات سوننەتى دەستنوێژ بکەى .
ئەمەى کە باس کرا چۆنێتى دەستنوێژى پێغەمبەرى خوا بوو ، خواى گەورە مۆفەقمان بکات و لەسەر سوننەتى پێغەمبەرى خوا بەردەواممان بکات تاوەکو مردن .

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٨,٩٨١ بەش: دەستنوێژ