ئیسلام چیە ؟ وە ئایا پێغەمبەرانیش پەیامەكانی خۆیانیان بەم مانایە باس كردووە و بە ئیسلامیان ناوبردووە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئیسلام چیە ؟ وە ئایا پێغەمبەرانیش پەیامەكانی خۆیانیان بەم مانایە باس كردووە و بە ئیسلامیان ناوبردووە؟

لەمڕۆدا كاتێك وشەی (ئیسلام) بەڕەهایی ناو دەبرێت, مەبەست لێی شەریعەتی مـحمدە ، ئەوەی دەیگرێتەوە لە پەرستش و مامەڵە وهەڵسوكەوت وبیروباوەڕ, و ڕێكخستنی هەموو كاروبارەكانی ژیان لە گشت بوار و لایەنەكانی رۆحی و ماددیەوە, وە ئەوەشی دەیگرێتەوە لە كاروباری دین ودونیا. ئەوەش بەشێوەیەكی گشتی نەخشەڕێگا دادەڕێژێت بۆ هەموو ڕێگەوڕێبازێك لە دونیادا, وە بۆ ڕزگاربوون لەسزای خوا لە رۆژی دواییدا, و سەركەوتن و سەرفرازبوون بە خۆشی ونازو نیعمەتە نەبڕاوەكانی بەهەشت بۆ ئەوانەی گوێڕایەڵی خوای گەورە دەكەن و كاروكردەوە بە شەریعەتی ئیسلام دەكەن. ئاگاداری ئەوانەش دەكاتەوە كە باوەڕیان بە خواو نیشانەكانی نیە و دەیانترسێنێت بە سزایەكی سەختی هەتاهەتایی و مانەوە لەناو ئاگردا. وە پەیامی مـحمد تایبەت نیە بەگەل و نەتەوەو سەردەمێكەوە, بەڵكو گشتیە و هاتووە بۆ تەواوی مرۆڤەكان لەهەموو وڵات و شوێنێكدا و بۆ گشت سەردەم و سەدەكان هەتا ئەو كاتەی خوای گەورە قیامەت بەرپا دەكات. هەربۆیە ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی ئەم پەیامە بەم گشتگیری وفراوانیەیەوە ئەرك و واجبی سەرشانی هەموو كەسێكە كە توانای گەیاندنی هەبێت, بەرپرسیارێتیەكە كە تەمبەڵان و كەمتەرخەمان لێپرسینەوەو لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت لەسەری.
لەكاتێكدا وشەی (ئیسلام) لەزانستی شەرعیدا واتە: ملكەچ بوون و گوێڕایەڵی كردن بۆ فەرمانەكانی خوای باڵادەست (عزوجل) ، وە پێغەمبەرانیش پەیامەكانی خۆیانیان بەم مانایە باس كردووە و بە ئیسلامیان ناوبردووە, ئەوەتا قورئانی پیرۆز ئەوەمان پیشان دەدات وبۆمانی باس دەكات, خوای گەورە لەزمانی پێغەمبەر نوحەوە دەفەرموێت: [وَأُمِرْتُ أَنْ أَكُونَ مِنَ الْمُسْلِمِينَ (72)]{یونس} واتە: من فەرمانم پێدراوە كەلە ڕیزی موسڵماناندا بـم.
هەروەها لەسەر زمانی پێغەمبەر ئیبراهیم وئیسماعیل (علیهما السلام) دەفەرموێت: [رَبَّنَا وَاجْعَلْنَا مُسْلِمَيْنِ لَكَ وَمِنْ ذُرِّيَّتِنَا أُمَّةً مُسْلِمَةً لَكَ]{البقرة: 128} واتە: پەروەردگارا, هەردووكمان وا لێ بكە تەنها فەرمانبەردارو ملكەچی تۆ بین ولەنەوەكانیشمان ئوممەتێكی موسڵمان وفەرمانبەردار بۆ خۆت فەراهەم بهێنە.
دیسان لەسەر زمانی پێغەمبەر ئیبراهیم دەفەرموێت:[إِذْ قَالَ لَهُ رَبُّهُ أَسْلِمْ قَالَ أَسْلَمْتُ لِرَبِّ الْعَالَمِينَ (131)]{البقرة}واتە: كاتێك پەروەردگاری پێی ووت: ملكەچ وفەرمانبەردار بە, (ئەویش خێرا) وتی: تەسلیمی پەروەردگاری هەموو جیهان بووم (باوەڕی پتەوم پێی هەیە).
دیسان لەسەر زمانی پێغەمبەر ئیبراهیم و ڕۆڵەكەی كە یعقوبە دەفەرموێت: [وَوَصَّى بِهَا إِبْرَاهِيمُ بَنِيهِ وَيَعْقُوبُ يَا بَنِيَّ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَى لَكُمْ الدِّينَ فَلا تَمُوتُنَّ إِلاَّ وَأَنْتُمْ مُسْلِمُونَ (132) أَمْ كُنتُمْ شُهَدَاءَ إِذْ حَضَرَ يَعْقُوبَ الْمَوْتُ إِذْ قَالَ لِبَنِيهِ مَا تَعْبُدُونَ مِنْ بَعْدِي قَالُوا نَعْبُدُ إِلَهَكَ وَإِلَهَ آبَائِكَ إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ وَإِسْحَقَ إِلَهاً وَاحِداً وَنَحْنُ لَهُ مُسْلِمُونَ (133)]{البقرة} واتە: جا ئیبراهیم ویعقوب ئەم وەسێتەیان كرد بۆ كوڕەكان ونەوەكانیان, (هەریەك لەوان فەرموویەتی): رۆڵەكانم: بەڕاستی خوا هەر ئەم ئاینەی بۆ ئێوە بڕیارداوە وهەڵی بژاردووە, ئیتر ئێوەش هەوڵ بدەن بەموسڵمانی نەبێت مەمرن (تا دوا هەناسەتان پەیڕەوی بكەن). ئایا ئێوە ئامادەی سەرەمەرگی یعقوب بوون؟ ئەو كاتەی بەكوڕەكانی وت: دوای مردنی من چی دەپەرستن؟! هەموو وتیان: خوای تۆ و باوباپیرانت دەپەرستین, كە ئیبراهیم وئیسماعیل و ئیسحاقن, خوایەكی تاك وتەنهایە وئێمە هەموو تەسلیم وفەرمانبەرداری ئەوین.
وە سولەیمان گوتاری ئاراستەی بەڵقیس كرد بەم شێوەیە: [أَلاَّ تَعْلُوا عَلَيَّ وَأْتُونِي مُسْلِمِينَ (31) ] {النمل} واتە: خۆتان بە گەورە مەزانن و لێم یاخی مەبن و وەرن موسڵمان بن.
وە موسایش بەم شێوەیە گوتاری ئاراستەی خەڵكەكەی خۆی كرد: [وَقَالَ مُوسَى يَا قَوْمِ إِنْ كُنْتُمْ آمَنْتُمْ بِاللَّهِ فَعَلَيْهِ تَوَكَّلُوا إِنْ كُنْتُمْ مُسْلِمِينَ (84) ] {یونس} .
واتە: موساش بە قەومەكەی وت: ئەی قەوم وعەشرەتم, ئەگەر ئێوە بەڕاستی باوەڕتان بەخوا هێناوە, ئەوە ئیتر پشت بەو ببەستن ئەگەر موسڵمان و ملكەچن.
وە حەواریەكانیش دان بە ئیسلامەتی خۆیاندا دەنێن بۆ عیسا: [قَالَ الْحَوَارِيُّونَ نَحْنُ أَنْصَارُ اللَّهِ آمَنَّا بِاللَّهِ وَاشْهَدْ بِأَنَّا مُسْلِمُونَ (52) ]{آل عمران} واتە: حەواریەكان وتیان: ئێمەین پشتیوانانی دین وئاینی خوا, باوەڕی تەواومان بەو خوایە هێناوە, تۆیش شایەتی بدە كەبەڕاستی ئێمە موسڵمان وملكەچ وفەرمانبەردارین.
وە خوای گەورە وەصفی هەندێك لە خاوەن كتێبەكان دەكات كاتێك كە گوێیان لە قورئان دەبێت باوەڕی پێ دەهێنن: [الَّذِينَ آتَيْنَاهُمْ الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِهِ هُمْ بِهِ يُؤْمِنُونَ (52) وَإِذَا يُتْلَى عَلَيْهِمْ قَالُوا آمَنَّا بِهِ إِنَّهُ الْحَقُّ مِنْ رَبِّنَا إِنَّا كُنَّا مِنْ قَبْلِهِ مُسْلِمِينَ]{القصص} واتە: ئەوانەی پێشتر كتێبی ئاسمانیمان پێ بەخشیبوون, ئەوان بەو قورئانە باوەڕ دەهێنن. كاتێكیش قورئان دەخوێنرێتەوە بەسەریاندا دەڵێن: ئێمە باوەڕمان پێی هێناوە چونكە بەڕاستی ئەمە حەقیقەت وڕاستەقینەیە لەلایەن پەروەردگارمانەوە پێمان ڕاگەیەنراوە بێگومان ئێمە پێشتر هەر موسڵمان وفەرمانبەردار بووین.
ئەو ئایەتە پیرۆزانەی كە ڕابورد بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەو ڕاستیەی كە یەكخواپەرستی و بەتاك دانانی خوا لەهەموو پەرستشەكاندا ، بریتیە لەو ئیسلامەی كە پێغەمبەرانی پێش محمد مەبەستیان بووەو هەڵگرو بانگەوازكاری بوونە, وە ئەوەش ئەو ئیسلامەیە كە هەندێك لە خاوەن كتێبەكان باوەڕیان پێی هێناوەو ملكەچی بوونە لە سەردەمی خۆیدا. هەروەكو چۆن بریتی بووە لە كرۆكی ئەو پەیامەی كە نێردراوە بۆ سەر موسا وعیسا (علیهما السلام ) پێش ئەوەی دەستكاری بكرێت و گۆڕانكاری تێدا ڕووبدات.
وەرگیراوە لە کتێبی : ئا ئەمەیە ئیسلام - وەرگێڕانی : ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٩,٣٤١ بەش: بیروباوه‌ڕ