لە 26 ساڵی یەوە دەستم بە نوێژ كردن كردووە ئایا ئەو نوێژانەى پێش ئەو تەمەنە فەوتاوە ئەبێ بیگێڕمەوە : ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە 26 ساڵی یەوە دەستم بە نوێژ كردن كردووە ئایا ئەو نوێژانەى پێش ئەو تەمەنە فەوتاوە ئەبێ بیگێڕمەوە
پرسیار:

لە 26 ساڵی یەوە دەستم بە نوێژ كردن كردووە ئایا ئەو نوێژانەى پێش ئەو تەمەنە فەوتاوە ئەبێ بیگێڕمەوە

بەناوى خواى بەخشندەو میهرەبان
هۆكاری نوێژ فەوتاندن دەبێتە دوو بەشەوە:
1 ـ یان ئەوەیە باوەڕی بە ئیسلام نەبووە بۆیە نوێژی نەكردووە.
2 ـ یان ئەوەیە كە بە هۆی تەمبەڵی و خەمساردی و كەمتەرخەمیەوە نوێژی نەكردووە.
ـ جا ئەگەر هۆكاری نوێژ نەكردنەكە باوەڕ نەبوون بێت بە ئیسلام یان بە فەرزێتی نوێژ، ئەوا قەزا كردنەوەی ئەو نوێژە فەوتاوانەی لە سەر نى یە چونكە پاش موسڵمان بوون نوێژ كردن فەرز دەبێت لە سەری.
ـ وە ئەگەر هۆكاری نوێژ نەكردنەكە تەمبەڵی و خەمساردی و كەمتەرخەمی بێت ئەوا قەرزاری ئەو نوێژە فەوتاوانەیە بەڵام ئایا چی بكات بۆ ئەوەی ئەو تاوانە لە سەر خۆی لابات ؟
لە وەڵامدا دەڵێم:
یەكەم: قەزاكردنەوەی نوێژی فەوتاو بە هۆی تەمبەڵی و خەمساردی و كەمتەرخەمىیەوە نىیە لە ئیسلامدا چونكە هیچ بەڵگەیەك لەم بارەیەوە نەهاتووە لە قورئان و سوننەتدا.
دووەم: بەڵام پێویستە لە سەر ئەو كەسە كە بۆ ماوەیەك نوێژی فەوتاوە كەوا نوێژی سوننەت زۆر بكات بۆ ئەوەی ئەو نوێژە سوننەتانە جێی نوێژە فەرزە فەوتاوەكان بگرنەوە.
بەڵگەش بۆ ئەمە بریتى یە لەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا :
عن أبي هريرة (رضي الله عنه) عن النبـي () قال: ((إنَّ أول ما يُحاسب به العبد يوم القيامة من عمله صلاته، فإنْ صلحت فقد أفلح وأنجح، وإنْ فسدت فقد خاب وخسر، فإنْ إنتقص من فرضته شيء، قال الرب عزّوجل: أنظروا هل لعبدي من تطوع ؟ فيكمل بها ما انتقص من الفريضة، ثم يكون سائر عمله على ذلك)) صحيح سنن الترمذي رقم: (413).
واتە: یەكەم شت كەوا لێپرسینەوەی عەبدی لە سەر بكرێت لە قیامەتدا لە كردەوەكانیدا بریتىیە لە نوێژەكانی، جا ئەگەر بەچاكی و ڕێكی ئەنجامیانی دابێت ئەوا سەرفیراز و سەركەتوو دەبێت، وە ئەگەر خراپ بێت و كەموكوڕی تێدا بێت ئەوا بآئومێد و خەسارۆمەند دەبێت، وە ئەگەر هەندێك نەقوسانی لە فەرزەكانیدا هەبێت (واتە: بە كامڵی هەمووی ئەنجامنەدابێت) ئەوا خوای گەورە دەفەرمێت: بڕوانن بزانن ئایا عەبدەكەم نوێژی سوننەتی هەیە؟ بەو سوننەتانە نەقوسانىیەكانی نوێژە فەرزەكانی بۆ تەواو و كامل دەكرێت، ئەنجا هەموو كردارەكانی بەم شێوەیە لێدەكرێت.
وە (شيخ الإسلام ابن تيمية) لەم بارەیەوە فەرموویەتی: (تارك الصلاة عمداً لا يشرع له قضاؤها ولا تصح منه، بل يكثر من التطوع).
واتە: ئەو كەسەی كەوا بە ئەنقەست (عمداً) واز لە نوێژ دەهێنێت دروست نىیە بۆی بە قەزا بیانكاتەوە و لێشی وەرناگیرێت، بەڵكو دەبێت نوێژی سوننەت زۆر بكات.
هەروەها (ابن حزم)یش فەرموویەتی: (وأمَّا من ترك الصلاة عمداً حتى خرج وقتها، هذا لا يقدر على قضائها أبداً، فليكثر من فعل الـخير وصلاة التطوع، ليثقل ميزانه يوم القيامة، وليتب وليستغفر الله عز وجل).
واتە: ئەو كەسەی كەوا بە ئەنقەست (عمداً) واز لە نوێژ دەهێنێت تاوەكو كاتەكەی بەسەر دەچێت، ئەوا ئەمە هەرگێز ناتوانێت بە قەزا بیكاتەوە بە هەتاهەتایی، بەڵكو با كرداری چاكە و نوێژی سوننەت زۆر ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی تەرازووی چاكاكانی قورس بێت لە ڕۆژی قیامەتدا، وە با تەوبە بكات و داوای لێبوردن و لێخۆشبوون لە خوا بكات.
ئەم پرسیارە لە لایەن (مامۆستا محمد عبد الرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٢٩٨ بەش: حوکمى نوێژنەکەر