جۆرەکانی ووتە لەنوێژدا و حوکمەکانیان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جۆرەکانی ووتە لەنوێژدا و حوکمەکانیان

جۆرەکانی ووتە لەنوێژدا و حوکمەکانیان
ووتەکان لە نوێژدا دە جۆری هەیە:
یەکەم ـ ووتەیەک بۆ نوێژ بە قورئان خوێندن و زیکرەکان و دوعا لە شوێنی خۆیان
ئەمانە شەرعین و هەیانە واجبەو هەندێکیشیان سوونەت۰
دووەم ـ ووتەیەک لەناو نوێژدا بە قورئان و زیکر لە جگە لە جێگەی خۆیان ـ وەک ئەوەی کەسێک بڵێ : سبحان ربی العظیم لەکاتی هەستانەوە لە ڕکوع ـ
ئەمەش کارێکی مەکروهو ناپەسەندە لەلای جمهوری زانایان و نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە۰
سێیەم ـ ووتەیەک لەنێو نوێژدا به یادکردنەوە و زیکری خوادا بەزیکرێک کە لەزیکرە ڕێپێدراو و شەرعیەکانی نوێژ نین بەبۆنەی بوونی هۆکارێک کە پێویست بێ ـ وەک ووتنی سبحان اللە کاتێک پێشنوێژ لەنوێژەکەیدا هەڵەیەک بکات ـ
ئەمەش بەپێی جمهوری زانایان جایز و ڕێپێدراوە لەبەر بوونی سوود و مەسڵەحەتێکی نوێژەکە یان سوود و مەسڵەحەتێکی جگە لە نوێژەکە ـ حەنەفیەکان تەنها بۆ سوود و مـەسڵەحەتی نوێژ بە جایز و ڕێپێدراوی دەزانن بەڵام ووتەی ڕاجح و پەسەند ووتە و ڕای جمهورە لەبەر فەرمودەیەک لە بوخاری و موسلیمدا کە دەفەرموێ:
(من نابە شیء في صلاته فلیقل سبحان الله)
واتە (ئەگەر کەسێک شتێکی لەبیر کرد لەنوێژەکەیدا با بڵێ سبحان اللە)
بۆ سوود و مەسڵەحەتی نوێژ: کاتێک سبحان اللە دەکات گەر پێشنوێژ هەڵەی کرد۰
بۆ سوود و مەسڵەحەتی جگە لە نوێژ: سبحان اللە بکات کاتێک دەدرێت لەدەرگا بۆ ئەوەی ئاگاداری کەسەکە بکاتەوە کە نوێژ دەکات۰
چوارەم ـ ووتەیەک لەنێو نوێژدا بە قسەکردن لەگەڵ خەڵکی بە ئەنقەست لەبەر سوودێک یان مەسڵەحەتێکی جگە لە نوێژەکە ـ کاتێک کەسێک دەدات لەدەرگا و ئەویش لەنوێژدایە و دەڵێ کێی؟
ئەمەش بە تێکڕای کۆدەنگی زانایان نوێژەکەی بەتاڵ دەکاتەوە لەبەر فەرمودەکەی موعاویەی کوڕی حەکەم ڕەزای خوا لە هەردوکیان کە تیایدایە ( ٳن هذه الصلاة لایصلح فیها شیء من كلام الناس ۰۰۰۰)واتە (ئەم نوێژەی ئێمە ڕاست و دروست نیە هیچ قسەکردنێک لەگەڵ خەڵکی)
پێنجەم ـ ووتەیەک لەنوێژدا بە قسەکردن لەگەڵ خەڵکی بە ئەنقەست لەبەر سود و مەسڵەحەتی نوێژەکەـ بۆ نمونە پێشنوێژ سوجدەیەک نابات و لەبیری دەکات و خەڵکی سبحان اللە دەکات: هەڵدەسێتەوە و کەسێک دەڵێت : سوجدەیەکت نەکرد و لەبیرکرد۰
ڕای جمهور ئەوەیە کە نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە لەبەر گشتێتی فەرمودەکەی پێشووی موعاویە
مالیک لە ڕیوایەتێکدا و ئەحمەد لە ریوایەتێکدا بو ئەوە چوون کە نوێژەکەی بەتاڵ نابێتەوە لەکاتی پێویست و زەروریەتدا كە ئەمەش ڕای پەسەند و ڕاجحە لەبەر فەرمودەى (ذوالیدین) کە لەئەبی هوڕەیڕەوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر جارێك نوێژی نیوەڕۆ بوو یاعەسر بوو دوو ڕكات نوێژی كردو سڵاوی دایەوە هەڵسا چوو بۆلای ئەو كۆڵەكەیەی لەمزگەوتدا بوو شانی خستەسەری، وەك ئەوەی تووڕەبێت وابوو، وە دەستی ڕاستی لەسەر دەستی چەپ دانابوو، پەنجەكانی خستبووە ناویەك، سەری كردبووە سەر پشتی دەستی چەپی، ئەوانەی پەلەی چوونە دەرەوەیان بوو چونە دەرەوە لەدەرگاكانی مزگەوتەوە ووتیان: نوێژ كورت بۆتەوە؟ لەناوكۆمەڵەكەدا ئەبوبەكرو عومەری تێدا بوو نەیان وێرا لەوبارەیەوە هیچ بڵێن، پیاوێك هەبوو پێ‌یان ئەووت: (ذوالیدین) ووتی: ئەی نێرراوی خوا لەبیرت چووە‌ یا نوێژ كورت كراوەتەوە؟ فەرمووی: نە لەبیرم چووە نە كورت كراوەتەوە، ئینجا فەرمووی: (ئایا وەك (ذوالیدین) ئەڵێ‌ وابووە؟) ئەوانیش ووتیان: بەڵێ‌، جا هاتە پێشەوە ئەو دووڕكاتەی لەبیری چوبوو بیكات كردی لەپاشاندا سڵاوی دایەوە، پاشان (الله أكبر)ی كردو سەجدەیەكی وەك سەجدەی نوێژەكەی برد، یا لەو درێژتر بوو، پاشان سەری بەرز كردەوەو (الله أكبر) ی كرد، پاشان (الله أكبر) ی كردەوە سەجدەیەكی وەك یەكەم بگرە درێژتری بردەوە، لەپاشاندا سەری بەرز كردەوە. (بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە).
شەشەم ـ ووتەیەک بەقسەکردن لەگەڵ خەڵکی بە ئەنقەست لەنێو نوێژدا لەبەر سود و زەرورەتێک لەدەرەوەی نوێژەکەـ بۆ نمونە نوێژ دەکەیت و کەسێکی نابینا دەبینی کە خەریکە دەکەوێتە ناو ئاگر یان چاڵ یان بیرێکەوە و پێی دەڵێی: بیر یان چاڵ یان ئاگر لە پێشتەـ
جمهوری زانایان لەبەرگشتێتی فەرمودەکەی موعاویە ووتویانە نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە۰
بەڵام ڕای درووست لای شافعیەکان و ڕیوایەتێک لە ئەحمەدەوە ئەوەیە کە نوێژەکەی بەتاڵ نابێتەوە کەئەمەش ڕای ڕاجح و پەسەندە لەبەر ئەوەی ئەمە لەپێشترە لە قسەکردنی هاوەڵان لە فەرمودەی(ذو الیدین) و ڕزگارکردنی موسوڵمانێکە لە لەناوچوون۰
حەوتەم ـ ووتەیەک لە نوێژدا بەقسەکردن لەگەڵ خەڵک بە نەزانین ـ وەک موسوڵمانێکی تازە کە نازانێ حوکمی قسەکردن لەنوێژدا حەرامە یان کەسێک دەبینێ لەکاتی نوێژەکەیدا و دەڵێ : ئەی فڵان کەس ـ
حەنەفیەکان و مالکیەکان لە ووتەیەکدا و حەنبەلیەکان بۆ ئەوە چوون کە نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە لەبەر گشتێتی فەرمودەی پێشووی موعاویە۰
وە مالکیەکان بە شێوەیەکی زۆر و شافعیەکان و ڕیوایەتێک لە ئەحمەدەوە بۆ ئەوە چوون کە نوێژەکەی بەو شتە بەتاڵ نابێتەوە کە ئەمەش ڕای پەسەند و ڕاجحە چونکە کارێکی هەڵەی بێ ئەنقەستە و خوای گەورەش دەفەرموێ :(ربنا لا تؤاخذنا ٳن نسینا ٲو ٲخطٱنا)
واتە ( خوایە لێمان مەگرە لە شتێک کە لەبیری دەکەین یان بەهەڵە دەیکەین)
وە لە مسلمدا هاتوە (قال اللە : فعلت) واتە ( خوای گەورە فەرمووی ئەنجاممدا واتە ئەو دوعام لێوەرگرتن)
وە پەیامبەری خوا فەرمانی نەکرد بە موعاویە بە دووبارەکردنەوەی نوێژەکەی۰
هەشتەم ـ ووتەیەک لەنێو نوێژدا بەقسەکردن لەگەڵ خەڵکی بەوەی کەنەزانێ لەناو نوێژدایە ـ بۆنمونە لەبیری دەکات و سەلام دەداتەوە لە دوو ڕکاتدا و بانگی خێزانی دەکات و پاشان بیری دەکەوێتەوە کە دوو ڕکاتی ماوە بیکات ـ
لە مەزهەبی حەنەفیەکاندا و ڕیوایەتێک لە ئەحمەدەوە ئەوەیە کە نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە لەبەر گشتێتی فەرمودەکەی پێشووی موعاویە۰
وە جمهور لەسەر ئەوەن کە نوێژەکەی بەتاڵ نابێتەوە کە ئەمەش ڕای ڕاجح و پەسەندە لەبەر فەرمودەی (ذي الیدین) کە پەیامبەری خوا یصلی الله علیه و سلم نوێژەکەی دووبارەنەکردەوە و قسەشی کرد۰
نۆیەم ـ ووتەیەک لەنوێژدا بەقسەکردن لەگەڵ خەڵکی بە هەڵە ـ بۆ نمونە دادەنیشێ بۆ تەحیاتی یەکەم و بیری دەڕوات و لەوکاتەیا گوێی لە لێدانی دەرگا دەبێ و دەڵێ: دەرگاکە بکەنەوە ـ
لەلای حەنبەلی و حەنەفیەکان نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە لەبەر گشتێتی فەرمودەکەی پێشووی موعاویە۰
وە لای مالکی و شافعیەکان و ریوایەتێکی ئەحمەددا نوێژەکەی بەتاڵ نابێتەوە کەئەمەش ڕای ڕاجح و پەسەندە لەبەر فەرمودەی (ذي الیدین).
دەیەم ـ قورئان بخوێنێ لەنوێژەکەیدا بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسانی ترـ بۆ نمونە مناڵەکەی دەبینێ یاری دەکات بە قورئان یان کتێبێ و ئەمیش دەڵێ (خذ الكتاب۰۰۰۰) واتە (ئاگاداری ئەو کتێبە یان قورئانە بە) بەو پێیەی کە ئەمە ئایەتە و مەبەستی ئەمیش ئاگادارکردنەوەیەـ
لەلای حەنەفیەکان و حەنبەلیەکان نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە لەبەر ئەوەی ووتنی ئایەتێک بۆ خەڵکی بەپێی مەبەستەکەی وەک ووتەی خەڵکی وایە لەحوکمدا۰
وە لای جمهوری زانایان بەتاڵ نابێتەوە لەبەر ئەوەی ئایەتی قورئانە و ووتنی قورئانیش لەنوێژدا دروستە و بەتاڵی ناکاتەوە کە ئەمەش ڕای پەسەند و ڕاجحە۰
دەبێ تێبینی ئەوە بکەین لەوەی کە لەسەرەوە باسکرا کە ئەسڵ و بنەما لای حەنەفی و حەنبەلیەکان بەتاڵ بونەوەی نوێژە بە قسەکردن لەگەڵ خەڵکی بەشێوەیەکی گشتگیر و گشتی بە خیلاف و ڕاجیایی لەگەڵ جگە لە خۆیان۰
أحوال الكلام في الصلاة وأحكامه | للشيخ أ.د. سليمان بن سليم الله الرحيلي.

مستفاد من شرح دليل الطالب ( ٢٥/ ربيع الأول/١٤٣٨) للشيخ أ.د. سليمان الرحيلي.

سەردان: ٢,٦٣١ بەش: نوێژ