زۆرجار نوێژم لێ تێك دەچێ و خەیاڵم دەڕوات ئایا چى بكەم نوێژەكە ببڕم یان بیكەمەوە؟ ‌: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زۆرجار نوێژم لێ تێك دەچێ و خەیاڵم دەڕوات ئایا چى بكەم نوێژەكە ببڕم یان بیكەمەوە؟ ‌

بسم الله الرحمن الرحيم
نوێژ یەكێكە لە پایەگەورەكانى ئاینى ئیسلام و لە قورئان و سوننەتدا چەندین جار ئەوە دوپاتكراوەتەوە كە موسڵمان ئەبێت لە نوێژدا دڵ ئامادەبێت و ئاگاى لەو گفتوگۆیە بێت كە لەگەڵ خواى گەورەدا دەیكات ئەوەش بزانە خواى گەورە ئەم جۆرە كەسانەى بەسەرفراز و ڕزگار بوو داناوە كە دەفەرموێت: [قَدْ أَفْلَحَ الْمُؤْمِنُونَ * الَّذِينَ هُمْ فِي صَلَاتِهِمْ خَاشِعُونَ }المؤمنون (1-2) وە پاداشت لەسەر نیاز و دڵئامادەیى دەبێت، نوێژ خوێن هەرچەند دڵئامادەبێت ئەوەندە پاداشتى زیاتر دەبێت لەو كەسەى تەنها بەجەستە نوێژ دەخوێنێ و دڵى لە جێگایەكى ترە، بۆ ئەوەى كە خاوەن پرسیارەكە ئەڵێ (خەیاڵم دەڕوات و زۆر جار نوێژم لێ تێك دەچێت) خەیاڵ ڕۆشتن گەر بەردەوام نەبێت ئەوە زیانى نیە بەڵام نابێت درێژە بدات بە خەیاڵەكەى و ئەبێ لە خوابترسێ كە نوێژ دەكات بەڵام نابێ نوێژەكە ببڕێت، لێ تێكچوونیش لەناو نوێژدا دەبێت سوژدەى لێ تێكچوونى بۆ ببرێت كە سوژدە بردنە و سەلامدانەوەیە بەلاى ڕاست و چەپدا بۆ هەر لێ تێكچوونێك.
لێ تێكچوونەكانیش بریتین لە:
یەكەم: زیادەكردن.
دووەم: نوقسان كردن.
سێ یەم: دوو دڵی لە كردنى شتێك یان نەكردنى.
ئەگەر كەسێك لێی تێكچوو زیادى كرد ئەبێت ئەو سوژدانە ببات لە دواى سەلامدانەوە.
ئەگەر كەسێك لێی تێكچوو نوقسانى كردو سەلامى دایەوە ئەبێت ئەو سوژدانە ببات لەدواى سەلامدانەوە.
ئەگەر كەسێك لێی تێكچوو و دوودڵ بوو شتێكى كردووە یان نا ئەوە با ئەو شتەیە بكات پاشان سوژدەكان ببكات
ئەگەر كەسێك (تحیات)ى یەكەمى لەبیر چوو ئەوە ئەبێت ئەو سوژدانە بەرێت پێش سەلام دانەوەى نوێژ.
لەلایەن مامۆستا (خلیل أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە