ئايا نوێژی عیشا تەئخیر بكەی گوناح نیە ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئايا نوێژی عیشا تەئخیر بكەی گوناح نیە ؟

بسم الله الرحمن الرحيم
كاتی نوێژی عیشا لە پاشان دیار نەمانی شەفەقە سوورەكەی دوای خۆرئابوونەوە دەست پێدەكات تاوەكو نیوەی ناوەڕاستی شەو، بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی:((ووقت صلاة المغرب ما لـم يغب الشفق، ووقت صلاة العشاء إلى نصف الليل الأوسط)) [صحيح مسلم] .
واتە: وە كاتی نوێژی مەغریب تاوەكو شەفەق مابێت و ئاوانەبووبێت، وە كاتی نوێژی عیشا تاوەكو نیوەی ناوەڕاستی شەوە.
وە لە كتێبەكەی ئیمامی عومەردا بۆ (أبو موسى الأشعري) هاتووە: ((... وأن صل العشاء ما بينك وبين ثلث الليل وإن أخرت فإلى شطر الليل ولا تكن من الغافلين)) [أخرجه مالك والطحاوي وابن حزم وسنده صحيح] .
واتە: وە نوێژی عیشا ئەنجام بدە لە نێوان سەرەتای كاتەكەی و سێ یەكی یەكەمی شەودا، وە ئەگەر دوات خست و تەئخیرت كرد ئەوا با تاوەكو نیوەی شەو بێت و لە بێ ئاگا و غافڵەكان مەبە.
ئەمە سەبارەت بە سەرەتا و كۆتایی كاتی نوێژی عیشا.
بەڵام ئایا دوا خستی نوێژی عیشا سوننەتە یان نا ؟
ئەگەر موسڵمانێك خۆی بە تەنها نوێژی عیشا ئەنجام بدات بە بێ ئامادە بوون لە مزگەوتدا بە جەماعەت ئەوا سوننەتە و چاكتر وایە ڕاستەوخۆ لە گەڵ هاتنی كاتی نوێژی عیشادا نوێژەكەی ئەنجام بدات و دوای نەخات.. وە ئەگەر ئامادە بوو لە مزگەوتدا و لە گەڵ موسڵماناندا بە جەماعەت نوێژەكەی ئەنجام دا ئەوا (ئەگەر موسڵمانان بتوانن) سوننەتە و چاكتر وایە ئیمام و پێشنوێژ نوێژی عیشا دوا بخات بۆ سێ یەكی یەكەمی شەو یان بۆ نیوەی شەو بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە:
عن أبـي هريرة (رضي الله عنه) قال: قال رسول الله (صلى الله عليه وسلم): ((لولا أنْ أشق على أمتي لأمرتـهم أنْ يؤخروا العشاء إلى ثلث الليل أو نصفه))[صحيح سنن ابن ماجه رقم: (691)] .
واتە: ئەگەر ناڕەحەت نەبوایەت لە سەر ئوممەتەكەم ئەوا فەرمانم پێیان دەكرد بەوەی كەوا نوێژی عیشا دوا بخەن بۆ سێ یەكی یەكەمی شەو یان بۆ نیوەی شەو.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە