کاتێک ئافرەتێک دێنە سەیرى بۆ خواستنى دروستە میکیاج بکات و خۆى بڕازێنێتەوە و چاو بڕەژێ و خۆى بۆن خۆش بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتێک ئافرەتێک دێنە سەیرى بۆ خواستنى دروستە میکیاج بکات و خۆى بڕازێنێتەوە و چاو بڕەژێ و خۆى بۆن خۆش بکات؟
پرسیار:

ئایا دروستە بۆ ئافرەت کاتێک کەسێک دێت بۆ سەیری بەمەبەستی مارەکردن خۆی بڕازێنێتەوە و چاو بڕەژێ و بۆنی خۆش لەخۆی بدات ؟
وە ئایا حوکمی بردنی دیاری بۆ ئافرەکە چی یە کاتێک پیاوەکە دەچێت بۆ سەیری ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەو ئافرەتەی کە دێن بۆ سەیری بەمەبەستی مارە کردن نامەحەرەمە لەو پیاوەی کەهاتووە بۆ سەیری ، وە بەنیسبەت ئەو پیاوەوە وەک هەر ئافرەێتکی تر وایە لەبازاڕ ؛ بەڵام شەرع ڕێگای داوە بە پیاو سەیری ئەو جێگایانەی ئافرەت بکات کەدەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی و مارەکردنی .
لەبەر پێویستی وگرنگی ئەو سەیر کردنە ؛ چونکە ئەو سەیر کردنە دواتر دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو پیاو و ئافرەتە بەکامەرانی و خۆشی بژین ، وە دروست نی یە بۆ ئافرەت بەشێوازێکی نائاسایی دەرکەوێت ـ لەکاتی سەیر کردنیدا ـ وە خۆی بڕازێنێتەوە جا چ بە لەبەر کردنی جۆرە جل و بەرگێکی نائاسایی بێت یاخود میکیاج بکات ؛ چونکە ئەو پیاوە بەنیسبەت ئەوەوە نامەحرەمە .
وە هەروەها گەر پیاو بەو شێوازە بینی ، دواتر کە ئەو میکاجە نەما حەتمەن ئەو جوانیەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت ، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دڵی لێی سارد ببێتەوە ، وحەتمەن دەبێتە هۆکاری ئەوەی یان نەیەوێت یاخود هەر بەدڵ ساردی ژیانی لەگەڵدا بەڕێ بکات ، وە بێگومان ئەمەش سلبیات زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت .
جا ئەو جێگایانەی دروستە پیاو سەیری بکات بریتی یە لە :
دەست و دەم وچاو و سەر ومل ، بەمەرجێک بەتەنها نەبن بەڵکو پێویستە مەحرەمێکی کچەکە ئامادەی ئەو سەیر کردنە بێت ، وەک باوک یاخود برا ...هتد ، وە نابێت زیاد لەپێویست قسە لەگەڵ ئافرەتەکەدا بکات و درێژەی پێ بدات .
وەهەروەها دروست نی یە پێش مارەکردن بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا بکات ؛ چونکە ئەوە دەبێتە فیتنە و شەیتان جوانی دەکات لەلای پیاو و ئافرەتەکە ، بەڵام گەر مارەی بڕی دەتوانێت قسەی لەگەڵدا بکات ،وەبەتەنها لەگەڵیدا بمێنێتەوە وماچی بکات ، بەڵام ئێمە ئامۆژگاری دەکەین بەوەی لەگەڵیدا جووت نەبێت پێش گواستنەوەی ؛ چونکە گەر جیماعی لەگەڵ بکات پێش گواستنەوەی ، وە ئەو ئافرەتە دوو گیان بێت بەو هۆیەوە ڕەنگە دواتر تۆمەتی بۆ درووست بکرێت ، یاخود پیاوەکەی بمرێت پێش گواستنەوەی بەهەمان شێوە تۆمەتی بدرێتە پاڵ .
وە بەنیسبەت بردنی دیاریەوە بەشێوازێک پیاو وادەر دەبڕێت بەبردنی ئەو دیارەیەی بەو ئافرەتە ڕازیەو بەدڵیەتی دروستە و هیچ کێشەیەکی تێدا نی یە ؛ چونکە بەردەوام خەڵک ئەو کارە دەکەن ، هەرچەندە لەژێر هەر ناو نیشانێکی تردا بێت .
وەڵامى شیخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -

سەردان: ٣,٩٩٨ بەش: ژنهێنان و شوکردن