زەوییەکی کڕیوە و چاوەڕێ دەکات نرخەکەی بەرز ببێتەوە بۆ ئەوەی بیفرۆشێت ئایا زەکاتی تێدایە ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
زەوییەکی کڕیوە و چاوەڕێ دەکات نرخەکەی بەرز ببێتەوە بۆ ئەوەی بیفرۆشێت ئایا زەکاتی تێدایە ؟

زەکات لەهیچ زەوییەکدا نی یە مەگەر بۆ تیجارەت بێت ، هەر بۆیە ئەو زەوییەیی کە خانووی لەسەر بونیات دەنرێت زەکاتی تێدا نی یە ، بەڵام ئەوانی تر زەکاتی تێدایە .
وە لەکۆتایی هەموو ساڵێکدا نرخی زەوییەکە دیاری دەکرێت وە [لەسەدا دوو نیو ( 2.5%100) دەدرێتە زەکات] .

وە واجبە لەکۆتایی هەموو ساڵێک ئەو زەکاتە دەربکرێت ، ودروست نییە تەنها یەک ساڵ دەربکرێت لەبری هەموو ساڵەکان .

وە پێویستە تێبینی ئەوە بکرێت کە بەباتە بازرگانیەکان (عروض التجارة) گەر بەئاڵتون کڕدرا ، وە یاخود بەزیو ، وە یاخود بەپارە جا هەر پارەیەک بێت ، یاخود بەشتی تر کڕدرا ، ئەوا تێپەڕ بوونی ساڵ بەسەر ئەو پارەیەدا ، ئەژمار دەکرێ کەپێی کڕدراوە نەک خودی بەباتە بازرگانیەکان (عروض التجارة) ، بۆ نموونە گەر کەسێک لەڕەمەزاندا دەفتەرێک پارە هاتە دەستیەوە ، پاشان لە مانگی شەعبانی ساڵی داهاتوودا (واتە : پێش تێپەڕ بوونی ساڵ بەسەر دەفتەرەکەدا ) بەو دەفتەرە زەوەیەک یاخود هەر شتێکی تری کڕی بۆ تیجارەت ، ئەوا لەڕەمەزاندا (واتە : دوای کڕینی ئەرزەکە بەمانگێک)زەکاتی دەردەکات نەک چاوەڕێ بکات تاوەکو مانگی شەعبانی ساڵی داهاتوو .
بڕوانە : "الشرح الممتع" (6/149) للشيخ ابن عثيمين رحمه الله .

وە لە [("فتاوى اللجنة الدائمة" (9/331)]دا ، هاتووە:
زەکات واجبە لەو زەویانەدا کە بۆ کڕین و فرۆشتنە ؛ چونکە بە (عروض التجارة) ئەژمار دەکرێت ، وە ئەم بابەتە دەکەوێتە ژێر ئەو بەڵگانەوە کەزەکاتیان واجب کردووە ، لەوانە ، ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( خذ من أموالهم صدقة تطهرهم وتزكيهم بها ) .
واتە : زەکاتی ماڵەکانیان لێ وەر گرە ، پاک و خاوێنیان بکەرەوە بەو زەکاتە .
وەهەروەها ئەو فەرموودەیەیی کە (أبو داود) بەسەندێکی (حسن) لە (سمرة بن جندب رضي الله عنه) گێڕاویەتییەوە و دەڵێت : (أمرنا رسول الله أن نُخرج الصدقة مما نعده للبيع ). واتە : پێغەمبەر فەرمانی پێمان دەکرد زەکاتی ئەو شتانە دەربکەین کە بۆ فرۆشتن دامان ناوە .
وە ئەمە بۆچوونی جمهوری زانایانە ، وە ئەوەش بۆچوونێکی ڕاست و حەققە" اهـ .

وە هەروەها پرسیار کراوە لە (اللجنة الدائمة) :
من مەبلەغێک پارەم لایە - بۆ نموونە پەنجا هەزار ڕیاڵە - وە بەو پارەیە زەوییەکم کڕیوە ، وەمن دەڵێم لەجێی ئەوەی پارەکەم لەبانک دابنێم زەویەکی پێ دەکڕم بۆ ئەوەی پارەکەم بپارێزم ، وەهەر کاتێکی گونجا و یاخود هەر کاتێک پێویستم بەپارە بێت ئەیفرۆشم ، وەنرخەکەشی زیادی کردووە ، ئایا زەکاتی تێدایە ؟

لەوەڵامدا گوتویانە :
"هەر کەسێک زەوییەکی کڕی ، یاخود پێی بەخشرا ، وە یاخود پێی درا بەنیەتی تیجارەت کردن ، ئەوا زەکاتی تێدا واجبە گەر ساڵی بەسەردا تێپەڕ بوو ، وەهەموو ساڵێک ئەندازەکەی دیاری دەکات و زەکاتەکەی دەدات کە [لەسەدا دوو نیو (2.5%100)]دەکات .
خۆ ئەگەر بەنیەتی ئەوە کڕی بیکاتە خانوو بۆ نیشتە جێ بوونی خۆی ، ئەوا زەکاتی تێدا واجب نی یە ، مەگەر دواتر نییەتی ئەوەی لێ بێنێت کەبیفرۆشێت و کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات ، ئەوا لەو حاڵەتەدا زەکاتی تێدایه واجبە گەر ساڵی بەسەردا تێپەڕ بوو ، وەهەروەها ئەگەر بەنییەتی بەکرێدان خانوویەکی کڕی ئەوا زەکات لەکرێیەکەیدا واجبە گەر گەشتە ئەندازەی ئەو پارەیە کەزەکاتی تێدایه بەمەرجێک ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووبێت .
"فتاوى اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء" (9/339، 340) .

وەهەروەها پرسیار کراوە لە الشيخ ابن باز رحمه الله : چۆن زەکاتی زەوی و هاوشێوەکانی دەردەکرێت ، ئایا ئەوەندە بەسە لەکاتی فرۆشتنیدا یەک جار زەکاتی بدرێت لەبری هەموو ئەو ساڵانەی کەتێپەڕ بووە بەسەریدا ؟
لەوەڵامدا گوتویەتی :
گەر ئەرز و هاوشێوەکانی وەک ماڵ و سەیارە و جگە لەمانەش بۆ تیجارەت بەکار دەهێنران ، ئەوا واجبە هەموو ساڵێک زەکاتەکەی بدرێت کاتێ کە ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەبێت ، وەدروستە نی یە دوا بخرێت مەگەر بۆ کەسێک نەبێت نەتوانێت زەکاتەکەی بدات لەبەر نەبوونی پارە و ماڵ لەکاتی تێپەڕ بوونی ساڵ بەسەریدا ، ئا ئەم کەسە دوای دەخات تا دەیفرۆشێت و دواتر زەکاتی هەموو ئەو ساڵانە دەدات کە تێپەڕ بوو بەسەر ئەو ئەرزەدا کە کڕیبووی ، هەموو ساڵێک لەکاتی تێپەڕ بوونی ساڵەکەدا بەگوێرەی نرخەکەی زەکاتەکەی دەدات جا چ کەم بێت یاخود زۆر .
وە جمهوری زانایان لەسەر ئەم بۆ چوونەن ، لەبەر ئەوەی لە پێغەمبەرەوە وارد بووە کە فەرمانی کردووە بەدەر کردنی زەکاتی ئەو شتانەی کە بۆ فرۆشتن ئامادە کراوە ، وەهەروەها لەبەر ئەوەی ئەو ماڵە ئاڵ و گۆڕی پێ دەکرێت و دەدرێ بەشتی تر بەنییەتی قازانج ، هەر بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمان هەموو ساڵێک زەکاتی بدات ، هەر وەک چۆن گەر پارە بوایه و نەیدایە بەهیچ شتێک زەکات تیایدا واجب دەبوو " انتهى .
"مجموع فتاوى ابن باز" (14/160) .
والله أعلم .

سەردان: ٣,٧٣٢ بەش: زەکاتى پارە