دەمەوێ چەند زانیاریەکم دەس کەوێت دەربارەی شەیتان و فێڵ وتەڵەکەکانى و دوژمنایەتى شەیتان بۆ مرۆڤەکان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دەمەوێ چەند زانیاریەکم دەس کەوێت دەربارەی شەیتان و فێڵ وتەڵەکەکانى و دوژمنایەتى شەیتان بۆ مرۆڤەکان؟
پرسیار:

لەم وەڵامەدا :
دەرکردنى شەیتان لە ڕەحم و بەزەیی خواى گەورە .
سوێند خواردنى شەیتان بۆ لە خشتە بردنى مرۆڤەکان .
خواى گەورە چۆن ئاگادارمان دەکاتەوە لە فێڵەکانى شەیتان؟
ڕێگاکانى شەیتان بۆ لە خشتە بردنى مرۆڤەکان.
وتارى شەیتان لە ناو ئاگرى دۆزەخ بۆ دۆزەخیەکان 

کاتێ شەیتان ئامادە نەبوو سەژدە بۆ ئادەم ببات خوای پەروەردگار لەئاسمان دەری کرد و لەعنەتی لێ کرد تاوەکو ڕۆژی دوای ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( فاخرج منها فإنك رجيم ، وإن عليك لعنتي إلى يوم الدين ) ص/77-78 .
واتە : دەرچۆ لەبەهەشت تۆدەرکراوی ، ولەعنەتی منت لەسەرە تاوەکو ڕۆژی دوایی .

پاشان شەیتان داوای لەخودا کرد بێهێڵێتەوە تا ڕۆژی دوایی خوای پەروەردگاریش هێشتیەوە : ( قال أنظرني إلى يوم يبعثون ، قال إنك من المنظرين ) الأعراف/14-15 .
واتە : شەیتان گوتی خودایە بم هێڵەوە تا ئەو کاتەی خەڵک زیندو دەکرێنەوە ، خوای پەروەردگاریش فەرمووی : تۆ لەوانەی کەدەمێننەوە .

جا کاتێ شەیتان دڵنیا بوو لەوهەی لەناو ناچێت توشی سەر کێشی ولەخۆ بایی بوون و کەلە ڕەقی بوو وگوتی : ( قال فبما أغويتني لأقعدن لهم صراطك المستقيم ، ثم لآتينهم من بين أيديهم ومن خلفهم وعن أيمانهم وعن شمائلهم ولا تجد أكثرهم شاكرين ) الأعراف/16-17 .
واتە : گوتی سوێند بێ بەوەی تۆ منت گومڕا کرد من لەهەموو ڕێگا ڕادەستەکان بۆ لەخشتە بردنی نەوەی ئادەم دادەنیشم ، پاشان لەپێش وپاش لەلای ڕاست و لەلای چەپ بۆیان دەچم پاشان تۆ نابینی زۆر بەیان سوپاس گوزەرانی تۆ بن .
دواتر کاتێ شەیتان ئەوەی گوت خوای پەروەردگاریش پێی فەرموو : ( اذهب فمن تبعك منهم فإن جهنم جزاؤكم جزاءً موفوراً ، واستفزز من استطعت منهم بصوتك وأجلب عليهم بخيلك ورجلك وشاركهم في الأموال والأولاد وعِدهم , وما يعدهم الشيطان إلا غروراً ، إن عبادي ليس لك عليهم سلطان , وكفى بربك وكيلاً ) الإسراء/62-64 .
واتە : بڕۆ تۆ وئەوانەش شوێنت دەکەون سزای ئێوە دۆزەخە کەسزایەکی تەواوە ، وه‌ گومڕایان بكه‌و له‌ ڕێى راست ده‌ریانبكه‌ وه‌ بیانترسێنه‌ به‌ ده‌نگه‌كه‌ت، واته‌: به‌ وه‌سوه‌سه‌كه‌ت، یاخود به‌ گۆرانی، یان هه‌ر كه‌سێك بانگه‌وازى خه‌ڵكى بكات بۆ سه‌رپێچى خواى گه‌وره‌ ، چەندێ لەتواناتدا هەیە زاڵ ببە بەسەریاندا ، وهاریکاریان بکە لەماڵی حەڕام ومنداڵی زینادا وە وەعدیان بدەرێ بەوەی قیامەت نایەت ، وشەیتان هیچ وەعدێکیان پێ نادات تەنها بۆ مەغڕور کردن نەبێت ، تۆ دەسەڵاتت بەسەر بەندە ڕاستگۆیەکانی مندا نی یە ، وخودا بەسە بۆ ئەوەی هاری کاریان بێت .

ئا لێرەوە شەیتان بڕیاری پیسی خۆیدا بەوەی دژایەتی نەوەی ئادەم بکات وتاوان وداوێن پیسیان بۆ بڕازێنێتەوە ، حەتمەن زۆربەی مرۆڤەکان بەشەیتان هەڵخەڵەتان وتوشی ئەو تاوانانە بوون : ( ولقد صدق عليهم إبليس ظنه فاتبعوه إلا فريقاً من المؤمنين ) سبأ/20 .
واتە : بەتەئکید گومانی شەیتان ڕاست دەرچوو لەبارەی مرۆڤەکانەوە هەموان شوێنی کەوتن تەنها کۆمەڵێک لەباوەڕداران نەبێت .

وەهەموو ئەو شتانەی کەلەنێوان نەوەی ئادەمدا ڕوو دەدات لەتاوان وکوفر وداوێن پیسی ودزی وڕق وکینە وخواردنەوەی عەڕەق وپەرستنی بت وئەنجام دانی تاوانی گەورە ، وسفوری ئافرەتان ...هتد ، هەموو ئەمانە کاری شەیتانن ودەیەوێ لەو ڕێگایانەوە مرۆڤ دوور بخاتەوە لەڕێگای خودا و بەرەو دۆزەخ پەل کێشیان بکات .
خواى گەورەش دەفەرموێ : ( يا أيها الذين آمنوا إنما الخمر والميسر والأنصاب و الأزلام رجس من عمل الشيطان فاجتنبوه لعلكم تفلحون ، إنما يريد الشيطان أن يوقع بينكم العداوة والبغضاء في الخمر والميسر ويصدكم عن ذكر الله وعن الصلاة فهل أنتم منتهون ) المائدة/90-91 .
واته‌ : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ بێگومان خواردنه‌وه‌ی عاره‌ق ـ وه‌خواردنی ماده هۆشبه‌ره‌كان ـ وقوماركردن وبت په‌رستی وبه‌خت گرتنه‌وه‌ تاوانه‌ وپیسه‌ وله‌كاری شه‌یتانه‌ ، ده‌ی لێیان دوور بكه‌ونه‌وه‌ هه‌تا سه‌رفرازببن له‌ دونیا ودواڕۆژدا * شه‌یتان ده‌یه‌وێت دوژمنایه‌تی و ڕق و كینه‌ بخاته‌ نێوانتانه‌وه‌ به‌هۆی مه‌ی ( عاره‌ق ) خواردنه‌وه‌و قومار كردنه‌وه‌، وه‌ڕێگریتان لێ بكات و لاتان بدا له‌ زیكرو یادی خوداو له‌ نوێژ كردن ، ده‌ی ده‌ستیان لێ هه‌ڵبگرن و وازیان لێ بهێنن .

وەخوای پەروەردگار ئاگاداری کردووینەتەوە لەفێڵەکانی شەیتان هەروەک فەرموویەتی : ( يا أيها الذين آمنوا لا تتبعوا خطوات الشيطان ومن يتبع خطوات الشيطان فإنه يأمر بالفحشاء والمنكر ) النور/21 .
واتە : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە شوێنی فێڵەکانی شەیتان مەکەون ، وهەرکەسێک شوێنی هەنگاوەکانی شەیتان بکەوێت ئەوا شەیتان فەرمانیان پێدەکات بەداوێن پیسی وکاری خراپ .

جا هەرکات مرۆڤ دوور دەکەوێتەوە لەخودا ئەوا شەیتان سەرپەرشتی دەکات وبەرەو خراپە وتاوان دەیبات : ( ألم تر أنا أرسلنا الشياطين على الكافرين تؤزهم أزاً ) مريم/83 .
واتە : ئایا نابینی ئێمه‌ شه‌یتانه‌كان ئه‌نێرین بۆ سه‌ر كافران و زاڵیان ئه‌كه‌ین به‌سه‌ریانداو شه‌یتانه‌كانن كه‌ كافران ئه‌جوولێنن بۆ تاوان و سه‌رپێچی و له‌ خشته‌یان ده‌بن و فریویان ده‌ده‌ن..

وەهەروەها هەرکەسێک پشت کات لەخودا ئەوا خۆی لەناو دەبات دونیا ودوا ڕۆژ لەدەس دەدات : ( ومن يتخذ الشيطان ولياً من دون الله فقد خسر خسراناً مبيناً ) النساء/119 .
واتە : هەرکەسێک شەیتان بکات بەدۆستی خۆی جگە لەخودا ئەوا بەتەئکید توشی خەسارەو مەندیەکی ئاشکرا بووە .

وەشەیتان چەندەها ڕێگای عەجیب وسەیر وسەمەرەی هەیە بۆ لەخشتە بردنی مرۆڤەکان وکارە خراپەکانیان بۆ دەڕازێنێتەوە وبەرەو دۆزەخ پەل کێشیان دەکات : ( يعدهم ويمنيهم وما يعدهم الشيطان إلا غروراً ، أولئك مأواهم جهنم ولا يجدون عنها محيصاً ) النساء/120 - 121 .
واتە : شەیتان وەعدیان پێ دەدا وهیوایەتان پێ دەبەخشێت ، بێگومان پەیمانی شەیتان هیچ نی یە جگە لەخشتە بردن ، ئائەوانە جێگایان دۆزەخە وهیچ دەرچەیەکیان نی یە بۆڕزگار بوون لێی .

جا دوژمنایەتی شەیتان بۆ ئادەم ونەوەکانی دوژمنایەتیەکی کۆنە وتەنانەت ئادەمیشی لەخشتە برد وبوە هۆی دەرکردنی ئادەم لەبەهەشت پاشان ئادەم تەوبەی کرد ، خوای پەروەردگاریش ئاگاداری کردوینەوە لەگوێڕایەڵی کردنی شەیتان : ( يا بني آدم لا يفتننكم الشيطان كما أخرج أبويكم من الجنة ) الأعراف/27 .
واتە :ئەی نەوی ئادەم شەیتان فریوتان نەدات هەروەک دایک وباوکتانی لەبەهەشت دەرهێنا .

پاشان لەبەر ئەوەی دوژمنایەتی شەیتان دیار وئاشکرایە ، خودا فەرمانی پێ کردوین کەدوژمنایەتی شەیتان بکەین ، وفەرموویەتی : ( إن الشيطان لكم عدو فاتخذوه عدواً إنما يدعوا حزبه ليكونوا من أصحاب السعير ) فاطر/6 .
واتە : بەتەئکید شەیتان دوژمنی ئێوەیە دەئێوەش بەدوژمنی خۆتانی بزانن ، شەیتان بانگی شوێن کەوتوانی دەکات بۆ ئەوەی ببنە هاوەڵی دۆزەخ وبچنە دۆزەخەوە .

وەهەروەها ڕێگای نیشان داوین هەرکات هەستمان بەفێڵی شەیتان کرد پەنا بگرین بەخودا لەشەیتانی نەفرین لێ کراو : ( وإما ينزغنك من الشيطان نزغٌ فاستعذ بالله إنه هو السميع البصير ) فصلت/36 .
واتە : کاتێ کەشەیتان ویستی لەخشتەت بەرێت ئەوا پەنا بگرە بەخودا بەتەئکید خودا بیسەر وبینایە .

وە لەڕۆژی دوایدا شەیتان دان بەجەریمەی خۆیدا دەنێت و لەبەرامبەر هەمواندا دەڵێت خودا ڕاستگۆیە و لەوکاتەدا هەموو شوێن کەوتەکانی پەشیمان دەبنەوە بەڵام پەشیمانی دادیان نادات : ( وقال الشيطان لما قضي الأمر إن الله وعدكم وعد الحق ووعدتكم فأخلفتكم وما كان لي عليكم من سلطان إلا أن دعوتكم فاستجبتم لي فلا تلوموني ولوموا أنفسكم ما أنا بمصرخكم وما أنتم بمصرخي إني كفرت بما أشركتمونِ من قبل إن الظالمين لهم عذاب أليم ) إبراهيم/22 .
واته‌ :کاتێ هه‌مووشت ته‌واو ده‌بێت به‌هه‌شتیه‌کان ده‌چنه به‌هه‌شته‌وه و دۆزه‌خیه‌کان ده‌خرێنه دۆزه‌خه‌وه‌ ، شه‌یتان به‌فه‌رمانی خوا دێته قسه‌و ڕوو به په‌یڕه‌وانی ده‌ڵێت:
به‌ڕاستی خوا به‌ڵێنی ڕاست و دروستی پێ ڕاگه‌یاندبوون منیش به‌ڵێنی درۆو نادروستم پێدان و جا توانیم گومڕاتان بکه‌م و له ڕێبازی ڕاست و وێڵتان بکه‌م، وه‌نه‌بێت من هیچ زۆرو ده‌سه‌ڵاتێکم به‌سه‌ر ئێوه‌دا هه‌بووبێت، جگه له‌وه‌ی به‌وه‌سوەسه‌ وخه‌ته‌ره‌و خه‌یاڵ با‌نگم کردن بۆ خوانه‌ناسی و تاوان ئێوه‌ش به‌ده‌ممه‌وه هاتن و به‌قسه‌تان کردم، ئیتر سه‌ر‌زه‌نشت و لۆمه‌ی من مه‌که‌ن، به‌ڵکو سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌ی خۆتان بکه‌ن که ئاوا گێلانه‌، بێ بیرکردنه‌وه به‌قسه‌تان کردم، ئه‌مڕۆ من ناتوانم به‌هاناو هاواری ئێوه‌وه بێم، ئێوه‌ش ناتوانن به هاناو هاواری منه‌وه بێن، بێگومان من باوه‌ڕم نه‌بوو به‌وه‌ی که کاتی خۆی منتان کردبوو به‌شه‌ریك و هاوبه‌ش له پێشدا، به‌ڕاستی ئه‌مڕۆ سته‌مکاران سزای زۆر به‌ئێش ده‌درێن .

سەردان: ٤,٧٣٨ بەش: هەمەجۆر