ئەگەر ئافرەتێک خولعى کرد و جیابویەوە لە پیاوەکەى دواى چەند پاک بوونەوە لە حەیز دەتوانێ شوو بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر ئافرەتێک خولعى کرد و جیابویەوە لە پیاوەکەى دواى چەند پاک بوونەوە لە حەیز دەتوانێ شوو بکات؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

بەنیسبەت عیدەی (الخلع)ـەوە : 
بۆچوونی ڕاست ودروستی زانایان ئەوەیە کەیەک جار بکەوێتە سوڕی مانگانەوە وپاشان پاک ببێتەوە ئەوا دەتوانێ شوو بکات .

یەکەم : خولع جیابونەوەیەكە لە نێوان ژن ومێرد دا ڕو دەدات بە بەرامبەرێك كە ژنەكە بە مێردەكەی دەدات، وە خولع – لەحەقیقەتدا – نایەتە دی مەگەر بەداوا کردنی ئافرەت نەبێت وەهەروەها بەڕەزامەندی مێردەکەشی لەسەر بێت .

دووەم : لەهەموو حاڵەتێکدا عیدە واجبە لەسەر ئافرەت کاتێ لەمێردەکەی جودا دەبێتەوە جا بەویستی خۆی لە مێردی جودا بوبێتەوە یاخود مێردەکەی تەڵاقی دابێت یاخود مێردەکەی مردبێت ، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت کەمێردەکەی پێش ئەوەی لەگەڵی جوت بوبێت لێی جودا بووبێتەوە ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : { يا أيها الذين آمنوا إذا نكحتم المؤمنات ثم طلقتموهنَّ من قبل أن تمسوهن فما لكم عليهن من عدة تعتدونها } الأحزاب / 49 .
واتە : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە کاتێ ئافرەتێکی باوەڕدارتان مارە کرد پاشان تەڵاقتان دا پێش ئەوەی لەگەڵیان جوت ببن ئەوا هیچ عیدەیەکتان لەسەریان نی یە وچاوەڕێ بکەن تاوەکو پاک دەبنەوە .

سێیەم : بەنیسبەت عیدەی (الخلع)ـەوە :
بۆچوونی ڕاست ودروستی زانایان ئەوەیە کەیەک جار بکەوێتە سوڕی مانگانەوە وپاشان پاک ببێتەوە ئەوا دەتوانێ شوو بکات ، هەرەوەک ابن عباس دەڵێت : أن امرأة ثابت بن قيس اختلعت من زوجها على عهد النبي صلى الله عليه وسلم فأمرها النبي صلى الله عليه وسلم أن تعتد بحيضة . رواه الترمذي ( 1185 ) وأبو داود ( 2229 ) . ورواه النسائي ( 3497 ) من حديث الربيِّع بنت عفراء . والحديثان : صححهما ابن القيم – كما سيأتي - .
واتە : لەسەر دەمی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم خێزانی سابتی کوڕی قەیس خولعی کرد ولەمێردەکەی جودا بووەوە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمانی پێکرد چاوەڕێ کات تاوەکو یەک جار دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە .

ابن القيم رحمه الله دەڵێت :
فەرمانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەو ئافرەتەی خولعی کرد بەوەی چاوەڕێ کات تاوەکو یەک جار دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە واجب نی یە لەسەری چاوەڕێ کات تاوەکو سێ جار دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە بەڵکو یەک سوڕی مانگانە بەسە ، جا ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا کە لەسوننەتەدا هاتووە مەزهەبی پێشەوای باوەڕداران ( عثمان بن عفان وعبد الله بن عمر بن الخطاب والربيع بنت معوذ ) ومامی کەیەکێکە لەسەرانی هاوەڵان وهیچ بۆچونێکی جیاواز لەو بارەیەوە نەزانراوە ، هەروەک (الليث بن سعد عن نافع مولى ابن عمر أنه سمع الربيع بنت معوذ بن عفراء) گێڕاویەتیەوەو ئەو هەواڵی بە عبد الله بن عمر رضي الله عنه داوە کە لەسەردەمی ( عثمان بن عفان)دا خولعی لەگەڵ مێردەکەیدا کردووە ومامی چووە بۆ لای (عثمان بن عفان)و پێی گوتووە : کچەکەی موعەویز خولعی لەگەڵ مێردەکەیدا کردووە ئایا دەتوانێت جێگاکەی بگوازێتەوە لەماڵی مێردەکەی دەرچێت ؟
عومانیش خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی : بەڵێ ، هیچ میراتێک لەنێوانیاندا نی یە وهیچ عیدەیەکیشی لەسەر نی یه بەڵام نابێ شوو بکات تاوەکو یەک جار دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە نەوەک سکی هەبێت ودوو گیان بێت ، جا ( عبد الله بن عمر )یش ، گوتی : عوسمان لەهەمومان چاکتر وزاناترە .

وە هەریەک لە ( إسحاق بن راهويه والإمام أحمد) لەگێڕانەوەیەکدا ئەمە مەزهەبیان بووە و (شيخ الإسلام ابن تيمية)ش ئەم بۆچوونەی هەڵبژاردووە ..

جا قاعیدە شەرعیەکان وا دەخوازن ؛ چونکە عیدە بۆیە کراوە بە سێ حەیز بۆ ئەوەی کاتی گەڕاندنەوە درێژە بخایەنێت ومێرد بیر بکاتەوە لەو ماوەیەدا ومەجالی گەڕاندنەوەی خێزانەکەی هەبێت ، جا ئەگەر نەتوانێت بیگڕێتەوە ئەوا پێویست بەسێ جار کەوتنە سوڕی مانگانەوە ناکات ، چونکە مەبەست لە کەوتنەوە سوڕی مانگانەوە تەنها بۆ زانینی ئەوەیە ئایا دوو گیانە یاخود نا ؟
حەتمەن ئەوەش بەیەک سوڕی مانگانە دیاری دەدات ، ودەڵێن : ئەم بۆچوونە دژ نابێتەوە کاتێ بەراورد بکرێت بەو ئافرەتەی کەتەڵاقی سێ بەسێ دراوە ؛ چونکە بابەتی تەڵاق یەک حوکمی هەیە جا مەجالی گەڕاندنەوە هەبێت یاخود بەیەک جاری لێی جودا بوبێتەوە .
" زاد المعاد " ( 5 / 196 ، 197 )

بەڵام هەندێ لەزانان پێیان وایە عیدەی ئەو ئافرەتەی خولع دەکات سێ سوڕی مانگانەیە هەروەک ئەو ئافرەتەی تەڵاقی سێ بەسێ دراوە ، و (الإمام ابن القيم) وەڵامێکی جوانی داونەتەوە ودەڵێت :
ئەوەی دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی کە ( الخلع ) تەڵاق نی یە وجودایە لەتەڵاق خوای پەروەردگار سێ حوکمی داناوە بۆ ئەو ئافرەتەی تەڵاق دەدرێت دوای جووت بوون کە هیچیان لە ( الخلع ) ـدا بوونیان نی یە :
یەکەم : مێرد دەتوانێت بیگێڕتەوە ودوو بارە بیکاتەوە خێزانی .
دووەم : ئەو سێ تەڵاقەی لەسەر ئەژمار دەکرێت ، جارێکی تر ئەو خێزانەی بۆ حەڵاڵ نابێت تاوەکو شوو بە پیاوێکی تر نەکات ولەگەڵی جووت نەبێت و دواتر بەئازەزووی خۆی تەڵاقی نەدات .
سێیەم : عیدەی تەڵاق دراو سێ سوڕی مانگانەیه .

هەر بۆیە عیدەی ئافرەتێک کە خولع دەکات یەک سوڕی مانگانەیە هەروەک بەڵگەی فەرمودەمان خستە ڕوو لەو بارەیەوە

والله أعلم .

سەردان: ٤٣٤ بەش: تەڵاق و جیابونەوە