ئایا دەگونجێ ئافرەت داوای خولع و جیابونەوە لەمێردەکەی بکات تەنانەت گەر مێردەکەشی ڕازی نەبێت ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دەگونجێ ئافرەت داوای خولع و جیابونەوە لەمێردەکەی بکات تەنانەت گەر مێردەکەشی ڕازی نەبێت ؟

پێناسە و واتای خولع
لە زماندا:
لە «خلع الثوب =بەرگ داكەندن»ەوە وەرگیراوە، چونكە هەر یەك لە ژن ومێرد بەرگی ئەوی تریانن.
لە شەرعیشدا:
جیابونەوەیەكە لە نێوان ژن ومێرد دا ڕو دەدات بە بەرامبەرێك كە ژنەكە بە مێردەكەی دەدات، بە لەفزێكی دیاری كراو.

سەبارەت بە پرسیارەکەش الشيخ عبد الله بن عبد الرحمن بن جبرين رحمه الله فەرموویەتى :

یەکەم : کاتێ ئافرەت حەزی لەڕەوشتی مێردەکەی نەبوو وەک ئەوەی مێردەکەی زۆر توند بێت وزوو توڕەببێت و بۆ سادەترین شت تۆڵەی لێ بکاتەوە وسەر زەنشتی بکات ئەوا ئافرەت دەتوانێت داوای خولع وجودا بونەوە بکات .

دووەم : کاتێ حەزی لەیەکێک لە ئەندامی لاشەی مێردەکەی نەبوو جا کەم کورتی بێت لەهەر بەشێکی مێردەکەیدا ئەوا بەهەمان شێوە دەتوانێت داوای خولع وجودا بونەوە بکات .

سێیەم : گەر پیاوەکە کەم کورتی لەدیندا هەبوو وەک وازی هێنابێت لەنوێژ ونەچوون بۆ نوێژی جەماعەت وبەڕۆژوو نەبوون لەڕەمەزاندا بەبێ عوزر و یاخود کاری حەڕامی ئەنجام دەدات ، وەک زینا وعەڕەق خواردنەوە وگوێ گرتن لەگۆرانی ...هتد ، ئەوا بەهەمان شێوە دەتوانێت داوای خولع وجودا بونەوە بکات .

چوارەم : گەر پیاو مافی خێزانەکەی نەدات وەک ئەوەی نەفەقەی نەکێشێت وجل وبەرگی بۆ نەکات وپێداویستیە زەڕوڕەکانی بۆ دابین نەکات لەکاتێکدا لەتوانایشیدا هەبێت بۆی دابین بکات ، ئەوا بەهەمان شێوە دەتوانێت داوای خولع وجودا بونەوە بکات .

پێنجەم : گەر مافی سەر جێی نەدات وەک پێویست کە وای لێ بکات داوێنی بپارێزێت ( جا بەهۆی کەم کورتی بێت لەپیاوەکەدا ونەتوانێت لەگەڵی جوت ببێت) یاخود حەزی بەخێزانەکەی نەبێت وچاوی لەئافرەتانی تر بێت ، یاخود خێزانی تری هەبێت ودادپەروەر نەبێت لەنێوانیاندا ئەوا بەهەمان شێوە دەتوانێت داوای خولع وجودا بونەوە بکات ، والله أعلم .

سەردان: ٥,٤٨٢ بەش: تەڵاق و جیابونەوە