جیاوازى لە نێوان (الفسخ) و(الطلاق) و(الخلع) دا چیە ؟ چ کاتێک ژن و مێرد دەتوانن لە یەک جیا ببنەوە و عەقدى زەواجەکەیان هەڵبوەشێننەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جیاوازى لە نێوان (الفسخ) و(الطلاق) و(الخلع) دا چیە ؟ چ کاتێک ژن و مێرد دەتوانن لە یەک جیا ببنەوە و عەقدى زەواجەکەیان هەڵبوەشێننەوە؟

جیابوونەوەی نێوان ژن ومێرد نایەتە دی تەنها بەدوو ڕێگە نەبێت (الطلاق) یاخود ( الفسخ ).

جا جیاوازی نێوانیان ئەوەیە :
تەڵاق : کۆتای هێنانی پەیوەندی ژن ومێردایەتیە لەلایەن مێردەوە ، وچەند لەفز وکەلیمەیەکی دیاری کراو ومەعلومی هەیه .
بەڵام فەسخ : پوچەڵ کردنەوەی عەقدی زەواجە وەک ئەوەی دروست نەبوبێت ، جا ئەمە بەحوکمی قازی یاخود بەحوکمی شەرع دەبێت .

جا لەو جیاوازیانەی کەهەیانە :
یەکەم :  تەڵاق نایەتە دی مەگەر بەدەربڕینی مێرد وبەویست وڕازی بوونی مێرد نەبێت ، بەڵام فەسخ پێویستی بەدەربڕینی مێرد نی یە و هیچ بەمەرج نەگیراوە مێرد ڕازی بێت یاخود ویستی لەسەر بێت .
ئیمامى شافعي رحمه الله دەڵێت :
"كل ما حُكِمَ فيه بالفرقة ، ولم ينطق بها الزوج ، ولم يردها ... فهذه فرقة لا تُسمَى طلاقاً" انتهى ، "الأم" (5/ 128) .
واتە : هەر جیابوونەوەیەک کەبڕیاری لەسەر درابێت ، ومێرد بەزوبان دەری نەبڕی بێت ، و ویستی لەسەر نەبوبێت...ئائەوا پێی ناوترێت تەڵاق .

دووەم :  تەڵاق چەندین هۆکاری هەیە ، وڕەنگە هەندێ جار بەبێ هۆکاریش ڕوو بدات ، بەوەی تەنها مێرد ویستی لەسەر ئەوە بێت لەخێزانەکەی جوودا ببێتەوە .

بەڵام فەسح نایەتە دی مەگەر لەبەر هۆکارێک نەبێت کەوا پێوست یاخود وا بکات دروست بێت ئەو لێک جودا بوونەوە ڕوو بدات .

هەندێ لەو شتانەی کەوا دەکات عەقدی زەواجی پێ فەسخ بکرێتەوە :
– ژن ومێردەکە کوفئی یەک نەبن وئاستیان لەیەک دوور بێت ، حەتمەن ئەمە لەلای ئەو زانایانەی کە بەمەرجی دەزانن بۆ دامەزراندنی عەقد ژن ومێرد هاوشان و هاو کوفئی یەک بن .
- کاتێ یەکێک لەژن ویاخود مێرد هەڵدەگەڕێنەوە لەئیسلام و کافر دەبن وناگەڕێنەوە بۆ ئیسلام .
- کاتێ مێرد موسوڵمان بێت وخێزانەکەی بەکافری بمێنێتەوە ، جا ئەو ئافرەتە موشریک بێت یاخود ئەهلی کیتاب نەبێت ، واتە : جولەکەو مەسیحی نەبێت .
- ڕوو دانی لیعان لەنێوان ژن ومێردا .
- نەتوانینی نەفەقە کێشانی خێزان لەلایەن مێردەوە ، ئەمە کاتێ گەر خێزان داوای فەسخی عەقدی زەواجی کرد .
- هەبوونی عەیب لەیەکێک لەژن ومێردا کە ڕێگر بێت لەوەی نەتوانن چێژ لەیەک وەربگرن ، ویاخود ببێتە هۆی ئەوەی قێز لەیەک بکەنەوە ونەتوانن بەیەکەوە بژین .

سێیەم : مێرد ناتوانێت ودەسەڵاتی ئەوەی نییە دوای فەسخ خێزانەکەی بگێڕێتەوە ، مەگەر بەعەقدێکی تازە وڕازی بوونی خێزانی نەبێت .

بەڵام تەڵاق بەو شێوەیە نی یە وخێزانەکەی خێزانیەتی مادام لەعیدەدایە دەتوانێت دوای تەڵاق یەکەم ودووەم بیگڕێتەوە بەبێ ئەوەی دوو بارە عەقدێکی تر ببەست ، وەهەروەها بەبێ ئەوەی پێویست بەڕازی بوونی خێزان بکات .

چوارەم : فەسخ حسابی ژمارەی تەڵاقی بۆ ناکرێت کە بەدەست پیاوە .
ئیمامى شافعي رحمه الله دەڵێت :
"وكل فسخٍ كان بين الزوجين فلا يقع به طلاق ، لا واحدة ولا ما بعدها" انتهى من "الأم" (5 /199) .
واتە : هەموو فەسخێک کەلەنێوان ژن ومێردا ڕوو دەدات تەڵاقی پێ ناکەوێت نەدانەیەک ونە دوان وسیان .

وە ابن عبد البر رحمه الله  دەێت :
" والفرق بين الفسخ والطلاق وإن كان كل واحد منهما فراقاً بين الزوجين : أنَّ الفسخ إذا عاد الزوجان بعده إلى النكاح فهما على العصمة الأولى ، وتكون المرأة عند زوجها ذلك على ثلاث تطليقات ، ولو كان طلاقاً ثم راجعها كانت عنده على طلقتين". انتهى "الاستذكار" (6 /181) .
واتە : جیاوازی نێوان تەڵاق وفەسخ (هەرچەند هەردو شتەکە دەبنە هۆی جودا بوونەوە) ئەوەیە :
لەفەسخ دا گەر دواتر پیاو وخێزانەکەی دوو بارە زەواجیان کردەوە ئەوا سێ تەڵاقەکەیان ماوە ، بەڵام گەر تەڵاق بوایە و دواتر بیگێڕایەتەوە ئەوا تەڵاقێکی دەچێت ودوو تەڵاقی دەمێنێتەوە .

پێنجەم : تەڵاق مافی مێردە ، پێویست بە بڕیاری قازی ناکات ، وهەندێ جار ڕەنگە بەڕازی بوونی ژن ومێرد بێت .

بەڵام فەسخ بەحوکمی شەرع یاخود بەبڕیاری قازی دەبێت ، وتەنها بەڕازی بوونی ژن ومێرد فەسخ نایەتە دی ، بەڵکو ئەو لەخولع دا دێتە دی .

ابن القيم رحمه الله دەڵێت :
"ليس لهما أن يتراضيا بفسخ النكاح بلا عوض [أي : الخلع] بالاتفاق" انتهى "زاد المعاد" (5/598) .
واتە : بەکۆدەنگی زانایان بۆ ژن ومێرد نی یە ڕێک بکەون لەسەر فەسخ کردنەوەی عەقدی زەواج بەبێ ئەوەی لەسەر شتێک ڕێک کەون .

شەشەم : گەر پێش ئەوەی پیاو لەگەڵ خێزانەکەیدا جووت ببێت عەقدەکەی نێوانیان فەسخ ببێتەوە ئەوا خێزانەکەی هیچ مارەییەکی بەر ناکەوێت ، بەڵام لەو حاڵەتەدا تەڵاق بەو شێوەیە نی یە بەڵکو نیوەی مارەییەکەی بەر دەکەوێت .

وەبەنیسبەت خولعەوە :
ئەوەیە ئافرەت داوای تەڵاق لەمێردەکەی دەکات وداوا دەکات لێی جودا ببێتەوە لەبەرانبەر بڕێک لەماڵ ویاخود لەبەرانبەر تەنازول کردن لەهەموو مارەییەکەی یاخود بەشێکی .

جا زانایان جیاوازن تیایدا کەئایا بە فەسخ ئەژمار دەکرێت یاخود تەڵاق ؟
بۆچونی نزیک لەڕاجح وڕاست ئەوەیە : حسابی فەسخی بۆ دەکرێت

سود وەرگیراوە لە : "المنثور في القواعد" (3/24) ، "الفقه الإسلامي وأدلته" (4 /595) ، "الموسوعة الفقهية الكويتية" (32/107- 113) (32/137) ، "فقه السنة" (2/314) .

سەردان: ٧٨٢ بەش: تەڵاق و جیابونەوە