ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەى شەوى بەراتەوە (15ى شەعبان) و شەونوێژ کردن و تایبەت کردنى ڕۆژەکەى بەڕۆژوو گرتن تا چەند دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەى شەوى بەراتەوە (15ى شەعبان) و شەونوێژ کردن و تایبەت کردنى ڕۆژەکەى بەڕۆژوو گرتن تا چەند دروستە؟
پرسیار:

هەندێک لە موسوڵمان لەشەوی پازدەی شەعباندا ئاهەنگ دەگێڕن ، بەڵکو هەندێ کەس شەو نوێژ و دوعای تیادا دەکەن و لەڕۆژەکەیدا بەڕۆژو دەبن ئایا حوکمی ئەو کارە چی یە ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

 ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی شەوی پازدەی شەعبانەوە و تایبەت کردنی بەنوێژ کردن و تایبەت کردنی ڕۆژەکەی بەڕۆژو گرتن ، بیدعەیە وکارێکی خراپە لەلای زۆربەی زانایان ، وهیچ بنەمایەکی شەرعی نی یە ، بەڵکو ئەو کارە لەدوای سەردەمی هاوەڵان داهێنراوە ، جا هەر شتێک بە بەڵگەی شەرعی سابت نەبوبێت ، نابێت ودروست نی یە بۆ موسوڵمان دای بهێنێت جا بەتەنها خۆی ئەنجامی بدات یاخود لەگەڵ جەماعەتدا ئەنجامی بدات ، و بەهەمان شێوە گەر بەنهێنی بیکات یاخود ئاشکرا .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەى کە دینی ئیسلامى بۆ کامڵ و تەواو کردین ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا بێت کە بە باشترین شێوە دینەکەى بە ئێمە گەیان، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
أما بعد :
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿الْيوْم أكْملْت لكمْ دِينكمْ وأتْممْت عليْكمْ نِعْمتِي ورضِيت لكم الْإِسْلام دِينًا) [ المائدة:3]
واته : ئه‌مڕۆ دینه‌كه‌ی خۆم بۆتان ته‌واو كرد، هه‌رگیز پێویستتان به‌ زیاده‌ نابێت بیهێننه‌ ناو دینه‌كه‌تانه‌وه‌، وه‌ ئاشكرام كرد به‌سه‌ر هه‌موو دینه‌كاندا، [وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي] وه‌ نیعمه‌تی خۆم ته‌واو ڕژاند به‌سه‌رتاندا به‌وه‌ی كه‌ مه‌ككه‌م بۆ ئازاد كردن و به‌سه‌ر كافراندا زاڵم كردن [وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا] وه‌ ڕازی بووم كه‌ ئیسلام دینی ئێوه‌ بێ تا ڕۆژی قیامه‌ت، وه‌ ئێوه‌یش رازى بن كه‌ دینتان بێت .

وەهەروەها لەسحیحی بوخاری وموسلیم دا هاتووە پێغەمبەر فەرموویەتی : ( مَنْ أَحْدَثَ فِى أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ فِيهِ فَهُوَ رَدٌّ) ..
واتە : هەرکەسێک شتێک دابهێنێت وبیداتە پاڵ ئیسلام و لە ئیسلام دا نەبێت ئەوا ڕەت دەکرێتەوە ولێی وەرناگیرێت .

وەهەروەها لەسحیحی موسلیم دا هاتووە پێغەمبەر لەوتاری ڕۆژی هەینیدا دەیفەرموو : (أَمَّا بَعْدُ فَإِنَّ خَيْرَ الْحَدِيثِ كِتَابُ اللَّهِ وَخَيْرُ الْهُدَى هُدَى مُحَمَّدٍ وَشَرُّ الأُمُورِ مُحْدَثَاتُهَا وَكُلُّ بِدْعَةٍ ضَلاَلَةٌ ) .
واتە : باشترین وتە کتابەکەی خوای پەروەردگارە وباشترین ڕێباز ڕێبازەکەی پێغەمبەرە وخراپترین شت لەدیندا داهێنراو وبیدعەیە وبێگومان هەموو داهێنراو وبیدعەیەکیش گومڕایی وسەر لێ شێواویە .

ئەم ئایەت وفەرموودانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی خوای پەروەردگار دینی خۆی تەواو کردووە ، حەتمەن پێغەمبەر وەفاتی نەکرد تاوەکو دینەکەی بەتەواوی ڕانەگەیاند و هەرچی قسە وکرداری شەرعی هەیە بۆ ئومەتەکەی ڕوون کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە : هەرچی خەڵک دایان هێناوە دوای خۆی و داویانەتە پاڵ ئیسلام لەقسه وکردار هەمووی ڕەت دەکرێتەوە ولێیان وەرناگیردرێت هەرچەند نیەتیانیش باش بوبێت ۰

جا یەکێک لەو بیدعانەی کەخەڵک دایان هێناوە :
بیدعەی ئاهەن گێڕانە بەبۆنەی شەوی پازدەی شەعبانەوە (کە پێى دەڵێن شەوى بەرات) ، وتایبەت کردنی ڕۆژەکەی بەڕۆژو گرتن ، لەکاتێکدا کەهیچ بەڵگەیەکی لەسەر نی یە ، تەنها هەندێ فەرموودەی دروست کراو وناڕاست لەو بارەیەوە هاتوون ، هەروەک زۆرێک لەزانایان ڕوونیان کردۆتەوە .

وە جمهوری زانایان لەسەر ئەوەن کە :
ئەو یاد کردنەوەیە بیدعەیە ، وهەرچی فەرموودەش لەو بارەیەوەهاتووە زەعیفە ، وهەندێکیان مەوزوع ودروست کراون ، یەکێک لەو زانایانەی کەئەم بابەتەی ڕوونکردۆتەوە (الحافظ ابن رجب)ـە لە كتابی (لطائف المعارف) وجگە لەو کتابەش ، شایەنی باسە فەرموودەی زەعیف لەعیبادەتێکدا کاری پێ دەکرێت کەئەسڵی ئەو عیبادەتە بەڵگەی سەحیحی لەسەر بێت ، بەڵام ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی شەوی نیوەی شەعبانەوە ئەسڵێکی شەرعی نی یە تاوەکو حوکمی لەسەر بونیادا بنرێت .

شێخ الإسلام ئەم قاعیدە بەهێزەی باس کردووە .

گومانی تێدا نی یە کەزانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی واجبە هەرکاتێک خەڵک لەشتێکدا ناکۆک بوون بیگەڕێنەوە بۆ لای قورئانەکەی خودا وسوننەتەکانی پێغەمبەرەکەی ، هەر شتێک ئەو دوانە یاخود یەکێکیان حوکمێکیان دا ئەوا شەرعیە وپێویستە دوای کەوین ، وەهەرشتێکیش لەو دوانەدا نەبوو ئەوا پێویستە فڕێ بدرێت ، ومەعلومە کەهەر عیبادەتێک کەلەقورئان وسوننەتدا نەهاتبێت ئەوا بیدعەیە ونابێت ئەنجام بدرێت ، چ جای ئەوەی بانگەشەی بۆلا بکرێت ؟!، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی :
﴿يا أيّها الّذِين آمنوا أطِيعوا اللّه وأطِيعوا الرّسول وأولِي الْأمْرِ مِنْكمْ ۖ فإِنْ تنازعْتمْ فِي شيْءٍ فردّوه إِلى اللّهِ والرّسولِ إِنْ كنْتمْ تؤْمِنون بِاللّهِ والْيوْمِ الْآخِرِ ۚ ذٰلِك خيْرٌ وأحْسن تأْوِيلًا﴾[ النساء:59] ،
واته : ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانتان هێناوه‌ گوێڕایه‌ڵی خواو گوێڕایه‌ڵی پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن- - وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ فه‌رمانڕه‌واو كاربه‌ده‌ستی ئێوه‌ن چ فه‌رمانڕه‌وایان وه‌ چ زانایان هه‌ردووكی ئه‌گرێته‌وه‌ له‌ چاكه‌دا به‌ڵام له‌ خراپه‌و تاواندا گوێڕایه‌ڵى بۆ كه‌س نیه‌ ، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر شتێكدا كێشه‌ كه‌وته‌ نێوانتانه‌وه‌ له‌ دین و دونیا ئه‌وه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ لای خواو پێغه‌مبه‌ری خوا- - واته‌: بۆ لای قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا- - پاش مردنی پێغه‌مبه‌ر- - [إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ] ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئیمانتان به‌خواو به‌ڕۆژی دوایی هه‌یه‌ [ذَلِكَ خَيْرٌ] كه‌ كێشه‌تان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ لای قورئان و سوننه‌ت ئه‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌یه‌ بۆ لای قورئان و سوننه‌ت باشترین كارێكه‌ كه‌ ئه‌یكه‌ن [وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا (59)] وه‌ باشترین سه‌ره‌نجام و شوێنی گه‌ڕاندنه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ له‌ كاتی كێشه‌دا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای قورئان و سوننه‌ت..

وەالحافظ ابن رجب رحمه الله تعالى لە كتابی : (لطائف المعارف) لەبارەی ئەم بابەتەوە دەڵێت :
هیچ شتێک لەپێغەمبەر و هاوەڵانەوە نەهاتووە لەبارەی شەو نوێژ کردن لەشەوی پازدەی شەعباندا .. " .

بێگومان هەر شتێک بەبەڵگەی شەرعی سابت نەبوبێت ، نابێت ودروست نی یە بۆ موسوڵمان دای بهێنێت جا بەتەنها خۆی ئەنجامی بدات یاخود لەگەڵ جەماعەتدا ئەنجامی بدات ، وبەهەمان شێوە گەر بەنهێنی بیکات یاخود ئاشکرا ، بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی پێغمبەر : (مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهْوَ رَدٌّ ) .
واتە : هەرکەسێک هەرکارێک بکات کەفەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت ئەوا ڕەت دەکرێتەوە .

وە جگە لەم بەڵگانەش کەهاتوون لەبارەی ڕێگری کردن لەبیدعە وداهێنراوەکان .

جا ئەوەی ئاماژەمان پێدا لەبەڵگەکانی قورئان وسوننەت وبۆچوونی زانایان ڕوونە بۆ کەسێک کەشوێنکەوتەی حەق بێت :
کە ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی شەوی پازدەی شەعبانەوە و تایبەت کردنی بەنوێژ کردن و جگە لەنوێژیش ، بیدعەیە وکارێکی خراپە لەلای زۆربەی زانایان ، وهیچ بنەمایەکی شەرعی نی یە ، بەڵکو ئەو کارە لەدوای سەردەمی هاوەڵان داهێنراوە ، جا کەسی شوێن کەوتەی حەق لەم بابەتە وغەیری ئەمەشدا ئەم ئایەتەی بەسە : ( الْيوْم أكْملْت لكمْ دِينكمْ ) .

سەردان: ٦,١٢٢ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان