چۆن یادى له‌دایك بوونى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم بکەینەوە به‌شێوه‌یه‌كى شه‌رعى؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن یادى له‌دایك بوونى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم بکەینەوە به‌شێوه‌یه‌كى شه‌رعى؟

(حسانى كوڕى عطية‌) ده‌فه‌رموێت: (هه‌ر قه‌ومێك هه‌ر داهێنراوێك له‌ دینه‌كه‌یاندا دابهێنن، خواى په‌روه‌ردگار له‌ وێنه‌ى ئه‌و داهێنراوه‌ سوننه‌تیان له‌ناودا هه‌ڵده‌گرێت…) دیاره‌ ئه‌م داهێنراوانه‌ش (یادى له‌دایك بوونى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) سوننه‌تێكى گه‌وره‌ى له‌ ژێر حه‌شار دراوه‌و شارراوه‌ته‌وه‌و له‌ خه‌ڵكى و پشت گوێ خراوه‌، ئه‌ویش شوكرانه‌ كردنى خواى په‌روه‌ردگاره‌ له‌سه‌ر نیعمه‌تێكى گه‌وره‌كه‌ خه‌ڵكى به‌نارِاستى ئاهه‌نگى بۆ ده‌گێرن و به‌خه‌یاڵى خۆیان خۆشحاڵى و شوكرانه‌ بژێرى نیعمه‌ته‌كه‌ى ده‌كه‌ن، ئه‌ویش نیعمه‌تى له‌دایك بوون و هاتنه‌ دنیاى پێغه‌مبه‌رى سه‌روه‌رو خۆشه‌ویستمانه‌ (صلى الله عليه وسلم)).
به‌ڵى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌ چه‌ندین فه‌رمووده‌داو به‌ كرده‌وه‌ش ڕێنمویى هاوه‌ڵانى و بڕوادارانى به‌ گشتى كردوه‌ بۆ به‌ڕۆژوو بوونى ڕۆژانى دوو شه‌ممه‌، وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌و سوننه‌ته‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)به‌رده‌وامیه‌تى بوه‌ له‌سه‌رى وه‌ هه‌روه‌ها هۆى به‌ ڕۆژو بوونه‌كه‌شى ڕوون كردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئێمه‌ى بڕوادار بۆ ئه‌وه‌ى:
یەکەم : زیاتر هانمان بدات به‌ ڕۆژو بوونى ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ده‌ست خۆمان نه‌ده‌ین و به‌ شتێكى كه‌م سه‌یرى نه‌كه‌ین.
دووەم : بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌ نوقسانى ئه‌و شوكرانه‌ بژێریه‌ نه‌كه‌ین و په‌نا به‌رینه‌ به‌ر كارو پیشه‌یه‌ك بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و نوقسانیه‌ كه‌ خوا ئه‌وه‌ى لێمان ناوێت، وه‌ك ئه‌مڕۆ خه‌ڵك له‌به‌ر نه‌زانى و بێ ئاگاییان له‌ واتاو كاركردن به‌م فه‌رمووده‌یه‌ ئه‌ویاده‌ داهێنراوه‌یان داهێناوه‌ و داویانه‌ته‌ پاڵ دین.
به‌ڵێ هۆى به‌ ڕۆژوو بوونى ڕۆژانى دووشه‌ممه‌ سوپاس گوزارى خواى په‌روه‌ردگاره‌ له‌سه‌ر دوو نیعمه‌تى گه‌وره‌ بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تى، ئه‌و دوو نیعمه‌ته‌ش:
یه‌كه‌م: له‌ دایك بوونى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و هاتنه‌ دنیایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بوه‌ هیوایه‌كى پرشنگدار بۆ ڕزگارى كردنى گشت ئاده‌میزاد له‌ تاریکى نه‌فامى و سته‌مى به‌ كۆیله‌ كردن له‌لایه‌ن فارس و ڕۆم و گشت ده‌سه‌ڵات داره‌كانى ڕۆژگار.
دووه‌م: هاتنه‌ خواره‌وه‌ى (وەحی) نیگا بۆ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) كه‌ ئیتر ئه‌مه‌ بوه‌ خاڵـى سه‌ره‌تاى هاتنه‌دى ئه‌و هیواو ئاواته‌و پێداكوتانى هه‌ق و ڕاستى و لاواز بوونى نه‌فامى سه‌ته‌م و خراپه‌كارى.
به‌ڵێ ئه‌م دوو نیعمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌ردووكیان له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌دا بوون بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) به‌رده‌وام دووشه‌ممان به‌ ڕۆژوو ده‌بوو و فه‌رمانیش به‌ خه‌ڵكى ده‌كرد كه‌ به‌ڕۆژوو بن ئه‌م ڕاستیه‌ش (أبو قتادة) (خواى لێ رِازى بێت) بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌فه‌رموێت:
(جاء رجل الـى رسول الله (صلى الله عليه وسلم) فقال: ماتقول في صوم يوم الإثنين؟ قال: ذلك يوم ولدت فيه و أنزل على القرآن فيه)(1) .
واته‌: (پیاوێك هات بۆ لاى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) وتى: چى ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ى ڕۆژوى دووشه‌ممه‌؟ ئه‌ویش فه‌رمووى، ئه‌وه‌ ڕۆژێكه‌ تیایدا له‌ دایك بووم و تیایدا قورئانم بۆ هاته‌ خواره‌وه‌).
ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) خۆى هۆى به‌ڕۆژوو بوونى دووشه‌ممه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و دوو نیعمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ تیایدا ڕووى داوه‌.
جا كه‌وابێت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان شوكرانه‌ بژێرى و خۆشویستنى پێغه‌مبه‌ر بێت (صلى الله عليه وسلم) با فێڵ له‌ خۆمان و له‌ خه‌ڵكى نه‌كه‌ین ئیتر بۆچى په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كى شێواو و قیاس كردنێكى بێ سه‌رو به‌ره‌و ناڕاست بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌ یادو ئاهه‌نگێكى هه‌ڵبه‌ستراو و نادروست له‌به‌ر هه‌واو ئاره‌زوویه‌كى ده‌روونى یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى سیاسى؟!.
کەواتە :
ئه‌گەر ڕاست ده‌كه‌ى پێغه‌مبه‌رت (صلى الله عليه وسلم) خۆشده‌وێت؟
ئه‌گەر ڕاست ده‌كه‌یت ده‌ته‌وێت شوكرانه‌ بژێرى ئه‌و نیعمه‌ته‌ بكه‌یت؟
ئه‌گەر ڕاست ده‌كه‌یت ئه‌ته‌وێت سیره‌و رِێبازى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ به‌یان بكه‌یت؟
ئه‌وا ڕۆژانى دووشه‌ممه‌ به‌ڕۆژوو به‌ ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى خۆشه‌ویستى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ خۆشه‌ویستى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) به‌ شوێنه‌ كه‌وتنى ڕێبازه‌كه‌ى و زیندو كردنه‌وه‌ى سوننه‌ته‌كانى ده‌بێت، وه‌ ئه‌مه‌ باشترین سوپاس گوزاریه‌ بۆ ئه‌و دوو نیعمه‌ته‌ چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)و هاوه‌ڵه‌كانى به‌و شێوه‌ سوپاس گوزارى ئه‌و نیعمه‌ته‌یان كردووه‌و ڕێنمویى ئێمه‌شیان به‌و شێوه‌یه‌ كردووه‌، وه‌ ڕوون كردنه‌وه‌ى سیره‌و ڕێبازى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌ ته‌نها ڕۆژێك له‌ ساڵێكدا یان له‌ کۆڕێك و دوو كۆڕدا ته‌نها شێواندن نه‌بێت هیچ شتێكى لێ په‌یدا نابێت ئه‌گینا ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى ده‌ته‌وێت به‌و كاره‌ هه‌ڵبستیت با به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ هه‌موو ڕۆژانێكى دووشه‌ممه‌ ده‌رسێكى پڕ پێزت هه‌بێت ده‌رباره‌ى سیره‌و ڕێبازى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ سه‌روه‌رو پێشەوایە ئه‌وسا ئه‌گه‌ر توانیبێتت بۆن و به‌رامێكى سیره‌ى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ سه‌روه‌ر و پێشەوایە بده‌یت به‌ به‌ر لوتى خه‌ڵكیدا و بۆنى بكه‌ن، باشه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ ساڵانه‌ ده‌یكه‌ن به‌هه‌راو هووریاو مه‌لودى ده‌خوێننه‌وه‌و ئه‌وانه‌ى به‌ ووتارو نووسین به‌رگرى له‌م داهێنراوه‌ ده‌كه‌ن و په‌نا بۆ هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كى لارو له‌وێر ده‌به‌ن بۆ شه‌رعیه‌ت پێدانى، ئه‌وانه‌ى دژایه‌تى شوێنكه‌وتوانى قورئان و فه‌رمووده‌ ده‌كه‌ن له‌ پێناو سازدانى ئه‌م یاده‌دا ئاده‌ى
كام له‌وانه‌ هه‌موو دوو شه‌ممانێك به‌ ڕۆژوو ده‌بێت؟
كام له‌وانه‌ كاتێكى بۆ خۆى ته‌رخان كردووه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ى سیره‌ى ئه‌و زاته‌ پاكه‌؟
كام له‌وانه‌ وتارو وانه‌ى تایبه‌تى داناوه‌ بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ى سیره‌ى ئه‌و زاته‌ به‌شێوه‌یه‌كى زیندوو واقیعیانه‌ بۆ خه‌ڵكى؟
ئه‌ى بۆ مه‌گه‌ر خوا ئاگادار نه‌بێت به‌سه‌ر نهێنیه‌كانى ده‌روندا (يَعْلَمُ خَائِنَةَ الْأَعْيُنِ وَمَا تُخْفِي الصُّدُورُ) (غافر:19)، واته‌: (خواى په‌روه‌ردگار ئاگاداره‌ به‌سه‌ر ناپاكى یه‌كانى چاوو شارراوه‌كانى ده‌روون).
شێخ محمد ناصرالدین الألبانی  (ڕه‌حمه‌تى خواى لێ بێت) له‌ شریتێكدا ئاماژه‌ به‌م یادو سوپاس گوزاریه‌ شه‌رعیه‌ ده‌دات و به‌ دووخاڵ به‌رامبه‌رى ده‌كات به‌و یاده‌ ناشه‌رعى و داهێنراوه‌وه‌و ده‌فه‌رموێت:
((هناك الإحتفال بالمولد مشروع ضد هذا الإحتفال غير المشروع...وهو صيام يوم الإثنين في كل أسبوع شكرا لله تعالى على هذه النعمة العظمى...و هناك فرق شاسع بين الإحتفالين:
1-أن الإحتفال المشروع متفق عليه بين المسلمين جميعاً.
(و أقول/ أما الإحتفال غير المشروع فليس محل إتفاق، بل لا يفعل إلا العوام الجاهلين بالدين و المتصوفة المتزندقين وبعض من علماء السوء الذين باعو دينهم بعرض من الدنيا) (مابين القوسين من كلام المؤلف).
2-تتكرر هذا الإحتفال المشروع في كل أسبوع مرة و ليس في كل عام مرة.
وأستدل الشيخ رحمة الله بالحديث المذكور آنفا في الصباح يوم الإثنين وقال بعده: أي عليكم أن تصوموا يوم الإثنين شكراً لله تعالـى أن خلقني فيه و خلقني من جديد حين أنزل علي الوحي …)
واته‌: (لێره‌دا یادێكى دروست هه‌یه‌ به‌و بۆنه‌وه‌ دژ به‌و یاده‌ نادروسته‌ ..ئه‌ویش به‌ڕۆژوو بوونى ڕۆژانى دوو شه‌ممه‌یه‌ له‌هه‌موو هه‌فته‌یه‌كدا بۆ سوپاس گوزارى خوا له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌.. وه‌ جیاوازییه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو یاده‌دا).
1-ئه‌و یاده‌ى دروسته‌ (به‌ڕۆژوو بوونى ڕۆژى دووشه‌ممان) كۆڕاى هه‌موو موسڵمانانى له‌سه‌ره‌ (وه‌ منیش ده‌ڵێم: به‌ڵام یاده‌ نادروسته‌كه‌ (ئه‌وه‌ى ساڵـى جارێك ده‌كرێت) ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر كۆڕاى له‌سه‌ر نیه‌ به‌ڵكو كه‌س ئه‌مه‌ ناكات ته‌نها خه‌ڵكێكى عه‌وام و بێ ئاگا له‌ دین و كۆمه‌ڵێ سۆفى سه‌ر لێشێواو هه‌ندێ له‌ به‌ناو زانایانى خراپ كه‌ دینى خۆیان فرۆشتووه‌ به‌ نرخێكى دنیایى).
2-ئه‌م یاده‌ دروسته‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك جارێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك ساڵـى یه‌ك جار، (پاشان شێخ به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ هێنایه‌وه‌ به‌و فه‌رمووده‌یه‌ى كه‌ له‌ پێشتردا باسمان كرد ده‌رباره‌ى ڕۆژووى دووشه‌ممان، وه‌ دواى ئه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت، واته‌ پێویسته‌ ڕۆژانى دووشه‌ممه‌ به‌ڕۆژوو بین بۆ سوپاس گوزارى خوا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌و ڕۆژه‌دا منى دروست كردووه‌، وه‌ جارێكى تریش سه‌ر له‌نوێ منى تیا دروست كردووه‌ته‌وه‌و به‌وه‌ى كه‌ قورئانى بۆ ناردوومه‌ته‌ خواره‌وه‌ تیایدا).
كه‌وابێت خوێنه‌رى به‌رِێز:
نه‌فێڵ له‌خۆت بكه‌و نه‌فێڵ له‌خوا بكه‌، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ فێڵى لێ ناكرێت، كه‌واته‌ هه‌ر فێڵ له‌خۆت ده‌كه‌یت و هه‌ر خۆت زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بیت، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى پێغه‌مبه‌رت خۆشده‌وێت و ده‌ته‌وێت سوپاس گوزارى نیعمه‌تى له‌دایك بوونه‌كه‌ى بكه‌یت ئه‌وا ڕۆژانى دوو شه‌ممه‌ به‌ڕۆژوو ببه‌ ئه‌وسا به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندووته‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رت خۆش ده‌وێت وه‌ خواى گه‌وره‌ش پاداشتت ده‌داته‌وه‌و له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ردا حه‌شرت ده‌كات، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) خۆى فه‌رمویه‌تى (المرء مع من أحب)(3)، واته‌: (هه‌موو مرۆڤێك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌بێت كه‌ خۆشده‌وێت).
ئه‌گه‌ر ڕاستیش ناكه‌یت له‌ خۆش ویستنه‌كه‌یداو ده‌ته‌وێت چاوبه‌ستى له‌خه‌ڵك بكه‌یت و ئه‌و یاده‌ بكه‌یته‌ هۆیه‌ك بۆ به‌ده‌ست هێنانى مه‌رامه‌كانت، یان توانات نیه‌ به‌ ڕۆژوو بیت ئه‌وه‌ كارێكى ناشه‌رعیش مه‌كه‌ كه‌ خوا له‌ خۆت بڕه‌نجێنیت و پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله عليه وسلم) خۆیت لێ بێ به‌رى بكات.
چونكه‌ ئه‌وانه‌ى داهێنراو له‌ دیندا دا ده‌هێنێت له‌ ڕۆژى قیامه‌تدا دوورده‌خرێته‌وه‌ له‌ حه‌وزى كه‌وسه‌رو بێ به‌ش ده‌بن له‌ خۆشى كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) و خواردنه‌وه‌ى ئاوى كه‌وسه‌ر.
داواكارین له‌ خواى په‌روه‌ردگار رِێنموویمان بكات بۆ ده‌ست گرتن به‌ سوننته‌كانیه‌وه‌ به‌ دوورمان بگرێت له‌ شوێن كه‌وتنى هه‌واو ئاره‌زوو داهێنراوه‌كان، وه‌ بێ به‌شمان نه‌كات له‌ خواردنه‌وه‌ى ئاوى كه‌وسه‌ر.

===============

(1) شرح صحيح مسلم /8/298/ رقم 1163. النووي.

(2) كاسيت صوتي/ محمد ناصر الدين ألألباني، تسجيلات (نور على الدرب) دبي/رقم الكاسيت 94/1

(3) شرح صحيح مسلم /16/427/ رقم: 2640.

سەردان: ١,١١٠ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان