لە زۆربەی مزگەوتەكانەوە دەڵێن: (الامساك الامساك)، یاخود خەڵكینە واز لە خواردن‌و خواردنەوە بێنن تا چەند ئەمە شەرعیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە زۆربەی مزگەوتەكانەوە دەڵێن: (الامساك الامساك)، یاخود خەڵكینە واز لە خواردن‌و خواردنەوە بێنن تا چەند ئەمە شەرعیە؟
پرسیار:

ئێستا لە جیاتی بانگی یەكەم لە زۆربەی مزگەوتەكانەوە دەڵێن: (الامساك الامساك)، یاخود خەڵكینە ڕەحمەتی خواتان لێ بێت واز لە خواردن‌و خواردنەوە بێنن، پێش ئەوەی كە بانگ بدرێ بە چەند دەقیقەیەك ئایە ئەو شتە هیچ بنەماو بنچینەیەكی هەیە لەسە‌ردەمی پێغەمبەری خوا ئەم ئیمساكە كراوە یاخود ئەگەر ئەو ئیمساكە كرا پێویستە خەڵك واز لە خواردن‌و خواردنەوە بێنێ یاخود بەردەوام بن تاوەكو بانگ دەدرێت ؟ 

بێگومان ئەوەی كە ئاماژەت پێدا وە دیاردەیەكی تریش هەیە كە إِنْ شَا‌ء الله باسی دەكەین ئەوانە هیچی لەسەردەمی پێغەمبەری خوا دا نەبوون بەڵكو خوای پەوەردگار فەرموویەتی: [وَكُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ] [البقرة:187].
تا بەرەبەیانی تا فەجری صادق تاوەكو بانگی بەیانی بۆت هەیە بخۆیت‌و بخۆیتەوە بەڵكو لە فەرموودەیەكی تردا پێغەمبەری خوا دەفەرمووێ ئەگەر بەدەست یەكێكتانەوە پەرداغێك هەبوو خەریكی خواردنەوەیەتی‌و لەو كاتە بانگی دا با تەواوی بكات یان پارویەكی بەدەستەوەیە‌و بانگی داوە با بیخوات كەئەمەش فەرموودەیەكی صحیحە وە زانایان تصحیح یان كردووە(فَلا يَضَعْهُ حَتَّى يَقْضِيَ حَاجَتَهُ مِنْهُ) (  رواه أحمد (10251) وأبو داود (2350) وصححه الألباني في صحيح أبي داود.)
كەواتە پێنچ دەقە یان زیاتر یان كەمتر پێش ئەوەی بانگ ببێت خواردن لە خەڵك حەرام بكەیت‌و پێیان بڵێی دەست بگرنەوە لە خواردن ئەوە بیدعەیە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە، بەڵكو شتێك كە حەڵالە تۆ لەخەڵك حەرامی دەكەیت، وە جاری واش هەیە كە مرۆڤ هەڵدەستێت پێنج دەقەی ماوە بۆ بانگ كە هەڵدەستی ئیمساك دەكرێ جا ئەو فەقیرە كە پەرداغێك ئاو نەخواتەوە دوو قلە خورما نەخوات ئەوە هەر موخالەفەی سوننەتی كردووە وە هەم بە هیلاكیش دەچێت، ڕۆژوو گرتنەكە لەسەری قورس دەبێت كەواتە مەسەلەی ئیمساك هەر كەسێك خواردن‌و خواردنەوەی قەدەغە بكات پێش بانگی بەیانی ئەگەر بە دەقیقەیەكیش بێت ئەوە كارێكی كردووە كە نە پێغەمبەری خوا نە خوای گەورە پێی ڕازیە وە كارێكی بیدعەی كردووە وە كارێكی كردووە كە (السلف الصالح) لەسەری نەبوونە، وە پێویستە لەسەر موسڵمانان بە قسەیان نەكەن تاوەكو بانگ دەدات ئەوجا واز لە خواردن بهێنن تەنها مەگەر بەدەستەوە‌ بێت ئەوە بیخۆو دایمەنێ‌.
وە دیاردەی تریش هەر لەو بابەتەوە كە بیدعەیەو لەناو خەڵكدا كارێكی خراپە تەماشا دەكەین لە جیاتی بانگی یەكەم كە بانگی یەكەم بۆ ئەوەیە كە (ليوقض نائماً)  بۆ ئەوەی كەسێك نوستووە بەخەبەر بهێنرێت، وە كەسێك كە خەریكی نوێژە پێی بوترێت وەرە فریای خواردنەكەت بكەوە، لەجیاتی بانگی یەكەم كە ببێ تەماشا دەكەین بە صەڵاوات لێدان‌و بە قورئان خوێندن‌و بە سروود ووتن‌و بە دەفە لێدان‌و بەو جۆرە شتانە دەیانەوێ جێگای بانگی یەكەم بگرنەوە كە ئەوانەش بیدعەیە، بەڕاستی صەڵاوات لەسەر پێغەمبەری خوا عیبادەتێكی بەڕێزە هەر كەسێ پێغەمبەری خوا لە خۆی خۆشتر نەوێت ئیمانی تەواو نییە، صەڵاوات لێدان لە خوا نزیكمان دەكاتەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە لە جیاتی بانگ صەڵاوات لێبدەین ئەوە كارێكی خراپە، چونكە تەبدیل‌و گۆڕینی شەریعەتی خوای گەورەیە، یەعنی چۆن ئێستا ئێمە كەچووینە ڕكوع دەبێت بڵێین: (سُبْحَانَ رَبِّيَ العَظِيمِ وَبِحَمْدِهِ)  ئایە بۆمان هەیە بڵێین:(اللَّـهُمّ صَلِّ عَلَى مُحَمّد وآلِ مُحَمّد)  صەڵاوات لێبدەین؟ یان لە سوژدە بردن دروستە صەڵاوات لێبدەین؟ بێگومان دروست نییە، ئێستا من لەو كەسانەی كە صەڵاوات لێدەدەن لە جیاتی بانگی یەكەم پێیان دەڵێین لێی مەدەن، ئەوانیش لەناو خەڵك پێمان دەڵێن كاكە ئەوانە باوەڕیان بە صەڵاوات نییە، دەڵێم: ئەگەر راست دەكەی وەرە لە ڕكوع‌و لە سوژدە صەڵاوات لێبدە، بۆت هەیە؟ دەڵێ: نەخێر، پێی دەڵێین: دەی دیارە تۆش باوەڕت بە صەڵاوات نییە، ناچار دەبێ قەناعەت بكات وە تێبگات كە ئەوە باوەڕ نەبوون نییە بە صەڵاوات، بەڵكو مەسەلە ئەوەیە كە هەر شتەو لە شوێنی خۆی دانراوە، نابێت ئێمە شوێنی بگۆڕین، بانگی یەكەم هەبێت نەك ئێمە بیكەینە صەڵاوات دان‌و سروود وتن‌و دەفە لێدان‌و شتی تر، ئەوە بەو شێوەیە (السلف الصالح) نەیان كردووە نابێت ئێمەش بیكەین، یان لەوانەش خراپتر دیسان چاووش‌و دۆم تەماشا دەكەین هەر لە سەعات 12 شەوەوە بە كۆڵانەكاندا دەگەڕێن بە تەپڵ لێدان خەڵك بێزار دەكەن خەڵكانێك هەیە خەریكی شەونوێژە بەو تەپڵ لێدانە وەزعیان لێ تێك دەچێت‌و ئاگایان لە نوێژەكەیان نامێنێت، خەڵكانێك هەیە بۆ نموونە درەنگ خەوتووە دەیەوێ ئیسراحەت بكات بەو تەپڵە بەخەبەری دێنن، یان خەڵك هەیە نەخۆشەو بەڕۆژوو نابێت عوزری هەیە یان مناڵان بەڕۆژوو نابن بەو دەنگە گەورەی تەپڵ لێدان‌و دەنگ بەرز كردنەوەی ئەو جەماعەتە بۆ ئەو كۆرسە بەناو كۆڵاناندا دەگەڕێن، ئەوانە هەمووی بێ شەرعییە‌و تاوانە وە هەر كەسێكیش یەك دیناریان بداتێ لەسەر ئەوە گوناه بار دەبێت، چونكە نابێت هاوكاری بكرێن ئەگەر فەقیرن پێویستیان بە یارمەتییە بابێن لە ڕێگەی شەرعییەوە خەڵكی هاوكاریان دەكات، بەڵام كە بۆتە پیشەیان‌و دەیانەوێ بەوە پارە پەیدا بكەن كارێكی بێشەرعییە هەر كەسێك كە هاوكاریان دەكات ئەوە هاوكاری شتی بێشەرعی دەكات‌و گوناهبار دەبێت ئاگامان لەوە بێت .

ئەم پرسیارە لە لایەن (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ١,٧١٦ بەش: