حوکم و فەزڵی ڕۆژووی شەشەڵان و ئادابەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکم و فەزڵی ڕۆژووی شەشەڵان و ئادابەکانى
پرسیار:

یەکەم : حوکم و فەزڵی ڕۆژووی شەشەڵان چیە؟
دووەم : ئایا مەرجە ڕۆژوی شەشەڵان بەسەر یەکەوە بگیردرێت ؟
سێیەم : چ کاتێک دەست بکەم بەگرتنی ڕۆژووی شەشەڵان ؟
چوارەم : ئایا کەسێک گەر سێ ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت بەنیەتی ئەوەی ڕۆژووی شەشەڵان و13 و14 و 15 مانگ کەبەسێ ڕۆژە سپیەکە ناسراوە خێری هەردووکیانی دەس دەکەوێت ؟
پێنجەم : ئەو ئافرەتانەی کەبەهۆی سوڕی مانگانەوە چەند ڕۆژێک لەڕەمەزانیان نەگرتووە ئایا سەرەتا ڕۆژووە فەرزەکە بگرن یاخود شەشەڵان بگرن دواتر فەرزەکە بگرنەوە ؟
شەشەم : ئایا دروستە لەدووەم وسێیەم ڕۆژی جەژنەوە ڕۆژوی فەرز قەزا بکرێتەوە ؟
حەوتەم : ئایا دروستە بەیەک نیەت ڕۆژووی قەزا وشەشەڵان بگیردرێت لەلایەن ئەو ئافرەتانەوە کە بەهۆی سوڕی مانگانەوە نەیان گرتووە ؟
هەشتەم : ئایا ڕۆژووی کەفارەتی سوێند جێی ڕۆژووی شەشەڵان دەگرێتەوە ؟

یەکەم : حوکم و فەزڵی ڕۆژووی شەشەڵان چیە؟
ڕۆژووی شەشەڵان سوننەتە و واجب نی یە ومرۆڤی موسوڵمان دەتوانێت ئەو ڕۆژووە بگرێت ، وئەم ڕۆژووەش فەزڵێکی گەورەی هەیە ، هەروەک لەفەرموودەی سەحیح دا هاتووە ئەبو ئەبوب گێڕاویەتیەوە ودەڵێت :
پێغەمبەری خوا فەرمووی : " من صام رمضان وأتبعه ستا من شوال كان كصيام الدهر . " رواه مسلم وأبو داود والترمذي والنسائي وابن ماجه.
واتە : هەرکەسێک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت وپاشان شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە بەڕۆژوو بوبێت .

پاشان گرتنی ئەم ڕۆژووە فایدەیەکی زۆری هەیە وەک پڕ کردنەوەی ئەو کەم وکورتیانەی کەلەمانگی ڕەمەزاندا دروست بووە حەتمەن ئەم پڕ کردنەوەی بۆ هەموو کارەکانی تریشە هەروەک لەفەرموودەیەدا هاتووە : " إن أول ما يحاسب الناس به يوم القيامة من أعمالهم الصلاة قال يقول ربنا جل وعز لملائكته وهو أعلم انظروا في صلاة عبدي أتمها أم نقصها فإن كانت تامة كتبت تامة وإن انتقص منها شيئا قال انظروا هل لعبدي من تطوع فإن كان له تطوع قال أتموا لعبدي فريضته من تطوعه ثم تؤخذ الأعمال على ذاكم " رواه أبو داود . والله أعلم .
واتە :یەکەم شت لەکردەوەکان کەلەڕۆژی دوایدا لێ پرسینەوەی لەسەر دەکرێ لەگەڵ بەندەدا نوێژەکەیەتی ، گەر چاک بوو ئەوا سەر کەوت و براوەیە ، وگەر کەم و کورتی هەبوو لەنوێژە فەرزەکاندا ، ئەوا خوای گەورە دەفەرمووێ :
سەیری بەندەکەم بکەن بزانم نوێژی سونەتی هەیە ، پاشان بەنوێژە سوننەتەکان کەم و کورتی فەرزەکان پڕ دەکرێتەوە ، پاشان باقی کردەوەکانی تری بەهەمان شێوە حسابی لەگەڵدا دەکرێت .

دووەم : ئایا مەرجە ڕۆژوی شەشەڵان بەسەر یەکەوە بگیردرێت ؟

نا مەرج نی یە ، دەتوانرێت بەسەر یەکەوە بێت یاخود موتەفەڕیقە ئاساییە بەڵام هەتا پەلە بکرێت تێیدا باشترە ،خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( فاستبقوا الخيرات ) ،
واتە : پێش بڕکێ بکەن لەکاری خێردا .
وەهەروەها فەرموویەتی : ( وسارعوا إلى مغفرة من ربكم ) ، واتە : پەلە بکەن بۆ لێ خۆش بوونی خودا .
وموسا عليه السلام گوتویەتی : ( وعجلت إليك رب لترضى ) واتە : خودایە من بەپەلە هاتم بۆلای تۆ بەڵکو لێم ڕازی بیت .
حەتمەن دوا خستن ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەس دانی وکارێک بێتە پێشەوە ومرۆڤ نەتوانێت بیگرێت ، هەر بۆیە شافعیەکان وحەنبەلیەکان پێیان باش بووە مرۆڤ پەلە بکات تێیدا ، بەڵام گەر دوای بخات بۆ ناوەڕاست یاخود کۆتای مانگەکە دروستە وهیچی تێدا نی یە .


سێیەم : چ کاتێک دەست بکەم بەگرتنی ڕۆژووی شەشەڵان ؟
دەتوانی لەڕۆژێک دوای ڕۆژی جەژنەوە دەست بکەیت بەگرتنی ؛ چونکە حەرامە لەجەژندا بەڕۆژوو بیت ، جا دەتوانی بەدڵی خۆت لەو مانگەدا چۆن کرا وگونجا بەڕۆژوو بیت بەڵام باشتر وایە پەلەی لێ بکرێت .
پرسیار کراوە لە ( اللجنة الدائمة ) :
ئایا مەرجە لەیەکەم ڕۆژی دوای ڕۆژی جەژنەوە ڕاستەخۆ شەشەڵان بگیردرێت یاخود دروستە چەند ڕۆژێک دوای ئەوەش ؟
لەوەڵامدا فەرمویانە :
نا مەرج نی یە ڕاستەوخۆ دوای جەژن شەشەڵان بگیردرێت ، بەڵکو دروستە لەڕۆژێک دوای جەژنەوە ویاخود چەند ڕۆژێک دوای جەژنەوە و بەسەر یەکەوە بێت یاخود موتەفەڕیقە بەو شێوازەی کە بۆی دەگونجێ وە ئەم ڕۆژووە سوننەتە وفەرز نی یە.
وبالله التوفيق وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم .
المصدر: فتاوى اللجنة الدائمة 10/391

چوارەم : ئایا کەسێک گەر سێ ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت بەنیەتی ئەوەی ڕۆژووی شەشەڵان و13 و14 و 15 مانگ کەبەسێ ڕۆژە سپیەکە ناسراوە خێری هەردووکیانی دەس دەکەوێت ؟
پرسیاری ئەم بابەتە لە شيخ عبد العزيز بن عبد الله بن باز رحمه الله کراوە ، لەوەڵامدا فەرمویەتى :
ئومێد هەیە بۆی ئەژمار بکرێت ؛ چونکە ئەو هەم ڕۆژووی شەشەڵانی گرتووە وەهەم ڕۆژووی سێ ڕۆژە سپیەکەی گرتووە ، وفەزڵی خوداش فراوانە .

وەهەروەها هەمان پرسیار لە شيخ محمد بن صالح العثيمين کراوە ، بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە :
بەڵێ ، گەر شەش ڕۆژ لەشەشەڵان بەڕۆژوو بێت ئەوا ئەو ڕۆژووی سێ ڕۆژە سپیەکەی لەسەر لادەچێ ، جا لەو ڕۆژانە گرتبێتی کەبەڕۆژی سپی ناسراوە یاخود نا ؛ چونکە ئەو لەمانگێکدا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بووە ، عائشة رضي الله عنها دەڵێت : " پێغەمبەر لەهەر مانگێکدا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبوو جا گوێی پێ نەدەدا لەسەرەتاوە بوایە یاخود ناوەڕاست ویاخود کۆتایی " ،
ئەمەش وەک نوێژی چوونە مزگەوتە( تحية المسجد ) کاتێ کەمرۆڤ دەچێتە مزگەوتەوە وسوننەتی موئەکەدە دەکات ئەوا نوێژی چوونە مزگەوتەکەی بۆ ئەژمار دەکرێت … والله أعلم .


پێنجەم :  ئەو ئافرەتانەی کەبەهۆی سوڕی مانگانەوە چەند ڕۆژێک لەڕەمەزانیان نەگرتووە ئایا سەرەتا ڕۆژووە فەرزەکە بگرن یاخود شەشەڵان بگرن دواتر فەرزەکە بگرنەوە ؟

گەر دەتەوێت ئەو خێرەت دەس کەوێت کەلەم فەرموودەدا هاتووە : " مَنْ صَامَ رَمَضَانَ ثُمَّ أَتْبَعَهُ سِتًّا مِنْ شَوَّالٍ كَانَ كَصِيَامِ الدَّهْرِ . " رواه مسلم رقم 1984 .
واتە : هەرکەسێک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت وپاشان شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە بەڕۆژوو بوبێت .
ئەوا سەرەتا ڕۆژووە فەرزەکە بگرە پاشان شەشەڵان بگرە .
بەڵام بەنیسبەت دوا خستنی گرتنەوەی ڕۆژووی فەرز ئەوا دروستە ودەتوانێت دوای بخات بۆ کاتێک کەبۆی دەگونجێت بەمەرجێک نەگاتە ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو .

شەشەم : ئایا دروستە لەدووەم وسێیەم ڕۆژی جەژنەوە ڕۆژوی فەرز قەزا بکرێتەوە ؟ 
جەژنی ڕەمەزان یەک ڕۆژە ، ئەوەش یەکەم ڕۆژی مانگی شەوالە .
بەڵام ئەوەی کەلەناو خەڵکدا باوە گوایە سێ ڕۆژە ، ئەوا تەنها قسەی خەڵکە وهیچ حوکمێکی شەرعی لەسەر بونیاد نانرێت .
ئیمامی بوخاری ڕەحمەتی خوای لێ بێت بابەتێکی داناوە بەناو نیشانی : ( بَاب صَوْمِ يَوْمِ الْفِطْرِ )
پاشان فەرموودەیەکی (1992) لە ئەبو سەعیدەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : نَهَى النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ صَوْمِ يَوْمِ الْفِطْرِ ، وَالنَّحْرِ .
واتە : پێغەمبەر ڕێگری کردووە لەڕۆژوو گرتن لەڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و ،قورباندا .
هەر بۆیە جەژنی ڕەمەزان یەک ڕۆژە ، لەو ڕۆژەشدا ڕۆژووگرتن حەڕامە بەڵام ڕۆژی دووەم وسێیەمی شەوال دروستە وحەڕام نی یە ، ومرۆڤ دەتوانێ تیایدا بەڕۆژوو بێت جا ڕۆژووی سوننەت بێت یاخود فەرز .
والله أعلم .

حەوتەم : ئایا دروستە بەیەک نیەت ڕۆژووی قەزا وشەشەڵان بگیردرێت لەلایەن ئەو ئافرەتانەوە کە بەهۆی سوڕی مانگانەوە نەیان گرتووە ؟

نەخێر دروست نی یە ، چونکە گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان نابێت تەنها دوای ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بەتەواوی نەبێت .
شيخ ابن عثيمين لە "فتاوى الصيام" (438) دەڵێت :
هەر کەسێک ڕۆژووی عەرەفە بەڕۆژوو بێت ، ویاخود ڕۆژی عاشوڕا بەڕۆژوو بێت لەکاتێکدا قەرزی ڕەمەزانی لەسەر بێت ئەوا دروستە ، خۆ گەر نیەتی قەرزەکەشی لێ بێنێت ئەوا بۆی ئەژمار دەکرێت ، ئەمە بەنیسبەت ڕۆژووی سوننەتی ڕەهاوە کەپەیوەندی بەڕەمەزانەوە نی یە ، بەڵام بەنیسبەت ڕۆژووی شەشەڵانەوە کەپەیوەندە بەڕەمەزانەوە ، نابێ بگیردرێت تەنها دوای گرتنی ڕەمەزان نەبێت بەتەواوی ، بۆیە گەر پێش گرتنەوەی ڕۆژوی ڕەمەزان بگیردرێت ئەوا ئەو خێرەی دەس ناکەوێت کەلەم فەرموودەیەدا هاتووە : (من صام رمضان ثم أتبعه بست من شوال فكأنما صام الدهر)
واتە : هەرکەسێک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت وپاشان شەش ڕۆژ لەمانگی شەوال بەڕۆژوو بێت ئەوا وەک ئەوە وایە هەموو ساڵەکە بەڕۆژوو بوبێت .
چونکە مەعلومە هەر کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزان قەرزدار بێت ئەوا پێی ناوترێت ڕەمەزانی بەتەواوی گرتووە تاوەکو ئەو ڕۆژانە نەگرێتەوە " اهـ .

هەشتەم : ئایا ڕۆژووی کەفارەتی سوێند جێی ڕۆژووی شەشەڵان دەگرێتەوە ؟
نا دروست نی یە لەیەک کاتدا ڕۆژوو بگیردرێت بەنیەتی سوننەت و واجب ، ڕۆژووی کەفارەت ڕۆژوویەکی تایبەتەو پێویستی بەنیەتێکی سەر بەخۆیە ، هەروەک چۆن ڕۆژووی شەشەڵانیش ڕۆژوویەکی تایبەتەو پێویستی بەنیەتێکی سەر بەخۆیە ، هەر بۆیە :
بەڕۆژوو بوونت لەبری سوێند بەڕۆژووی شەسەڵان ئەژمار ناکرێت .

پرسیار کراوە لە ( اللجنة الدائمة ) :
ئایا بەڕۆژوو بوونی شەشەڵان ، وعاشوڕا ، وڕۆژووی ڕۆژی عەڕەفە ، دەکەونە بەر ڕۆژووی سوێند ، لەکاتێکدا نازانێت چەند سوێندی لەسەرە ؟ .

کەفارەتی سوێند بریتی یە لە :
ڕزگار کردنی کۆیلەیەک ، یاخود خواردن دان بەدە هەژار ، یاخود جل وبەرگ کردن بۆ دە هەژار ، خۆ ئەگەر هیچ شتێکی نەبوو ئەوا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت .
وەبەنیسبەت ئەوەی نازانی چەند سوێندت خواردووە ئەوا بەمەزەندە داینێ ، وپاشان کەفارەتی ئەوەندە بدە کەسوێندەکانت شکاندووە ئەوەندەت بەسە إن شاء الله .
جا ڕۆژوو گرتنی عەڕەفە ، وشەشەڵان ، وعاشوڕا ، نابێتە جێ گرەوەی ڕۆژووی کەفارەتی سوێند ، تەنها مەگەر لەگرتنی ئەو ڕۆژانەدا مەبەستی کەفارەت بێت نەک سوننەت .

الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن غديان .
" فتاوى اللجنة الدائمة " ( 23 / 37 ، 38 ) .

سەردان: ١٠,٤٦٥ بەش: ڕۆژووى سوننەت