پاراستنى ژینگە لە فەرمودەکانى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پاراستنى ژینگە لە فەرمودەکانى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم
پرسیار:

ئایا لە فەرمودەکانى پێغەمبەرى خوا هیچ ئاماژەیەک بە پاراستنى ژینگە کراوە؟

پێغەمبەرى خوا پێشەوای پارێزەرانی ژینگەیە!!
الحمد لله والصَّلاة والسَّلام على رسول الله، وعلى آله وصحبه أجمعين
بێگومان زاراوەی: (پاراستنی ژینگە )و هەموو ئەو زاراوانەی تر كە پەیوەندیان بە ژینگەوە هەیە، وەكو: ( هۆشیاری دەربارەی ژینگە)و (چاك بەكاربردنی ماددەكان لە سروشتدا)، لەو زاراوانەن كە لەم سەردەمەدا داهێنراون بۆ گرنگیدان‌و پاراستنی ئەو ژینگەیەی ئێمە تێیدا دەژین.
بەڵام كاتێك ئەو فەرمودەو ڕیوایەتانە دەخوێنینەوە كە دەربارەی ئەم كارە گرنگە هاتوون دەبینین پێغەمبەرى خوا یەكێكە لە گەورەترین بانگەوازكارانی پاراستنی ژینگەو، بەردەوام موسڵمانانی هانداوە بۆ پاراستنی،وەكو لە فەرمودەیەكیشدا دەفەرمووێت:
(مَا مِنْ مُسْلِمٍ يَغْرِسُ غَرْسًا أَوْ يَزْرَعُ زَرْعًا فَيَأْكُلُ مِنْهُ طَيْرٌ أَوْ إِنْسَانٌ أَوْ بَهِيمَةٌ إِلاَّ كَانَتْ لَهُ الصَّدَقَةُ)،رَوَاهُ مُسْلِمٌ.
واتە : هەر موسڵمانێك درەختێك بڕوێنێت، ئەوا ئەوەی لێی دەخورێت بۆی دەبێت به خێر، ئەویشی لێی بدزرێت هەر بۆی دەبێت به خێر و ئەوەیشی پەلەوەر و باڵنده لێی بخوات هەر بۆی دەبێت به خێر و هەركەسیش لێی ببات هەر بۆی دەبێت به خێر .
وە هەروەها دەبینین پێغەمبەرى خوا لەگەڵ كۆتایی ژیانی دونیاو هاتنی قیامەت، فەرمانمان پێ دەكات بۆ پاراستنی ژینگەو گەشەكردنی وەكو فەرموویەتی:
(إِنْ قَامَتْ عَلَى أَحَدِكُمُ الْقِيَامَةُ، وَفِى يَدِهِ فَسْلَةٌ فَلْيَغْرِسْهَا)قال شعيب الأرنؤوط : إسناده صحيح.
واتە : ئه‌گه‌ر قیامه‌ت به‌رپابو یه‌كێكیشتان نه‌مامێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ بو گه‌ر زانی ئه‌توانێ بینێژێ پێش هه‌ستانی با بینێژێ
پێغەمبەرى خوا بەردەوام داوای چاك بەكار هێنانی زەوی كردووەو نەهیكردووە لە داربڕین، و چاندنی دارو دانەوێڵەو زیندوو كردنەوەی زەوی بە كردەوەی چاك هەژمار كردوە، وەكو فەرموویەتی:
(مَنْ أَحْيَا أَرْضًا مَيْتَةً ، فَلَهُ فِيهَا أَجْرٌ)قال الشيخ الألباني : ( صحيح ) انظر حديث رقم : 5974 في صحيح الجامع.
پێغەمبەرى خوا زانیویەتی كە زانست‌و قودرەتی خوای پەروەردگار هەموو شتێكی گرتۆتەوە، لەبەرئەوە خراپ هەڵس‌و كەوت كردن لەگەڵ هەر دروستكراوێك لە دروستكراوەكانی خوا جا ئەو دروستكراوە بونەوەرێكی زیندوو بێت، یان هەر سەرچاوەیەكی تری سروشت بێـت، تاوانێكەو مرۆڤی لەسەر سزا دەدرێت،بەڵكو گیانداران‌و زەوی‌و دارستانەكان‌و سەرچاوە ئاویەكان مافیان هەیەو پێویستە بپارێزرێن، خۆ كاتێك خوای گەورە مرۆڤی دروست کردووە و دایناوە لەسەر زەویدا فەزڵی داوە بەسەر هەموو دروستكراوەكانی تردا، لە هەمان كاتدا نەهی كردوە لەوەی مرۆڤ خۆی بەگەورە بزانێت‌و ڕێز لە دروستكراوەكانی تر نەگرێت لە بەرئەوە دەفەرمووێت: [وَمَا مِن دَابَّةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا طَائِرٍ يَطِيرُ بِجَنَاحَيْهِ إِلَّا أُمَمٌ أَمْثَالُكُم]
وە هەروەها پێغەمبەرى خوا گیانلەبەرانی خۆش ویستووە، چۆن وانەبێت كە دروستكراوی خوان‌و پێویستە مامەڵەی باشیان لەگەڵدا بكرێت،سەرباری ئەوە فەرمانیشی كردووە لە كاتی سەربڕیندا چەقۆی تیژ بەكار بهێندرێت؛ بۆ ئەوەی كەمترین ئازاریان پێ بگات،وە نەهیكردووە لە تیژكردنی چەقۆ بە بەرچاوی گیانلەبەرەكەوە، یان سەربڕینی یەكێكیان بەبەرچاوی ئەوی تریانەوە!
پێغەمبەرى خوا نەهی كردووە لە بەفیڕۆدانی ئاو لە كاتی دەست نوێژگرتندا، وە نەهی كردووە لە پیس كردنی ئاو یان میز كردنە ناو ئاوی وەستاو؛چونكە ئاو سەرچاوەیەكی سروشتیەو پێویستە بپارێزرێت، سەرچاوەی ئەم گرنگی پێدانەی پێغەمبەرمان بە ژینگە لە ڕێنماییەكانی قورئان‌و باوەڕبوون بە وەحدانیەتی خوای گەورەو جێنشینی مرۆڤ لەسەر زەوی سەرچاوەی گرتووە؛ چونكە ئەمە وا لە مرۆڤ دەكات باوەڕ بە خالقی خوا بهێنێت بۆ گەردوون‌و خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر بە پەروەردگاری لەوەی كەلەبەر دەستیایەتی .
لە كۆتایدا سڵاوو ڕەحمەت بۆ گیانی ئەو پێغەمبەرە خۆشەویستە دەنێرین كە لە هەموو بوارێكدا ڕێنمایی كردوین.

وەرگیراوە لە بڵاوکراوەى زانست

سەردان: ٩,٣٢١ بەش: هەمەجۆر