حوکم و ئادابەکانى قوربانى : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکم و ئادابەکانى قوربانى
پرسیار:

وەڵامى (81) پرسیار بە کورتى و پوختى لە لایەن هەردوو زاناى پایەبەرز شێخ ابن باز و شێخ ابن عثیمین سەبارەت بە حوکم و ئادابەکانى قوربانى

حوکم و ئادابەکانى قوربانى بە کورتى
گوڵبژێرێک لە فەتواى هەردوو زاناى پایەبەرز
شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز -رحمه الله -
شیخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
1- حوکمی قوربانی چی یە بۆکەسێک لەتوانایدا هەبێت قوربانی بکات ؟
شێخ ابن باز دەڵێت :
سوننەتێکی موئەکەدەیە وهەریەک لەپیاو وئافرەت دەتوانن قوربانی بکەن بۆ خۆیان وماڵ ومنداڵیان . مجموع الفتاوى (18-38)

شێخ ابن عثيمين دەڵێت :
قوربانی سوننەتێکی موئەکەدەیە بۆ کەسێک لەتوانایدا هەبێت ، مرۆڤ قوربانی بۆ خۆی ماڵ ومنداڵی دەکات .
مجموع الفتاوى (25-10)
بەڵام بۆچونى تەواو ئەوەیە کە : هەرکەسێک دەستى بڕوات و تواناى هەبێ واجبە لەسەرى .

هاوبەشی کردن لەقوربانیدا :
2- ئایا مەڕێک دەکرێت بکرێت بەقوربانی بۆ سەرۆک خێزانێک ومنداڵەکانی ؟
بەڵێ مەڕێک دەکرێت بکرێت بەقوربانی بۆ سەرۆک خێزانێک ومنداڵەکانی ؛ چونکە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هەموو ساڵێک دوو بەرانی دەکرد بەقوربانی ، دانەیەکیان بۆ خۆی وماڵ ومنداڵی ، ئەوی تریان بۆ لەئومەتەکەی ئەوانەی کەخودایان بەتاک وتەنهایی پەرستووە .
مجموع الفتاوى (18-38)
فضيلة الشيخ عبدالعزيز بن باز - رحمه الله -

3- ئایا دەکرێت کەسێک کەقوربانی دەکات کەسێکی تر بکات بەشەریک لەخێری قوربانیەکەیدا ؟
ابن باز دەڵێت :
بۆی هەیە کەسانی تر بکات بەشەریک لەخێری قوربانیەکەیدا جا زیندو بن یاخود مردوو .
مجموع الفتاوى (18-37)

برا ومنداڵ کەلەماڵدا هەن ئایا یەک قوربانی بەسە بۆ هەموویان ؟
4- ئایا ئەو قوربانیەیی کەباوکم دەیکات بۆ من وخێزانم ومنداڵەکانیشم دەڕوات ؟
ابن باز دەڵێت :
گەر تۆ لەماڵێکی سەر بەخۆدای ئەوا دەتوانی قوربانیەکی سەر بەخۆ بۆ خۆت بکەیت بۆ خۆت ومنداڵەکان ، وە ئەو قوربانیەیی کەباوکت دەیکات خێزانەکەی تۆ ناگرێتەوە چونکە تۆ لەگەڵیان نیت لەماڵدا .
مجموع الفتاوى (18-37)

5- ئایا دروسته یەک قوربانی بکرێت بۆ دوو برایی دایک وباوکی ومنداڵەکانیان کەلەیەک ماڵدان وخواردن وخواردنوەیان یەکە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
دروستە کەسانێک کەلەیەک ماڵدان هەر چەند دوو عائیلە بن یەک حەیوان بکەنە قوربانی لەبری هەردوو لایان .
مجموع الفتاوى (25-37)
فضيلة الشيخ : محمد بن صالح بن عثيمين -رحمه الله -

6-باوکێک لەگەڵ سێ کوڕیدا کەژنیان هێناوە لەیەک ماڵدا دەژی وهەریەکەیان ماڵی تایبەتی خۆی هەیە ئایا یەک قوربانی بەسە بۆ هەموویان ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
پێم وایە هەریەکان قوربانیەکیان لەسەرە چونکە هەریەکەیان ماڵی سەر بەخۆی خۆی هەیە.
مجموع الفتاوى (25-38)

7- کەسێک لەگەڵ باوکیدا دەژی وژنی هێناوە وماڵی هەیە ئایا لەگەڵ باوکیدا یەک قوربانی کافیە بۆ هەردووکیان ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ-سوننەت وایە پیاو قوربانی بۆ خۆی ماڵ ومنداڵی دەکات جا منداڵ بن یاخود گەورە .
ب- بەڵام گەر مرۆڤ جودا بێت لەباوکی ، ماڵی خۆی هەبێت ، ئەوا هەریەکەیان پێویسته قوربانیەک بکەن .
مجموع الفتاوى (25-38)

8- گەر باوک چەن مناڵێکی هەبێت وهەندێکیان ژنیان هێنابێ ئایا قوربانیەکەی باوکیان بۆ منداڵەکانیش دەبێت لەکاتێکدا هەندێکیان ژنیان هێناوە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر یەک خێزان بن ولەیەک ماڵدا بن ئەوا یەک قوربانی بەسیانە .
ب-بەڵام گەر منداڵەکان هەریەکەیان ماڵی سەربەخۆی خۆی هەبێت ئەوا پێویسته هەریەکەیان قوربانی بۆ خۆی بکات وئەوەی باوکی بۆ ئەوان نابێت .
مجموع الفتاوى (25-41)

9- سێ برا لەماڵێکدان وموچەیان هەیە وهەموویان ژنیان هێناوە جا ئایا یەک قوربانی کافیە بۆ هەموویان یاخود پێویستە هەریەکەو قوربانیەک بکەن ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر خواردنیان یەک بێت ئەوا یەک حەیوان بەسیانە ، کەسی سەر گەورەی ماڵ قوربانیەک دەکات لەبری هەموویان .
ب-بەڵام گەر هەریەکەیان خواردنی سەر بەخۆی هەبوو ومەتبەخی سەربەخۆی هەبوو لەم حاڵەتەدا هەریەکەیان پێویستە قوربانیەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان بکەن .
مجموع الفتاوى (25-42)

10- پیاوێک دوو ژنی هەیە دانەیەکیان لای خۆیەتی ئەوی تریان لای ماڵ باوکیەتی ئایا پێویستە لەسەری یەک قوربانی بکات یاخود دوان ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
یەک قوربانی بەسە چونکه خێزانەکەی کەلەلای ماڵ باوکیەتی هەر خێزانی ئەمە با لای ماڵ باوکیشی بێت .
مجموع الفتاوى (25-43)

11- ئایا دروستە قوربانی بکەیت بەقەرز تا کاتی هاتنی موچە ؟
شێخ ابن باز رحمه الله دەڵێت:
دروسە موسوڵمان قەرز بکات بۆ ئەوەی قوربانی بکات بەمەرجێ توانای دانەوەی هەبێت .
مجموع الفتاوى (18-38).

وەهەروەها شێخ ابن عثيمين دەڵێت:
أ- هەژارێک کەلەکاتی قوربانی کردندا پارەی نی یە بەڵام موچەی هەیە یاخود ئومێدی هەیە شتێک بێتە دەسیەوە ئەوا دەتوانێت قەرز بکات ودواتر بیداتەوە .
ب-بەڵام گەر دەیزانی بەم زوانە ناتوانێ بیداتەوە ئەوا پێمان باش نی یە قەرز بکات چونکە ئەو قوربانیە توشی قەرزاری دەکات .
مجموع الفتاوى (25-110)

کاتی قوربانی کردن .
12- چ کاتێک کاتی قوربانی کردنە ؟
ابن باز دەڵێت :
یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان تا دەگاتە کۆتا ڕۆژەکەی (ئاو بوونی خۆری چوارەم ڕۆژی جەژن)
مجموع الفتاوى (18-38)

ابن عثيمين دەڵێت:
لەکاتی تەواو بوونی نوێژی جەژنەوە تاوەکو ئاو بوونی خۆری چوارەم ڕۆژی جەژن .
مجموع الفتاوى (25-12)

13- ئەگەر پێش جەژن قوربانى بکرێت حوکمى چیە؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر پێش نویژی جەژن قوربانی کرد ئەوا بەقوربانی ئەژمار ناکرێت وپێویستە لەبرى ئەوە حەیوانێکی تر بکاتە قوبانی .
ب- وەگەر دوای ئاوا بوونی خۆری چوارەم ڕۆژی جەژن قوربانی کرد ئەوا بەقوربانی ئەژمار ناکرێت مەگەر عوزری هەبێت.
مجموع الفتاوى (25-12)

14- ئەو مەرجانەی کەپێویستە لەقوربانیدا هەبن :
ئەو مەرجانە چین کەپێویستە لەقوربانیدا هەبن؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- پێویست لەو حەیوانانە بێت کەدەکرێن بەقوربانی کەئەویش : وشتر ومانگا ومەڕ وبزنە .
ب- بگات بەو تەمەنەی کەدیاری کراوە لەشەرع دا بەم شێوەیەیی لای خوارەوە :
مەڕ : پێویستە شەش مانگی تەواو کردبێت.
وە بزن پێویستە ساڵێکی تەواو کردبێت .
مانگا : دوو ساڵی تەواو کربێت .
وە وشتر پێنج ساڵی تەواو کردبێت .
ج- پێویستە ساغ بێت وبێ عەیب بێت ، واتە :
کوێرێک نەبێت بەشێوەیەک کوێریەکەی پێوە دیار بێت .
وە نەخۆش نەبێت بەشێوەیەک نەخۆشیەکەی پێوە دیار بێت .
وە شەل نەبێت بەشێوەیەک شەلیەکەی پێوە دیار بێت .
وە زۆر لاواز نەبێت کەمۆخی تێدا نەمابێت لەبەر لاوازی .
مجموع الفتاوى (25-12)

15- حوکمی قوربانی کردن بەحەیوانێک کە گوێی بڕابێت یاخود شاخی شکابێت چی یە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
دروستە ودەبێت بکرێت بەقوربانی بەڵام مەکڕوهە ؛ چونکە نەقسی هەیە وکامڵ نی یە .
مجموع الفتاوى (25-40)

16- ئایا دروسته حەیوانی خەسێنراو بکرێت بەقوربانی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
بەڵێ دروسته حەیوانی خەسێنراو بکرێت بەقوربانی تەنانەت هەندێ لەزانایان لەحەیوانی تر پێیان باشتر بووە چونکە گۆشتەکەی خۆشتر دەبێت.
مجموع الفتاوى (25-50)

17- ئایا دروسته حەیوانێک بکرێت بەقوربانی کەگوێی داخ کرابێت؟
ابن عثيمين دەڵێت :
بۆ چوونی ڕاست ئەوەیە زیانی نی یە ، جا گوێ بڕاو وشاخ شکاو وکلک بڕاو هەمویان دەشێن بۆ قوربانی بەڵام باشتر وایە نەکرێن بەقوربانی چونکە نەقسیان هەیە وکامڵ نین .
مجموع الفتاوى (25-54)

18- چۆن گۆشتی قوربانی دابەش بکەین؟
ابن باز دەڵێت :
سوننەتە ئەو کەسەی کەقوربانی دەکات :
أ- لێی بخوات
ب- وەک هدیە بەشی خزمەکانی ودراوسێکانی لێ بدات .
ج- وە هەندێکی بکات بەخێر .
مجموع الفتاوى (18-38)

19- چۆن گۆشتی قوربانی دابەش بکرێت باشە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
1-مرۆڤ لێی دەخوات .
2- هەندێکی وەک خێر دەدات بەهەژاران .
3- هەندێکی وەک هەدیە دەدات بەکەسانی دەوڵەمەند وەک ڕاگرتنی دڵیان وزیاتر خۆشەویستی لەنێوانیاندا .
مجموع الفتاوى (25-14)

20- حیکمەت لەدابەش کردنی گۆشتی قوربانی بۆ سێ بەش چی یە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
بۆ ئەوەی سێ مەبەستی شەرعی وەدەست بێت لەقوربانی کردندا :
یەکەم : چێژ وەرگرتن لەنیعمەتی خودا ئەوەش بەخواردن لێی .
دووەم : ئومێد بوون بەپاداشتی خودا ئەوەش بەخشینی بەهەژاران .
چوارەم : خۆشەویستی لەنێو بەندەکانی خودادا ئەوەش بەبەخشینی بەهەدیە بەخزم وبرادەران .
مجموع الفتاوى (25-14).

21- کامیان باشترن ئەو حەیوانەی گەورەیە وگوشت وچەوری زۆرە یاخود ئەوەی نرخەکەی زۆرە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر تەماشای سودەکەی بکەین ئەوا بێگومان ئەوەیان باشترە کەگۆشتی زۆر ترە .
ب- وەئەگەر تەماشای ڕاستی پەرستن بۆ خودا بکەین ئەو دەڵێین ئەوەیان باشترە کەنرخی گرانترە .
ج- بەڵام تۆ خۆت تەماشاکە بزان کامت پێ باشترە ئەوە بکە گەر بینیت بەکامەیان ئیمانت زیاد دەکات ودڵت موڕتاح دەبێت ئەوەیان ئەنجام بدە .
مجموع الفتاوى (25-35)

22- ئایا کردنە هەدێی گۆشتی قوربانی بەکاڵی دەبێت یاخود لێنراوى و برژاوی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
کردنە هەدیە وخێر بەکاڵی دەبێت .
مجموع الفتاوى (25-132)

23- ئایا دروسته گۆشتی قوربانی کۆ بکرێتەوە ودواتر دابەش بکرێت هەرچەند دوا کەوێت لەڕۆژی جەژن ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
دروستە دابەش کردنی گۆشتی قوربانی و کاتێک دیاری کراوی نی یە .
مجموع الفتاوى (25-137)

قوربانی کردن لەبری مردوو :
24-حوکمی قوربانی کردن لەبری مردوو چی یە ؟

ابن عثيمين دەڵێت :
أ- قوربانی کردن بۆ کەسی زیندووە ، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم چەند کەسێکی نزیکی مردن وقوربانی بۆ نەکردن .
ب- گەر مردوو وەسیەتی کردبێت قوربانی بۆ بکرێت ئەوا وەسیەتەکەی جێ بەجێ دەکرێت وقوربانی بۆ دەکرێت .
ج-ئینسان قوربانی بۆ خۆی ماڵ ومنداڵی وکەس وکاری بکات ونیەتی مردوەکانیشی لێ بێنێت .
د- بەتەنها قوربانی بۆ مردوو بکرێت ئەمەیان لەسوننەتدا نەهاتووە وسوننەت نی یە .
مجموع الفتاوى (25-11)

25- ئایا سەر زەنشتی ئەو کەسانە بکەین کەقوربانی بۆ مردوو دەکەن ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
گەر کەسێک بیکات ئەوا ئێمە سەرزەنشتی ناکەین بەڵکو ڕێگای باشتری پێ پیشان دەدەین ، کەئەویش دوعا کردنە بۆ مردوو .
مجموع الفتاوى (25-122)

26- حوکمی کردنە خێری پارەی قوربانی ؟
ابن باز دەڵێت :
أ- گەر قوربانیەکە دیاری کرابێت جا بەوەقف بێت یاخود وەسیەت ئەوا دروست نی یە بۆ کەسی وەکیل لێی لابدات ولەبری قوربانی کردن پارەکەی بکات بەخێر .
ب-گەر قوربانی سوننەت بێت وبۆ غەیری خۆی بکات ئەوا بەر فراوانە ودەتوانێت .
ج- حەتمەن حەیوان کردنە قوربانی لەکردنە خێری پارەکەی باشترە .
مجموع الفتاوى (18-41)

27- لەماڵی خۆم قوربانی بۆ خۆم وماڵ ومنداڵ وخێزانم دەکەم ، جا ئایا دروستە خێزانم باوک ودایکی کەمردوون شەریک بکاتەوە ؟
ابن باز دەڵێت :
أ- تۆ بۆت هەیە دایک وباوکت بکەیتە شەریک لەقوربانیەکەتدا .
ب- بەڵام خێزانت نەخێر چونکە ئەو بۆی نی یە تەسەروف لەقوربانی تۆدا بکات .
مجموع الفتاوى (18-43)

28- کامیان باشن بکرێنە قوربانی ، مەڕ یاخود مانگا ؟
ابن باز دەڵێت :
أ- مەڕ باشترە بکرێت بەقوربانی .
ب-خۆ ئەگەر مانگا یاخود وشتر بکرێت بەقوربانی ئەوا هیچی تێدا نی یە ودروسته .
مجموع الفتاوى (18-43)

ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر بەتەمای حەیوانەکە بۆ خۆی بکات بەقوربانی ئەوا وشتر باشترە ، پاشان مانگا پاشان مەڕ پاشان بزن .
ب-بەڵام گەر بەحەوت کەس وشتر یاخود مانگایەک بکەنە قوربانی ئەوا مەڕ باشترە پاشان بزن .
مجموع الفتاوى (25-34)

هاوبەش وشەریکی لەقوربانیدا :
29- ئایا دروسته حەوت کەس ببنە شەریک لەمانگا یاخود وشترێکدا وهەریەکەیان بۆ خۆی ماڵ ومنداڵی بێت ؟
ابن باز دەڵێت :
أ- لەسوننەتیی صەحیح دا لەپێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم هاتووە کەحەیوانێک جا وشتر بێت یاخود مانگا یاخود مەڕ وبزن بۆ پیاوێک وکەس وکاری دەبێت هەرچەن زۆر بن .
ب-بەڵام شەریک بوونی حەوت کەس لەمانگا وشتردا خیلافی تێدایە ، وە بۆچوونی ڕاست ئەوەیە دروسته پیاو مەبەستی خۆی ماڵ ومنداڵی بێت چونکە مەبەست لەیەک کەس خۆی ماڵ ومنداڵیەتی .
مجموع الفتاوى (18-44).

30- ئایا دروسته پێنج کەس ببنە شەریک لەیەک قوربانیدا ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- دروست نییە لەمەڕ وبزندا دوو کەس یاخود زیاتر ببنە شەریک .
ب- بەڵام بوون بەشەریک لەمانگا و وشتردا دروستە ودەتوانرێت حەوت کەس ببنە شەریک لەیەک قوربانیدا .
مجموع الفتاوى (25-21)

31- ئایا دروستە سێ دراوسێ ببنە شەریک لەتەنها مەڕێکی قوربانیدا ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
نەخێر نابێت ؛ چونکە یەکێک لەمەرجەکانی قوربانی ئەوەیە بەپێی شەرع بێت ، وەلەشەرع دا نەهاتووە دوو کەس یاخود زیاتر ببنە شەریک لەتەنها مەڕێکدا .
مجموع الفتاوى (25-44)

32- ئایا دەتوانرێت پیاو خێزانەکەی شەریک بکاتەوە لەحەیوانێکدا لەقوربانیدا بەشێوەیەک هەریەکەیان نیوەی پارەکەی بدات ؟
ابن عثيمين دەڵێت:
أ- گەر ژن ومێرد لەپارەی مەڕێکدا ببنە شەریک نابێت ؛ چونکە نابێت دوو کەس لەیەک مەڕدا ببنە هاوبەش .
ب-بەڵکو شەریکایەتی لەمانگا و وشتردایە کەبۆ حەوت کەس دەبێت .
مجموع الفتاوى (25-46)

33- لەکاتی کڕینی مانگا یاخود وشتردا ئایا مەرجە پێشتر شەریکەکان ڕێک کەوتبێتن ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر وشتر یاخود مانگای کڕی بەنیەتی ئەوەی بەحەوت کەس بیکەنە قوربانی لەم حاڵەتە دروستە دواتر کەسانی تر شەریک بکەنەوە تا حەوتەکە تەواو دەبێ .
ب- بەڵام گەر کڕی ونیەتی وا بوو بەتەنها بۆ خۆی بکات ودیاری کرد ئەوا دواتر بۆی نییە کەسانی تر شەریک کاتەوە .
مجموع الفتاوى (25-98)

34- ئایا بۆ کەسێک کەدەستی دەڕوا وپارەی هەیە دەتوانێ زیاد لەحەیوانێک بکاتە قوربانی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
باشتر وایە بۆ پیاو وخێزانکەی یەک مەڕ بکەنە قوربانی ، وەهەرکەسێک پارەی زیاتری هەیە با پارەکەی بکاتە حێر ، ویاخود با بیداتە خواردن وبیدات بەهەژارەکان گەر هەبوو گەرنا بیداتە هەژارەکانی وڵاتانی تر کەپێویستیانە .
مجموع الفتاوى(25-46)

بڕین ولێکردنەوەی توکی سەرو نینۆک وپێست بۆ کەسێک کەقوربانی بکات .
35- ئایا مەرجە ئەو کەسەی کەقوربانی دەکات نینۆکی نەکات وتوک لەخۆی نەکاتەوە ؟
ابن باز دەڵێت :
دروست نی یە دوای داخل بوونی مانگی (ذي الحجة) بۆ کەسێک قوربانی بکات شتێک لەتوکی سەری ونینۆکی وپێستی لێ بکاتەوە .
مجموع الفتاوى (18-38).

36- ئایا ئەو ڕێگریەیی کەلەبارەی لێ نەکردنەوەی نینۆک وتوکەوە هاتووە بۆ حەڕامیە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
ئەسڵ وایە ڕێگری پێغەمبەر صلی اللە علیه وسلم بۆ حەڕامیەتیە ، تاوەکو بەڵگەیەکی تر دێت ولای دەدات بۆ کەڕاهەت یاخود غەیری کەڕاهەت ، جا حەڕامە بۆ ئەو کەسەی کەدەیەوێ قوربانی بکات توک یاخود نینۆک یاخود پێستی لاشەی خۆی بکاتەوە تاوەکو قوربانیەکەی دەکات .
مجموع الفتاوى (25-139)

37- لەفەرموودەیەکدا هاتووە کە ئیمامی موسلیم ڕیوایەتی کردووە : (فلا يمس من شعره ولا بشره شيئا)؟
واتە : بادەستکاری توکی وپێستی نەکات .
ابن عثيمين دەڵێت :
مەبەست لەپێست ، ئەوەیە کەهەندێ کەس بەشێک لەپیستی پاژنە پێى لێ دەکاتەوە .
مجموع الفتاوى (25-139)

38- حیکمەت چی یە لەوەی ڕێگری کراوە لە لێ کردنەوەی نینۆک وتوک وپێست ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- یەکێک لەنیعمەتەکانی خوا بەسەر بەندەکانیەوە ؛ کاتێ کەهەندێ کەس حەجیان لەدەس دەچێت وتوانای حەجیان نی یە بەواز هێنان لەخۆشی ، وەبۆیە ئەمەی داناوە بۆ ئەوەی هاوبەشی حاجیەکان بن لەهەندێ ڕێو ڕەسمدا .
ب- کەسی قوربانی کار کاتێ لەهەندێ شتدا هاوبەشی حاجیە کەئەویش نزیک بوونەوەیە لەخودا بەسەربڕینی قوربانی ، هاوبەشیەتی لەهەندێ تایبەت مەندیەکانی ئیحڕام دا ئەویش بەنەکردنی توک ونینۆک .
مجموع الفتاوى (25-139)

39- ئایا حوکمی حەڕامیەتی لێ کردنەوەی توک ونینۆک هەموو ئەندامەکانی خێزان دەگرێتەوە کەقوربانیان بۆ دەکرێت ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
نا ئەو حوکمە تایبەتە بەوەی قوربانیەکە دەکات وئەندامەکانی تری خێزان ناگرێتەوە ؛ چونکە لەپێغەمبەرەوە صلی اللە علیە وسلم نەگێڕدراوەتەوە کەفەرمانی بەوە کردبێت .
مجموع الفتاوى (25-140)

40- ئایا ئەو کەسەی کەمردوویەک وەسیەتی بۆ کردووە قوربانی بکات پێویستە لەسەری دەسکاری توک ونینۆکی نەکات ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
نا ئەو لەحەقیقەتدا قوربانی کار نی یە ، بەڵکو لەبری غەیری خۆی دەیکات ، بۆیە حوکمەکە بەند نی یە بەوەوە .
مجموع الفتاوى (25-140)

41- حوکمی ئەو کەسە چی یە کەبەئەنقەست لەدە ڕۆژی مانگی ( ذي الحجة)دا، توک ونینۆک لەخۆی دەکاتەوە ئایا قوربانیەکەی دروسته ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
گەر ئەو کارە بەئەنقەست بکات ئەوا بێفەرمانی پێغەمبەری خودای صلى الله عليه وسلم کردووە ، بەڵام قوربانیەکەی دروسته .
مجموع الفتاوى (25-146)

42- وەئایا ئەو کەسەی کەڕیشی دەتاشێت قوربانیەکەی دروسته ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
هێشتنەوەی ڕیش سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەرە وتاشینی عادەتی هاوبەش بڕیار دەرانە ، قوربانی بکە هەر چەند بێفەرمانی خودات کردووە بەتاشینی ڕیش ؛ چونکە قوربانی شتێکە وتاشینی ڕیش شتێکی ترە .
مجموع الفتاوى (25-149)

43-هەرکەسێک نیەتی قوربانی نەهێنێت تەنها دوای هاتنی دەی مانگی(ذي الحجة) نەبێت ئایا قوربانیەکەی دروسته ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
هیچی لەسەر نی یە وتاوان بار نابێت بەوەی توک ونینۆکی لێ کردۆتەوە چونکە پێش ئەوەی نیەت بێنێت توک ونینۆکی لێ کردۆتەوە .
مجموع الفتاوى (25-150)

44- تاوەکو کەی نابێ توک ونینۆک لێ بکرێتەوە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
تاوەکو ئە کاتەی کەقوربانیەکەی دەکات ، هەرکە قوربانیەکەی کرد ڕێگریەکە کۆتایی دێت .
مجموع الفتاوى (25-152)

45- ئایا ئەو کەسەی کراوەتە وەکیل پێویستە وەک خاوەن حەیوانەکە توک ونێنۆک لەخۆی نەکاتەوە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
ئەحکامەکانی قوربانی تایبەتە بەخاوەن قوربانیەوە ، و وەکیل ناگرێتەوە وپێویست نی یە لەسەری واز لەنینۆک وپێست وتوکی لاشەی بێنێت .
مجموع الفتاوى (25-155)

ابن باز دەڵێت :
پێویست نی یە لەسەر وەکیل واز لەنینۆک وپێست وتوکی لاشەر بێنێت ، چونکە ئەو قوربانی ناکات ، بەڵکو ئەو شتانە لەسەر خاوەن قوربانیەکەیە .
مجموع الفتاوى (18-39)

46- هەندێ کەسی عەوام پێیان وایە هەرکەسێک توک یاخود نینۆک وپێستی لاشەی خۆی بکاتەوە قوربانیەکەی دروست نی یە ؟
ابن عثيمين دەڵێت:
أ- ئەوە هەڵەیەکی ڕوونە وهیچ پەیوەندیەک لەنێوان قەبوڵ بوونی قوربانی ولێکردنەوەی ئەوانەدا نی یە کەباس کراوە .
ب-بەڵام ئەوەی بەبێ عوزر ئەو کارە بکات ئەو بێفەرمانی پێغەمبەری صلى الله عليه وسلم کردووە کەفەرمانی کردووە دەسکاری ئەو شتانە نەکرێت لەو دە ڕۆژەدا .
مجموع الفتاوى (25-161)

47- حوکمی ئەو کەسە چی یە کەپێویستی بەوەیە نینۆکی بکات یاخود توک لەخۆی بکاتەوە لەکاتێکدا دەیەوێ قوربانی بکات ؟
ابن عثيمين :
هیچی لەسەر نی یە لەم حاڵەتانەدا بۆنموونە :
أ- برینێکی پێوە بێت وپێویستی بەلێکردنەوەی توکی بێت .
ب-یاخود نێنۆکی بشکێت ئەوەندەی کەئازاری دەدات دەیبڕێت .
ج-یاخود پارچەیەک لەپێستی لێ ببێتەوە وئازاری بدات وئەویش لێی کاتەوە
مجموع الفتاوى (25-161)

48- ڕێگری کردن لەلێکردنەوی توک ونینۆک وپێست کێ دەگرێتەوە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- ئەوەی کەنیەتی کردنی قوربانی هەیە بۆ خۆی ، یاخود بۆ غەیری خۆی قوربانی دەکات وپارەکەی دەدات .
ب- بەڵام کەسێک ببێتە وەکیل وقوربانی بۆ غەیر خۆی بکات ئەوا بێگومان ئەو ڕێگریە نایگرێتەوە .
مجموع الفتاوى (25-161).

49- ئایا گەر شتێک لەتوکی سەری ئافرەت لێ بووەوە کاریگەری دەبێت لەسەر قوربانی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
ئافڕەت گەر قورسە لەسەری ماوەی ئەو دەڕۆژە بمێنێتەوە بێ شانەکردنی سەری ئەوا دەتوانێت سەری شانە بکات ، خۆ ئەگەر شتێک بەهۆی شانە کردنەوە لێ بووەوە بەبێ مەبەست ئەو هیچی لەسەر نی یە .
مجموع الفتاوى (25-151)

50-حوکمی سەر شانە کردن چی یە بەنیسبەت ئافرەتەوە لەدەی مانگی ( ذي الحجة )دا ، پێش قوربانی کردن ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
گەر ئافرەت پێویستی بەسەر شانە کردن بوو وە ئەو دەیەوێ قوربانی بکات ئەوا هیچی لەسەر نی یە ، بەڵام لەسەر خۆی شانەی دەکات ، دواتر گەر توکێکی لێ بووەوە بەبێ مەبەست ئەوا تاوان بار نابێت .
مجموع الفتاوى (25-146)

51- ئەو ئافرەتەی کەنیەتی قوربانی هێناوە چی لەپرچی بکات لە دە ڕۆژی( ذي الحجة )دا ؟
ابن باز دەڵێت :
دروستە بۆی پرچی بکاتەوە وبیشۆرێت ، بەڵام بەتوندی شانەی ناکات ، جا گەر لەکاتی شانەکردن وشوشتندا توکێکی لێ بووەوە ئەو زیانی نی یە .
مجموع الفتاوى (18-47)

52- گەر ئافرەت لەبەر حەیز یاخود نیفاس خۆی شوشت حەتمەن توک لەپرچی دەبێتەوە لەکاتێکدا دەیەوێ قوربانی بکات ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
گەر هەوڵیدا بۆ ئەوەی پرچی لێ نەبێتەوە ، وە لێ بووەوە ئەوا هیچی لەسەر نی یە .
مجموع الفتاوى (25-154)

53-حوکمی پێدانی گۆشتی قوربانی بەکەسی کافر چی یە ؟
ابن باز دەڵێت :
دروسته گۆشتی قوربانی بدرێت بەو بێباوەڕانی کەڕێگەیان پێدراوە لەوڵاتی موسوڵماناندا بژین .
مجموع الفتاوى (18-47).

ابن عثيمين دەڵێت :
دروسته گۆشتی قوربانی بدرێت بەکەسی بێ باوەڕ بەمەرجێک لەو کەسانە نەبێت کەدەجەنگن لەگەڵ موسوڵماناندا .
مجموع الفتاوى (25-133)

54- ئایا حاجی چۆن حەج وقوربانی بکات لەیەک کاتدا ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
حاجی قوربانی ناکات بەڵام ئەو کەسەی کەکەس وکاری هەیە ئەوا پارەیان لا دادەنێت ولەبری ئەو قوربانی بۆ دەکەن ، بەڵام خۆی حەیوانێک سەر دەبڕێت کەپێی دەوترێت (الهدي ) . مجموع الفتاوى (25-19)

55- حوكمی ئەو کەسە چی یە کەدەیەوێ حەج و قوربانی بکات ئایا دەسکارى توکی لاشەی دەکات ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
هیچی لەسەر نی یە توکی لاشەی لێ بکاتەوە کاتێ کەئیحڕامەکەی کۆتایی پێ دێنێت .
مجموع الفتاوى (25-20)

56- گەر حاجیەک کەسێکی کردبێته وەکیل بۆئەوەی قوربانی بۆ بکات جا لەکاتی( الميقات ) دا ، بێەوێ نینۆک وتوکی لێ بکاتەوە ئایا ئەو کارەی دروستە ؟
لای ئیحڕام دا ئەو کارە ناکات لەکاتێکدا نیەتی قوربانی هەیە ، جا گەر خەریکی عومرە بێت وتەوافی کردبێت وسەعی کردبێت وتوکی سەری کورت کردبێتەوە ئەوا دروسته ؛ چونکە کورت کردنەوەی توکی سەر لەو کاتەدا واجبە .
مجموع الفتاوى (25-144)

57- چی بکات ئەو کەسەی کەدەیەوێ قوربانی بکات لەوڵاتەکەی لەکاتێکدا خۆی لەحەجە ؟
ابن عثيمين دەاێت :
أ- مادام دەیەوێ قوربانی بکات ئەوا دوور دەکەوێتەوە لەکردنی نینۆکی وهەڵکەندنی توکی بن باڵی وکردنی توکی سمێڵی و توکی بەر .
ب- بەڵام تاشینی یاخود کورت کردنەوەی توکی سەر لەحەجدا یاخود لەعومرەدا ئەوا زیانی نی یە چونکە ئەوا بەشێکە لەحەج وعومرە وپێویسته ئەنجام بدرێت .
مجموع الفتاوى (25-149)

58- ئایا واجبە حاجی قوربانی بکات ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- ئەو حاجیەی کەپارە دەدات بەکەس وکاری وئەوان قوربانی بۆ دەکەن ئەوا دروسته .
ب- بەڵام لەحەج دا تەنها حەیوانێک سەردەبڕدرێت کەپێی دەوترێت ( الهدي ) .
مجموع الفتاوى (25-20)

59- ئایا باشتر وایە لەوڵاتی خۆت قوربانی بکەیت ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- باشتر وایە لەوڵاتی خۆت قوربانی بکەیت گەر کەس وکارت لەلات بن .
ب- بەڵام گەر کەس و کارت لەجێگایەکی تر بن وکەسێک نەبێت قوربانیان بۆ بکات ئەوا پارەیان بۆ بنێرە با لەوێ قوربانی بکەن .
مجموع الفتاوى (24-208).

دەس نیشان کردنی قوربانی .
60- هەرکەسێک قوربانی بکڕێت بۆ بەخێو کردنی پاشان نەخۆش کەوێت یاخود پێیەکی بشکێت ئایا دەکرێت بەقوربانی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
هەر کەسێک حەیوانێکی دیاری کرد وگوتی : ئەمە دەکەم بەقوربانی ئەوا قوربانیە
أ-جا گەر توشی نەخۆشی بوو یاخود پێی شکا ئەوا گەر خۆی سەبەب بووبێت ئەوا نابێت بیکات بەقوربانی وپێویستە لەسەری دانەیەکی تر هاوشێوەی ئەوە یاخود باشتر بکاتە قوربانی
ب- وە گەر خۆی سەبەب نەبوو ئەوا دروسته بیکاتە قوربانی .
مجموع الفتاوى (25-99)

61- ئایا باشتر وایە مرۆڤ هەر زوو حەیوانەکەی دیاری بکات بۆ قوربانی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
باشتر وایە مرۆڤ زوو حەیوان بکڕێت بۆ ئەوەی بەجوانترین شێوە بەخێوی بکات بەڵام ئارام بگرێت لەدیاری کردنی قوربانیدا ، لەبەر ئەوەی گەر توشی شتێک بوو دانەیەکی تر بکڕێت وبیکات بەقوربانی .
مجموع الفتاوى (25-99)

62- حوکمی لە خەنە گرتنى حەیوانى قوربانی و پەت کردنە ملی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
قوربانی هیچ پێویستی نیە بە لەخەنە گرتن و پەت کردنە مل .
مجموع الفتاوى (25-100)

63- کەسێک نەزری کردووە بەرانێک سەر بڕێت بەڵام بەرانەکە مردووە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- کاتێ مرۆڤ قوربانی دیاری دەکات، وپاشان دەمرێت بەبێ ئەوەی خۆی کەم تەرخەم بێت ودەستی تێدا بێت ئەوا هیچی لەسەر نی یە .
ب- تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت کەنەزری کردبێت ئەوا پێویسته نەزرەکەی بەجێ بێنێت .
مجموع الفتاوى (25-100)

64- ئایا دروستە حەیوانێک کەبۆ قوربانی دیاری کراوە سەر ببڕدرێت بۆ شایی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
نەخێر دروست نی یە ونابێت لەجگە لەقوربانی بۆ هیچ شتێکر تر بەکار بهێندرێت و نابێت بگۆڕدرێت بەدانەیەکی تر .
مجموع الفتاوى (25-107)

65- چ دەوترێت لەکاتی سەربڕینی قوربانیدا ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
لەکاتی سەربڕینی قوربانیدا دەوترێت : بسم الله، الله أكبر اللهم هذا منك ولك، اللهم هذه عني وعن أهل بيتي.
مجموع الفتاوى (25-55)
واتە : بەناوی خودا ، خودا گەورەیە ، خودایە ئەمە لەتۆوەیە وبۆ تۆیە ، خودایە ئەمە لەبری خۆم وماڵ ومنداڵم .

66- چ کاتێ (بسم الله) دەکرێت وچۆن دەکرێت ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
کاتی (بسم الله) لەکاتی سەربڕیندایە کاتێ کەپاڵی دەخا وچۆنیەتیەکەشی بەم شێوەیەیە : بسم الله والله أكبر اللهم هذا منك ولك، اللهم هذا عن فلان.
مجموع الفتاوى (25-56)
واتە : بەناوی خودا ، خودا گەورەیە ، خودایە ئەمە لەتۆوەیە وبۆ تۆیە ، خودایە ئەمە لەبری فڵان .

67- کەسێک لەکاتی سەربڕینی قوربانیدا (بسم الله) لەبیرکردبێت چ شتێکی لەسەر پێویست دەبێت ؟
زاناى پایەبەرز شێخ عبدالعزیز بن عبد الله بن باز - رحمه الله - دەڵێت :

کەسی موسوڵمان گەر بەئەنقەست (بسم الله) نەکات وبشزانێ ، ئەوا سەربڕاوەکەی ناخورێت .
بەڵام گەر لەبەر نەزانین یاخود لەبیر چوون (بسم الله)نەکات ئەوا دروسته وهیچی تێدا نی یە .
"فتاوى نور على الدرب" (24 / 164 - 165).

68- ئایا مەرجە لەکاتی سەربڕینی قوربانیدا بوترێت لەبری فڵان ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر بڵێت لەبری فڵان باشترە
ب- وەگەر نەشڵێت ئەوا نیەتەکەی کافیە وئاساییە .
مجموع الفتاوى (25-59)

69- کام جۆرە سەربڕینە باشە بۆ سەربڕینی وشتر ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- بەپێوە بدرێت لەگەردنی
ب-دەستی چەپی کەلەپچە بکرێت
ج- خۆ گەر نەتوانرا بەپێوە بدرێت لەگەردنی ئەوا دروستە بەدانیشتنەوە بدرێت لەگەردنی .
مجموع الفتاوى (25-55)

70- کام جۆرە سەربڕینە باشە بۆ سەربڕینی مەڕ ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ-لەسەرلای چەپ پاڵی دەخات
ب- پێی دەنێتە سەر ملی
ج-وەبەدەستی چەپی سەری دەگرێت تاوەکو قوڕگی دەردەکەوێت
د- پاشان بەتوندی چەقۆکە دێنێت بەملیدا وهەردوو دەمرارە گەورەکە و قوڕگی دەبڕێت .
مجموع الفتاوى (25-55)

71- ئایا دروستە ئافرەت قوربانی سەر بڕێت ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
دروسته ئافرەت قوربانی سەر بڕێت ؛ چونکە ئەسڵ وایە لەعیباداتدا ئافرەت وپیاو یەکسان وهاوبەشن .
مجموع الفتاوى (25-81)

72-حوکمی سەربڕینی قوربانی چی یە لەشوێنی نوێژ کردنی جەژندا ؟
ابن عثيمين دەڵێت:
سەربڕینی قوربانی لەشوێنی نوێژ کردنی جەژندا سوننەتە .
مجموع الفتاوى (25-94)

73-حوکمی سەربڕینی قوربانی لەمەککە چی یە ؟
ابن باز دەڵێت :
أ- هەموو کردەوەیەکی چاکە لە مەککە خێری باشترە
ب- بەڵام گەر کەسی دەس نەکەوت لەمەککە قوربانیەکە بخوات و گەر لەشوێنێکی تر کەهەژاری لێ بێت ئەوا لەپێش ترە وباشترە .
مجموع الفتاوى (18-48)

74- جیاوازی نێوان(الهدي) و(قوربانی ) و(فیدیە) چی یە ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
قوربانی: ئەوەیە کەلەهەموو وڵاتەکاندا لەڕۆژانی جەژندا سەردەبڕدرێت وەک خۆ نزیکردنەوەیە لەخودا
هەدی : ئەوەیە کەلەحەڕەمی مەککە دەکرێتە هەدیە لەمەڕ ومانگا و وشتر ودابەش دەکرێت بەسەر هەژارەکانی مەکەدا یاخود کەسێک دەکاتە وەکیل ولەبری ئەو دەیکڕێت وبۆی سەر دەبڕێت
فیدیە : ئەوەیە کەلەبەر نەکردنی واجبێک ئەنجام دەدرێت وەک نەکردنی (رمي الجمرات) یاخود کردنی شتێکی قەدەغە کراو ، وەک (تاشی سەر لەکاتێکدا کەلەئیحڕام دایە ).
مجموع الفتاوى (25-9)

وەکالەت لەقوربانیدا
75- ئایا مەرجە مرۆڤ خۆی قوربانیەکەی سەر بڕێت یاخود کەسێک بکاتە وەکیل و خۆی ئامادەی سەربڕینەکە بێت ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- باشتر وایە مرۆڤ خۆی قوربانیەکەی سەر بڕێت چونکە عیبادەتێکەو پێی لەخودا نزیک دەبێتەوە
ب- دروستە کەسێکی سیقە بکرێتە وەکیل وهەستێت بەسەر بڕینی ودابەش کردنی ، وە مەرج نی یە خۆی ئامادەی سەربڕینەکە بێت .
مجموع الفتاوى (25-60)

76- ئایا بەوەکیل دەبژێردرێت گەر نەیزانی یاخود لەبیری چوو قوربانیەکەی پێش نوێژی جەژن سەر بڕی ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
أ- گەر قوربانی پێش نوێژی جەژن سەر بڕدرا ئەوا تەنها گۆشتێکە وبەقوربانی ئەژمار ناکرێت .
جا گۆشتەکە بۆ خاوەن قوربانیەکەیە بەڵام دەبێ لەجێگەی ئەوە دانەیەکی تر سەر بڕێت .
ب-وەکەسی وەکیل غەرامە دەکرێت ئەوەندەی کەئەو حەیوانە بەهۆی سەربڕینەوە نرخەکەی کەمی کردووە .
مجموع الفتاوى (25-93)

77-گەر کەسی وەکیل لەبیری چوو قوربانیەکە بکات ودوای ڕۆژانی جەژن بیری کەوتەوە چ بکات وحوکمی چی یە ؟
ابن عثيمين دەێت :
هیچی لەسەر نییە ، گەر ئەو کەسەی کەکردوویەتیە وەکیل حەزی لێ بێت لەساڵی دواتردا قوربانی دەکات ا .
مجموع الفتاوى (25-93)

ناردنی قوربانی بۆ دەروەی وڵات :
78- حوکمی ناردنی پارەی قوربانی چی یە بۆ دەرەوەی وڵات ودانی بەلیژنەیەک کەکڕینی قوربانیان لەئەستۆ گرتووە لەدەرەوەی وڵات ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
پێم وانیە دروست بێت پارەی قوربانی بنێردرێت وبدرێت بەو لیژنەیە بۆ ئەوەی هەستن بەکڕینی قوربانی لەوڵاتانی تردا .
مجموع الفتاوى (25-62)

79- ئایا ئەو مەسڵەحەتانە چین کەلەدەست دەچن لەکاتی ناردنی پارەی قوربانی بۆ دەرەوەی وڵات ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
ناردنی پارەی قوربانی بۆ وڵاتانی ئیسلامی مەسڵەحەتێکی زۆر لەدەس دەدات ، لەوانە :
1- دەرکەوتنی دروشمەکانی خودا لەوڵاتانی ئیسلامیدا ، چونکە گەر خەڵک پارەی قوربانیەکانیان بنێرن بۆ دەرەوی وڵات ئەوا وڵاتەکەی خۆیان دەرکەوتنی ئەو دروشمەی نابێت
2- ئەوەی مەشروعە ئەوەیە کەسی قوربانی کار خۆی قوربانیەکەی سەر بڕێت هەروەک چۆن پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەو کارەی دەکرد جا گەر پارەی قوبانیەکەی بنێرت بۆ وڵاتانی تر ئەوا ئەوسوننەتەی لەدەس دەچێت
3- بەندایەتی کردن بۆخودا بەناو هێنانی لەکاتی سەربڕینی قوربانیدا ، ئەمە عیبادەتێکە خوا فەرمانی پێ کردووە جا گەر پارەی قوبانیەکەی بنێرت بۆ وڵاتانی تر ئەوا کەسی قوربانی کار ئەوەی لەدەس دەچێت
4- بەندایەتی کردن بۆخودا بەخواردن لێی چونکە خورادن لەقوربانی عیبادەتە وخودا فەرمانی پێ کردووە جا گەر پارەی قوربانیەکەی بنێرت بۆ وڵاتانی تر ئەوا کەسی قوربانی کار ئەوەی لەدەس دەچێت .
مجموع الفتاوى (25-69)

هەڵگرتنی گۆشتی قوربانی :
80- مانای ئەم فەرموودەیە چی یە " لا يدخر أحدكم من أضحيته فوق ثلاثة أيام"؟
واتە : با یەکێک لەئێوە زیاد لەسێ ڕۆژ گۆشتی قوربانی هەڵنەگرێت .
ابن عثيمين دەڵێت :
ئەم فەرموودەیە هۆکارێکی هەبوو ئەویش ئەوە بوو ساڵێک خەڵک توشی برسێتى بوون ، بۆیە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم ڕێگری کرد لەخەڵک گۆشتی قوربانیەکانیان زیاد لەسێ ڕۆژ هەڵگرن ، وە لەساڵی داهاتوودا ، واتە : بۆ ساڵی دوای ئەوە کەئەو برسیەتیە نەما پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی : "كنت نهيتكم عن الادخار فوق ثلاثة من أجل الدّافّة- يعني التي دفت بسبب الجوع- فادخروا ما شئتم وكلوا ما شئتم" رواه مسلم مجموع الفتاوى (25-134)
واتە : من ڕێگریم لێ کردن لەوەی نابێ بەشی زیاد لەسێ ڕۆژ گۆشتی قوربانی بۆ خۆتان هەڵبگرن ، دەی ئێستا بەدڵی خۆتان هەڵی گرن ولێی بخۆن .

فرۆشتنی بەشێک لەگۆشتی قوربانی :
81- ئایا دروستە بەشێک لەگۆشت وچەوری ویاخود پێستی قوربانی بفرۆشرێت ؟
ابن عثيمين دەڵێت :
حەڕامە بەشێک لەگۆشت وچەوری ویاخود پێستی قوربانی بفرۆشرێت ؛ چونکە ئەوا ماڵێک بۆ خودا دەرکراوە ونابێت لێی پاشگەز بیتەوە وهەروەک خێر کردن وایە ، واتە : چۆن دروست نی یە کاتێ خێرێک دەکەی بەشیمان بیتەوە بەهەمان شێوە دروست نی یە گۆشتی قوربانی بفرۆشرێت .
مجموع الفتاوى (25-161)

سەرچاوە :
مجموع فتاوى العلامة ابن باز - رحمه الله -
مجموع فتاوى العلامة ابن عثيمين - رحمه الله -
وەرگێڕانى : ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١,٥٤٩ بەش: قوربانى كردن