پێش خستنى ڕۆژووى سوننەت بەسەر ڕۆژووى فەرزدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پێش خستنى ڕۆژووى سوننەت بەسەر ڕۆژووى فەرزدا
پرسیار:

 گەر ڕۆژووی ڕۆژی عاشوڕا لەگەڵ قەزا کردنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزاندا یەکیان گرت کامیان پێش دەخرێن ؟‏

پرسیار کراوە لە زاناى پایەبەرز محمد بن صالح العثیمین رحمه الله لەبارەی ئەوەی گەر قەزا کردنی واجبێک وسوننەتێک لەیەک کاتدا کۆبوونەوە ئایا دروستە مرۆڤ سوننەتەکە ئەنجام بدات ودواتر واجبەکە قەزا بکاتەوە یاخود پێویسته سەرەتا واجبەکە ئەنجام بدرێت ؟
بۆ نموونە : گەر ڕۆژووی ڕۆژی عاشوڕا لەگەڵ قەزا کردنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزاندا یەکیان گرت کامیان پێش دەخرێن ؟‏

لەوەڵامدا گوتویەتی:‏ بەنیسبەت ڕۆژووی فەرز وسوننەتەوە کەئایا کامیان پێش دەخرێن ؟
بێگومان مەشروع و مەعقول ئەوەیە کە فەرزەکە پێش بخرێت ؛ چونکە فەڕزەکە قەرزە و واجبە بدرێتەوە ، وە سوننەت سوننەتەو گەر کرا دەگیردرێت گەرنا هیچی تێدا نی یە نەگیردرێت ، هەر بۆیە بەو کەسە دەڵێین کەڕۆژووی ڕەمەزان قەرزارە :
پێش ئەوەی سوننەت بگریت سەرەتا ڕۆژووە فەرزەکە بگرەوە ، بەڵام گەر پێش گرتنەوەی فەرزەکە سوننەتی گرت بۆ چوونی ڕاست ئەوەیە ڕۆژووەکەی دروستە مادام کاتی تر هەیە ڕۆژووە فەرزەکەی تێدا بکرێتەوە ؛ چونکە قەزا کردنەوەی ڕەمەزان درێژ دەبێتەوە تا ڕەمەزانی داهاتوو ، جا مادام کات ماوە سوننەت دروسته ، بۆ نموونە نوێژی فەرز گەر کەسێک نوێژی سوننەتی کرد پێش فەرز و کات مابوو بەدەستیەوە بۆ ئەنجام دانی فەرزەکە ئەوا دروستە ، جا هەرکەسێک کە ڕۆژووی ڕەمەزان قەرزار بوو وە ڕۆژووی ڕۆژی عەڕەفە ، یاخود عاشوڕای گرت ئەوا ڕۆژووەکەی دروسته .
(المجلد 20 - من فتاوي الشيخ بن عثيمين رحمه الله)

ئایا دەتوانم ڕۆژووی سوننەت بگرم بەنیەتی قەزا کردنەوەی ئەو ڕۆژانەی ڕەمەزان کەقەرزارم ، واتە : لەکاتی قەزاکردنەوەکەدا نیەتی سوننەتیشم هەبێت وەک ڕۆژووی عاشوڕا ؟

ئەم بابەتە به هاوبەشی وتێکەڵ بوونی عیبادەتەکان لەنێو زانایاندا بەناوبانگە ، وە چەند جۆرێک هەیە ، دانەیەکیان ئەمەیە ، کەجەمع کردنە لەنێوان فەرز وسوننەتدا بەیەک نیەت ، جا هەرکەسێک نیەتی سوننەت بێنێت ئەوا واجبەکەی لەسەر لاناچێت ، بۆیە هەر کەسێک نیەتی ڕۆژووی عاشوڕا بێنێت ئەوا جێگەی قەزای ڕەمەزانی بۆ ناگرێتەوە ، وەهەرکەسێک نیەتی قەزای ڕەمەزان بێنێت ولەڕۆژی عاشوڕادا بیگرێتەوە ، ئەوا قەزا کردنەوەکەی دروستە ، وە لەلای هەندێ لەزانایان ئومێدیش هەیە پاداشتی عاشوڕای بۆ بنوسرێت .

جا پێویستە ئینسان پەلە بکات لەقەزا کردنەوەی ئەو ڕۆژانەی کەلەسەریەتی ، ئەوە لەپێش ترە لەئەنجام دانی سوننەت ، بەڵام گەر کاتی نەبوو ، وەنەیتوانی هەموو ئەو ڕۆژانە بگرێتەوە وەترسا فەزڵی ڕۆژی عەڕەفە وعاشوڕای لەدەس بچێت با بەنیەتی قەزا کردنی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت بەڵکو خودا پاداشتی عاشوڕا وعەڕەفەشی بۆ ئەژمار بکات ، بێگومان فەزڵی خودا زۆر بەرفراوانە .

سەردان: ٢,٤٢٠ بەش: ڕۆژووى سوننەت