ساڵى نوێى خوێندن و ئامۆژگارى بۆ قوتابیان و دایکان وباوکان و مامۆستا بەڕێزەکان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ساڵى نوێى خوێندن و ئامۆژگارى بۆ قوتابیان و دایکان وباوکان و مامۆستا بەڕێزەکان

سبەینێ دەرگای قوتابخانەكان دەكرێتەوە ، ساڵی تازەی خوێندن دەست پێ دەكات بەم بۆنەیەوە چەند ئامۆژگاریەك باس دەكەین
بۆ قوتابیان و دایك و باوكیان و مامۆستایان .

پێش هەموو شتێ دەبێ بزانین كە ئومەتی ئیسلام ئومەتی خوێندن و خوێندەواریە و یەكەم وشەی قورئانەكەمان كە دابەزیوە بۆ پێغەمبەرەمان صلى الله عليه وسلم وشەی (إقْرَأْ) خوای گەورە یەكەم ئایەت كە دایبەزاند بۆ سەر پێغەمبەرەكەمان صلى الله عليه وسلم بە (إقْرَأْ) دەستی پێ دەكا (إقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ . ) . 
كەواتە ئیسلام و خوێندنەوە بەیەكەوە بەستراوە ئیسلام و زانست و زانیاری بەیەكەوە ڕەبتە و هەركەسێ وابزانێ ئیسلام یانی دواكەوتووی ئەوا مێشكی خۆی دواكەوتوە و بێ ئاگایە 
وە لە ئیسلامدا عیلم و زانست و زانیاری و خوێندن گرنگی زۆری پێ دراوە بۆیە خوای گەورە دەفەرموێ :
(قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لاَ يَعْلَمُونَ) ئەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بڵێ: ئایا ئەو كەسانەی كە دەزانن و شارەزان، وەك ئەوانەن كە هیچ نازانن و شارەزاییان نیە؟
﴿ يَرْفَعِ اللهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَا تٍ  ﴾ خوای گەورە ئەوانەی ئیمانیان هێناوە لە ئێوە و ئەوانەشتان زانست و زانیاریان پێدراوە خوای گەورە پلەو پایەیان بەرز ئەكاتەوە لە دونیاو قیامەتدا

یەکەم : ئامۆژگاریمان بۆ قوتابیان
1-  یەكەمین شت نیەتتان خالص بكەن بۆ خوای گەورە و لە خوێندنەكەتان نییەتتان خوا بێ با خوای گەورە بەرەكەت بخاتە خوێندنەكەتانەوە .
2- دەبێت زۆر هەوڵبدات و سەعی بكات و گرنگی بە خوێندنەكەی بدات و ساڵێكی خوێندنی بە فشقیات و كات بەسەر بردن بەسەر نەبات .
3- پێویستە لەسەر قوتابی ڕێز لە مامۆستاكەی بگرێت ، هەر قوتابیەك ڕێز لە مامۆستاكەی نەگرێت ئەوە ڕەنگدانەوەی پەروەردەی ماڵەوەیەتی و خەتای دایك و باوكێتی كەوا فێری نەكردوە ڕێز لە مامۆستاكەی بگرێت ، بۆیە كاتێك قوتابی سود لە مامۆستاكەی وەردەگرێت كە ئەدەب و ئەخلاقی جوان بێ بەرامبەر بە مامۆستاكەی و ڕێزی لێ بگرێ 
4- هەروەها پێویستە لەسەر قوتابی خۆی مشغوڵ بكات بەوەی كە سودی پێ دەگەیەنێ ، خۆی مشغول نەكات بە شێك كە زەرەری لێ دەدات . لەگەڵ هاوڕێكانیدا سەعی بكات و كاتەكە بەتاڵەكانی بە دوبارە كردنەوەی دەرس سەرف بكا .
5- وە پێویستە قوتابی بەونیەتەوە بخوێنێ كە سبەینێ ئەمیش دەبێتە مامۆستا و نەوەیەك پەروەردە دەكات نەك هیچ هەست بە مەسئولیەت نەكات و تەنها بیری لای ئەوەبێ سبەێنێ ببێتە بە معاش خۆر و پارە وەربگرێت .
6- پێویستە قوتابی هەست بە هەوڵ و ماندوبونی دایك و باوكی بكات كە چۆن خزمەتی دەكەن و پێداویستیەكانی بۆ دابین دەكەن و بە درێژای ساڵەكانی خوێندن پارەی تیا خەرج دەكەن بۆ ئەوەی ئەم پێبگات ، بۆیە نابێ ئەم خوێندنەكەی بە فشقیات بەسەر بەرێت چۆن دایك و باوكی دڵی خۆش دەكەن و جلی تازەی بۆ دەكڕن ئەمیش دەبێ بە نمرەی بەرز دڵیان خۆش بكات .
7- پێویستە قوتابی ئەو كەسانە بكات بە ڕەفیقی خۆی كە زیرەك و ڕەوشت جوانن بۆ ئەوەی ئەمیش چاو لەوان بكات ، وە ئەبێ دوور بكەوێتەوە لەو كەسانەی كە هەر بۆ كات بەسەر بردن دێن بۆ مەكتەب و لە ماڵەوە بە زۆر دەیاننێرن و حەزیان بە مەكتەب نیە .
8- ئەبێت قوتابی هەست بكات كە قوتابخانە شوێنی خوێندن و فێربون و پەروەردە كردنە ، شوێنی جگەرە كێشان و سەیركردنی مۆبایل و هەڵگرتنی چەقۆ و ئەو شتانە نیە .
9- وە پێویستە قوتابی لەیەك ڕۆژی دەست پێ كردنی خوێندن گرنگی بە وانەكانی بدات و بە جوانی گوێ لە مامۆستا بگرێت و خوێندنی ئەمڕۆ نەخاتە سبەینێ بۆ ئەوەی كاتی تاقی كردنەوەكان هات ئەم ئامادەباشی تەواوی هەبێ و پەنا نەباتە بەر غەش و قۆپی كردن چونكە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێ :  (مَنْ غَشَّنَا فَلَيْسَ مِنَّا)  واتە: ئەوەی كە غەشمان لێ بكات لە ئێمە نیە 
وە هە رتەلەبەیەكیش بە غەش و قۆپی كردن مەرحەلەكان ببڕێ ئەوا سبەینێ كە تەعین بوو موچەكەی حەرام دەبێ .
10- پێویستە قوتابی هەمووكات پشت بە خوای گەورە ببەستێ و داوای یارمەتی لە خوای گەورە بكات بۆ ئەوەی قوناغەكانی خوێندن بەجوانی و زیرەكی ببڕێ . 
خوای گەورە دەفەرموێ : [وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ ] واته : وه‌ هه‌ر كه‌سێك كاره‌كانی به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرێ و ته‌وه‌كول بكاته‌ سه‌ر خوای گه‌وره‌و متمانه‌ی به‌ خوای گه‌وره‌ بێت ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ی به‌سه‌ به‌وه‌ی كه‌ كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ بكات

دووەم : ئامۆژگاری بۆ دایكان و باوكان 
كاتێك خوای پەروەردگار نیعمەتی خۆی دەبەخشێت بە دایك وباوكێك و منداڵیان پێ دەبەخشێ ، ئیتر كۆمەڵێك ئەرك وپەرپرسیارێتیان دەكەوێتە سەر شانی ئەو دایك وباوكە . «كُلُّكُمْ رَاعٍ وَكُلُّكُمْ مَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ »
«هەمووتان چاودێر وبەرپرسن، هەموشتان بەرپرسیارن بەرامبەر بە ژێردەستەكانی خۆتان»
دایك و باوكی بەڕێز : پێش ئەوەی منداڵەكەت بچێتە قوتابخانە جارێ تۆ مەسئولی :
1-  پێویستە لەماڵەوە بەشێوەیەك پەروەردەی بكەی كە سبەینێ ڕۆشتە قوتابخانە لەگەڵ پەروەردەی مامۆستاكەی ئەم قوتابیە ببێتە كەسێكی چاك ، ڕێز لە مامۆستاكەی بگرێت ، قوتابخانەی خۆش بوێ ، كتێب و دەفتەر و جەنتای بپارێزێ .
بەڵام كە لە ماڵەوە پەوەردە نەكرێت یان پەروەردەیەكی سەقەت كرابێ و بە چوار سەعات و پێنج سەعات بەرامبەر بە تەلەفزوێن و فلم و گۆرانی و یاری دانیشتبێ و تا نیوە شەو خەریكی مۆبایل و ئینتەرنێت بێ و سەیری شتی خراپ و بەدڕەوشتی بكات مامۆستا چۆن بتوانێ ئەو ڕەوشتە خراپەی كە شەوان لە سەتەلایت و ئینتەرنێت وەری دەگرێت و بەڕۆژیش لە كۆڵانەكان فێری دەبێ چۆن مامۆستا بەتەنها بتوانێ لە دەرسدا ئەو شتە خراپانەی پێ ڕەش بكاتەوە و شتێكی جوانی فێر بكات .
كەواتە دایكان و باوكان یەكەم مەسئولن لە كوڕەكانیان لە كچەكانیان .
2- دایك و باوك ئەبێت بزانێ كە كوڕەكەی یان كچكەی كە دەڕواتە دەرەوە فعلا بۆ قوتابخانە دەچێ یان ئەملا و ئەولای هەیە ؟ پێویستە موتابەعەیان بكات و هاوكاری مامۆستاكانی بكەن چونكە مامۆستا قەت بەتەنها ناتوانێ منداڵ پەروەردە بكات ئەگەر دایك و باوك هاوكار نەبێت .
3- پێویستە سەردانی قوتابخانە بكەی نەك بە بۆ ئەوەی بزانی كوڕەكەت یان كچەكەت زیرەكە یان نا بەڵكو دەبێ پرسیاری ئەخلاق و ڕەوشت و هەڵسوكەوتیشی بكەی .
4- نابێ هەر بیرت لای ئەوە بێ منداڵەكەت دەرەجەی بەرز بێنێ بەڵكو ئەبێ جلو بەرگی منداڵەكەت بە شێوەیەك بێ كە خوا پێی ڕازی بێ ، چونكە ئەوە ئەمانەتە و لە ژێر دەستی تۆیە ئەگەر جلێكی كورتی تەسكی بۆ بكڕیت والله لە قیامەتدا خوای گەورە موحاسەبەت دەكات چی وەڵامی خوای گەورە دەدەیتەوە ؟ بۆ بەدەستی خۆت خۆت وكچەكەشت توشی تاوان دەكەی بە كڕینی تەنورەی كورت ، پانتۆڵ. كە بەداخەوە زۆرێك لە تەلەبە كچەكان بە تەنورەی كورتەوە دەچن بۆ قوتابخانە ئەم كچانەش هەموی كچ و خوشكی خۆمانن لە وڵاتێكی ترەوە نەهاتوون .
4- پێویستە دایك و باوك ماڵەوەیان پاك بكەنەوە لەوشتانەی كە ئەخلاقی كوڕ و كچەكانیان تێك دەدەن ، لە خوێندن لاوازیان دەكەن بەتایبەت ئینتەرنێت و فەیسبوك كە بوە بە بەڵایەكی گەورە و تاوەكو نیوە شەو زۆربەی خەڵكی خەریكێتی.
بۆیە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پێویستە مۆبایل و ئایباد و ئەوشتانە لە منداڵ دوور بخرێتەوە یان زۆر كەم بكرێتەوە و ڕۆژی سەعاتێ بدرێتە دەستیانەوە ، وە تاوەكو دەرسەكەی نەنوسی و خوێندنەكەی نە كرد نەدرێتە دەستیان
وە گەورەترین هۆكاری تەمبەڵی و ساقت بونی تەلەبە تەلەفزوێن و مۆبایل و ئایبادە كە جگە لە هۆكاری ساقت بونی ئەخلاق و ڕەوشتی منداڵیش تێك دەدات و بیر و هۆشی دەبات
5- هاوڕێیەتی نەكردنی كەسانی خراپ نابێ دایك و باوك ڕێگە بدات منداڵی هاوڕێیەتی كەسی خراپ بكات چونكە بەرەو هەڵدێر و تاوان و خراپە دەیبات و لە وانەكانیشی تەمبەڵ دەبێت و گوێ بە مەدرەسەو مامۆستا و خوێندن نادات .
6- ڕۆژانە پرسیاری لێ بكە چی خوێندووە؟ كەی ئیمتحان دەكەن ؟ نەك ئیهمالی بكەن تاوەكو چوار سفری بۆ دێنێتەوە و چوار خەتی سور لەناو كارتەكەی بێ ئەوكاتە باوكیش سۆندەیەكی لێ هەڵبگرێ وەكو خەتە سورەكان گیانی سور بكاتەوە .
7- تەشجیع كردنی تەلەبە و دیاری بۆ كڕین بۆ ئەوەی خوێندنەكەی لا خۆشەویست بێ .
لە كۆتاییدا : 
دایك ‌و باوك، دەبێ بزانن كە ئەركی سەرشانی ئێوە زۆر گەورەیە هەر ئەوەنییە بڵێی لە كۆڵ خۆمی بكەمەوە ‌و پاڵی پێوە بنێم بۆ قوتابخانە بڕوات ئەبێت بزانی هاوڕێیەتی كێ‌ دەكات؟ لەگەڵ كێ‌ دەگەڕێت؟ پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت: [الْمَرْءُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ] ئینسان لەسەر دینی هاوڕێیەكەیەتی. 
ئەو منداڵەی تۆ هاورێیەتی ئینسانێكی بێ‌ دین بكات بێ‌ دین دەردەچێت كە هاوڕێیەتی ئینسانێكی بەدڕەوشت بكات بەدڕەوشت دەردەچێت، دەبێت ئاگامان لێ‌ بێت بزانین كە منداڵەكەی تۆ كێ‌ هاوڕێیەتی، لە كۆڵان كێ‌ هاوڕێیەتی لێی بپرسەوە چونكە تۆ بەرپرسی، خوای گەورە موحاسەبەت دەكات ڕۆژی قیامەت بۆ ئیهمالت كرد بۆ پەرورەدەت نەكرد؟!

سێیەم : ئامۆژگارى بۆ مامۆستا بەڕێزەکان  
 1-ئەركی مامۆستا ئەركێكی پیرۆزە بەڵام زۆر قورسە ، والله ئەوان هەڵدەسن بە ئەركی پێغەمبەران ، خوای گەورە پێغەمبەرانی نارد بۆ ئەوەی خێر و حەق و چاكە فێری خەڵكی بكەن ، ئەمڕۆ مامۆستا بەم دەورە هەڵدەستێ جا مامۆستای قوتابخانە بێ یان مامۆستای مزگەوت دەبێ بزانێ كە بە چ دەورێكی گرنگ و پیرۆز هەڵدەستێ ، وە ئەو مامۆستایە چەند پلەی بەرزە لای خوای گەورە ئەگەر بە شێوەیەكی چاك پەروەردەی قوتابیەكان بكات 
پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێ : (إنَّ اللهَ وملائكتَه، لَيُصلُّون على مُعَلِّمِ الناسِ الخيرَ، حتى النملةَ في جُحْرِها) خوای گەورە ڕەحمەتی خۆی دەنێرێ فریشتەكان دەپارێنەوە بۆ ئەو مامۆستایەكی كە خەڵكی  فێری چاكە دەكات ، تاوەكو مێرولەیەك لە كونەكەی خۆی دوعای خێر بۆ ئەو مامۆستایە دەكات كە خەڵكی  فێری چاكە دەكات .
بەڵام بە مەرجێ ئەو مامۆستایەش بە مانای كەلیمە مامۆستا بێ ، خێر و چاكە فێری قوتابیەكان بكات ، نەك مامۆستایەك خۆی خێر و چاكە نەناسێت و دەرسەكەی بە فشقیات و نوكتە بەسەر بەرێت ، یان باسی ئەوەب كات بۆ تەلەبەكان كە ئینسان لە مەیمونەوە هاتوە و قیامەتی چی و نوێژی چی و عابای چی كە مامۆستایەك ئاوها بێ نەك ڕەحمەتی خوا نایگرێتەوە بەڵكو بەر لەعنەتی خواو پێغەمبەر و موسڵمانان دەكەوێت ، چونكە خیانەت دەكات لە ڕۆڵەی موسڵمانان خیانەت دەكات لەو میلەتە و لەو وڵاتە .
كەواتە مامۆستای باش  ڕەحمەت و بەرەكەتن بۆ منداڵانمان بۆ وڵات و بۆ گەلەكەشمان چونكە مندڵەكانمان وا  پەروەردە دەكەن كە ببنە چراو ڕوناكی بۆ دوا ڕۆژی ئەو گەلە و ئەو میلەت و وڵاتە 
كەواتە مامۆستایانی بەڕێز وا مەزانن ئەو ئەركەی كە دراوەتە سەرشانتان تەنها ئەركێكی ڕەسمی ڕۆتینیە بۆ ئەوەی مانگانە مەعاشی خۆت وەربگری ، سوێند بەخوا چەند قوتابی تۆ دەرسی پێ دەڵێی هەموی لە ئەستۆی تۆیە بۆ ڕۆژی قیامەت ، هەمووی تۆ لێیان بەرپرسی و موحاسەبە دەكرێی لەسەریان ئایا چۆن پەروەردەیانت كردوە پەروەردەیەكی چاك كە خوا پێی خۆشە و خزمەت بە میلەت دەكات لە موستەقبەل یان پەروەردەیەكی خراپ كە یاخی ببێ بەرامبەر بە خوا و ببێتە میكرۆبیش بۆ ئەومیللەتە
مامۆستا ئەركی تەنها ئەوە نیە بڵێ من مامۆستای ئاین نیم و ئەركی من تەنها كیمیا و فیزیایە لەسەر هەموو مامۆستایەك واجبە ئەگەر دوو دەقەش بێ نەصیحەتی قوتابیەكان بكات با مامۆستای ئاینیش نەبێ نەصیحەتی خێری قوتابیەكان بكە ، فەرمانیان پێ بكە بە شتی چاك ، قەدەغەی شتی خراپیان لێ بكە ، لەسەر ڕەوشتی چاك پەروەردەیان بكە چونكە مامۆستا پێش ئەوەی بەرپرس بیت لە فێركردنی نوسین و خوێندنەوەیان بەرپرسە لە فێركردنی ئەخلاق و ڕەوشتیان ، سەیركە بزانە وەزارەتەكەت ناوی چیە؟ (التربية والتعليم ، پەروەردە و فێركردن نەك تەنها فێركردن . 
بۆیە دەبێ تەربیەتێكی موسڵمانانەی بدەی چونكە ئەم منداڵە موسڵمانە و دایك وباوكی موسڵمانە و لە وڵاتێكی موسڵمانە بۆیە دەبێ فێری ئەخلاق و ڕەوشتی جوانی بكەی ، فێری لە خواترسانی بكەی ، فێری بكەی گرنگی بەنوێژەكانی بدات ، فێری بكە ڕاستگۆ بێت ، ڕێز لە دایك و باوكی بگرێ ، فێری دەست پاكی بكە بۆ ئەوەی بەیانی بو بە دكتۆرێك  فێڵ نەكات بو بە موهەندیسێك غەش نەكات بو بە مودیرێك وەزیرێك دزی نەكات گەندەڵ نەبێ .
ئەم جیلە دەبن بە پێشەوای ئەم خەڵكە دەبێ بزانی چۆن پەروەردەیان دەكەی
پێغەمبەری خوا سەبارەت بە مەسئولیەت دەفەرموێ : (إنَّها أَمانَةُ، وإنَّها يَومَ القِيامَةِ خِزْيٌ وَنَدامَةٌ، إلّا مَن أَخَذَها بحَقِّها، وَأَدّى الذي عليه فِيها).
واتە : مەسئولیەت و لێپرسراوێتی ئەمانەتە وە لەڕۆژی دوایی سەرشۆڕی و پەشیمانی¬یە، تەنها كەسانێك نەبێت كە بەحەق وەری دەگرێت، كە ئەوەی لەسەریەتی جێبەجێی بكات .
وە هەروەها پێویستە لەسەر مامۆستا لە خوا بترسێ ڕێنەگرێ لەشتێ كە خوای گەورە واجبی كردووە وەكو نوێژ وەكو پۆشاكی شەرعی كە كچان دەیپۆشن چونكە هەر مامۆستایەك ڕێگری بكات و ئەو قوتابیە لاڕێ و گومڕا ببێ لە قیامەت موحاسەبە دەكرێ و تاوانی ئەوانیشی دەكەوێتە سەر .
باڵاپۆشی رێگر نیە لە فێربوون بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕووتی و سفوری رێگرە لە خوێندن كاتێ مامۆستایەكی ئافرەت بە جلێكی تەسك و كورتەوە سنگ و قۆڵ و قاچی بەدەر بێ و لەسەر سەبورە دەرس بۆ كۆمەڵێ كوڕ شەرح بكات ئایا پێتان وایە ئەو كوڕانە فكریان لای دەرسەكەیە یان فكریان لای جل و شێوازی ئەو مامۆستایەیە؟ 
وە ئەو تەلەبانەی كە نوێژ دەكەن و ئەوانەی كە جلوبەرگی پۆشتە دەپۆشن وحیجاب دەكەن لە هەموو تەلەبەكانی تر بێ كێشە ترن بۆ مامۆستا و ئیدارەی مەكتەب ، تەلەبەك كە دەست بەدەست نوێژ بێ و پەروەردەی مزگەوت بێ بە ئەخلاقی مزگەوتەوە دەڕوات بۆ مەدرەسە و ڕێز لە مامۆستاكەی دەگرێ ، گرنگی بە دەرسەكانی دەدا ، پاكوخاوێنی قوتابخانە دەپارێزێ بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە قوتابخانەیان كردوە بە شوێنی كات بەسەر بردن و فشقیات و تەعلیق دان لە كچان و دڵداری كردن كە ئەمانە كە دوورن لە نوێژ و خواپەرستی زۆرترین كێشە بۆ مامۆستا و ئیدارەی مەكتەب دروست دەكەن .
وتەی كۆتایی 
پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: «مَا مِنْ عَبْدٍ يَسْتَرْعِيهِ الله رَعِيَّةً، يَمُوتُ يَوْمَ يَمُوتُ وَهُوَ غَاشٌّ لِرَعِيَّتِهِ، إِلاَّ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ» رواه مسلم ، واتە: «هیچ بەندەیەك نییە كە خوای كاربەجێ بەرپرسیارێتیەكی پێبدات، هەر لە سەرۆك وڵاتەوە تا وەزیر وبەڕێوەبەرە گشتیەكان وبەڕێوبەری قوتابخانەكان وتا مامۆستای قوتابخانەكان هەموی دەگرێتەوە بەڵكو ودایك وباوكیش، جا ئەگەر هاتو مرد وبەڵام موخلیص نەبو بێت بۆ ژێر دەستەكانی وغەشی لێكردبێتن، «إِلاَّ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ» ئەوا خوا بەهەشتی لەسەر حەرام دەكات».
بۆیە بە هەمومانەوە بە دایك و باوكانەوە بە مامۆستاكانەوە با هەوڵبدەین نەوەیەكی جوان پەروەردە بكەین بۆ خزمەتی دین وگەل ونیشتیمانەكەمان .