ئامۆژگارى بۆ قوتابیانى خۆشەویست بە بۆنەى هاتنەوەى ساڵى نوێى خوێندن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئامۆژگارى بۆ قوتابیانى خۆشەویست بە بۆنەى هاتنەوەى ساڵى نوێى خوێندن
پرسیار:

سبەینێ دەرگای قوتابخانەكان دەكرێتەوە ، ساڵی تازەی خوێندن دەست پێ دەكات چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ قوتابیان؟

سبەینێ دەرگای قوتابخانەكان دەكرێتەوە ، ساڵی تازەی خوێندن دەست پێ دەكات بەم بۆنەیەوە چەند ئامۆژگاریەك بۆ قوتابیانى خۆشەویست باس دەکەین بە هیواى ئەوەى سودی لێ ببینین و قوناغەکانى خوێندن بەجوانى و سەرکەوتوانە ببڕن .
پێش هەموو شتێ دەبێ بزانین كە ئومەتی ئیسلام ئومەتی خوێندن و خوێندەواریە و یەكەم وشەی قورئانەكەمان كە دابەزیوە بۆ پێغەمبەرەمان وشەی (إقْرَأْ) خوای گەورە یەكەم ئایەت كە دایبەزاند بۆ سەر پێغەمبەرەكەمان  بە (إقْرَأْ) دەستی پێ دەكا (إقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ ) . 
كەواتە ئیسلام و خوێندنەوە بەیەكەوە بەستراوە ئیسلام و زانست و زانیاری بەیەكەوە ڕەبتە و هەركەسێ وابزانێ ئیسلام یانی دواكەوتووی ئەوا مێشكی خۆی دواكەوتوە و بێ ئاگایە 
وە لە ئیسلامدا عیلم و زانست و زانیاری و خوێندن گرنگی زۆری پێ دراوە بۆیە خوای گەورە دەفەرموێ :
(قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لاَ يَعْلَمُونَ) ئەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بڵێ: ئایا ئەو كەسانەی كە دەزانن و شارەزان، وەك ئەوانەن كە هیچ نازانن و شارەزاییان نیە؟
﴿ يَرْفَعِ اللهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَا تٍ  ﴾ خوای گەورە ئەوانەی ئیمانیان هێناوە لە ئێوە و ئەوانەشتان زانست و زانیاریان پێدراوە خوای گەورە پلەو پایەیان بەرز ئەكاتەوە لە دونیاو قیامەتدا

جا ئامۆژگاریمان بۆ قوتابیان ئەوەیە کە : 
1-  یەكەمین شت نیەتتان خالص بكەن بۆ خوای گەورە و لە خوێندنەكەتان نییەتتان خوا بێ با خوای گەورە بەرەكەت بخاتە خوێندنەكەتانەوە .
2- دەبێت زۆر هەوڵبدات و سەعی بكات و گرنگی بە خوێندنەكەی بدات و ساڵێكی خوێندنی بە فشقیات و كات بەسەر بردن بەسەر نەبات .
3- پێویستە لەسەر قوتابی ڕێز لە مامۆستاكەی بگرێت ، هەر قوتابیەك ڕێز لە مامۆستاكەی نەگرێت ئەوە ڕەنگدانەوەی پەروەردەی ماڵەوەیەتی و خەتای دایك و باوكێتی كەوا فێری نەكردوە ڕێز لە مامۆستاكەی بگرێت ، بۆیە كاتێك قوتابی سود لە مامۆستاكەی وەردەگرێت كە ئەدەب و ئەخلاقی جوان بێ بەرامبەر بە مامۆستاكەی و ڕێزی لێ بگرێ 
4- هەروەها پێویستە لەسەر قوتابی خۆی مشغوڵ بكات بەوەی كە سودی پێ دەگەیەنێ ، خۆی مشغول نەكات بە شێك كە زەرەری لێ دەدات . لەگەڵ هاوڕێكانیدا سەعی بكات و كاتەكە بەتاڵەكانی بە دوبارە كردنەوەی دەرس سەرف بكا .
5- وە پێویستە قوتابی بەونیەتەوە بخوێنێ كە سبەینێ ئەمیش دەبێتە مامۆستا و نەوەیەك پەروەردە دەكات نەك هیچ هەست بە مەسئولیەت نەكات و تەنها بیری لای ئەوەبێ سبەێنێ ببێتە بە معاش خۆر و پارە وەربگرێت .
6- پێویستە قوتابی هەست بە هەوڵ و ماندوبونی دایك و باوكی بكات كە چۆن خزمەتی دەكەن و پێداویستیەكانی بۆ دابین دەكەن و بە درێژای ساڵەكانی خوێندن پارەی تیا خەرج دەكەن بۆ ئەوەی ئەم پێبگات ، بۆیە نابێ ئەم خوێندنەكەی بە فشقیات بەسەر بەرێت چۆن دایك و باوكی دڵی خۆش دەكەن و جلی تازەی بۆ دەكڕن ئەمیش دەبێ بە نمرەی بەرز دڵیان خۆش بكات .
7- پێویستە قوتابی ئەو كەسانە بكات بە ڕەفیقی خۆی كە زیرەك و ڕەوشت جوانن بۆ ئەوەی ئەمیش چاو لەوان بكات ، وە ئەبێ دوور بكەوێتەوە لەو كەسانەی كە هەر بۆ كات بەسەر بردن دێن بۆ مەكتەب و لە ماڵەوە بە زۆر دەیاننێرن و حەزیان بە مەكتەب نیە .
8- ئەبێت قوتابی هەست بكات كە قوتابخانە شوێنی خوێندن و فێربون و پەروەردە كردنە ، شوێنی جگەرە كێشان و سەیركردنی مۆبایل و هەڵگرتنی چەقۆ و ئەو شتانە نیە .
9- وە پێویستە قوتابی لەیەك ڕۆژی دەست پێ كردنی خوێندن گرنگی بە وانەكانی بدات و بە جوانی گوێ لە مامۆستا بگرێت و خوێندنی ئەمڕۆ نەخاتە سبەینێ بۆ ئەوەی كاتی تاقی كردنەوەكان هات ئەم ئامادەباشی تەواوی هەبێ و پەنا نەباتە بەر غەش و قۆپی كردن چونكە پێغەمبەرى خوا  دەفەرموێ :  (مَنْ غَشَّنَا فَلَيْسَ مِنَّا)  واتە: ئەوەی كە غەشمان لێ بكات لە ئێمە نیە 
وە هە رتەلەبەیەكیش بە غەش و قۆپی كردن مەرحەلەكان ببڕێ ئەوا سبەینێ كە تەعین بوو موچەكەی حەرام دەبێ .
10- پێویستە قوتابی هەمووكات پشت بە خوای گەورە ببەستێ و داوای یارمەتی لە خوای گەورە بكات بۆ ئەوەی قوناغەكانی خوێندن بەجوانی و زیرەكی ببڕێ . 
خوای گەورە دەفەرموێ : [وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ ] واته : وه‌ هه‌ر كه‌سێك كاره‌كانی به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرێ و ته‌وه‌كول بكاته‌ سه‌ر خوای گه‌وره‌و متمانه‌ی به‌ خوای گه‌وره‌ بێت ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ی به‌سه‌ به‌وه‌ی كه‌ كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ بكات .

داواکارین لە خواى گەورە قوتابیەکانمان سەرکەوتوو بکات و ببنە چرایەکى ڕوناک بۆ گەل و نیشتیمان .