ئامۆژگارى دایکان و باوکان بە بۆنەى هاتنەوەى ساڵى نوێى خوێندنەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئامۆژگارى دایکان و باوکان بە بۆنەى هاتنەوەى ساڵى نوێى خوێندنەوە
پرسیار:

بە بۆنەى هاتنەوەى ساڵى نوێى خوێندنەوە چ ئامۆژگایەکتان هەیە بۆ دایکان وباوکان سەبارەت بە منداڵەکانیان ؟

بە بۆنەى هاتنەوەى ساڵى نوێى خوێندنەوە ئامۆژگاریمان بۆ دایكان و باوكان ئەوەیە کە :
كاتێك خوای پەروەردگار نیعمەتی خۆی دەبەخشێت بە دایك وباوكێك و منداڵیان پێ دەبەخشێ ، ئیتر كۆمەڵێك ئەرك وپەرپرسیارێتیان دەكەوێتە سەر شانی ئەو دایك وباوكە . «كُلُّكُمْ رَاعٍ وَكُلُّكُمْ مَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ »
«هەمووتان چاودێر وبەرپرسن، هەموشتان بەرپرسیارن بەرامبەر بە ژێردەستەكانی خۆتان»
دایك و باوكی بەڕێز : پێش ئەوەی منداڵەكەت بچێتە قوتابخانە جارێ تۆ مەسئولی :
1-  پێویستە لەماڵەوە بەشێوەیەك پەروەردەی بكەی كە سبەینێ ڕۆشتە قوتابخانە لەگەڵ پەروەردەی مامۆستاكەی ئەم قوتابیە ببێتە كەسێكی چاك ، ڕێز لە مامۆستاكەی بگرێت ، قوتابخانەی خۆش بوێ ، كتێب و دەفتەر و جەنتای بپارێزێ .
بەڵام كە لە ماڵەوە پەوەردە نەكرێت یان پەروەردەیەكی سەقەت كرابێ و بە چوار سەعات و پێنج سەعات بەرامبەر بە تەلەفزوێن و فلم و گۆرانی و یاری دانیشتبێ و تا نیوە شەو خەریكی مۆبایل و ئینتەرنێت بێ و سەیری شتی خراپ و بەدڕەوشتی بكات مامۆستا چۆن بتوانێ ئەو ڕەوشتە خراپەی كە شەوان لە سەتەلایت و ئینتەرنێت وەری دەگرێت و بەڕۆژیش لە كۆڵانەكان فێری دەبێ چۆن مامۆستا بەتەنها بتوانێ لە دەرسدا ئەو شتە خراپانەی پێ ڕەش بكاتەوە و شتێكی جوانی فێر بكات .
كەواتە دایكان و باوكان یەكەم مەسئولن لە كوڕەكانیان لە كچەكانیان .
2- دایك و باوك ئەبێت بزانێ كە كوڕەكەی یان كچكەی كە دەڕواتە دەرەوە فعلا بۆ قوتابخانە دەچێ یان ئەملا و ئەولای هەیە ؟ پێویستە موتابەعەیان بكات و هاوكاری مامۆستاكانی بكەن چونكە مامۆستا قەت بەتەنها ناتوانێ منداڵ پەروەردە بكات ئەگەر دایك و باوك هاوكار نەبێت .
3- پێویستە سەردانی قوتابخانە بكەی نەك بە بۆ ئەوەی بزانی كوڕەكەت یان كچەكەت زیرەكە یان نا بەڵكو دەبێ پرسیاری ئەخلاق و ڕەوشت و هەڵسوكەوتیشی بكەی .
4- نابێ هەر بیرت لای ئەوە بێ منداڵەكەت دەرەجەی بەرز بێنێ بەڵكو ئەبێ جلو بەرگی منداڵەكەت بە شێوەیەك بێ كە خوا پێی ڕازی بێ ، چونكە ئەوە ئەمانەتە و لە ژێر دەستی تۆیە ئەگەر جلێكی كورتی تەسكی بۆ بكڕیت والله لە قیامەتدا خوای گەورە موحاسەبەت دەكات چی وەڵامی خوای گەورە دەدەیتەوە ؟ بۆ بەدەستی خۆت خۆت وكچەكەشت توشی تاوان دەكەی بە كڕینی تەنورەی كورت ، پانتۆڵ. كە بەداخەوە زۆرێك لە تەلەبە كچەكان بە تەنورەی كورتەوە دەچن بۆ قوتابخانە ئەم كچانەش هەموی كچ و خوشكی خۆمانن لە وڵاتێكی ترەوە نەهاتوون .
4- پێویستە دایك و باوك ماڵەوەیان پاك بكەنەوە لەوشتانەی كە ئەخلاقی كوڕ و كچەكانیان تێك دەدەن ، لە خوێندن لاوازیان دەكەن بەتایبەت ئینتەرنێت و فەیسبوك كە بوە بە بەڵایەكی گەورە و تاوەكو نیوە شەو زۆربەی خەڵكی خەریكێتی.
بۆیە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پێویستە مۆبایل و ئایباد و ئەوشتانە لە منداڵ دوور بخرێتەوە یان زۆر كەم بكرێتەوە و ڕۆژی سەعاتێ بدرێتە دەستیانەوە ، وە تاوەكو دەرسەكەی نەنوسی و خوێندنەكەی نە كرد نەدرێتە دەستیان
وە گەورەترین هۆكاری تەمبەڵی و ساقت بونی تەلەبە تەلەفزوێن و مۆبایل و ئایبادە كە جگە لە هۆكاری ساقت بونی ئەخلاق و ڕەوشتی منداڵیش تێك دەدات و بیر و هۆشی دەبات
5- هاوڕێیەتی نەكردنی كەسانی خراپ نابێ دایك و باوك ڕێگە بدات منداڵی هاوڕێیەتی كەسی خراپ بكات چونكە بەرەو هەڵدێر و تاوان و خراپە دەیبات و لە وانەكانیشی تەمبەڵ دەبێت و گوێ بە مەدرەسەو مامۆستا و خوێندن نادات .
6- ڕۆژانە پرسیاری لێ بكە چی خوێندووە؟ كەی ئیمتحان دەكەن ؟ نەك ئیهمالی بكەن تاوەكو چوار سفری بۆ دێنێتەوە و چوار خەتی سور لەناو كارتەكەی بێ ئەوكاتە باوكیش سۆندەیەكی لێ هەڵبگرێ وەكو خەتە سورەكان گیانی سور بكاتەوە .
7- تەشجیع كردنی تەلەبە و دیاری بۆ كڕین بۆ ئەوەی خوێندنەكەی لا خۆشەویست بێ .
لە كۆتاییدا : 
دایك ‌و باوك، دەبێ بزانن كە ئەركی سەرشانی ئێوە زۆر گەورەیە هەر ئەوەنییە بڵێی لە كۆڵ خۆمی بكەمەوە ‌و پاڵی پێوە بنێم بۆ قوتابخانە بڕوات ئەبێت بزانی هاوڕێیەتی كێ‌ دەكات؟ لەگەڵ كێ‌ دەگەڕێت؟ پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت: [الْمَرْءُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ] ئینسان لەسەر دینی هاوڕێیەكەیەتی. 
ئەو منداڵەی تۆ هاورێیەتی ئینسانێكی بێ‌ دین بكات بێ‌ دین دەردەچێت كە هاوڕێیەتی ئینسانێكی بەدڕەوشت بكات بەدڕەوشت دەردەچێت، دەبێت ئاگامان لێ‌ بێت بزانین كە منداڵەكەی تۆ كێ‌ هاوڕێیەتی، لە كۆڵان كێ‌ هاوڕێیەتی لێی بپرسەوە چونكە تۆ بەرپرسی، خوای گەورە موحاسەبەت دەكات ڕۆژی قیامەت بۆ ئیهمالت كرد بۆ پەرورەدەت نەكرد؟!

داواکارین لە خواى گەورە دایکان و باوکان مۆفەق و سەرکەوتوو بکات لە پەروەردە کردنى منداڵەکانیان بە پەروەردەیەکى ئیمانى و ئەخڵاقی .