زیانەکانى زینا و داوێنپیسی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زیانەکانى زینا و داوێنپیسی
پرسیار:

زیانەکانى زینا و داوێنپیسی لە دنیا و لە دواڕۆژدا چین؟ 

بێگومان زیانەکانی زینا زۆر زۆرن ، لەوانە :

یەکەم : تێکەڵ بوونی وەچە و نەسەب ، و لەئەنجامدا ئەم دەرهاوێشتانەی لێ دەبێتەوە  :

أ- هەندێ منداڵ کە لەڕێگەى زینا و خیانەتى ئافرەتەکەوە لە دایک دەبێ دەبێتە وارس لە ماڵى مێردەکەى لە کاتێکدا مافی ئەوەی نییە ببێتە وارس.

ب- وە دەبێتە مەحڕەمی کەسێک کە لەحەقیقەتدا مەحڕەمی نی یە .

ج- وە دەدرێتە پاڵ کەسێک کە لەحەقیقەتدا دوور ونزیک پەیوەندی بەوەوە نیە .

د. مێردى ئەم ئافرەتە خیانەتکارە ئەم منداڵە گەورە دەکات و مەسروفی دەدات لە کاتێکدا هیچ پەیوەندی پێوە نیە .

ئافرەتێکى خیانەتکار دەڵێ کاتێک یەکێ لە منداڵەکانم بە باوکە بانگى مێردەکەم دەکات زۆر هەست بە خەجاڵەتى دەکەم چونکە دەزانم ئەوە باوکى نیە و خیانەتم کردوە و ئەو منداڵە لە کەسێکى ترە .

دووەم : خەڵک یەکتر دەکوژن بەهۆی ئەو فاحیشەیەوە ، وڕەنگە هەندێ جار ببێتە هۆکاری فیتنە ودوو بەرەکیەکی بەردەوام لەنێوان دوو عەشیرەتدا  .

سێیەم: بڵاو بوونەوەی فاحیشە و فیتنە لەنێو کۆمەڵگای موسوڵماندا ،و لەئەنجامدا ئەم دەرهاوێشتانەی لێ دەبێتەوە :

أ- قورس بێت لەسەر پیاو ئەمین بێت لەماڵ ومنداڵ وکچەکانی .

ب- وە دەبێتە هۆکاری مردن ونەمانی غیرەت ودەیوسی زۆر دەبێت.

ج- نەمانی حەیا وشەرەف وپاکیەتی  .

 چوارەم :  باوەڕ کز ولاواز دەبێت ، وفیسق زۆر  بڵاو دەبێتەوە ، وتاوان لەلایان خۆشەویست دەبێت .

وەڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکاری کوفر ، جا ئایا لەدوای کوفرەوە هیچ تاوانێکی تر هەیە ، هەروەک لەبەسەر هاتی بانگ بێژەکەدا هاتووە کەسەرسام بوو بەئافرەتە نەسڕانیەکە ، تا وای لێهات بوو بەنەسڕانی ، ئەمەش بەهۆی یەک تەماشاکردنیەکەوە .

 پێنجەم : بەم هۆیەوە سزای گەورە دادەبەزێت لەدونیا ودوا ڕۆژدا :

سزای دونیا جگە لەوانەی پێشوو ، بریتی یە لە : ((وما فشت الفاحشة في قومٍ إلا سلَّط الله عليهم أوباءً لم تكن في أسلافهم))؛ رواه ابن ماجه.
واتە : هیچ گەلێک فاحیشەی تێدا بڵاو نابێتەوە ئیلا خودا توشی جۆرە نەخۆشیەکیان دەکات کەلە پێشینانیاندا نەبووە .

خۆمان لەواقیع دا دەیبینین کەکەسانی زینا کار توشی چ دەردێک بوونە وەک نەخۆشی ئایدز وچەند نەخۆشیەکی تر .

شەشەم : نەمانی ئیمام لەدڵی کەسی زینا کاردا : 
پێغەمبەر صلى اله عليه وسلم فەرموویەتی : [ لايزني الزاني حين يزني وهو مؤمن ] ( متفق عليه ) 
واتە : کەسی زینا کار لەکاتی زینا کردندا بڕوادار نی یە .

حەوتەم : تاریکی دەم وچاوی کەسی زینا کار :
جا ئەم ڕەشی دەم وچاو و تاریکیە هۆکارە سەرەکیەکەی دووریە لەخودا ، بێگومان ئەمە واقعێکە وزۆر کەس هەستی پێ دەکەن  .

هەشتەم : زینا دەبێتە هۆکاری ئەنجام دانی تاوانی گەورە تر :
حەتمەن هەندێ جار زینا کردن دەبێته هۆکاری ئەنجام دانی تاوانی گەورە تر ، وەک خواردنەوەی عەرەق . ئەمەش دەبێته هۆکاری کوشتن ، و ئەو کەسە دەکوژێت کەداوێن پیسی لەگەڵدا ئەنجام داوە ، هەروەک توشی دزی دەکات لەپێناو دەس خستنی ماڵێک کەدەبێته یارمەتی دەری بۆ زینا کردن .

نۆیەم : ڕێزی کەسی زینا کار لای خودا نامێنێت ، پاشان لای خەڵکیش بێ نرخ دەبێت ، و بەشێوازێکی بێ نرخ تەماشای دەکرێت . 

دەیەم : دڵ تەنگی وهەست کردن بەبێزاری : 
دەیبینی بەردەوام کەسی زینا کار دڵ تەنگ وبێزارە لەبەر دووری لەخوداوە ، وبەردەوام هەست بەناڕەحەتی دەکات ودەروونی ئازاری دەدات ودەترسێت لەسزای دونیا ودوا ڕۆژ  .

یانزەیەم : بڵاو بوونەوەی نەخۆشی ترسناک و لەنێو بەر :
ئەمە بەتەواوی هەست پێ دەکرێت لەنێو کەسانی زینا کاردا ، لەم ڕۆژگارەدا ئەوان هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاو کردنەوەی نەخۆشی ترسناک وخەتەر ، هاو شێوەی ئایدز کە لەئەنجامی پەیوەندی حەڕامەوە سەرچاوەی گرتووە ، جا ئەم نەخۆشیە تا ئێستا دکتۆرەکان چارەسەریان بۆ نەدۆزیوەتەوە ، بێگومان زیانەکانی زینا زۆر زۆرن بەڵام ئەوەی ئاماژەمان پێدا کافیە  بۆ کەسێک بیەوێ پەند وەر بگرێت ، ودوور کەوێتەوە لەو تاوانە قێزەونە ، و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا و تەوبە بکەن ، و بزانن هۆکاری سەرەکی هەبوونی ئەوان لەسەر زەویدا چی یە ؟ ، وە هەروەها بزانن خودا بێ هودە دروستی نەکردوون ولێیان ناگەڕێت ، بەڵکو بێگومان دەگەڕێنەوە بۆ لای خودا بۆ وەر گرتنی پاداشتی کردەوەکانیان جا خۆشبەختى بۆ ئەو کەسەى کە تەوبە دەکات و بە پاکى دەگەڕێتەوە بۆ لاى خواى گەورە .

وەبەنیسبەت سزای دوا ڕۆژەوە ، لەصەحیحی بوخاری دا هاتووە لەو فەرموودەیەدا کەپێغەمبەر خەونی بینی و بۆ هاوەڵانی گێڕایەوە وفەرمووی : ((فانطلَقْنا إلى ثقب مثل التنُّور، أعلاه ضيق وأسفله واسع، يتوقد تحته نارًا، فإذا اقترب ارتفعوا حتى كاد أن يخرجوا، فإذا خمَدت رجعوا فيها، وفيها رجالٌ ونساء عراة))،
واتە : چووین تاگەشتینە کونێک هاوشێوەی تەنوور بوو ، لەسەرەوە تەسک بوو ولەخوارەوە فراوان بوو ، لەخوارەوە ئاگر داگیرسابوو ، کاتێ ئاگرەکە بەرز بوایەتەوە بەرز دەبوونەوە تاوەکو خەریک بوو دەر دەچوونە دەرەوە ، وکاتێ دابمرکایەتەوە دەگەڕانەوە بۆ جێگای خۆیان ، وە چەند پیاو وئافرەتێکی ڕووتی تێدا بوو .

پاشان دوو مەلائیکەکە پێیان گوت : 
ئەوەی لەنێو کونەکەدا بینیت زیناکار بوون  .

هەر بۆیە ؛ پێویسته ئاگاداری ئەو پەیوەندیە حەڕامانە بین کەخودا وپێغەمبەری خودا لێی ڕازی نین ؛ چونکە دەبێتە هۆکاری فیتنەی گەورە وتوڕەیی خودا .

پێغەمبەر فەرموویەتی : ((يا أمة محمد، والله ما مِن أحد أغير من الله أن يزني عبده أو تزني أمته، يا أمة محمد، والله لو تعلمون ما أعلم لضحِكتُم قليلًا ولبكيتم كثيرًا))؛ متفق عليه.
واتە : ئەی ئومەتی موحەمەد سوێند بەخوا هیچ کەسێک وەک خودا بەغیرەت نی یە بەرانبەر ئەوەی عەبدەکەی زینا بکات یاخود جاریەکەی زینا بکات ، ئەی ئومەتی موحەمەد ، سوێند بەخوا گەر ئەوەی من دەیزانم ئێوە بیزانن ئەوا کەم پێ دەکەنین و زۆر دەگریان .

 • وەیەکێکی تر لەداوێن پیسی نێر بازیە ، کەفاحیشەیەکی گەورەیە ، وفەسادی ڕەوشتی یە ، وخودا بەهۆی ئەم تاوانەوە گەلی لوطى بەشێوەیەک سزا دا کەهیچ گەلێکی بەو شێوەیە سزا نەدابوو بەشێوەیەک بەرزی کردنەوە بۆ ئاسمان وپاشان بەریدانەوە وپاشان بەرد بارانی کردن .

ئەی چ دەڵێی گەر ئەم فاحیشە گەورەیە لەنێو موسوڵماناندا بڵاو ببێتەوە !

 خوای پەروەردگار لەسەر خۆیە و مۆڵەت دەدا بەڵام تا سەر مۆڵەت نادات ، بێگومان سزای گشتگیر زۆر گەورە دەبێت گەر زوو فریای خۆمان نەکەوین وتەوبە نەکەین ، لەگەڵ ئەوەشدا فەرمان بکەین بەچاکه وڕێگری بکەین لەخراپە ، ودەستی ستەم کار بگرین ونەهێڵین ستەم بکات ، خوای پەروردگار فەرموویەتی : ﴿ وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْكُمْ خَاصَّةً وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ ﴾ [الأنفال: 25]، 
واته : وه‌ خۆتان بپارێزن له‌ فیتنه‌و به‌ڵایه‌ك كه‌ ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ زوڵم و سته‌میان كردووه‌ به‌ڵكو چاكه‌كارانیش ئه‌گرێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌رمانیان به‌ چاكه‌ نه‌كردووه‌و ڕێگریان له‌ خراپه‌ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ باوه‌ڕداران نابێت بیه‌لن تاوان له‌ ناویاندا رووبدات و بێده‌نگ بن به‌ڵكو ده‌بێت نكوڵى لێ بكه‌ن ، وه‌ بزانن كه‌ به‌ دڵنیایی سزای خوای گه‌وره‌ زۆر سه‌خته‌. 
بۆیە نابێ کەسانی تاوان بار بەوە بخەڵەتێن کاتێ خودا ستریان دەکات وزوو سزایان نادات ، بەڵکو پێویسته ئەوە بەفرسەت بزانن بۆ گەڕانەوە بۆلای خودا ، بێگومان سزای خودا بەئێش وئازار وتوندە پێغەمبەر فەرموویەتی : ((وإن الله ليُملِي للظالم حتى إذا أخذه لم يُفْلِته))،
واتە :خودا مۆڵەتی ستەم کار دەدات تاوەکو کاتێ دەیگرێت بەری نادات ومۆڵەتی نادات .

• بەگشتی بینیمان زینا چەند ناشرین وقێزەونە وخەتەر ناکە ، بۆیە پێویسته لەسەر موسوڵمانان پەلە بکەن لەتەوبە کردن پێش لەدەس چوونی فرسەت ، هەروەک پێویسته ڕوو بکەنە خودا وخۆیان مل کەچ بکەن بۆی وبگەڕێنەوە بۆ لای ، خوای گەورە فەرموویەتی : ﴿ أَنْ تَقُولَ نَفْسٌ يَا حَسْرَتَا عَلَى مَا فَرَّطْتُ فِي جَنْبِ اللَّهِ ﴾ [الزمر: 56].
واته : ئه‌و كاته‌ كه‌ رۆژى قیامه‌ته‌ كه‌سێك بڵێت هاوار بۆ خۆم و په‌شیمانی هه‌ڵكێشێ له‌وه‌ی كه‌ كه‌مته‌رخه‌می كردووه‌ له‌ په‌رستن و گوێڕایه‌ڵى خوای گه‌وره‌دا، یان له‌ نزیكی خوای گه‌وره‌دا، یان له‌ ته‌وبه‌ كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاى خواى گه‌وره‌ ، وه‌ هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م له‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ دونیادا گاڵته‌یان به‌ دینی خوای گه‌وره‌ كردووه‌.