چەند سەرپێچیەک لە ماڵی بانگخوازان و قوتابی زانستدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند سەرپێچیەک لە ماڵی بانگخوازان و قوتابی زانستدا
پرسیار:

ئەو تاوان و سەرپێچیانە چین کە نابێ لە ماڵ ومنداڵى کەسانى بانگخواز و قوتابی زانستى شەرعى هەبن؟

الحمد لله رب العالمين والصلاةُ والسلامُ على خاتم النبيين ، وأشهدُ أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له وأشهدُ أن محمداً عبده ورسوله  وبعد،،

پێشەکی :

بێگومان دەعوە کردن بۆ لای خودا کار و پیشەى پێغەمبەران و پاشان زانایان و قوتابیانی زانستە ، بێگومان ئەم کارە کارێکی قورسە چونکە بانگخواز کات وماڵی خۆی لەپێناوی خوادا سەرف دەکات ، هەر بۆیە فریشتەکان سەڵاواتی لەسەر دەدەن ، وەهەروەها هەموو شتێک داوای لێ خۆش بوونی بۆ دەکەن تەنانەت حوتیش لەدەریادا چونکە ئەو خەڵک فێری خێر وچاکە دەکات وفەرمانیان پێ دەکات بەچاکە وڕێگریان لێ دەکات لەخراپە وئارام دەگرێت لەسەر ئەو کارە. 

بۆیە پێویسته کەسی بانگخواز جیاواز بێت لە کەسانی تر و چەند تایبەت مەندیەکی تێدا بێت چونکە ئەو مرۆڤێکی سادە نی یە ، نا بەڵکو ئەو کەسێکە خودای ناسیوە و هەستاوە بەبانگەواز کردن بۆ لای خودا و ڕێبازی حەق بەحیکمەت و ئامۆژگاری جوانەوە .

بێگومان دەعوە و بانگەواز کردن بۆ لای خودا واجبە لەسەر هەموو موسوڵمانێک هەریەکە و بەگوێرەی توانای ، هەریەک لەئێمە پێویسته کەسێکی داعی بێت لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر   :"" بلغوا عنّي ولو آية "" البخاري ،
واتە : لەمنەوە دین بگەیەنن تەنانەت گەر ئایەتێکیش بێت .

جا گەیاندنی دین بەدەعوە کردن دەبێت بۆ لای خودا ئەوەش بەفەرمان کردن بەچاکەو ڕێگری کردن لەخراپە دەبێت ، لەفەرموودەیەکی سەحیح دا هاتووە : ( من رأى منكم منكراً فليغّيره بيده ... ) رواه مسلم
واتە : هەرکەسێک لەئێوە ناشەرعیەکی بینی با به دەستی بیگۆڕێت .

دەسپێک :

ئەم بابەتە ( چەند موخالەفە و سەرپێچیەک لەماڵی بانگخوازان وقوتابی زانستدا ) مەبەست لێی قسە کردنە لەسەر هەندێ دیاردەی ناتەندروست لەهەندێ ماڵدا لەگەڵ دەستنیشانکردنی چارەسەر بۆی بەڵکو ماڵەکان ببن بەماڵێکى ئیسلامی و نموونەیی .

* بێگومان گونجاو نی یە ماڵی کەسی بانگخواز پڕ بێت لە ناشەرعی و خۆیشی ئەوە بزانێت ،خوای گەورە فەرموویەتی  : [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ] 
واتە : ئه‌ی باوه‌ڕداران خۆتان و ماڵ و منداڵتان بپارێزن له‌ ئاگرێك كه‌ سووته‌مه‌نیه‌كه‌ی خه‌ڵكی و به‌رده‌ .

وە پێغەمبەر فەرموویەتی :"" إن الله تعالى سائلٌ كلَّ راعٍ عمَّا استرعاه أَحَفظ ذلك أم ضيعه حتى يسأل الرجل عن أهل بيته "" النسائي وابن حبان ـ صحيح الجامع (1775)
واته : خودا پرسیار لە هەموو بەر پرسێک دەکات لەوەی کە کردوویەتی بە بەپرسی ئایا پاراستوویەتی یاخود نا ، وە پرسیار لەپیاو دەکات لەبارەی ماڵ و منداڵیەوە .

    وەهەروەها گونجاو نییە بۆ کەسی داعی ئامۆژگاری خەڵک بکات بەلابردنی ناشەرعی لەماڵەکانیاندا لەکاتێکدا ماڵی خۆی پڕ بێت لەناشەرعی ! 
بێگومان ئەمە دەبێتە هۆکاری سارد بوونەوەی لەبانگەواز کردن بۆ لای خودا . 
وەبەپێچەوانەوە گەر ماڵی بانگخواز خاڵی بێت لەناشەرعی بێگومان وای لێ دەکات چالاک بێت لەبانگەوازدا  . 
جا کاتێ بانگخواز و قوتابی زانست ماڵی پاککردەوە لەناشەرعی دەبێته هۆکاری سەرکەوتنی بانگەوازەکەی و چەندین بەرهەمى دەبێت لەوانە  : 

1- بێگومان پابەند بوونی بانگخواز بەسنورەکانی شەرعەوە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی کەسەکە لەدەعوەکەیدا ، ئەمەش دەبێته هۆکاری ئەوەی لەنێو خەڵکدا ڕێزی لێ بگیردرێت وگوێی بۆ بگرن وسوودی لێ ببینن .

2- پابەند بوون بەشەرعەوە لەدەعوەدا بەدەعوە کردن دەبێت  بەکار و شێوازی هەڵسوکەوت ، حەتمەن خەڵک ئەوەندەی کردار کاریگەری دەبێت لەسەریان گوفتار کاریگەری نابێت .

3- وەکاتێ کەسی بانگخواز لەخودی خۆی و ماڵیدا دەستگرتوو بێت بەشەرعەوە ئەم کارەی دەبێته هۆکاری ئەوەی بێتە جێگای باوەڕی خەڵک و دواتر چاوی لێ دەکەن و دەبێتە پێشەنگ بۆیان .

4- یەکێکی تر لەبەرو بوومەکانی پابەند بەشەرعەوە ڕێز وسومعەیە ، چونکە خەڵک کاری جوان وخاوەنەکەیان خۆش دەوێت ، جا کاتێ کەسی داعی دەبێتە جێی سقەی خەڵک دڵیان واڵا دەبێت بۆ بانگەوازەکەی .
جا ئێمە لەپێغەمبەری خواوە جوانترین پێشەنگمان بۆ هەیە ، ئەو پێش بوونی بەپێغەمبەر لەناو خەڵکدا بەڕاستگۆ و ئەمین بانگ دەکرا ، بۆیە کاتێ بوو بەپێغەمبەر خەڵک ڕوویان کردە ئیسلام .

* جا بێگومان ماڵی کەسی بانگخواز وقوتابی زانست پێویسته چەند تایبەت مەندیەکی هەبێت ؛ چونکە ماڵێکە زانست وخێر لێوەی بڵاو دەبێتەوە ، وەهەروەها لەبەر ئەوەی ماڵێکە تەنانەت خەڵک بۆ نەخۆشی دڵ و دەرونیەکانیش ڕووی لێ دەکەن ،بۆیە گرنگی دان بەماڵی داعی یەکێکە لەکارە گرنگەکان .

ئەو سەرپێچی و هەڵانە چی یە کە لە ماڵی هەندێ لەبانگخوازاندا بوونی هەیە ؟

1- ئەنجام  نەدانی عیبادەت یاخود کەم عیبادەت کردن تیایدا . 
بێگومان ئیسلام پێداگری کردووە لەسەر زۆر ئەنجام دانی عیبادەت ، بۆیە پێویسته ماڵی بانگخواز وقوتابی زانست عیبادەتی تێدا ئەنجام بدرێت. 

جا هەندێ لەو عیبادەتانە وەک هەبوونی دەرسی شەرعی و قورئان ، و نوێژ و ڕۆژوو وزیکر وجگە لەمانەش لەفەرموودەیەکدا هاتووە :"" رحم الله رجلاً قام من الليل فصلى فأيقظ امرأته فصلت ، فإن أبت نضح في وجهها الماء "" أحمد وأبوداود ـ صحيح الجامع الصغير .
واتە : ڕەحمەتی خوا لەو پیاوەی شەو هەڵدەستێت و نوێژ دەکات و خێزانەکەی خەبەر دەکاتەوە وئەویش نوێژ دەکات ، خۆ ئەگەر هەڵنەستا ئاو بپرژێنێت بەدەم وچاویدا .
 
2- وەیەکێک لە ناشەرعییەکان : هەبوونی خێزانێکە کەپابەند نەبێت بەسنورەکانی شەرعەوە :

کەسی داعی گەر بیەوێت بەدوای زانست بکەوێت و لەو لاوە خێزانی مولتەزیم نەبێ  گوێ بە هیچ شتێک نەدات وحساب بۆ چاکە وخراپە نەکات ، حەتمەن ئەم کەسە لەماڵی خۆیدا و لەلایەن نزیکترین کەسەوە لێی قەوماوە ، بۆیە یەکەم کەس کەپێویسته چارەسەری بکات خێزانەکەیەتی ، هەر بۆیە زۆر زەرورە مرۆڤ خێزانی ساڵح و چاک و دیندار هەڵبژێرێت .

3- جیاوازی و کێشەى خێزانی :

 یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز و قوتابی زانست جیاوازی و کێشەى خێزانییە ، چونکە کەسێک لەماڵەوە کێشەی هەبێت بەجوانی ناتوانێت بەشوێن زانستدا بگەڕێت ، چونکە توشی ناڕەحەتی ودڵ تەنگی دەبێت و وای لێ دەکات سەرقاڵ بێت و نەتوانێت زانست وەک پێویست فێر ببێت  .
 ئەم کێشانە ڕەنگە هەندێ جار هۆکارەکەی خودی بانگخوازەکە بێت ،و ڕەنگه بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕەق و توند بێت و کەمتەرخەم بێت لەدانی ماف بەخێزانی وستەمی لێ بکات  .
جا قسە کردن لەسەر جیاوازی خێزان و چارەسەر کردن پێویستی بەبابەتێکی تایبەت وتێر وتەسەل هەیە .
4-  گرنگی نەدان بە پەروەردە کردنی منداڵەکانی :

وەهەروەها یەکێکی تر لەو شتانەی کەکاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز وقوتابی زانست گرنگی نەدانیەتی بەپەروەردە کردنی منداڵەکانی ، هەندێ لەبانگخوازان وقوتابی زانست گرنگی بەمنداڵی خەڵک دەدەن وفێریان دەکەن کەچی منداڵی خۆیان پشت گوێ دەخەن !.
دەبینی خۆی دەس گرتووە بەسوننەتەوە کەچی منداڵەکانی خۆی لەسوننەت شارەزا نین ، و نوێژ لەمزگەوت دەکات لەو لاوە منداڵەکانی نوستن یاخود یاری دەکەن ، و لەوانەکاندا ئامادە دەبێت بەڵام منداڵەکانی فێری زانستی شەرعی ناکات ، و خۆی گوێ لەزانایان دەگرێت کەچی منداڵەکانی گوێ لەگۆرانی ومۆسیقا دەگرن ، خۆی هەموو ڕۆژێک قورئان دەخوێنێت کەچی منداڵەکانی هیچ قورئان ناخوێنن ،یەکێک لەو شتانەی کە پێویسته گرنگی پێ بدرێت لەپەروەردەکردنی منداڵدا فێر کردنی نوێژە کاتێ تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵی ، وڕاهێنانیان لەسەر ڕۆژوو گرتن ، وئینکاری کردن لێیان کاتێ کارێکی خراپ ئەنجام دەدەن .
زۆر گرنگە منداڵ بەشداری پێ بکرێت لەکاری خێردا ، و زەرورە گرنگی بەهاوڕێکانی بدرێت وبزانرێت هاوڕێیەتی کێ دەکات و تەماشاى چ دەکات و چ یاریەک دەکات ؟

5- کار کردن و دەوام کردنى خێزان بەبێ ئەوەی پێویستی پێ بێت :

وەهەروەها یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز وقوتابی زانست کار کردن ودەوام کردنى خێزانێتى بەبێ ئەوەی پێویستی پێ بێت ، بێگومان کار کردنی خێزان قوتابی زانست سەرقاڵ دەکات بەماڵ ومنداڵەوە  .

6-  کەم تەرخەمی کردن لەهەبوونی کاری ناشەرعی لەماڵدا :

یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز و قوتابی زانست کەمتەرخەمی کردنە لە هەبوونی کاری ناشەرعی لەماڵدا ، وەک  :

أ ) ڕەوشتی ناپەسەند لەماڵدا ، وەک درۆ و غەیبەت و جوێن و جگە لەمانەش  ،عائیشە دەڵێت : ( كان رسول الله إذا اطّلع على أحدٍ من أهل بيته كذب كذبة لم يزل معرضاً عنه حتى يُحدث توبةً ) أحمد ـ صحيح الجامع (4657) وفي حديثٍ آخر( علّقوا السوط حيثُ يراه أهل البيت فإنّه أدب لهم) الطبراني ـ الصحيحة (1447)
واتە : پێغەمبەری خودا گەر درۆیەکی لەیەکێک لەماڵ ومنداڵی ببیستایە بەردەوام عاجز دەبوو تاوەکو تەوبەی دەکرد .

ب) یەکێکی تر لەخراپەکان :
هەبوونی وێنە و سەلیب و مۆسیقا کە لە نێو یاریەکاندایە ، لە  بوخاری دا هاتووە عائیشە دەڵێت : ( أن النبي لم يكن يترك في بيته شيئاً فيه تصاليب إلا نقضه ) . فتح (10/385) 
واتە : پێغەمبەر هیچ تیمسال و سەلیب و وێنەکی لەماڵدا نەدەهێشت ئیلا تێکی دەدا .

جا ئەم وێنە و سەلیبانە لەهەندێ لەقاپ وقاچاخ وفەرش ودەفتەرەکان وجلەکاندا هەیە . لەفەرموودەیەکدا هاتووە: ( إنّ البيت الذي فيه الصور ، لا تدخله الملائكة ) رواه البخاري (4/325) 
واتە : ئەو ماڵەی کەوێنەی تێدایە ، فریشتە ڕووی لێ ناکات .

 ابن حجر لە [ الفتح (1/382)]دا ، دەڵێت :

( الصور التي تمتنع الملائكة عن الدخول بسببها هي صور ذوات الأرواح ممّا لم يُقطع رأسه أو لم يُمتهن ) 
واتە : ئەو وێنەیەی کەڕێگری دەکات لە فریشتە لە هاتنە ژوورەوەی ماڵدا وێنەی گیاندارە ئەوانەی کەسەریان لێ نەکراوە یاخود ئیهانە نەکراون و لەجێگەی بەرز دانراون .

       هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدا بەنیسبەت کەسێکەوە کە خێزان و ماڵی هەبێت ، و ئەو سەرپەرشتیار و بەرپرسیانە ، بەڵام کەسى گەنج و ئەوانەی بانگەواز دەکەن بۆ لای خودا و خێزاندار نین ئەوان چ شتێک لەسەریان پێویسته ؟ 
ئەمانەش ئەم ئایەتانە دەیانگرێتەوە : { قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا  }

بێگومان دایک وباوکی وخوشک وبراکانی وخزمەکانی پێویستیان بەئامۆژگاری وڕێنونی کردن هەیە .

7- نەبوونی ڕەوشتی جوان :

وەهەروەها یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز و قوتابی زانست نەبوونی ڕەوشتی جوان لەقوتابی زانستدا وەک ڕەحم و نەرم و نیانی و ئارام گرتن لەسەریان و گاڵتەی شەرعی کردن لەگەڵیان لەسەحیحی بوخاری وموسیلم دا هاتووە : ( فهلا بكراً تلاعبها وتلاعبك وتضاحكها وتضاحكك ) فتح (9/121) واتە : ئەی بۆ کچت مارە نەکرد بۆ ئەوەی گاڵتەی لەگەڵ بکەیت وگاڵتەت لەگەڵ بکات وبەدەمیەوە پێبکەنیت وبەدەمتەوە پێ بکەنێت.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم پێشبڕکێی لەگەڵ عائیشەدا دەکرد و لە جێی دەمی ئاوی دەخواردەوە و لەگەڵیدا لەیەک مەنجەڵدا خۆی دەشوشت لەکاتێکدا هەردوکیان لەش گران بوون  . 
وە یارمەتی دانی ماڵ ومنداڵ لەکار وباری ماڵدا ، عائیشە دەڵێت : ( كان رسول الله يخيط ثوبه ، ويخصف نعله ويعمل ما يعمل الرجال في بيوتهم ) أحمد ـ صحيح الجامع .
واتە : پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم جلەکانی خۆی دەدووریەوە ، ونەعلەکەی پینە دەکرد وهەمان کاری پیاوانی دەکرد کە لەماڵدا دەیکەن .

لەڕیوایەتێکدا هاتووە : ( كان بشراً من البشر يفلي ثوبه ويحلب شاته ويخدم نفسه ) الصحيحة (671)
واتە : مرۆڤێک بوو لەمرۆڤەکان جلەکانی خۆی پاک دەکردەوە ومەڕەکانی دەدۆشی وخزمەتی خۆی دەکرد .

وەلەسەحیحی بوخاری دا هاتووە  : پرسیار کرا لەعائیشه ئایا  پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم چ کارێکی دەکرد لەماڵەکەیدا ؟
لەوەڵامدا گوتی : ( كان يكون في مهنة أهله ، فإذا حضرت الصلاة خرج إلى الصلاة ) فتح (2/162)
واتە : لەخزمەتی ماڵ ومنداڵی دا بوو ، و کاتێ کاتی نوێژ بهاتبایە دەردەچوو بۆ نوێژ .
وە ئەبو هورەیرە دەڵێت : (كان رسول الله ليُدلع لسانه للحسن بن علي فيرى الصبي حُمرة لسانه فيبهش له ) الصحيحة (70) 
واتە  : پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم زمانی بۆ حەسەنی کوڕی عەلی دەردەهێنا ومنداڵەکە سورایی زمانی دەبینی و دەستی پیا دەهێنا بۆی .

وە زەینەب و حەسەنی هەڵدەگرد وەک ڕەحمێک و گاڵتەکردنێک لەگەڵیان .

8-  زیادە ڕەوی کردنە لەشته موباحەکاندا :

وەهەروەها یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز و قوتابی زانست زیادە ڕەوی کردنە لەشته موباحەکاندا ، بێگومان ئەمە ڕێگایەکە لەڕێگاکانی شەیتان و سیفاتی کەسی بە تەقوا نییە ، بەڵکو مرۆڤ دوور دەخاتەوە لەیادی خودا و بانگەواز کردن بۆ لای خودا  .

جا هەندێک لەزیادەڕەویەکان لەشتە موباحەکاندا :

- تازەکردنەوەی ناو ماڵ وڕازاندنەوەی وسەرف کردنی پارەیەکی زۆر تیایدا  .

- خۆ سەرقاڵ کردن بەجل و بەرگ و خواردن و سەیارە زیاد لەپێویست .

جا با بپرسین بزان ماڵی پێغەمبەری خودا چۆن بووە ؟ 
عومەر رضي الله عنه دەڵێت: ( رفعت بصري في بيت رسول الله فما رأيتُ فيه شيئاً يردّ البصر غيرَ أهبةٍ ثلاثة ، فقلت : أدعو الله أن يوسع على أمتك فإن فارس والروم وُسّع عليهم وأُعطوا الدنيا وهم لا يعبدون الله ، وكان متكئاً فقال : "  أوَ في شكٍّ أنت يا ابن الخطاب ، أولئك قومٌ عجِّلت لهم طيباتهم في الحياة الدنيا ، فقلت يا رسول الله استغفر لي )
واتە : لەماڵی پێغەمبەری خودا چاوم بەرز کردەوە شتێکم نەبینی سەرنج ڕاکێش بێت جگە لەسێ ئالەتی خۆ ئامادەکردن نەبێت بۆ جەنگ ، گوتم : ئەی پێغەمبەری خودا داوا لەخودا بکە دونیا بەڕووی ئومەتەکەتدا بکاتەوە وفارس وڕۆم دونیا بەڕوویاندا کراوەتەوە لەکاتێکدا خودا ناپەرستن ، پێغەمبەری خودا پاڵ کەوتبوو هەستایەوە و فەرمووی : ئایا تۆ گومانت هەیە ئەی کوڕی خەتاب ؟
ئەوانە گەلێکن لەدونیادا خۆشیەکانیان بۆ پێش خراوە ، گوتم : ئەی پێغەمبەری خودا داوای لێ خۆش بوونم بۆ بکە .

9- ڕەزیلى :

وەهەروەها یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز و قوتابی زانست ڕەزیلی یە لەماڵ سەرف کردندا وخراپ هەڵس وکەوت کردن لەگەڵ دراوسێدا .

10- پشت گوێ خستنی  کتێبەکانى :

وەهەروەها یەکێکی تر لەو شتانەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر بانگخواز و قوتابی زانست پشت گوێ خستنی کتێبەکان و شریتەکانێتى کە پێشتر کڕیویەتی  .

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين

وەرگیراوە لە ماڵپەڕى : (شبكة بينونة للعلوم الشرعية) بە کەمێک دەستکاریەوە

سەردان: ٢,٨٩٧ بەش: مەرجەکانى بانگخواز