زیانەکانی زینا وداوێن پیسی و چۆنێتى تەوبە کردن لە زینا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زیانەکانی زینا وداوێن پیسی و چۆنێتى تەوبە کردن لە زینا
پرسیار:

لە ئێستادا زینا زۆر بڵاوە ئایا زینا و داوێن پیسی چ زیانێکى هەیە بۆ مرۆڤ لە دنیا و دواڕۆژدا؟

وە چۆن تەوبە بکەین لە زینا ؟

وە ئایا جیاوازى هەیە لەوەى زینا لەگەڵ کچێکى دراوسێ بکرێ یان کەسێکى دوور؟

وە زیناى پیاوێک کە ژنى هەبێ یان بە تەمەن بێ جیاوازە لە زیناکردنى گەنجێک؟

وە حەدی زینا چۆنە ؟ 

گەر کچێک زیناى کردبێ و وێنەى لاى کەسی بەرامبەر بێ چی بکات؟

الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وبعد:

بێگومان زینا فەسادیەکی گەورەیە ، و کۆمەڵێ شوێنەواری خراپ لەدوای خۆی بەجێ دێڵێت ، جا بەسەر خودی کەسەکەوە بێت یاخود کۆمەڵگا و ودەورو بەر .

وە لەبەر ئەوەی زینا زۆر ڕوو دەدات ، و زۆر هۆکار هەیە بۆ ڕوودانی ، بەپێویستمان زانی هەندێ لەدەراویشته خراپەکانی بخەینه ڕوو :

یەکەم : زینا ئەم شەڕ و خراپانەی تێدا کۆ بۆتەوە :
لاوازی دین ، و نەمانی لەخوا ترسان ، و لەکەدار بوونی کەسایەتی ، و کەم بوونەوەی غیرەت ، ونەمانی ڕەوشتی بەرز .

دووەم : زینا شەرم و حەیا ناهێڵێت و ڕووی خاوەنەکەی تاریک و ڕەش دەکات .

سێیەم : زینا دەم وچاو ڕەش دەکات ، وکاتێ تەماشا دەکرێت دەزانرێت ئەمە کەسێکی تاوانبارە  .

چوارەم : زینا دڵ تاریک دەکات و نور و ڕوناکی ناهێڵێت لە دڵدا .

پێنجەم : زینا هۆکارە بۆ هەژاری ، لەئەسەرێکدا هاتووە ، خوای گەوره دەفەرموێ : { أنا مهلك الطغاه، ومفقر الزناه }.
واتە : من لەناو بەری تاغوتەکانم ، وهەژار خەری زیناکارانم .

شەشەم : کەسى زیناکەر لاى خواى گەورە بە سوک سەیر دەکرێ، و بەکەسێکی خراپەکار دەناسرێت ، و ناوی فاجر و فاسق و زیناکار و خائینی بەسەردا دەدرێت .

حەوتەم :دڵ تەنگیەک کە خودا دەیخاتە دڵی زینا کارەوە و بەدەم و چاویدا بەدیار دەکەوێت ، کەسی داوێن پاک دڵخۆش ودەم وچاو ڕوناکە وهەرکەسێک لەگەڵ دانیشێت دڵ خۆش دەبێ ، بەڵام کەسی زیناکار بەپێچەوانەوە .

هەشتەم : خەڵک تەماشای زینا کار دەکەن بەچاوی خیانەت وگومانەوە ، وکەس لێی ئەمین نی یە و جێی سیقە و متمانەی کەس نی یە .

نۆیەم:  دڵتەنگی و بێزاری ، کەسی زیناکەر سزا دەدرێت بەپێچەوانەی ئەو مەبەستەی کە ئەوان زینای لەپێناودا دەکەن ؛بێگومان هەرکەس بەدوای خۆش گوزەرانیدا بگەڕێ لەڕێگەی بێ فەرمانی خوداوە ئەوا خودا پێچەوانەکەی بۆیان دێنێتە دی ؛ چونکە ئەوەی لای خودایە تەنها بەگوێڕایەڵی کردنی دێتە دی ،وهەرگیز خودا بێ فەرمانی وتاوانی نەکردۆتە مایەیی خێرو دڵخۆشی ، بۆیە کەسی زیناکەر دایم دڵتەنگ و بێزارە .

وە گەر کەسی زیناکەر بیزانیبایە چەندە داوێن پاکی مرۆڤ دڵخۆش دەکات وژیانی ئارام دەکات ،ئەوە هەرگیز بۆ خۆشیەکی کاتى خۆى توشی زینا و سزاى خواى گەورە نەدەکرد .

دەیەم : کەسی زیناکەر وای لێ دێت سیلەی ڕەحم دەبچڕێنێت ، و لەگەڵ دایک و باوکیدا خراپ دەبێت ،و ماڵی حەڕام دەخوات ، وستەم لەدەورو بەر دەکات ، ومافی ماڵ ومندڵ نادات ، وڕەنگە هەندێ جار خوێنی بەناحەقیش بڕێژێت ، وهەندێ جار توشی پەنا بردن بۆ ساحیر وجادوو گەر دەبێت ، وتوشی چەندان تاوانی تر دەبێت ، و هەرچی شەڕی دونیا هەیە لێی کۆ دەبێتەوە ودەبێته کەسێکی بەدکار وبەد بەخت لەدونیا و دواڕۆژدا .

یانزەیەم: وەهەروەها کەسی زیناکەر حەیا و ئابڕو و کەڕامەتی ئەو کچ و ئافرەتانە دەڕوشێنێت کە زینایان لەگەڵدا دەکات ، بەڵکو حەیا و ئابڕوی بنەماڵە و عەشیرەتێک دەبات و بەو هۆیەوە سەر شۆڕ دەبن لەنێو کۆمەڵگادا .

دوانزەیەم: ئەو ئابڕوو چوونەی کەبەهۆی زیناوە توشی مرۆڤ دەبێت لەتۆمەتی کوفر قورس ترە و هەر دەمێنێتەوە ، چونکە کەسێک گەر تۆمەتی کوفری درابێتە پاڵ بەتەوبە کردن لەناو خەڵکدا پاک دەبێتەوە ولەشەرعیشدا هیچی لەسەر نامێنێت ، بەپێچەوانەی زیناکەرەوە کەگەر تەوبەش بکات بەردەوام لەناو خەڵکدا کەسێکی بێزراوە و جێی سیقە نی یە .

تۆ تەماشاکە ئافرەتێک کەتۆمەتی زینا درابێته پاڵی ئایا کەس ئامادەیە زەواجی لەگەڵ بکات هەرچەند تەوبەشی کردبێت ، دەبینین خەڵک حەز بەمارەکردنی ئافرەتێکی تازە موسوڵمان  دەکەن نەک کەسێکی زیناکاری موسوڵمان .

سیانزەیەم: گەر ئافرەت دوو گیان بوو بەهۆی زیناوە ، و منداڵەکەی کوشت ئەوا توشی دوو تاوان هاتووە : تاوانی زینا وجەریمەی کوشتن ، وە گەر نەیکوژێ ئەوا کەسێکی بردۆتە ماڵەوە کە بەو ماڵە نامۆیە و نابێتە وارس و هیچ مافێکی شەرعی و قانونی نی یە لەو ماڵەدا .

چواردەیەم: بۆیە زینا تاوانێکی گەورەیە بەرانبەر ئەو منداڵە دەکرێت کەبەو هۆیەوە دروست دەبێت ؛ کەسی زیناکار کار تۆوی لەشتێکی ناشەرعیدا سەرف دەکات و وا دەکات ئەو منداڵە داببڕێت لە باوکی حەقیقی ، و بێ بەشی دەکات لەناز وخۆشەویستی باوکی ڕاستی و چەندان زیانی تر کە لە ئەژمار کردن نایەن .
وەهەروەها لەڕوویەکی تریشەوە جنایەتە بەرانبەر ئەو منداڵە کەوای لێ دێت لەناو خەڵکدا بەچاوێکی ناشرین تەماشا دەکرێت ومنداڵی زینا بانگ دەکرێت ، لەکاتێکدا ئەو هیچ تاوانێکی نی یە ، دەی ئایا کەس ڕازی دەبێت خۆی ئەو دەرەنجامەی هەبێت ؟!

پانزەیەم: زینا دەبێته هۆکاری لەکەدار کردنی ئافرەتان وهۆکارێکە بۆ لەناو بردنیان ، ئەمەش بینراوە و بیستراوە کە چەندین ئافرەت بەهۆى زیناوە لە لایەن کەسوکاریانەوە کوژراون .

شانزەیەم : زینا دەبێتە هۆکاری بڵاو بوونەوەی دوژمنایەتی ، و ئاگری ناحەزی بڵاو دەکاتەوە لەنێوان کەس وکاری ئافرەتەکە وکەسی زیناکەردا ، چونکە مرۆڤ وا دروست کراوە حەزی بەو کەسە نی یە کەدەس درێژی دەکاتە سەر کەس وکاری ؛ چونکە ئەو کارە دەبێته هۆکاری ئابڕوو چوونی وسەر شۆڕی لەناو کۆمەڵگادا ، دەبینی گەر کەسێک هەواڵی کوژرانی کەس وکاری پێ بدرێت زۆر لای ئاسان ترە لەوەی بڵێن زینای کردووە .

سەعدی کوڕی عوبادە دەڵێت "لو رأيت رجلاً مع امرأتي لضربته بالسيف غير مصفح". فبلغ ذلك رسول الله  فقال: { أتعجبون من غيرة سعد! والله لأنا أغير منه، والله أغير مني؛ ومن أجل غيرة الله حرم الفواحش ما ظهر منها وما بطن } [أخرجه البخاري ومسلم].
واتە : گەر پیاوێکم لەگەڵ خێزانەکەم دا بینی ئەوا بەخەنجەر لێی دەدەم وڕەحمی پێ ناکەم .
ئەم قسەیە گەیشتەوە بەپێغەمبەری خودا و فەرمووی : 
ئایا سەرتان سوڕ ماوە لەغیرەتی سەعد ، دەی سوێند بەخوا من لەو بەغیرەت ترم ، وخودا لەمن بەغیرەت ترە ، وە لەبەر غیرەتی خودا داوێن پیسی حەڕام کردووە .

حەڤدەیەم: زینا کاریگەری دەبێت لەسەر کەس و کاری زیناکەر ، و دەبێته هۆی ئەوەی لەنێو خەڵکدا ڕێزیان نەمێنێت ، و ئاسان دەبێت بەلایانەوە ئەوانیش داوێن پیسی ئەنجام بدەن گەر دینداریەکی ڕاست ڕێگریان لێ نەکات.

بەپێچەوانەی ئەو کەسانەوە کەئینکاری زینا دەکەن ولێی دوور دەکەونەوە ، وپێی ڕازی نین ، ئەم دوور کەوتنەوەیە لێی ترسێک دەبەخشێت بەکەس وکاری ، وهاری کار دەبێت بۆ ئەوەی ماڵ ومنداڵی داوێن پاک بن .

هەژدەیەم: دواتر زینا چەندین زیانی تەندروستی هەیە کەچارەسەر کردنی قورسە ، بەڵکو هەندێ جار دەبێته هۆکاری لەناو  چوونی کەسی زیناکار ، وەک نەخۆشی ئایدز ، وهیربس ،و زهری ، و سیلان و هاوشێوەکانیان .

نۆزدەیەم: زینا هۆکارە بۆ لەناو چوونی کومەڵگا ؛ سوننەتی خودا وایە هەر کات زینا لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا بڵاو بوویەوە خودا توڕە دەبێت ، بێگومان گەر توڕەش بوو حەتمەن دەبێته هۆکاری سزا لەدونیادا  .

 ابن مسعود رضي الله عنه دەڵێت : ( ما ظهر الربا والزنا في قرية إلا أذن الله بإهلاكها ).
واتە : ڕیبا و زینا لەهیچ شار وگوندێکدا بڵاو نابێتەوە ئیلا خودا لەناویان دەبات .

وەیەکێک لەو شتانەی کەبەڵگەیە لەسەر گەورەی تاوانی زینا حەدی زینای تایبەت کردووە لەنێوان حەدی تاوانەکانی تردا .

ابن القيم رحمه الله دەڵێت : ( خوای گەورە سزا و حەدی زینای لە نێو سزاو حەدەکانی تردا تایبەت کردووە بەسێ تایبەت مەندی :

یەکەم : کوشتن بەخراپترین شێوە ، و لێدانی جەڵد لە لاشە ، و دوور خستنەوەی لە وڵات بۆ ماوەی ساڵێک .

دووەم :  ڕێگری کردووە لەوەی کەس بەزەیی بەکەسی زیناکەردا بێتەوە ، خودا لەبەر ئەوان حەدی زینای داناوە ، و ئەو لەهەموان بەڕەحم ترە ، و ئەو ڕەحمەی نەبۆتە ڕێگر لەدانانی ئەو سزایە ، بۆیە نابێ هیچ کەسێک سۆز وبەزەیی بەکەسی زیناکەردا بێتەوە لەکاتی جێ بەجێ کردنی حەدی زینادا .

جا ئەمە هەر چەند عام بێت بۆ هەموو حەدەکان ، بەڵام تەنها لەحەدی زینادا باس کراوە چونکە حەدی زینا زۆر سەختە وجێی ئەوەیە مرۆڤ بەزەیی بەکەسەکەدا بێتەوە ، وەهەروەها خەڵک ئەو ڕقەی کەبەرانبەر کەسی ستەم کار وعەرەق خۆر هەیانە بەرانبەر زیناکار نیانە ودڵیان زیاتر بەزیناکار دەسوتێ ، بۆیە ڕێگریان لێ کراوە لەوەی بەزەییان پێدا بێتەوە وحەدی خودای بەسەردا جێ بەجێ نەکەن .

وە هۆکاری ئەم ڕەحمە ئەوەیە : 
ئەم تاوانە کەسی ناودار و وەسەت وخوارەوەش ئەنجامی دەدەن ، ونەفس زۆر حەزی پێ دەکات ، و هاوبەشی زۆرە ، وەزۆربەی هۆکارەکانی عیشقە ،و دڵ لەسەر ئەوە ڕاهاتووە بەزەیی بەعاشقدا بێتەوە ، و بگرە زۆر کەس یارمەتی دانی بەعیبادەت دەزانن ، و هەر چەند عەشق حەڕامە ، و کەس ئینکاری ئەمە ناکات ، بەڵام شتی زۆرمان لەم بارەیەوە بۆ گێڕدراوەتەوە .

وەهەروەها ئەم تاوانە زۆر جار بەڕازی بوونی هەردوولا ڕوو دەدات ؛ و بەزۆر و دەس درێژی ئەنجام نادرێت ، وئارەزووش زۆر جار پاڵنەرە ، بۆیە ڕەحمێک بەرانبەریان دروست دەبێت کەڕەنگە ببێتە هۆکاری پەک خستنی حەدەکە ، حەتمەن ئەمە هەمووی هۆکارەکەی لاوازی ئیمانە .

چونکە ئیمانی تەواو بەوە دەبێت فەرمانی خودا جێ بەجێ بکرێت ، وڕەحم بەکەسێک نەکرێت کەحەدی لەسەر بێت .

سێیەم : خوای گەورە فەرمانی کردووە ئەو حەدە بەئامادە بوونی کۆمەڵێ لەبڕواداران بێت ، ونابێت لەچۆڵەوانیدا جێ بەجێ بکرێت وبەشێوەیەک کەس نەیبینێ ، ئەمەش دەبێته هۆکاری ئەوەی زیاتر خەڵک تەمبێ ببێت  .

وەئەوەی کەباش وایە ئاماژەی پێ بدرێت لێرەدا ئەوەیە :
داوێن پیسی جیاوازە بەپێی دەراویشتەکانی ، زینا کردن لەگەڵ هەموو کەسێکدا قورسترە لەوەی لەگەڵ یەک کەسدا بکرێت ، وکەسێک بەئاشکرا ئەنجامی بدات تاوانەکەی قورسترە لەوەی بەدزیەوە ئەنجامی دەدات ،وزینا کردن لەگەڵ کەسی مێرد داردا قورسترە لەوەی لەگەڵ کەسێکدا کەمێردی نەبێت ؛ لەبەر ئەوەی ستەمە ، وبەزاندنی سنوورە  وچەندان زیانی تری لێ دەکەوێتەوە .

وەهەروەها زینا کردن لەگەڵ دراوسێدا زۆر قورسترە لەوەی لەگەڵ کەسێکدا کەماڵی دوور بێت لەمرۆڤەوە ؛ چونکە ئەوە ئازاردانی درواسێیە ، ونەپاراستنی وەسیەتی خودا وپێغەمبەرە .

وەهەروەها زینا کردن لەگەڵ خێزانی پیاوێکدا کەلەجیهادا بێت زۆر قورسترە لەوەی لەگەڵ کەسانی تردا بکرێت ، هەر بۆیە   بەکەسی موجاهید دەوترێت بەدڵی خۆت چاکەکانی ئەو کەسە ببە کەدەس درێژی کردۆتە سەر ناموست .

وەهەروەها زینا کردن لەگەڵ کەسی مەحڕەم دا زۆر ناشرین وقێزەون و تاوانە و لەناو بەرە .

وەهەروەک چۆن زینا کردن بەپێی ئەو کەسە دەگۆڕێ کە زیناى لەگەڵ کراوە ، بەهەمان شێوە بەگوێرەی زەمان ومەکانیش وحاڵات جیاوازە ؛ بەنموونە زینا لەڕەمەزاندا جا شەو بێت یاخود ڕۆژ تاوانی زیاترە لەمانگەکانی تر ، و لەجێگە پیرۆزەکاندا تاوانی زیاترە بەراورد بەجێگەکانی تر .

وەبەنیسبەت جیاوازی بکەرەکانەوە :
زینا کردنی کەسێک کە زەواجى کردبێت قورسترە بەراورد بە کەسێک کە ژنى نەهێنابێ ، و زینای پیاوی پیر قورسترە لە کەسی گەنج ، و زینای کەسی زانا قورسترە لەکەسی نەزان وعەوام ، وزینای کەسێک توانای زەواجی هەبێت قورسترە لەکەسێک نەبوو بێت ونەتوانێ زەواج بکات .

وەهەندێ جار لەگەڵ داوێن پیسیەکەدا عاشق بوونیش دێتە کایەوە ، وای لێ دێت خۆشەویستەکەی بەگەورە دەزانی و تا دەگاتە پلەی پەرستن وخۆ زەلیل کردن بۆی و خۆشەویستی وڕق لێ بوونەوەی لەسەر بونیاد دەنێت وهەندێ جار زیانی ئەم عیشقه لەتاوانی زینا گەورەترە .

چۆنیەتی تەوبە کردن لەتاوانی زینا :

دوای ئەوەی گەورەی تاوانی زینامان زانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا ، گرنگە ئاماژە بە زەڕوڕی تەوبەکردن بدەین لەزینا کردن، و یاخود ئەوانەی بوونەتە هۆکار بەخۆیاندا بچنەوە وپەشیمان ببنەوە وجارێکی تر نەگەڕێنەوە سەری  .

وەمەرج نییە هەر کەسێک توشی زینا بوو جا پیاو بوو یاخود ئافرەت خۆی تەسلیم بکات و دان بەتاوانەکەیدا بنێت ، نا بەڵکو ئەوەندە بەسە تەوبە بکات وبگەڕێتەوە بۆ لای خودا ، و سەتری خۆی بکات .

جا گەر کەسی زینا کار وێنەی ئەو کەسەی لایە کەزینای لەگەڵ کردووە ، و یاخود تۆماری دەنگی با پەلە بکات لەخۆ قوتار کردن لێی و بیسڕێتەوە ، وئەگەر داویەتی بەکەسێک با بەپەلە لێی وەربگرێتەوە ، وخۆی لێ ڕزگار بکات بەهەر ڕێگایەک بێت .

وەئەگەر ئافرەتە دەنگی تۆمار کراوە یاخود وێنەی گیراوە و دەترسێت بڵاو بێتەوە ، پێویسته بەپەلە تەوبە بکات ، ونابێت ئەوە ببێتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی بۆ لای خودا ، بەڵکو واجبە تەوبە بکات ، و نابێت تەسلیمی هەڕەشەی ئەو کەسانە ببێت چونکە خودا پارێزگاری لێ دەکات ، و با بزانێت ئەوانەی هەڕەشەی لێ دەکەن ترسنۆکن ، وگەر ئەو کارە بکەن ئەوا بەدەستی خۆیان  خۆیان ئاشکرا دەکەن .

پاشان چ ڕوو دەدات گەر هەڕەشەکانی ئەوانی جێ بەجێ کرد ؟
کامیان ئاسانترە حەیا چونێک لەدونیادا کەتەوبەیەکی ڕاستگۆیانەی بەدوادا دێت یاخود ئابڕوو چوونی ڕۆژی قیامەت کە چوونە نێو ئاگری بەدواوەیە؟

وەئەوەی جێی ئاماژە پێدانە لێرەدا گەر ئافرەت ترسا لەوەی ئاشکرا ببێت : با پەنا بباتە بەر پیاوێکی عاقڵ لەمەحڕەمەکانی ، بەڵکو یارمەتی بدات لەسەر ڕزگار بوون لەو کێشەیەیی تێی کەوتووە ، و ڕەنگە ئەم چارەسەرە سەر کەوتوو بێت .

بەکورتی ئەو کەسەی توشی ئەم جەریمەیە بووە پێویستە تەوبە بکات ، و بگەڕێتەوە بۆ لای خودا وخۆی زەلیل کات بۆی ، بەڵکو خودا لێی ببورێت وتاوانەکانی بسڕێتەوە ، وتەنانەت بۆی بگۆڕێ بۆچاکە ، خوای گەوره فەرموویەتی : { وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهاً آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ وَمَن يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَاماً ، يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَاناً ، إِلَّا مَن تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلاً صَالِحاً فَأُوْلَئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ وَكَانَ اللَّهُ غَفُوراً رَّحِيماً } [الفرقان: 68-70].
واتە : ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌دا دوعا ناكه‌ن له‌ خوایه‌كی ترو له‌ خوایه‌كی تر ناپاڕێنه‌وه‌ ته‌نها له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌پاڕێنه‌وه‌ ، وه‌ ئه‌و نه‌فسه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ نایكوژن ته‌نها به‌ حه‌ق نه‌بێ: مه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ دوای زه‌واجی شه‌رعی زینای كردبێت، یان كه‌سێكی به‌ ناحه‌ق كوشتبێت، یان له‌ دین هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه‌ ئه‌میش حاكمی موسڵمان ئه‌یانكوژێ ، وه‌ زیناش ناكه‌ن ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك كاری وا بكات ، ئه‌وا تووشی تاوان و سزای خوای گه‌وره‌ ئه‌بێت، یاخود دۆڵێكه‌ له‌ دۆزه‌خ سزاى زیناكارانى تێدا ده‌درێت. 
له‌ ڕۆژی قیامه‌ت سزای چه‌ند قاتێك ئه‌درێ ، وه‌ له‌ناو سزادا ئه‌مێنێته‌وه‌ به‌ سه‌رشۆڕى و ڕیسوایی و زه‌لیلی.
ته‌نها كه‌سانێك ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌یان كردبێ له‌م تاوانانه‌ وه‌ ئیمانیان هێنابێ وه‌ كرده‌وه‌ی چاكیان كردبێ، (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه‌ نیه‌تت بۆ خوا بێت و بۆ ریات نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت) ، ئه‌مانه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ دونیادا خراپه‌كانیان بۆ ئه‌گۆڕێت به‌ چاكه‌، یاخود له‌ قیامه‌تدا خراپه‌كانیان بۆ ئه‌گۆڕێت به‌ چاكه‌ ، وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر لێخۆشبوو و به‌به‌زه‌ییه‌. 

صلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.