میز کردن پێش خۆشۆردنى لەشگرانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
میز کردن پێش خۆشۆردنى لەشگرانى
پرسیار:

ئایا واجبه پێش خۆشۆردنى لەشگرانى میز بکرێت ؟

پێویست ناکات لە پێش خۆشۆردن بۆ لەشگرانى میز بکرێت، وە هەروەها مانەوەی مەنی لە عەورەتدا کاریگەری نابێت لەسەر دروستێتی غوسلەکە چونکە وەکو حوکمی ئەو شتانەیە کە لە ناوەڕۆکی ئینساندان.
وە لەبەر ئەوەش کە هەرکەسێک وەسفی غوسلی پێغەمبەری خوای کردبێ باسی نەکردوە کە پێغەمبەری خوا میزی کردبێ پێش خۆشۆردن، بەڵکو تەنها عەورەتی شۆردوە پاشان دەستنوێژی گرتوە وەکو دەستنوێژ گرتن بۆ نوێژ.
مەیمونەی خێزانی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم دەفەرموێت: " صَبَبْتُ لِلنَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ غُسْلا فَأَفْرَغَ بِيَمِينِهِ عَلَى يَسَارِهِ فَغَسَلَهُمَا ثُمَّ غَسَلَ فَرْجَهُ ثُمَّ قَالَ بِيَدِهِ الأَرْضَ فَمَسَحَهَا بِالتُّرَابِ ثُمَّ غَسَلَهَا... "رواه البخاري (۲٥۱).

واتە : ئاوم بۆ پێغەمبەری خوا ئامادەکرد ئەویش دەستی تێ دەخست و بەدەستی ڕاستی ئاوی دەکرد بەدەستی چەپیدا تاوەکو هەردوو دەستی بەجوانی شۆرد پاشان بەدەستی چەپی عەورەتی شۆرد ، پاشان دەفەرموێت: دەستی چەپی دەهێنا بە زەویەکەدا و بەخۆڵ دەستی دەشۆرد بۆ ئەوەی شوێنەواری پیسی لێ پاک بکاتەوە ...."

وەهەروەها دایکی ئیمانداران عائشة دەفەرموێت: " كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ إِذَا اغْتَسَلَ مِنْ الْجَنَابَةِ يَبْدَأُ فَيَغْسِلُ يَدَيْهِ ثُمَّ يُفْرِغُ بِيَمِينِهِ عَلَى شِمَالِهِ فَيَغْسِلُ فَرْجَهُ ثُمَّ يَتَوَضَّأُ وُضُوءَهُ لِلصَّلَاةِ .. " رواه مسلم (٤۷٤).

واتە : پێغەمبەری خوا کاتێک خۆشی بشۆردبا بۆ لەشگرانى سەرەتا هەردوو دەستی دەشۆرد پاشان بەدەستی ڕاستی ئاوی دەکرد بەسەر دەستی چەپیدا و عەورەتی دەشۆرد بەدەستی چەپی پاشان دەستنوێژی دەگرت وەکو دەستنوێژگرتن بۆ نوێژ .."

زانای پایەدار عبدالعزیز بن عبدالله بن باز ڕەحمەتی خوای لێبێ دەفەرموێت:

هیچ بەڵگەیەک نازانم لەسەر میزکردن لە پێش غوسل دەرکردن، بەڵام ئەگەر لە جوتبونەکەی بویەوە دەستنوێژ دەگرێت، وە زانراویشە ئەوەی کە بیەوێت دەستنوێژ بگرێت دەبێت کە عەورەتی بشۆرێت وپاکی بکاتەوە لەوەی کە توشی هاتوە، میزکردنی پێش غوسل دەرکردنیش بەدی دێت کاتێک میز دەکات و خۆی پاک دەکاتەوە پاشان دەستنوێژ دەگرێت وەکو دەستنوێژ گرتن بۆ نوێژ.
بەڵام شتێکی تایبەت لەسەر میزکردن لە پێش غوسل دەرکردن هیچ بنچینە و ئەسڵێکی نییە. 
فتاوی نور علی الدرب(۳۱۰/٥).
خۆ ئەگەریش میزی کرد پێش خۆشۆردن ئەوە چاکە، چونکە لەوانەیە هەندێک مەنی مابێتەوە لە عەورەتیدا کە لە کاتی میزکردنەکەدا دەردەچێت، پاشان عەورەتی دەشۆرێت ، ئەگەر لە کاتی غوسلەکەدا یان لەدوای غوسلەکە مەنی یەکە دەرچو ئەوە دەستنوێژەکەی بەتاڵ ئەبێتەوە، بەڵام لەسەری نیە کە غوسلەکەی دوبارە بکاتەوە چونکە بەبێ شەهوەت و ئارەزوو دەرچوە .

سەردان: ٣,٧٩٤ بەش: خۆشۆردن (غوسل)