لە كاتى غوسل دەركردندا پرشى ئاو بكەوێتە ناو ئاوە پاكەكە ئایا پیس دەبێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە كاتى غوسل دەركردندا پرشى ئاو بكەوێتە ناو ئاوە پاكەكە ئایا پیس دەبێت

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ئەگەر موسڵمانێك ویستی دەستنوێژ بگرێت یان خۆی بشوات (غوسل دەربكات) بە ئاوێك كە ئامادەی كردووە بۆ ئەو مەبەستە ئەوا ئەو ئاوە پاكە و پاك كەرەوەشە مەگەر شتێكی پیسی تێبكەوێت وەك میز و پیسی و لێكی سەگ، بەڵام ئەگەر خۆی یان ئەگەر كەسێكی تر چ گەورە بێت یاخود منداڵ بێت دەستی كرد بە ناو ئەو ئاوەدا یان ئەگەر پرشی دەستی یان پرشی ئەو ئاوەی كە لە لاشەی جودا دەبێتەوە كەوتە ناو ئەو ئاوە ئەوا ئاوەكە ناگۆڕێت و پیس نابێت بەڵكو هەر بە پاكی و پاك كەرەوەیەتی دەمێنێتەوە چونكە نە ئەو دەستە و نە ئەو پرشە ئاوەش پیسە !
عن ابن عباس رضي الله عنهما قال: ((اغتسل بعض أزواج النبي في جفنة، فجاء النبي ليغتسل أو يتوضأ منه، فقالت: يا رسول الله إنـي كنتُ جُنُباً، فقال: الـماء لا يَجنب)) [صحيح سنن ابن ماجة رقم: (370) وصحيح سنن الترمذي رقم: (65)] .
واتە: هەندێك لە خێزانەكانی پێغەمبەر خۆی شوشت (غوسلی كرد) لە نێو تەشتێكدا، ئەنجا فەرموویەتی پێغەمبەر هات بۆ ئەوەی لەو ئاوە خۆی بشوات (غوسل بكات) یان دەستنوێژ بگرێت، خێزانەكەی ووتی: ئەی پێغەمبەری خوا من لەشم گران بوو (واتە لەشگرانیم پێدەركردووە و بە كارم هێناوە بۆ غوسل دەركردن)، پێغەمبەریش فەرمووی: ئاوەكە لەشگران نابێت.
دەبینین لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر ئاوێكی بە كار هێناوە بۆ غوسل دەركردن یان بۆ دەستنوێژ گرتن كەوا پێشتر ئەو ئاوە بە كار هێنراوە بۆ دەركردنی لەشگرانی، بەڵام لە بەر ئەوەی ئاوەكە پیس نەبووبوو پێغەمبەر نەیفەرموو: ئەم ئاوە دەستی تێخراوە یان بە كار هێنراوە ؟!!
كەواتە ئەوانەی كە خەڵكیان وا تێگەیاندووە كەوا نابێت ئاوی ئامادەكراو بۆ غوسل دەركردن دەستی تێبخرێت یان نابێت پرشی دەستی تێبكەوێت زۆر هەڵەن پێچەوانەی ئەم فەرموودەیەن و ئەكە شەرعیەكان لە سەر موسڵمانان قورس و گران و ناڕەحەت دەكەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی چەندین ئایەت و فەرموودەیە لەوانە: خوای گەورە فەرموویەتی: [ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ] [سورة البقرة: (185)] .
واتە: خوا ئەیەوێت كار ئاسانیتان بۆ بكات و نایەوێت كارتان لە سەر قورس بكاتەوە.
وە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی:((يسروا ولا تعسروا)) [متفق عليه] .
واتە: كار ئاسانی بكەن و قورسی مەكەنەوە.
بەڕاستی قەدەغەكردنی دەست تێخستن و پرشی دەست تێكەوتن ئەركێكی یەكجار قورس و گرانە و زۆر ناڕەحەتە، بۆیە هەندێك جار دەبێتە هۆی ناكۆكی نێوان هەندێك ژن و پیاو كاتێك كە پیاوەكە دەبینێت ژنەكەی یان منداڵەكەی دەستی خستوتە ناو ئاوی خۆشوردنەكەیەوە یان كاتێك پرشی دەستی خۆی تێدەكەوێت !!! وە هەندێك لەو جۆرە موسڵمانە نەزانانە ئەوەندە ناڕەحەت دەبن واز لە نوێژكردن دێنن !!!

لەلایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٨,٣٨١ بەش: خۆشۆردن (غوسل)