پیاوەكەم نوێژناكات و پاشان جووت بوونیش غوسل دەرناكات ئایا حوكمى چى یە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پیاوەكەم نوێژناكات و پاشان جووت بوونیش غوسل دەرناكات ئایا حوكمى چى یە؟
پرسیار:

من دوو مانگە شووم كردوە پیاوەكەم نوێژناكات و پاشان جووت بوونیش غوسل دەرناكات ئایا حوكمى غوسل دەرنەكردنەكەى چى یە؟ وەداواتان لێ دەكەم یارمەتیم بدەن چۆن واى لێ بكەم نوێژ بكات هیچ گرفتێكمان نى یە تەنها ئەوە نەبێت كە مێردەكەم نوێژ ناكات زۆریش پێى دەڵێم.

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
بەڕاستی شووكردن بە كەسێك كەوا نە نوێژ بكات و نە غوسلی پاش جووت بن دەربكات تاوان و هەڵەیەكی زۆر گەور و سامناكە، چونكە ئەگەر ئەو مێردە باوەڕی بە فەرزێتی نوێژ كردن و غوسل دەركردن نەبێت ئەوا كەسێكی كافر و بێ باوەڕە و بە هێچ جۆرێك دروست نى یە بۆ ئافرەتێكی موسڵمان شووی پێبكات و لە گەڵیدا بمێنێتەوە، وە ئەگەر باوەڕی بە نوێژ كردن و غوسل كردن هەبێت بەڵام لە بەر كەم تەرخەمی و تەمبەڵی ئەنجامیان نەدات ئەوا ئەو كەسە كەسێكی فاسق و تاوان بار و لاڕێ بووە پێویستە لە سەری تەوبە بكات و بە زووترین كات پەشیمان ببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ لای خوای گەورە، وە پێویستیشە لە سەر خێزانەكەی كەوا یەكەمجار نەسیحەت و ئامۆژگاری بكات و داوای لێبكات كەوا دوای جووت بوون خۆی بشوات و خۆی پاك بكاتەوە و ئەنجا نوێژەكان بە جوانی و بەردەوامی ئەنجام بدات جا ئەگەر نەگەڕایەوە ئەوا دەبێت بۆ ماوەیەك ئەو ئافرەتە خۆی بگرێتەوە لە جێبەجێكردنی ماف و حەقەكانی ئەو مێردە و خۆی نەدات بە دەستەوە بۆ جووت لە گەڵیدا تاوەكو وەعد و پەیمانی نەداتێ كەوا تەوبە بكات و واز بێنێت لە تەمبەڵی و كەمترخەمی بەوەی كە لە پاش نیعمەتی جووت بوون خۆی بشوات و ئەنجا نوێژەكانی ئەنجام بدات، ئەگەر ئەمەش سوودی نەبوو ئەوا دەبێت ئەوا ئافرەتە بگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوكی و نابێت لە گەڵ ئەو پیاوەدا بمێنێتەوە و دەبێت ماوەیەك مۆڵەتی بدات بۆ تەوبە كردن و گەڕانەوە بۆ لای خوا، جا ئەگەر پیاوەكە هەر بەردەوام بوو لە سەر نەكردنی خۆشۆردن و نوێژ نەكردن ئەوا نابێت ئەو ئافرەتە بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو پیاوە نوێژ نەكەرە، چونكە بە ڕاستی ئەگەر پیاو دوای ئامۆژگاری و نەسیحەت.. ئەنجا دوای خۆگرتنەوەی خێزان لە جێبەجێكردنی مافەكانی و خۆنەدان بەدەستەوەی بۆ جووت بوون لە گەڵیدا.. ئەنجا دوای مۆڵەت پێدانی بۆ تەوبە كردن هەر سوور بوو لە سەر خۆنەشۆردن و نوێژ نەكردن و ملنەدان بۆ فەرمانەكانی خوای گەورە ئەوا بەڕاستی ئەو پیاوە پێدەچێت هەر باوەڕی بە خۆشۆردن و نوێژكردن نەبێت نەك لە بەر تەمبەڵی و كەمتەرخەمی ئەنجامیان نادات ئەگینا هەموو ئەو هەنگاوانەی خێزانەكەی دەبێت گاریگەری بكاتە سەری و دڵی ڕابچەڵەكێنێت و هۆش بكاتەوە و توبە بكات و بگەڕێتەوە بۆ لای خوای گەورە..
ئەمەش لە بەر ئەوەیە كە نوێژ كردن یەكێكە لە كۆڵەكەكانی ئاین و نیشانەی جیاكردنەوەی مرۆڤی ئیماندارە لە مرۆڤی بێ ئیمان وكافر:
پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ((العهد الذي بيننا وبينهم الصلاة فمن تركها فقد كفر)) [صحيح الـجامع الصغير رقم: (4143)] .
واتە: بەڵێنی نێوان ئێمەی موسڵمان و بێ باوەڕەكان بریتى یە لە نوێژ جا هەركەسی وازی لێبێنێت ئەوا كوفری كردووە.
جا ئەگەر پیاوێك دوای جووت بوونی لە گەڵ خێزانیدا خۆی نەشوات و نوێژەكانی ئەنجام نەدات ئایا ئەو پیاوە چ جیاوازیەكی هەیە لە گەڵ پیاوێكی كافر و بآباوەڕدا كە ئەویش خۆی ناشوات و نوێژ نەكات ؟!!
هەروەها خوای گەورە لە قورئاندا فەرموویەتی: [فَإِن تَابُواْ وَأَقَامُواْ الصَّلاَةَ وَآتَوُاْ الزَّكَاةَ فَإِخْوَانُكُمْ فِي الدِّينِ] [سورة التوبة: (11)] .
واتە: جا ئەگەر تەوبە بكەن و نوێژ بكەن و زەكات بدەن ئەوا ئەوانە براتان لە دین و ئایندا.
كەواتە ئەگەر تەوبە نەكات و نوێژ نەكات ئەوا بە برای دینی و موسڵمانی ڕاست و دروست حیساب ناكرێت بۆیە برادەرێتی و هاوەڵێتی و هاوسەرێتی و خێزاندارێتی لە گەڵ كەسی وادا ناكرێت، بەڵكو دبێت دووری لێبگریت تاوەكو تەوبە دەكات و نوێژەكانی دەكات لە پاش خۆشۆردن.
جا لە بەر ئەمەیە لە كاتی مارەبڕیندا پرسیار لە هەردوو لا (كوڕ و كچ) دەكرێت ئایا نوێژ دەكەن یان نا ؟ چونكە ئەگەر یەكێكیان نوێژ نەكات ئەوا نابێت ئەو كچە مارە بكرێت لەو كوڕە تاوەكو تەوبە نەكات و نوێژەكانی ئەنجام نەدات.
وە ئەگەر كچەكە مارە كرا لە كوڕەكە بەو مەرجەی كەوا نوێژ دەكات یان بەو مەرجەی كەوا نوێژ بكات ئەگەر لە پێش مارەبڕینەكە نوێژی نەكردبێت ئەوا بەم مەرجە ئەو ئافرەتە حەڵاڵ دەبێت بۆ ئەو پیاوە.. ئەگینا ئەگەر پیاوەكە یان ئافرەتەكە نوێژی نەكرد ئەوا حەڵاڵ نىیە بۆیان پێكەوە جووت ببن بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە:
پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ((إنَّ أحق الشروط أنْ توفوا به ما استحللتم به الفروج)) [صحيح أبي داود رقم: (2139)] .
واتە: بەڕاستی حەقترین و شایستەترینی ئەو مەرجانەی كەوا وەفاداربن لە ئاستیدا ئەوەیە كە دامێنی ئافرەتێكی پێ حەڵاڵ دەبێت بۆتان.
جا گرنگ ترین و ئاشكرا ترینی مەرجەكانی مارە كردنی كچێكی موسڵمان لە كوڕێكی موسڵمان و حەڵاڵ بوونیان بۆ یەكتری ئەوەیە كە نوێژ بكەن، بۆێە ئەگەر یەكێكیان نوێژی نەكرد چ پیاوەكە بێت یان ئافرەتەكە یاخود ئەگەر هەردووكیان نوێژیان نەكردن ئەوا حەڵاڵ نى یە بۆیان لە گەڵ یەكتردا جووت ببن و كۆببنەوە، چونكە مەرجی حەڵاڵ بوونی دامێن و عەورەتی ئافرەتەكە بۆ ئەو پیاوە ـ كە نوێژ كردنە ـ مەوجود نىیە ! كەواتە حەڵاڵ نین بۆ یەكتری، خواش زاناترە.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٩,٦٩١ بەش: خۆشۆردن (غوسل)