زەكاتى ئاڵتون و خشڵى ئافرەت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زەكاتى ئاڵتون و خشڵى ئافرەت
پرسیار:

بەڕێزان سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت، زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم پێگە پڕ بایەخە بە زمانی کوردی، پەروەردگاری مەزن پاداشتتان بداتەوە. بەڕێزان، من 30 مسقاڵ ئاڵتون خشڵم هەیە کە 10 مسقاڵیان پێشەکی مارەییمەو یەک ساڵە زەواجم کردوە 20مسقاڵەکەی تری دیاریی هاوسەرەکەم و باوکم و هەندێ لە خزمەکانمە. جا نازانم دەبێ زەکاتی لێ بدەم یان نا، ههندێک دەڵێن خشڵی ئافرەت زەکاتی لێ دەکەوێت و هەندێکی تریش دەڵێن زەکاتی ناکەوێت. تکایە بەڵکو بفەرمون هەردوو بارەکەم بۆ ڕوونبکەنەوە. خوا پاداشتتان بداتەوە.

بسم الله الرحمن الرحيم
خشڵی ئافرەتان چ زێڕ بێت یان زیو ئەگەر چی بۆ خۆ ڕازاندنەوەی خۆشیان بە كاری بێنن ئەوا دەبێت زەكاتەكەی بدەن بەم سێ مەرجەی خوارەوە:
1 ـ ئەگەر خۆی خاوەنی بێت.
2 ـ ئەگەر ساڵی بە سەردا تێپەڕ ببێت.
3 ـ ئەگەر گەیشتبێتە ئەندازەی زەكات دان، كە بریتى یە لە 85 گرام یان (17) مسقاڵ زێڕی عەیار (24).
ئەگەر زێڕەكەی عەیار (18) یان (21) بوو ئەوا دەبێت حیسابی بكات لای كەسانی شارەزا لەم بوارەدا بۆ ئەوەی بزانێت چەندێك زەكاتی تێدایە و چەندێك زەكاتی دەكەوێتە سەر، یان دەیشكێنێتەوە بە پارە بە نرخی ڕۆژ جا ئەگەر بەو پارەیە توانی (85) گرام یان (17) مسقاڵ زێڕی عەیار (24) بكڕێت ئەوا دەبێت زەكاتەكەی بدات.
بەڵگەی واجبێتی زەكات دانی خشڵی ئافرەتان ئەگەر چی بۆ خۆ ڕازاندنەوەی خۆشیان بێت بریتى یە لەم دوو فەرموودەیە:
عن أم سلمة (رضي الله عنها) قالت: (كنت ألبسُ أوضاحاً من ذهب، فقلت: يا رسول الله أكنـز هو ؟ فقال: ما بلغ أنْ تُؤدى زكاته فزُكِيَ فليس بكنـز) سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم: (559).
واتە: هەندێك (خڕخاڵ یان پاوەن) لە زێڕ لە بەر دەكرد، وتم: ئەی پێغەمبەری خوا () ئایا ئەمە هەڵگیراوە ؟ فەرمووی: ئەوەی بگاتە ئەندازەی زەكات دان و زەكاتەكەی درا ئەوە هەڵگیراو نى یە.
وعن عائشة (رضي الله عنها) قالت: (دخل عليَّ رسول الله فرأى في يدي فتخات من وَڕق، فقال: ما هذا يا عائشة ؟ فقلت: صنعتهن أتزين لك يا رسول الله، قال: أتؤدين زكاتَهُنَّ ؟ قلت: لا أو ما شاء الله، قال: هو حسبكِ من النار) صحيح أبي داود رقم: (1384).
واتە: پێغەمبەری خوا () هاتە ژوورەوە بۆ لام و بینی چەند كلكەوانەیەكی زیو لە دەستم دایە، ئەنجا فەرمووی: ئەمە چى یە ئەی عائیشە ؟ وتم: دروستم كردووە بۆ ئەوەی خۆمی پێ برازینمەوە بۆ تۆ ئەی پێغەمبەری خوا ()، فەرمووی: ئایا زەكاتەكەی دەدەیت ؟ وتم: نەخێر مەگەر خوا ویستی لێبێت، فەرمووی: ئەگە ر زەكاتەكەی نەدەیت بەسە بۆ ئەوەی بتباتە ئاگرەوە.
لەلایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٦,٣٨٨ بەش: زەکاتى زێڕ و زیو